شاعیر: پیرەمێرد کتێب: پەندەکانی پیرەمێرد سەرناو: بێکار دەربارەی دەوڵەمەند ئەدوێ سەبارەت: پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٣٦٩. - ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی بێکار دەربارەی دەوڵەمەند ئەدوێ پیاوی ناهۆمێد مل لە تیغ ئەسوێ زۆر پیاو لەدەورەی پیاوێکی پیاوە گوڵەبەڕۆژە ڕوو لە هەتاوە زۆر نان‌بڕاوان بە هیوا دەژین بەڵام دار و گۆشت ئاشنای یەک نین ئەو کەسەی کە دڵ بریندار ئەکا خۆی بە واهیمە دەغەزار ئەکا کەر خۆڵەمێشی بۆیە خۆش ئەوێ تێیدا دەگەوزێ و تێر وەردەکەوێ بەدخوویی منداڵ لای باوک شەرمە ژیشک بە بێچووی خۆی دەڵێ نەرمە فەقێ بۆ ڕاتوو وا لە بەردەرگا دەچمە (وەکاشە) کە بام لێ دەرکا ئەو کەسەی دڵی لەگەڵ خەڵک پاکە خۆی پێی دڵخۆشە و لە بەد بێ‌باکە ڕۆژێ ڕووی ئەزەل ئەتدۆزێتەوە بێ کەڵەشێریش ڕۆژ ئەبێتەوە ئینجا دردەگا ڕووی کردە وڵات ترێ گەنانە و چاوئێشە داهات بەڵێ بەرسیلە ئەبێ بە حەڵوا بەڵام عومریشت بە تاڵی ئەڕوا تا نەبارێنێ باغ گەشکە ناکا تا نەگارێنێ، مر، هێلکە ناکا کەمی نەبینی دەوڵەتت بۆشە بەفراو لە چلەی هاوینا خۆشە ئەوی دەوڵەتی هەر بۆ خۆی ئەوێ خەوی بێ خەفەت نابینێ شەوێ باڵەشۆڕێمان تێکەوت بە جارێ بۆیە مێش زۆرە گەزۆ دەبارێ ++++++++++++++++++++++