شاعیر: پیرەمێرد کتێب: شیعری دڵداری سەرناو: شەوێ لە هەگبەلی ئەتە شەوێ مانگە شەوی چواردە، دەمە دەمی نیسان بەهاری تازە کە زستانی خستە ناو نەی سان لە هەر دڵێکەوە جۆشێک بە بانگی دەنگ خۆشی لە لازەرەوە شەونم، شەرابی، مەی نۆشی خەریکی جونبوش و زاخاوی ژەنگی زستان بوون کچ و کوڕ و ژن و مێرد، پێکەوە لە سەیران بوون منیش لە خوارەوە چوبوومە گوێ لەبی دەریا بە دەردی خۆمەوە گیرۆدە بێکەس و تەنیا لەپاڵ داری سنەوبەر کە داری (چام)ە لەوێ ئەوەی نەخۆش بێ هەوای دار چامی پێ ئەکەوێ لە ئەستەموڵ، لە هەگبەلی ئەتە، بەبێ دەنگی خزامە بن دەستی جوانان بە لاپلەو سەنگی لە پێشەوە جووتێکی باڵا عەرعەر و لاولاو کە تیشکی کوڵمی ئەوان مانگی خستبووە ناو ئاو بە یەکدڵی تەکیان دابوە یەکتر بە سەوداوە بە خۆشەویستییەکی پاک و بێگەرد و ساواوە بە میهرەبانی (پەری شوخ شەو) کە لەژوور سەریان بە تیشکی خۆی جلی زەڕبەفتی کردبووە بەریان بەسۆزەوە کوڕە پرسی لە هامسەری گیانی کە رۆژ هەڵدێ و ون ئەبێ، کامیان خۆشە ئەیزانی؟ کچە وتی: کە بە رووی تۆوە رۆژ هەڵێ خۆشە بەمەستی چاوتەوە دڵ نەشئەدارە، سەرخۆشە بەڵام کاتێک لەپێش چاو نەبی و دوور بی لەلام بینایی لێڵە!! لە زەردەدایە رۆژی هیوام بەو خۆشەویستیەوە، کوڕ دەستی کردە ملی یار سڕی لە ئاوێنەی رووی بە لێوی ژەنگی غوبار وتی: کە تۆ ئەمەبی، کێ (گەواه)ی عەشقم بێ هەتا بژیم نەیەڵم عەشقی تۆم لەلا کەم بێ کچە وتی: ئەوە ئەستێرەی تازەیە هەڵات بەکوردی ناوی گەلاوێژە، شەوقی بۆ وڵات وەرە بە پاکی ئەو سوێند بخۆین کەوا یەک دڵ بین لە خزمەتی وەتەنا هەوڵ بدەین هەتاکو دەژین لە (ژین)ەوە ئەمە شاباشی رێی (گەلاوێژ)ە لە پایەی ئەدەبا نوکتە بێژ و هەم گوڵڕێژە ++++++++++++++++++++++