شاعیر: پیرەمێرد کتێب: پەندەکانی پیرەمێرد سەرناو: دەمێکە قەترەی حەیا تکاوە سەبارەت: پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٤٩٠. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی دەمێکە قەترەی حەیا تکاوە بۆیە وا زوبان تەڕ و پاراوە وای ئەفەندم و کۆمەڵی یاران! ئەڵێی نە بایان دیوە نە باران زۆر پیاو وەک درەخت موتربە دەکرێ هەرمێیە و جارجار ترۆزی دەگرێ لەم هاوینەدا کۆلارە زۆرە بۆیە لەگەڵ ژن هەر ئاڵ‌وگۆڕە ڕاست ئەکەن ئێرە ڕەشەبای زۆرە لەگەڵ فیشاڵ‌دا کەوتۆتە نۆرە تازە وەستاحمەد شەو ڕوودۆز ئەکا بەر دوکانەکەی تەپ و تۆز ئەکا حوکمی ڕاپۆری ڕەشۆل نەماوە قەتار و قۆڕیان شان بە شان باوە جارێ با بزانین ساڵ بەری دوورە من لە مانه‌م چی شای من ئەنگوورە مەجلیسی دەوری حەوزەکەی خۆمان ترێ و کاڵەک و شووتێ و سێوی جوان ئەمانەن شاهـ و وەزیر و موشیر خۆش‌گوزەرانی پێویستە بۆ پیر ++++++++++++++++++++++