شاعیر: پیرەمێرد کتێب: بەشی ئایینی سەرناو: ناڵەی پیری پیران سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی - پیرەمێردی نەمر، دیوانی پیرەمێرد، بەرگی دووەم، پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، لاپەڕە ٨٥ـ٨٧. خوایە ئەوانەی کە بێ‌باوەڕن هیچیان نەدیوە وا هەڵەوەڕن ئەگینا سەیری باغێکی گوڵ کەن تەماشایەکی بە عەقڵ و دڵ کەن ئەو ڕەنگە جوانەی پەڕەی (هەرجایی) بە زەڕەبینی تیشکی بینایی لێی ورد بینەوە کە ئەو سنعەتە کێ دەڵێ زادەی خووی تەبیعەتە؟ گەڵای (گوڵپەسەند) کام مەقەست بڕی (پەردەعروسی) کێ پەردەی دڕی کێ هات (لاولاوی) به دارا ئاڵان کام دەست گەردەنی (وەنەوشە)ی شکان ئەمانە نەیسا١ بڵێین بێ گیانن مادەیەک ڕوویدا زۆر کەس ئەیزانن ئاغای شیوەکەڵ یەکێکیان تیا بوو که ئاغال ئاغای قادراغای ناو بوو پێی بریندار بوو، لێی کرد به خۆرە ئەهاتنە سەری حەکیم بەنۆرە ڕۆژێک (مەولەوی) حەکيمی بانە پێی وت: ڕەحمت بێ بەم مناڵانە ئەم دەردە پیسە ئەتەنێتەوە پیاو ئەبی لێیان دوورکەوێتەوە ئاغا له دوور دێ چووه بن دارێ ڕاکشا و ڕوانی بۆی کشا مارێ ئەمیش بێزار بوو چاوی لێ قووچان تا هاتە سەر پێی خۆی هیچ نەجووڵان هەرچەند خەڵک و خوا له دوور پەيدابوو تا ئەوان هاتن مار پێوەی دابوو پێی چاک بوەوه وەک دۆخی جاردی خۆ ناڵێن ئەمەش تەبیبعەت ناردی بەردە زلەکەی ناو ئاوی دووکان که بۆ ئەندازەی ئاو بووه به نیشان شارە مێروولەی له ناودا ئەژی ئەویش تەبیعەت هێناویەتەدی؟ ئەم ئاسمانه که بێ ستوونە بۆ کردەوەی تۆ بوو بە نموونە چەرخی ماکینەی ئەم ڕۆژ و شەوە بێ هەڵم و بەنزین ئەسووڕێتەوە چەوری پێ ناوێ، هیچ ژەنگ ناگرێ لێک هەڵناوەشێ دەستی تێ نابڕێ ئاش بێ ئاش وەستا ناسووڕێتەوە گاجووت بێ جوتیار ناگەڕێتەوە ١. نەیسە یا نەیسا: بەهەرحاڵ - ئەو وشانەی لە ناو کەوان دان، ناوی گوڵانن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێشبینی (کەهانەت) سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد نەمر، کۆکردنەوەی: مەحەممەد ڕەسوول (هاوار)، چاپی یەکەم ٢٠٠٧ ز، لاپەڕە ٢٤٠و٢٤١. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی هەرچی پێغەمبەر خەبەری داوە لە باسی کاری دنیا و عوقباوە فەرمووی نیشانەی تێکچوونی جیهان بێ‌باوەڕییە و زەعیفی ئیمان زۆر کەم ئەمێنێ نوێژ و جەماعەت لە ئەمانەتیش ئەکەن خیانەت عیززەت ئەچێتە لای پیاوی زاڵم قەدر و ئیمانی نامێنێ عالم برەو ئەسێنێ شەراب و قومار ماڵ گران ئەبێ لە شار و بازار کوشتن و دزی و تاڵانی و درۆ فەقیر و هەژار ئەخاتە ڕۆ ڕۆ دەوڵەمەند زەكات نادەن بە ئیحسان ڕاستی نامێنێ، زۆر ئەبێ بوختان گۆرانی سوک و قسەی ناڕەوا پەسەندتر ئەبێ لە زکری خودا پیاو بە ئەمری ژن ئەچێت بەڕێوە لە مەجلیسدا نان ئەخۆن بەپێوە پیاو دائەنیشێ و ژنان ئەگەڕێن شەرم نامێنێ، ژن و پیاو هاوڕێن دایک و باب قەدریان لای کوڕ نامینێ کەس لە مەکتەبدا قورئان ناخوێنێ پیت و بەرەکەت ئەڕوا لە ئەرزی کچ و كوڕ پێک دێن لە ڕووی بێ عەرزی ئەمە نیشانەی ئاخر زەمانە وادەی دەجال و فیتنەی شەیتانە لە تەم و دووکەڵ دنیا پڕ ئەبێ لە سێ جێگادا زەوی ڕۆئەچێ کەس گوێ لە ئەمری چاکە ناگرێ لە نەهی عالەم نەهی دەکرێ ڕەحم و بەزەیی لای کەس نامێنێ هەرکەسە بەشی خۆی ئەفڕێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆشەویستی خوا سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٧٢و٧٣. