شاعیر: پیرەمێرد کتێب: شیعری دڵداری سەرناو: سەوزەڵەی چاوڕەش سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: محەممەد ڕەسوول هاوار، لاپەڕە ١٦٩و١٧٠. - پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ١٨٨و١٨٩. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی سەوزەڵەی چاوڕەش، سەوزەڵەی چاوڕەش ڕۆژی ڕەش کردم سەوزەڵەی چاوڕەش وەختێ زوڵف و پرچ لێک ئەبن بە نەخش عەقڵ و هۆشی من هەردوو ئەبن بە پەخش پرچت لوول مەکە حاڵم پەشێوە کێ ناشێوێنێ ئەو طورە و شێوە (روح القدس)ە سڕڕی ئەو لێوە هەر تای زوڵفێکت دڵێکی پێوە ڕەشی بەختی من کلی چاوتە ڕشتەی حەیاتم زوڵفی خاوتە ئەم چەند ڕۆژەیە کەوا باوتە دڵم مەشکێنە کە پێناوتە کوشتەی نازی خۆت زۆر مەدە ئازار زوڵفت نەبێتە پەرژینی ڕوخسار با ڕۆژ نەگیرێ و نەکەومە هاوار عاشق لە بێزار زوو دەبێ بێزار پرچت لوول مەکە، دڵم مەلوولە شێوەی مەلوولیم وەک پرچی لوولە تۆماری شەرحی دەردم بە توولە تەریبی وەسڵ و بەختم شەفتوولە بەسم بکوژە بە تیری غەمزە غەمزەت ئەندامی هێنامە لەرزە قەتڵی دڵدادرت لە لای تۆ فەڕزە سەوزەی بێ بەینەت ئاخ داخت سەوزە ئیشارەی دیدەت بە من ئەنوێنی خەریکی ئەوەی گیانم بستێنی وا گیانم دایتێ هەر تۆ بمێنی بە شەرتێ لەسەر قەبرم بخوێنی ++++++++++++++++++++++