شاعیر: پیرەمێرد کتێب: پەندەکانی پیرەمێرد سەرناو: کچ بە نابەدل بۆ پیر چوو بە بووک سەبارەت: پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٣٩٤. - ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی کچ بە نابەدل بۆ پیر چوو بە بووک مێرد بێزار ئەکا شەو بە نووکە نووک هانام بە تۆیە خوای دەستگیر نەمکەی بە بووک و بکەومە دەست پیر پیری پەک ئەخا و "بەستن" بیانووە ئەمە چیرۆکی دەوری کوانووە کۆڵە نانی بۆ بەستوو بانگ ئەکەن لای گولە نانێ بیسمیللا مەکەن گڕوگاڵ لێمان کەوتۆتە دوان گورگ پیر بوو دەبێ بە حەچەی سەگان بەفر و هەڵەکۆک بەحەسرەتەوە برجی پیرێژن نزیک کەوتەوە مەعاشەکەمان بەشی دۆڕانە بە دوو جەژنانە و سێ پاش تێلانە ئەعشار و ئەغنام وشکاییان هات وردە مەئمووران هەموو بوە بە لات گەرای کولـلەمان بۆ بژیێتەوە ئەمجا پێکوڕە ئەبووژێتەوە کە مەشکەدڕە نەتەوەی بڕا مەشکەی مەزبەتەی تەنزیلات دڕا لاپوورە بە داو داهاتۆتە ناو خورماڵی گێژ بوون وەک ماسی سەر ئاو بەمانە خەڵکم لێ تەوەللا بوو مەلا مەلا بوو بوار ئەولا بوو ++++++++++++++++++++++