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی پێغەمبەرەکەی خۆشەویستی خوا هیچ کەسی ترت نەهاتووە لە دوا دیارە هەر کارێک خوا پێی سپاردی وات کرد کەس نەیکرد بۆیەکی ناردی فەرمانی خوای خۆت وا هێنایە دی ناردنی کەسی دی پێویست نەدی هەرچۆنێ ویستی تۆ وات کرد، دەرکەوت بەوە خاتەمیی خاتەمیت بەرکەوت تۆیش خۆت چۆنت ویست سروشتت وایە ئەمە خاتیمەی لوتفی خودایە خۆی و فریشتەی بە دیاری تۆ سڵاواتیان دا لە دیداری تۆ وا ئێمەیش ئەمری خوا بەجێ دێنین سەڵاوات ئەدەین، مەولوود ئەخوێنین بەڵام تاریکە هەموو لایەکمان وا (جوو)یش تەماعی کردۆتە لاکمان! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەژنی مەولوود سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٦٢ ـ ٦٤. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ئەمڕۆ مەولودی پێغەمبەرمانە ئەو پێغەمبەرەی کە ڕەهبەرمانە خوا فەرمووی ئەگەر تۆم شک نەئەبرد چەرخی ئەفلاکم دروست نەئەکرد بۆیەکم ناردیە ئەم سەر زەمینە بڵێن ڕەحمەتەن لیلعالەمینە دیارە ڕەحمەتی خوا هەر وا ئەبێ ئەم دینە پاکەی لێ پەیدا ئەبێ هەر لە ڕۆژهەڵات هەتا ڕۆژئاوا چرای ئەم دینەی تیا هەڵکراوە ئەگەر دینەکەی وا چاک نەبوایە چۆن ئەم برەوەی ئەخستە کایە تیفلێکی بێکەس خۆی نەخوێندەوار خودا بەو دینە کردی بە سەردار کاتێ موعجیزەی قورئانی نواند ئایینی هەموو میللەتی شێواند ئاگر و ئاوی کرد بە هەرەمە هەرچی بۆ بڵێن هێشتا هەر کەمە خوا ڕێی سروشتی لە دەست خۆی ناوە هەر چۆنێ ویستی هەروا خولقاوە بە ئایەی عەدلیی کەوا دێرێکە موشریکەکانی هێنایە ڕێگە بۆچ فەخر نەکەین بەو پێغەمبەرە کە بۆ ئەنبیا هەر ئەو سەروەرە موسلمان ئەبێ کردەوەی چاک بێ موسڵمانەتی بە قسە نابێ کە (وای) (متی)ی ئەو ئەهاتە بەر گوێم لە شەرمەزاری، نازانم لە کوێم حەیفە دین ئەمە و خۆمان بەدکار بین ڕۆژی شەفاعەت لای شەرمەزار بین با لەم ڕۆژەدا بە چاوێکی تەڕ ڕۆحی مەولەوی بکەین بە ڕابەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەردتاش سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٥١و٥٢. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی بەردتاشێک عەشقی خوای کەوتە سەر خوای خۆش ئەویست و لەڕا بێ خەبەر بۆ خواپەرستی چوە کێوی (توور ) شاخەکەی تاشی بۆ خۆی کرد بە ژوور وای ئەزانی خوا وەک ئێمە وایە دەربەستی نان و نوێن و کەوایە ئەیوت: خوای خۆم بینایی چاوان ڕۆژێ وەرە لام ببە بە میوان دەست و پێت ئەشۆم بە سابوون و ئاو ناڵچەی پێڵاوت ئەخەمە سەر چاو ئەچم لە لای شوان شیرت بۆ دێنم عوود و بخوردت بۆ ئەسووتێنم ماندووی سەرخەوێک بشکێنە لە لام ئێشکت ئەگرم، مەترسە ئازام ئەپاڕایەوە و ھەروا ئەیناڵان بە سۆز و گریان جەرگی ئەسووتان تا ڕۆژێ مووسا چووە کێوی (توور ) گوێی لە دەنگێ بوو ئەیناڵان لە دوور چوو پێی وت: کابرا بۆچ تۆ نازانی؟ خوا بەشەر نییە بێت بە میوانی جارێک من وتم: خۆتم نیشان دە فەرمووی: نامبینی، خۆت ئەزیەت مەدە سەنگتەراش گریا: بە دڵ‌شکاوی خوا فەرمووی: مووسا تۆ ناتەواوی خۆشەویستی من بۆچ ئەڕەنجێنی؟ ئەو دڵەی منی تیام ئەیشکێنی؟ ئەوی بە زبان زکری من ئەکا ھیچە، ئەم بۆ من، وا کێو کون ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خودای بێ‌نیاز، بێ‌خوێش و ھامڕاز سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٥٨و٥٩. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی خودای بێ‌نیاز، بێ‌خوێش و ھامڕاز بە دوو خوڵکی چاک، بمکە سەرفراز یەکێکیان ئەمەی غەرەزم نەبێ لە ڕاستی ھیچ کەس عەوەزم نەبێ کەس لە کردەوەم زیان نەبینێ دڵم ژەنگ نەگرێ بە بوغز و کینێ هەرچی دەربارەی من بەدئەندێش بێ به تیری قەهری تۆ دڵەی ڕێش بێ دووەم قەناعەت، لە ئاز، ئازاد بم ھەرچیم بدەیتێ، بەوە دڵشاد بم کە بێ‌نیاز بم لە ئەهلی دنیا هەر تۆ دەناسم بە تاقی تەنیا ئەوسا بۆ هیچ کەس نابمە تەشی ڕێس لە هەموو ماڵێ نابمە کاسەلێس لە تۆ ناسیندا خوایە زۆر کاسم هۆشێکم بەرێ تۆی پێ بناسم ھەر تۆ ڕەھبەری لە کاری چاکا (بەدی)ش خۆم نەیکەم ھیچ کەس پێم ناکا ئەگەر خراپەم بە ئەمری تۆ بێ چۆن ئەبێ جەزام دیسان بە تۆ بێ؟ حاشا ئیسنادی زوڵم بە تۆ نادەم نەفسم نایەڵێ لە گوناهـ لادەم خوایە مەرتەبەی ڕەزام بدەرێ لە دەوڵەمەندی و گەداییم گەڕێ خوایە ئەم دڵەی کە تۆ داوتمێ نامەوێ بۆش بێ لە یادت دەمێ ئەمەوێ گوڵێ لە گڵم دەربێ ڕەنگ و بۆی یادی ڕای تۆی لەسەر بێ کردگار فەرمووت بیکە نەتئەهێشت فەرمووت مەیکە، شەیتانت تێ هێشت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەروەردگارا! تەماشا ئەکەم سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٥٦و٥٧. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی پەروەردگارا! تەماشا ئەکەم خۆم لە کردەوەی خۆم حاشا ئەکەم دڵ و زوبانێ تۆ داوتە بە من بە هەوا و هەوەس لێم بوون بە دوژمن ئەمەوێ دڵم تەنها تۆی تیا بێ لە یادی غەیری تۆ تەوەللا بێ ئەوسا زوبانم زیکری تۆ دەکا ئەتوانم ببمە بەندەی بارەگا ئەگینە هەروا بمێنمەوە تۆوی بەدنامی ئەچێنمەوە چەند خۆشە نەشئەی تۆم لە دڵا بێ شەقم لە چەند و چوونی هەڵدا بێ ئازادە سەر وەک بەرزەکی بانان بکەومە سەودای ئارەزووی جانان تاجی ئەدهەمی بنێمە سەر سەر فەرمانڕەوا بم لە بەحر و لە بەڕ یاخوا پەروانەی نووری لیقات بم ڕۆحم پەروانە و خۆیشم فیدات بم زۆرکەس پەروانەن بۆ شەم جەماڵێ با منیش ببمە سفتەی جەماڵێ ١ ١. سفتەی جەماڵ: شەیدای جوانی. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوای گەورە و بزورگ پادشای ڕێی نیاز سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، لاپەڕە ٦١و٦٢. