شاعیر: پیرەمێرد کتێب: پەندەکانی پیرەمێرد سەرناو: ئەوا نەمردین کەوتینە بەهار سەبارەت: پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٣٩٧. - ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی ئەوا نەمردین کەوتینە بەهار بزانین دیاریمان چی بۆ دێ لە شار زۆر کەس ئەبینین دەچێتە بەغدا هەروەک پەتکە و نابێ بە هەودا ئەگەر هەر تیرێک لە نیشان بدرێت بەرگی مامۆستای تیرئەنداز ئەدڕێت ئەڵێن پشتیوان هەر لە بەغدایە هەر چی ڕیش سوور بێ بۆچ هەمزاغایە؟ قەساب تەمیزی بۆ دووکان ئەبێ کەچی بۆ ئێمە گۆشت گران ئەبێ عیسا میقرۆبی پاک ئەکردەوە لە عیسایان دا مووسا بووردەوە ئەڵێن گۆشتەکەی ئێستامان پاکە بە سەد فلسیش بێ هێشتا چ باکە نانەواخانە تەمیز و جوان بوو لەو تۆڵەیەدا نۆکمان گران بوو نانی گەرم ئەخۆی تامی تامییە کە سارد بووەوە گەنمەشامییە ڕەئیس شارەزای ئەم خووانەیە بەڵام ئاخ مشتەی ناو هەمانەیە ++++++++++++++++++++++