شاعیر: پیرەمێرد کتێب: پەندەکانی پیرەمێرد سەرناو: وا دەڵێن: ئادار ناڕوا بە بێ‌دۆ سەبارەت: پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٤٧٦. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی وا دەڵێن: ئادار ناڕوا بە بێ‌دۆ دوای ئەو نیسانیش ناڕوا به بێ‌جۆ بارانی نیسان جۆی خستە دواوە با ڕەحمەتیش بێ تامی نەماوە پاشکەوتنی جۆ بە کەم مەژمێرە خواردنی چوارپێ و دووپێیە لێرە دووپێ بە چوارپێ ئەڵێ ڕووبەڕوو نوخشە بێ لە تۆش نوخشەمان دەرچوو باران سێ‌پەڕەی گەیاندە خایە نانی چوارپێکان وا لە ڕۆنایە چوارپێ لە دووپێی بەدخوو چاکترە بە "جۆ" هەڵ دەکا و دڵی پاکترە ستەمگەر کە مرد خاک نایگرێتە خۆ بە دڵ خوا شوکر، بە دەم ئاغا ڕۆ وا شەمەندەفەر بوو بە هی خۆمان تا وەفد زۆر بێ قازانجە بۆمان توججار هەموو چوون شێخان لە تەکدا ئەڵێن: "هەم چونین بڕۆ تا بەغدا" ناوی وەفدمان هێندە لا خۆشە هەر بڵێن: وەفدە، زۆر کەس بە جۆشە ئەگینه هەمزە لە هەباسی چی چرچە قەڵایی لە مۆریاسی چی زۆر لە بارانی نیسان ڕادەکا بە دەنگی بۆمبا خەڵک سەما دەکا! ++++++++++++++++++++++