شاعیر: پیرەمێرد کتێب: بەشی ئایینی سەرناو: ناڵەی پیری پیران سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی - پیرەمێردی نەمر، دیوانی پیرەمێرد، بەرگی دووەم، پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، لاپەڕە ٨٥ـ٨٧. خوایە ئەوانەی کە بێ‌باوەڕن هیچیان نەدیوە وا هەڵەوەڕن ئەگینا سەیری باغێکی گوڵ کەن تەماشایەکی بە عەقڵ و دڵ کەن ئەو ڕەنگە جوانەی پەڕەی (هەرجایی) بە زەڕەبینی تیشکی بینایی لێی ورد بینەوە کە ئەو سنعەتە کێ دەڵێ زادەی خووی تەبیعەتە؟ گەڵای (گوڵپەسەند) کام مەقەست بڕی (پەردەعروسی) کێ پەردەی دڕی کێ هات (لاولاوی) به دارا ئاڵان کام دەست گەردەنی (وەنەوشە)ی شکان ئەمانە نەیسا١ بڵێین بێ گیانن مادەیەک ڕوویدا زۆر کەس ئەیزانن ئاغای شیوەکەڵ یەکێکیان تیا بوو که ئاغال ئاغای قادراغای ناو بوو پێی بریندار بوو، لێی کرد به خۆرە ئەهاتنە سەری حەکیم بەنۆرە ڕۆژێک (مەولەوی) حەکيمی بانە پێی وت: ڕەحمت بێ بەم مناڵانە ئەم دەردە پیسە ئەتەنێتەوە پیاو ئەبی لێیان دوورکەوێتەوە ئاغا له دوور دێ چووه بن دارێ ڕاکشا و ڕوانی بۆی کشا مارێ ئەمیش بێزار بوو چاوی لێ قووچان تا هاتە سەر پێی خۆی هیچ نەجووڵان هەرچەند خەڵک و خوا له دوور پەيدابوو تا ئەوان هاتن مار پێوەی دابوو پێی چاک بوەوه وەک دۆخی جاردی خۆ ناڵێن ئەمەش تەبیبعەت ناردی بەردە زلەکەی ناو ئاوی دووکان که بۆ ئەندازەی ئاو بووه به نیشان شارە مێروولەی له ناودا ئەژی ئەویش تەبیعەت هێناویەتەدی؟ ئەم ئاسمانه که بێ ستوونە بۆ کردەوەی تۆ بوو بە نموونە چەرخی ماکینەی ئەم ڕۆژ و شەوە بێ هەڵم و بەنزین ئەسووڕێتەوە چەوری پێ ناوێ، هیچ ژەنگ ناگرێ لێک هەڵناوەشێ دەستی تێ نابڕێ ئاش بێ ئاش وەستا ناسووڕێتەوە گاجووت بێ جوتیار ناگەڕێتەوە ١. نەیسە یا نەیسا: بەهەرحاڵ - ئەو وشانەی لە ناو کەوان دان، ناوی گوڵانن. ++++++++++++++++++++++