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ئەگەر خوات ناسی بپاڕێرەوە بە زمانی خۆت بلاڵێرەوە خوای گەورە و بزورگ پادشای ڕێی نیاز بێ هاوبەش، بێ کەس، بێ شوێن، بێ هاوڕاز تێگەیشتنت دامێ تێتبگەم پێم لێنا هەر تۆی، بێ زیاد و کەم چاوم هەڵبڕی ئاسمانم دی وتم: بێ وەستا نەهاتۆتە دی ئەگەر کردەوەی بێ (گا) نەبوایە ئەشیا بێ ستوون ڕانەوەستایە دیارە هەر چەرخێ پیاو دروستی کا کاتێکت زانی سواو تێک‌شکا چەرخی ماکینەی ئەم ڕۆژ و شەوە بێ هەڵم و بەنزین ئەخولێتەوە چەوری پێ ناوێ، هیچ ژەنگ ناگرێ لێک هەڵناوەشێ، دەستی تێ نابرێ هەر لەو ڕۆژەوە کە تێکخراوە هێشتا گەڕێکی لێ نەگۆڕاوە هەر بەو پێودانە کە بۆت داناوە وا دێت و دەچێ، هیچ نەوەستاوە بێ گوڕە و بڕە، بێ چرپە و بێ دەنگ تێکڕا لە کاران یەک ڕەنگ، یەک ئاهەنگ تۆ نەبوویتایە چۆن تێک ئەخرا ئەمانە لە کوێ پێکەوە ئەنرا چۆن چەرخی گەردوون بێ دەستی وەستا لە کارا ئەبوو هەتاکو ئێستا ئاش بێ ئاش وەستا نانرێتەوە گا بێ هۆی جوتیار ناگەڕێتەوە سەد هەزار هەزار ئەستێرەناسان ئەو دیو خێوەتیان نەدی بە ئاسان منیش ئەگەڕێم کە تۆ بناسم ناتدۆزمەوە کوێر و کەساسم چاوێکم بەرێ تۆی پێ ببینم (أرني) بیژ نیم، کردەوە بینم١ دەستم پێ گرتووی شەرمەندەم مەکە بۆ بەخشین گونای زۆر و کەم یەکە هەر کردەوەیەک لە من ڕووی داوە لە پێش کردنا لای تۆ نووسراوە٢ کە لەو تەختەیەی لای تۆ نووسرا بێ کێ ڕێی دەکەوێ بڵێ وا نابێ ١. ئامەژەیە بەم ئایەتە: سورة الأعراف/ ١٤٣. وَلَمَّا جَاءَ مُوسَىٰ لِمِيقَاتِنَا وَكَلَّمَهُ رَبُّهُ قَالَ رَبِّ أَرِنِي أَنظُرْ إِلَيْكَ ۚ قَالَ لَن تَرَانِي وَلَٰكِنِ انظُرْ إِلَى الْجَبَلِ فَإِنِ اسْتَقَرَّ مَكَانَهُ فَسَوْفَ تَرَانِي ۚ فَلَمَّا تَجَلَّىٰ رَبُّهُ لِلْجَبَلِ جَعَلَهُ دَكًّا وَخَرَّ مُوسَىٰ صَعِقًا ۚ فَلَمَّا أَفَاقَ قَالَ سُبْحَانَكَ تُبْتُ إِلَيْكَ وَأَنَا أَوَّلُ الْمُؤْمِنِينَ. ٢. خەییامیش دەڵێ: منت دروست کرد لە گڵ و لە ئاو خوری و قامیشت هۆندەوە تاو تاو چاکە و خراپە هەرچی کە ئەیکەم یەک یەک تۆ نوسیت، من ئەکەی بەد ناو؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی بەخشایندەی خاوەندی عەتا سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی؛ محەممەد ڕەسووڵ (هاوار)، لاپەڕە ٣٦٢-٣٦٤. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ئەی بەخشایندەی خاوەندی عەتا ئەی خوداوەندی پۆشندەی خەتا ئەی بێ‌نیازی تەواو نەناسراو ئەی تەنھای ناودار ھەزار و یەک ناو ئەی دەسەڵاتدار! دەست ناگاتە تۆ ئەی پەروەدگار! ھانای گشت بە تۆ نەشئەیەک بدە بە گیانی مردووم ڕووناکی چاوی ھەوا کوێر کردووم خوایە نازانم چیم لە تۆ بوێ؟ ھەرچیم بدەیتێ من ئەوەم ئەوێ پەروەدگارا عوزرم پەسەند کە لە ڕاستی گوناھ جڵەوم توند کە ھەموو عومری خۆم، خۆم دام بە بادا ھێشتاکو شەیتان یەخەم بەرنادا بوون و نەبوونم لە لا یەکسان کە لە وەختی غەمدا شادیم ئاسان کە خوایە ئەترسم لە گوناھی خۆم دەستم ڕاکێشە دەستەوسانی تۆم خوایە خوماری تۆم وا لە سەردا شیعری سوپاسی تۆم وا لە بەردا سەر و زمانم بە فکر و سەنات ھەروا بێڵەوە ھەتا دێمە لات نەنگی دنیایی لە لای من خۆشە بە نەنگی لای خۆت من دامەپۆشە سەرم بە سەودای عەشقی تۆ گێژە خاکی ڕووزەردیم پیادا مەبێژە خۆشەویستی تۆم ھەڵبژارد