شاعیر: پیرەمێرد کتێب: پەندەکانی پیرەمێرد سەرناو: چوار کتێبی خوا چوار پەندی تیایە سەبارەت: پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٣٩٣. - ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی چوار کتێبی خوا چوار پەندی تیایە کە گوێی لێبگرن وەکو کیمیایه‌ تەوڕات وتوویە قانع بی تێری زەبوور وتوویە بێدەنگ بی شێری ئینجیلیش ئەڵێ: تۆ دەرکەنار بە لە دڵەخورپەی دنیا ڕزگار بە قورئان فەرموویە پشت بەخوا بەستە ئەتخاتە ڕێی ڕاست ئەوسایە بەستە دوژمن بە چاکە ئاشت ئەبێتەوە سەهۆڵ بە ئاوی گەرم ئەتوێتەوە کە لەگەڵ بەدا هەڵسی و دانیشی وەک شەکر لە جێی تەڕ هەو دەکێشی ئەمەندە وێڵی بەرگ و خۆراکین نازانین خۆمان خۆراکی خاکین کە وتیان مەکە شێتگیرتر دەبین حەرام بەتامە بۆ شەیتان ئەژین شەیتان هەنگوینی لە دەممان هەڵسوو بۆیە ئەم خەڵکە بەگژ یەکا چوو ئاردی ناو دڕک چۆنە وان ئیرە فەرموو دوو دەستەی دۆست هەڵبژێرە پێکەوە ناڕۆین لە ڕێی ڕاستەوە خوا ئەوه‌ بگرێ شاری گواستەوە بناغەی ئێرە ساڵی دووسەدە وا دەردەکەوێ خاکەکەی بەدە ئەگینە کە شار قەڵاچوالان بوو دوانزە سوارەیان مەردی مەیدان بوو ئێستا کە مەیدان بە سەر گوێلاکە هەر مڕەمڕە شەڕی سەر لاکە ++++++++++++++++++++++