شاعیر: پیرەمێرد کتێب: پەندەکانی پیرەمێرد سەرناو: دیسان خومخانەی یەهوودی شێوا سەبارەت: پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٤٨٦. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی دیسان خومخانەی یەهوودی شێوا درۆی باڵداری لێکەوتە هەوا دەوەن با ئاشە و دووبەرەکییە پیر، لێی تەریکە تیا دەرەکییە یەکێ بە گورزی لەندەهوور ئەخوڕێ نان و دۆی تیرەی شێرزادی دەبڕێ ئەویتر دەڵێ: لەندەهوور کێیە شێرزادی نامەی فەتحیان پێیە شەڕی عەنتەر و ڕۆستەمی دەستان لە ناو ئێمەدا بوو به‌ داستان یەکێکیش دەڵێ لای خودا و بەندە سوورەتی "یاسین" گەلێ پەسەندە خۆ ئەگەر "یاسین "طە"ی لە دوا بێ کە خوێندت ئەبێ کارت ڕەوا بێ کابرای خۆمان سەر مەلامانە بەو حەل ئەکرێ ئەم ڕازی نیهانە ئەڵێ: بە هیوا کەس لێت ناپرسێ دەنگی تۆپ نەبێ هیچ کەس ناترسێ حاجی "ئەمین"یش ماچۆ بواچە نوێژی جەعفەری و تشریبی پاچە منیش ئیمانم بەوە مەتینە عالمی بەکار دائیم ئەمینە وتیان: مەلا هات، وتی: بە تۆ چی وتیان: تێپەڕی! وتی: بە من چی پارەی دەوڵەمەند لە قاسە دەنوێ فەقیر لێی ئەدوێ تا چەنەی ئەسوێ وا دەزانن ئەو یا ئەم بێتە ناو ئیتر بۆ ئێمە تێر پڕە لە چاو ++++++++++++++++++++++