شاعیر: پیرەمێرد کتێب: بەشی ئایینی سەرناو: خوایە هاوارم تەنها بە تۆیە سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٨١. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی خوایە هاوارم تەنها بە تۆیە تۆ نەبی عالەم بە چڵ‌وچۆیە دوباڵم بەرێ کە پێی بفڕم باڵی دوو تەیری نەحسی پێ ببڕم یەکەم کۆلارەی تەماعی نەگبەت دووهەم سیسارکەکەچەڵەی شەهوەت ئەگەر ئەم دوانەم توانی باڵ شکاند نێچیری مەردیم لە دنیا فڕاند خۆ ئەگەر هەروا ئەم دووانەم سوار بێ ئەبێ ناوی من کەری ژێر بار بێ خوایە وا من خۆم تەماعم ناوێ فەرموو ئەو وازم لێ بێنێ تاوێ ڕووبکاتە شوێنێ کە ئەویان بوێ شەو و ڕۆژ دڵیان بۆ ئەو نەسرەوێ تەماع پارەیان پێ کۆ بکاتەوە هەتا لە تۆیان دوور ئەخاتەوە لەبەر مەرگ حاڵی دنیا ئەگۆڕێ خۆ دیارە پارە ناچێتە گۆڕێ ++++++++++++++++++++++