بۆ خۆم لە ڕێی ڕەزاتا ھەروا بەڵاجۆم گەمیییەکەی نووح بڕەخسێنە بۆم لە گێژ سەرکەوم، نەکەومە بن گۆم پەروەدگارا ھەرچیت ھەڵبژارد خەرمانی ھەستی ئەوەت دا بە باد بەوە موفلسن خەڵک کە نیانە من بە بوونی زۆر ماڵم وێرانە فەزڵت بێ‌کەران، شوکرت بێ زیان غەیری تۆ کەسم نییە لە جیھان خوایە ئەو کەسەی کە تۆ ئەناسێ کەسی تر ناکڕێ بە لەتە داسێ مەیلی تۆ وابێ بچمە جەھەننەم بەھەشتم ناوێ بە ڕەزا، بەندەم خوایە! دانام کە، نەک دانای بەدحاڵ بیناییم بەرێ پێی نەکەومە چاڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوایە زیندەگی بدە بە دڵم سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٧٤و٧٥. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی خوایە زیندەگی بدە بە دڵم هێندە دڵ مردووم بۆ خۆم خەجڵم من خۆم نازانم داوای چیت لێ بکەم هەر ئەوەم ئەوێ ڕێی لای تۆ دەرکەم شێتی وا هەیە شەق ئەوەشێنێ عاشقە و شێوەی شێتی ئەنوێنێ من دێوانەی تۆم بەتاقی تەنیا وا شەق هەڵئەدەم لە هەردوو دنیا ئەو ڕۆژەی گڵی لەشت داڕشتم تۆزێک لە لیقای خۆتت تێخستم وا بەو مایەیە گەیشتمە مەرام تەنها تۆم ئەوێ بەهەشت پەشمە لام ئەوەی بە ماڵی دنیا باییە چاوی لە گەنج و پادشاییە پیشەی هەڵکردی من گەدایییە مەیلی تۆ بۆ من شادی و شایییە ئەزانم منت بۆ خۆت دروست کرد هەوڵ و حەسوودیت لە دڵم لابرد تۆ بۆت دانا بووم من بەشی خۆم برد کەوا بوو هیچمان زیانمان نەکرد خۆت لە قورئانا وەهات فەرموو بوو «رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمْ وَرَضُوا عَنْهُ» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوایە ئەم دڵەم هێزێکی بەرێ سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، لاپەڕە ٧٦و٧٧. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی خوایە ئەم دڵەم هێزێکی بەرێ کە غەم لە ناو خۆی بکاتە دەرێ من خۆم نازانم چ بۆ من چاکە تۆ بە مەیلی خۆت دڵم ئاوا کە پایەی تۆ ناسین ئەگەر دەرکەوێ ئیتر کێ دنیا و دیناری دەوێ من کە دێوانەی تۆ بم بە تەنیا شەقێک هەڵئەدەم لە هەردوو دنیا دڵم هەمیشە یادی تۆ ئەکا گیان لە ڕێی تۆدا جست‌وجۆ ئەکا بەهەشت مەدح ئەکەن بە ناو و داوێ من لیقای خوام بێ بەهەشتم ناوێ عاشق کە بە ڕاست دەستی لە گیان شت پەکی سەیران و گەڕانی خۆی خست دیارە کە یاری ئەو وەفایەی دی کامی ویسالی بۆ دێنێتە دی خوایە ئەیزانی کە من تۆم ئەوێ مەعشووق چەرایەی بە تۆ ئەکەوێ خوایە نامەوێ تاعەتم زۆر بێ نەوەکا نەفسم بەوە مەغروور بێ خۆم بە گوناهکار ئەدەمە قەڵەم تۆ خۆت فەرمووتە حەز لە عەفوەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ مەولوودی پێغەمبەر  (د. خ) سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، لاپەڕە ٧٦-٧٨. