شاعیر: پیرەمێرد کتێب: شیعری دڵداری سەرناو: یار شێوەی چۆنە سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی محەمەد ڕەسوول هاوار، لاپەڕە ١٧٣و١٧٤. - ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٢٣٨-٢٤٠. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی یار شێوەی چۆنە، یارشێوەی چۆنە بێ‌چاوێنی بێ، یار شێوەی چۆنە بڕۆ ماڵی جیم، چاو خانەی نوونە گوڵنگەی پووشین کلابتوونە کارخانەی دەستی خودای سروشتە لە بەشەر ناکا حۆری بەهەشتە هەرچەند لە نەسلی دایکەحەوایە بەڵام نموونەی نەقشی خوایە ئافەریدە سونع بێ‌هاوتای ئیزەد دوور بێ لە حوکمی چاوەزاری بەد جڵوەی جەدوەلی چاوی سورمەڕێژ چاوی ئاسکی کردووە گێژ و وێژ برژانگ سیافام بە سورمەی کۆی توور بە تیری نیگای دڵ خانەی زەنبوور ڕووی سفیدەی سوبح، بە شەفەق قرمز شیرینتر لە ڕووی شیرینی هورمز لووت تەڵای خسرەو قاڵی نەوجەڵا زمڕووتبەند بووە لە گۆشەی تەڵا هەناسەی دەوای دڵەی پڕ خەمە بە ئەموستیلە ناوی مریەمە دوو پەڕەی گوڵناز ناوی ناوە لێو ماچێکی لێوی شێخ ئەخاتە کێو سی‌ودوو ددانی دانەی مرواری لە قوتووی لەعلا جلوەی دیاری هەر چوار تەرەفی یاقووت تەنیویە یاقووت یاقووتی گیانە کێ دیویە؟ ! چەناگەی زیوی سپی خاڵ بێ خاڵ کۆی غەبغەب مینای پاکتاوی زوڵاڵ گەردن گەردنی ئاسکی خوتەن گێڵ یا گەردنی قاز دەلیلەی ڕەوێڵ سونعی شیرینی دەستی سرووشتە وێنەی جەماڵی حۆری بەهەشتە کێ ئەڵێ نەسلی جنسی حەوایە ئافەریدەی دەست زاتی خوایە های لەو وەستایەی چەند سنعەت سازە سەیر کەن ئەو شێوە کرشمە و نازە سەیری جەدوەلی دیدەی سوورمەڕێژ لە چاویا چاوی غەزال گێژ و وێژ برژانگ ڕێژراوە به کلی کۆی توور دڵ کون کون ئەکەن وەک شانەی زەنبوور سەر گۆنای سپی ئالوودەی قرمز داخی نایە دڵ شیرینی هورمز لوونی تەڵای قاڵ جەلا دراوە زومڕوتی لەسەر تەڵا داناوە هەناسەی دەوای سەرعی و سەرسەری سلێمان مۆری نایە سەر سەری چاڵی تینوێتی ئاوی حەیاتە قەترەی ئارەقی دەوای مەماتە قۆڵ بە بازیبەند دانەی لاڵەوە پەنجە بە ڕەنگی خەنەی ئاڵەوە سنگ تەختەی عاجی شەترەنجی شاهان شاماتی شاهان ئەخاتە ئامان دوو سێو لەو سنگە تەلیسم بەندە کەس نەیزانیوە بەهای سێو چەندە لەوە بەرە و خوار بۆ کەس نەبینرا پەردەی ئەدەبی بەسەرا کێشرا ++++++++++++++++++++++