شاعیر: پیرەمێرد کتێب: شیعری دڵداری سەرناو: کوردی پەتی سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی ئومێد ئاشنا، بەرگی یەکەم، لاپەڕە ٢٢٧-٢٢٩. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ئەمساڵیش دیسان وا گەیمە بەهار سەوزەی مێرغوزار، سۆزەی مێرغوزار دوگمەی سەر سینەی بەیان ترازا بەیان بە گوڵی سپی و سوور ڕازا هەوری بەهاری کردی بە هەڵا گوڵاڵە خەیمەی ئاڵی خۆی هەڵا بەرخ و کارژۆڵەی بەهار بە قەتار هەڵپەڕکێیانە بە بەستە و قەتار کە بای داراوس ئەشنێتەوە پیاو خۆی تێ ئەگا و ئەبوژێتەوە ئەو بایەی خاکی زیندوو کردەوە پیری لە بیری پیران بردەوە بە دەماغ خۆیدا لە دەماغی من ئاخ بێ دەماغە گوڵەباخی من بە دەست پیریەوە کۆکە کۆکمە خوازبێنی بەفر و هەڵەکۆکمە توخوا سا کوڕگەل ئێوە و خوای خۆتان سەیر کەن لە باتیم تا دەلوێ بۆتان کە ژین و بەهار هەردوو بایەک بێ جوانی و نەوجوانی هەردوو بایەک بێ ژین ئەو ژینەیە بەیانیی بەهار لە گۆشەی ئاوێ و یارێکی دڵدار دوو دڵ یەک بۆ یەک ئاواتەخواز بێ نەک نەنگەویستی نیاز و ناز بێ دڵیان وەک ئاوی بەیانیان ڕوون بێ بە نەشئەی سەودای ڕووی یار گوڵگوون بێ تیشکی ڕۆژ بدا لەو ئاوە جوانە شەوق بداتە سەر کوڵم و بڕوانە بە زەردەخەنە سەر گۆنای چاڵ بێ بە بۆی هەناسە هەڵگڕێ و ئاڵ بێ دڵ سەراسیمەی شێوەی نازی بێ گوێ حەڵقە لە گوێی شیرین ڕازی بێ گیان بادەی غەمزەی چاوی بنۆشێ دەست بێ‌پرس سێوی سینەی بووشێ ئەو سینە سافە شەوق بداتە ئاو ئاو بێتە لەرزە شەرم هەڵسێ لە ناو سەر مەستی سەودا و سەر لەسەر ڕان بێ ئەگریجە لەسەر ڕوو پەرێشان بێ ئەو شلکەی ڕانە و زولفە سەد تەرزە دڵ وەک بی ناو ئاو بێنێتە لەرزە دەم، دەمبەستەی تام، دوو لێوی ئاڵ بێ زبانی بەستە، زبانت لاڵ بێ ئنجا بە تکای، نیگا و بە نیاز ڕازی دڵ بێتە سەر گرشمە و ناز بەڵام عەشقی پاک، نەدەی به ئاوا دڵێکی پاکی منداڵی ساوا چونکە عەشقی پاک تاسەر ئەمێنێ وجودیش نەبێ ڕۆحت ئەژێنێ ++++++++++++++++++++++