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی پێغەمبەرەکەی خۆشەویستی خوا هیچ کەسی ترت نەهاتووە لە دوا زۆر پێغەمبەر هات بەرودوا تێکڕا خاتەمی خاتەم بە هیچ کەس نەبڕا بەر لەوەی ئادەم کەوا سەفی بوو تۆ مستەفا بووی بەڵام خەفی بوو مایەی خیلقەتی ئەفلاک (لولاک) ە بە (الم نشرح) سەدری تۆ پاکە (والضحی ) سوێندی پڕ نووری ڕووتە (واللیل) بۆ توڕەی سەوادی مووتە نێرگز (مازاغ البصر) جوانی کرد سوورمەی توور چاوی تۆ هەرزانی کرد مانگ بە پەنجەی تۆ دوو کەرت و شەق بوو پەروێز بە نامەی تۆ جێی پێ لەق بوو بوومەلەرزەی تۆ کەوتە دنیاوە لەوساوە گۆلی (ساوە) هەستاوە (سبحان الذی أسری) سەراتە (قاب قوسین)یش (أدنی) جێگاتە سوورەی(والنجم)ت ئەدرەوشێتەوە گوڵی ئاینت ئەگەشێتەوە (إنا فتحنا)ت تورەی بەیداغە ئایەی (مزمل) کەوای شیرداغە خوا سڵاواتی لە دیدارت دا ئەو نوورەی دیارە لە دیدارت دا تۆ نەبوویتایە بە ئاگری نەمروود نەسڵی ئیبراهیم نەدەبوو مەوجوود ئەو ئیبراهیمەی تۆ نەوەی ئەوی لە کوردستاندا دەرکەوت برەوی باپیرە گەورەت فەخری کوردانە مەڵبەندی ئەوە ئەم جێ و مەکانە توخوا هەر لەبەر دڵی ئیبراهیم دەردمان دەواکە، کە هەر تۆی حەکیم تۆ و ئەم ڕۆژەی تۆی تیا هاتیە دنیا چارمان کە هیوای بە تۆیە تەنیا هەروەک (رحمةللعالمین)ی دیارە تەنگانە ئێمەیش ئەبینی تۆ خۆت ئەزانی کە کورد دیندارن بە ئاینی تۆ سەلابەتدارن خۆمان بە ئەهلی ئیمان ئەناسین کەچی کەچ‌ڕەوین بۆیە کەساسین کە تۆ لە لای خوا خاترت ئەگیرێ وا بکە نیفاقمان لە ناو هەڵگیرێ ئەوسا ئەبینی چ ئوممەتێکین لە ڕێی خزمەتی ئاییندا یەکین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: په‌روه‌ردگارا ئه‌گه‌ر هه‌ر موویێ سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، لاپەڕە ٨٠و٨١. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی په‌روه‌ردگارا ئه‌گه‌ر هه‌ر موویێ زبانێکم بێ شوکرانه‌ گۆیێ شوکری نیعمه‌تی تۆ ته‌واو ناکه‌م له‌ چیت سروشت‌دام من هه‌ر ئه‌و خاکه‌م ئه‌و زبانه‌ی من شوکری پێ ئه‌که‌م تۆ پێت به‌خشیوم بێ زیاد و که‌م خوایه‌ سڕی خۆم لای هه‌رکه‌سێک وت خۆمی پێ سووتام وه‌ک سه‌ره‌بزووت هه‌ر تۆی مێروله‌یش ڕازی به‌ تۆیه‌ سووتاوی شه‌وقت سازی به‌ تۆیه‌ ده‌رگای بزورگان شه‌و دائه‌خرێ قاپی تۆ به‌ شه‌و هانای بۆ ده‌برێ گه‌وره‌ی دنیایی ده‌ستی بچووک ئه‌گرن به‌و چاکه‌یه‌ خه‌ڵک له‌به‌ریان ئه‌مرن تۆ خوداوه‌ندی که‌ خه‌ڵقت کردووین شه‌یتان گه‌وره‌یی تۆی له‌ یاد بردووین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر تۆ به‌خشنده‌ی نانمان نابڕیت که‌ره‌م کوننده‌ی خوایه‌ پێم خۆشه‌ سه‌رم ببره‌ په‌رده‌ی نامووسم به‌ خه‌ڵک مه‌دڕه‌ خۆت ئه‌زانی خه‌ڵک چه‌ند بێ مروه‌تن هه‌لیان بۆ هه‌ڵکه‌وت چه‌ند کەم فرسه‌تن به‌ سکی برسی دامنێ له‌سه‌ر به‌رد به‌ڵام مه‌مخه‌ره‌ ده‌ست پیاوی نامه‌رد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوایە هاوارم تەنها بە تۆیە سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٨١. