شاعیر: پیرەمێرد کتێب: بەشی ئایینی سەرناو: ئەی بەخشایندەی خاوەندی عەتا سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی؛ محەممەد ڕەسووڵ (هاوار)، لاپەڕە ٣٦٢-٣٦٤. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ئەی بەخشایندەی خاوەندی عەتا ئەی خوداوەندی پۆشندەی خەتا ئەی بێ‌نیازی تەواو نەناسراو ئەی تەنھای ناودار ھەزار و یەک ناو ئەی دەسەڵاتدار! دەست ناگاتە تۆ ئەی پەروەدگار! ھانای گشت بە تۆ نەشئەیەک بدە بە گیانی مردووم ڕووناکی چاوی ھەوا کوێر کردووم خوایە نازانم چیم لە تۆ بوێ؟ ھەرچیم بدەیتێ من ئەوەم ئەوێ پەروەدگارا عوزرم پەسەند کە لە ڕاستی گوناھ جڵەوم توند کە ھەموو عومری خۆم، خۆم دام بە بادا ھێشتاکو شەیتان یەخەم بەرنادا بوون و نەبوونم لە لا یەکسان کە لە وەختی غەمدا شادیم ئاسان کە خوایە ئەترسم لە گوناھی خۆم دەستم ڕاکێشە دەستەوسانی تۆم خوایە خوماری تۆم وا لە سەردا شیعری سوپاسی تۆم وا لە بەردا سەر و زمانم بە فکر و سەنات ھەروا بێڵەوە ھەتا دێمە لات نەنگی دنیایی لە لای من خۆشە بە نەنگی لای خۆت من دامەپۆشە سەرم بە سەودای عەشقی تۆ گێژە خاکی ڕووزەردیم پیادا مەبێژە خۆشەویستی تۆم ھەڵبژارد بۆ خۆم لە ڕێی ڕەزاتا ھەروا بەڵاجۆم گەمیییەکەی نووح بڕەخسێنە بۆم لە گێژ سەرکەوم، نەکەومە بن گۆم پەروەدگارا ھەرچیت ھەڵبژارد خەرمانی ھەستی ئەوەت دا بە باد بەوە موفلسن خەڵک کە نیانە من بە بوونی زۆر ماڵم وێرانە فەزڵت بێ‌کەران، شوکرت بێ زیان غەیری تۆ کەسم نییە لە جیھان خوایە ئەو کەسەی کە تۆ ئەناسێ کەسی تر ناکڕێ بە لەتە داسێ مەیلی تۆ وابێ بچمە جەھەننەم بەھەشتم ناوێ بە ڕەزا، بەندەم خوایە! دانام کە، نەک دانای بەدحاڵ بیناییم بەرێ پێی نەکەومە چاڵ ++++++++++++++++++++++