شاعیر: پیرەمێرد کتێب: پەندەکانی پیرەمێرد سەرناو: ئەو پیاوە گەورەی خۆی بە کەم ئەگرێ سەبارەت: پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٤٧٧. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ئەو پیاوە گەورەی خۆی بە کەم ئەگرێ لە ئەندازەی خۆی زۆرتر سەرئەخرێ ئەوی خۆی لە ژوور خەڵکی دەنواڕێ با پایەیشی بێ دەیهێننە خوارێ لەش و عەقل و دڵ، ئەم سیانە ساغ بێ ساحێبیان دەبێ هەر بە دەماغ بێ لەگەڵ خۆهەڵکێش خۆش‌باوەڕ مەبە ئاڵتوون بە محەک، پیاو بە تەجرەبە گوێی ڕاستت سووک بێ بۆ چاکە بیستن گوێی چەپت کەڕ بێ لە فیت هەڵبەستن قسەی چاک زەحمەت ئەگاتە جێی خۆی واتەی بەد زۆر کەس پۆستەچییە بۆی ئاگری دزان شەوێ دەگڕێ چەقۆی بێ‌پۆڵا دوو ڕۆژ دەبڕێ دەوران دەورانە دەبدەبەی شایی ڕەواجی نەما بێچوو و سێ شایی کوا گرمەی تەپڵی بەگزادەی جافان؟ کوا بەزم و ڕەزمی مێوڵێ و تافان؟ ئێستا کە باوی قەشە و مالوومە سوێند هەر بە سەری "ئەورام شالوومە" ++++++++++++++++++++++