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی خوایە هاوارم تەنها بە تۆیە تۆ نەبی عالەم بە چڵ‌وچۆیە دوباڵم بەرێ کە پێی بفڕم باڵی دوو تەیری نەحسی پێ ببڕم یەکەم کۆلارەی تەماعی نەگبەت دووهەم سیسارکەکەچەڵەی شەهوەت ئەگەر ئەم دوانەم توانی باڵ شکاند نێچیری مەردیم لە دنیا فڕاند خۆ ئەگەر هەروا ئەم دووانەم سوار بێ ئەبێ ناوی من کەری ژێر بار بێ خوایە وا من خۆم تەماعم ناوێ فەرموو ئەو وازم لێ بێنێ تاوێ ڕووبکاتە شوێنێ کە ئەویان بوێ شەو و ڕۆژ دڵیان بۆ ئەو نەسرەوێ تەماع پارەیان پێ کۆ بکاتەوە هەتا لە تۆیان دوور ئەخاتەوە لەبەر مەرگ حاڵی دنیا ئەگۆڕێ خۆ دیارە پارە ناچێتە گۆڕێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەنها خوایەکەی زەوی و ئاسمان سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٨٢و٨٣. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی تەنها خوایەکەی زەوی و ئاسمان لە هەموو شوێنێ پەیدایت و پەنهان لەبەندەگیدا بەوە سەربەرزم کــە لـە دیوانی تۆدا ئەلەرزم ئامان چەن خۆشە کە ڕادەوەستم جـار جارە بۆ تۆ نوێژ دادەبەستم ئەلحەمد ئەخوێنم ڕوو لە تۆ ئەکەم بە غائیبانە حەمدت بۆ ئەکەم کـە گـەیمە ئەوەی بڵێم (إیاک)ە بە نەشئەی حزور دڵم ڕووناکە چونکە ئـەو دەمە وام لە حزوورا دڵم خۆی ئەشوا لە دەریای نوورا ئەچمە لای پیاوێ کەوا گــەورە بێ بە فەیزی خوایی گەورەی دەورە بێ خۆ ئەگەر وەک من جلی چڵکن بێ بە ڕیش و سمێڵ چارەی کوڵکن بێ لە لای قاپیەوان هەر دەرکراوە هەر قاپی تۆیە کە نەگیراوە بە ئەنـدامێکی پڕ گوناهەوە بۆ نوێژ ئەچینە ڕیزی شاهەوە من کە لیقای تۆم هەرزان دەسکەوێ لە بوردەبازی بەندەت چیم ئەوێ خوایە وام لێ بکە ئاگام لەخۆم بێ کـە وتـم (اللە) هەر لەگەڵ تۆم بێ نەوەک بە زبان دوعا بخوێنم لە دڵدا ڕەگی خەڵکی دەربێنم بە ڕەزامەندی دڵم پڕ جۆش بێ هەرچی تۆ بیکەی ئەوەم لا خۆش بێ کە هەر چیت کرد و بە چاکم زانی دەستم ماچ ئەکات خۆشگوزەرانی ئەگەر شێتی بێت شێتی تەواو شێت خاک و خار و زیخ ئەکەونە بەر پێت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مانگی ڕۆژوو سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٩١. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی مانگی ڕۆژووە بە چلەی هاوین ئاگری جەهەننەم پێی ئەبێ، بێ تین ئەوی بە ڕۆژوو ئەبوورێتەوە دەرگای بەهەشتی بۆ ئەکرێتەوە لێوی ڕۆژوەوان کە بەڵغ ئەگڕێ پەردەی قاپی خوای بۆ لا ئەبرێ کە دەست و دەم و زمانت پاراست ئەوسا ئەتوانی بڵێی ڕۆژووە و ڕاست خۆت برسی بیت و هەژارت تێر کرد ئەوسا بزانە ئیمانت دەربرد ڕۆژوو پەیڕەوی ڕێی یەزدانییە وەک نوێژێ، ڕۆژوو ڕیایی تیا نییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو عەشقە سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٩١و٩٢. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ئەو عەشقەی لە گەڵ جنسی بەشەرە بە هەوای نەفسە، دوایی بەشەڕە خۆشەویستی خوا کە بە گیان بەندە وەک شەراب هەتا کۆن بێ پەسەندە ئەو سەرمەستیەی کە لە ڕۆحا بێ دڵ ئاوا ئەکا، هەرچەند ڕووخا بێ کە یادی خودا هاتە دڵەوە بە سۆز و ناڵەو جۆش و کوڵەوە ژەنگی دڵ لەگەڵ فرمێسکی چاوا پاک ئەکاتەوە و ئەیدا بە ئاوا دڵ پاک بێتەوە و ژەنگی نەمێنێ عەرشی کردگار یەکسەر ئەبینێ های لەو خۆشیە و لەو لیقای خوایە سەڵتەنەتێکی ئەوتۆی تێدایە شا بە سەپانی خۆی ڕاناگرێ ئەم ڕووی زەمینە بە فلسێ ناکڕێ ئینجا با خاوەن