شاعیر: پیرەمێرد کتێب: بەشی ئایینی سەرناو: بۆ مەولوودی پێغەمبەر  (د. خ) سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، لاپەڕە ٧٦-٧٨. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی پێغەمبەرەکەی خۆشەویستی خوا هیچ کەسی ترت نەهاتووە لە دوا زۆر پێغەمبەر هات بەرودوا تێکڕا خاتەمی خاتەم بە هیچ کەس نەبڕا بەر لەوەی ئادەم کەوا سەفی بوو تۆ مستەفا بووی بەڵام خەفی بوو مایەی خیلقەتی ئەفلاک (لولاک) ە بە (الم نشرح) سەدری تۆ پاکە (والضحی ) سوێندی پڕ نووری ڕووتە (واللیل) بۆ توڕەی سەوادی مووتە نێرگز (مازاغ البصر) جوانی کرد سوورمەی توور چاوی تۆ هەرزانی کرد مانگ بە پەنجەی تۆ دوو کەرت و شەق بوو پەروێز بە نامەی تۆ جێی پێ لەق بوو بوومەلەرزەی تۆ کەوتە دنیاوە لەوساوە گۆلی (ساوە) هەستاوە (سبحان الذی أسری) سەراتە (قاب قوسین)یش (أدنی) جێگاتە سوورەی(والنجم)ت ئەدرەوشێتەوە گوڵی ئاینت ئەگەشێتەوە (إنا فتحنا)ت تورەی بەیداغە ئایەی (مزمل) کەوای شیرداغە خوا سڵاواتی لە دیدارت دا ئەو نوورەی دیارە لە دیدارت دا تۆ نەبوویتایە بە ئاگری نەمروود نەسڵی ئیبراهیم نەدەبوو مەوجوود ئەو ئیبراهیمەی تۆ نەوەی ئەوی لە کوردستاندا دەرکەوت برەوی باپیرە گەورەت فەخری کوردانە مەڵبەندی ئەوە ئەم جێ و مەکانە توخوا هەر لەبەر دڵی ئیبراهیم دەردمان دەواکە، کە هەر تۆی حەکیم تۆ و ئەم ڕۆژەی تۆی تیا هاتیە دنیا چارمان کە هیوای بە تۆیە تەنیا هەروەک (رحمةللعالمین)ی دیارە تەنگانە ئێمەیش ئەبینی تۆ خۆت ئەزانی کە کورد دیندارن بە ئاینی تۆ سەلابەتدارن خۆمان بە ئەهلی ئیمان ئەناسین کەچی کەچ‌ڕەوین بۆیە کەساسین کە تۆ لە لای خوا خاترت ئەگیرێ وا بکە نیفاقمان لە ناو هەڵگیرێ ئەوسا ئەبینی چ ئوممەتێکین لە ڕێی خزمەتی ئاییندا یەکین ++++++++++++++++++++++