پایەی جیهانی بتوانێ شانی بدا لە شانی ئەوانەی کەوا بە مەسنەد بایین لەگەڵ (چەرخ) گۆڕڕا، گشت چەرخی بابین خوایە شوکرانەی تۆ تەواو ناکەم لە سایەی تۆوە من ئەو بێ‌باکەم کە ئەم فەلەکە پێی نەڵێم وەلەک شەکری چایشم بووە بە بەلەک هەر لە ژوورەوەم هاوین و زستان هەرچی ئازایە بۆم بێتە مەیدان جلی هاوینەم گۆڕی زستانە ئەویش هی خەڵکە وا پێنج ساڵانە زۆر جل و بەرگی تازە ئەبینی لەشی لەش‌پیسی تێدا نهێنی کە مەرگ ئەو بەرگەی لێ ئەکاتەوە تاتە شۆر لەشی پاک ئەکاتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو خوا پێداوە سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی؛ محەممەد ڕەسووڵ (هاوار)، لاپەڕە ٣٨٤. - ئەم شیعرە ناتەواوە؛ تەواوەکەی دە چاپی ئومێد ئاشنا دا هەیە. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ئەو خوا پێداوەی برسی نەوازە لەگەڵ فریشتەی عەرشا هامڕازە بتەوێ لەگەڵ خوادا خەریک بی ئەبێ لە پیاوی بەدکار تەریک بی وریابە وەک کوێر بەڕێدا مەڕۆ داوی شەیتان و چاڵ زۆرە بۆ تۆ لە ژێر سەقفێکدا کۆڵەکەی نییە کە ڕووخا ڕووخا ڕووگیری چییە ئەم سەقفە کۆنە بێ کۆڵەکەیە لەگەڵ کۆڵەکەی تۆدا تاکەیە تێبگە ڕێگەی دوورت لەبەرە چاکە بۆ ئەولا، توێشووی سەفەرە خوا فەرموویەتی ڕێی چاکە بگرین بۆ ئێمەیەتی کە دوایی ئەمرین ئەگینا لەبەر پێغەمبەر نەبێ چ ئیحتیاجی بە ئێمە ئەبێ باری گوناهمان کە کەوتە سەرشان ناچارین ئەبین بە کەری شەیتان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوایە بە عەقڵ ڕێم پێ نەبردی سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٨٤و٨٥. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی خوایە بە عەقڵ ڕێم پێ نەبردی پیرێژنانە بڕوام پێ کردی دوای ئەوەی زانیم کەوا تۆ خودای بۆ بێکەس کەسی و بۆ داماو پەنای ئیتر زۆر وردی ناخوێنمەوە گوریسی حیکمەت ناهۆنمەوە چونکە پێغەمبەر عەقڵی کوللی بوو لە تۆ ناسیدا عەقڵی کولی بوو «قَابَ قَوْسَيْنِ أَوْ أَدْنَى» لَدَيْك فەرمووی: «لاَ أُحْصِي ثَنَاءً عَلَيْك» نامەوێ کونهی زاتت بزانم لە گەورەیتدا مات و حەیرانم بەڵام ئەمەوێ بە سۆزێکی عەشق خۆشەویستی تۆم ببێت بە سەرمەشق سەرمەشقی عەشقی پەنهانی وا بێ کەس پێم نەزانێ و تۆم لە دڵا بێ ئەو سەنگتەراشەی لە کێوی توور بوو بە عەشقی تۆوە لە عالەم دوور بوو ئەیگوت: تۆ وەرە لام بە میوانی ئەچوو لە لای شوان شیری ئەهانی شوکر من ناڵێم وەک من نەوسنی ئەیزانم دائیم میوانی منی یەعنی حازری هەمیشە لە لام بەڵام من بۆ نەوس لە تۆ تەوەلام توخوا تۆ هەرچەند کە لامەکانی کە بۆ خانەی دڵ تەشریفت هانی فەرموو هەچ‌کەسێ تیایە با هەستێ نەنگە لای ئاغا نۆکەر بوەستێ «إِذَا جَاءَ الْحَق، زَهَقَ الْبَاطِل» زاخاوی دڵی پێ ئەبێ حاسڵ ئەو زەوقەی نووری مەعریفەت ئەیدا گەنجی ڕووی زەمین پێی نابێ پەیدا یاخوا بە بادەی عەشقت سەرخۆش بم تا ئەچمە ژێر خاک مەست و مەدهۆش بم من کە لە زەوقی دنیا موستەغنیم ئیتر بە لیقای مەیلی تۆ ئەژیم کەس لە قاپی تۆ نائومێد نابێ با ئەم داوایەی منیش ڕەوا بێ ++++++++++++++++++++++