شاعیر: پیرەمێرد کتێب: شیعری وەسفی سەرناو: کزەی دەروون دواوانەکەی شوێن ماڵە گەورە سەرەو خوار ئەڕۆی بە پێچ و دەورە تۆ بە روناکی وێنەی بلوری ئاوی زیندەگی گشت شارەزووری ئەناڵم ئەڵێم: تۆ وەک ئاوێنەی بۆ شوێن دەستکردی کردگار وێنەی بۆچ پێم نانوێنی وێنەی فۆتۆغراف وێنەی شیرینی نازدارانی جاف نموونەی دەستی پەروەردگار بوون بەدەوری تۆدا گوڵی بەهار بوون بەشەدەی لارو کراسی کەتان وەک مانگ (کەتان)ی جەرگیان ئەسووتان وەک مانگ بە شەدەی تاریکی دەیجوور بورجی رەشماڵیان پڕ ئەکرد لە نوور شەوێ مانگە شەو ئاوایی خەوتن لەدوای سرەوتن کاتێ تێکەوتن ئەو لەش و لارە بە شڵپەی مەلە دڵی دڵداریان ئەخستە پەلە ئای بۆ (پەری خان) نازداری جافان ئاهووی زەڕباهووی عەنبەر کڵافان ماڵە بەگزادەو سیڕەی سەماوەر رووی ئەو روبارەی وا ئەگرتە بەر دەنگی نەکیسا و بەزمی خوسرەوی لای مەحمودپاشا ئەکەوتە نەوی ئاوازی سەقر و باز و باڵەبان حیلەی ماینی جنسی کەحیلان ئەمانە هەمووی خوا دابووی بە جاف حوکمدارێک بوون بێ لاف و گەزاف لەم دواییەدا خۆ (ناهیدە خان) شا خانمێک بوو بەلاو دیوەخان شوێنی دوو پاشای پڕ کردبۆوە گرەوی لە روحی چەرخ بردبۆوە توخوا ئاوەکەی بۆن گوڵاوەکە بۆ سەرچاوەکە کەمێ لاوەکە بڕوانم ئاخۆ جامی فۆتۆگراف نیشانم نادات شێوەی ئێلی جاف نەء!! ئەو دەبدەبەو سەر ئەو سەر ئاوە ئێستا ئەفسانەو نەخشی سەر ئاوە ئەم دڕک و داڵە و ئەم قەل و داڵە ماونەوە لە شوێن ئەو گەورە ماڵە نازداران بوونە ماسی دواوان بە بۆمبای راوکەر کەوتنە سەر ئاوان لە تاوەی جەوری چەرخی چەپگەردا ئەوان ئەسووتێن منیش لە هەردا وێڵ و ئاوارەی ئێڵی مورادیم نزیک لە مەرگم دووریش لە شادیم بۆ بازی موراد هەر (قەیسەر قوومە) بەختم شوومەو باز کەوتە وەیشوومە من بۆ ئێڵ ئەگریم مات و دڵ خەستە رستی خێوەتی بەگزادە (ریستە) لەشوێن سەر مەلا و (الله اکبر) (کاری) کار ئەکا و (ستریت بە جۆکەر) ئێستاکە رێی کۆچ گوشادەو ئاسان کوا سەرئێڵ کۆچی لێخوڕی بۆ کوێستان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یادی نازدارانی جاف پۆڕە جوانەکەی دەوری زەردیان ئای بۆ کناچەت دەمی بەر بەیان کاتێ سپێدەی سەحەر دەرکەوێ پێشخانەی شەفەق لە کەژ سەرکەوێ دەمی بێداری کە دەستی مریەم قۆناغەی عیسا ئەشوا لەسەر چەم ئاوی زیندەگی دێتە زەمزەمە ئەبێ بە زەمزەم ئاوی ئەو چەمە زەڵم و تانجەرۆ دەست لەملان بن سەرپۆپەی گوڵان جێی بولبولان بن دەنگی کناچەی بەرز و سەر ئازاد دەنگ بداتەوە وەک دەنگی سییاد لە کەناری زەڵم، ئەو سەوزە گیایە تۆوی کەنیشکی جافی تێدایە تۆ بە کناچەو لەنجەو لارەوە من بە چاوێکی فرمێسک بارەوە بەرامبەر بە یەک هەردوو بناڵین هەردوکمان وەک یەک بۆ یار عەوداڵین شێوەی ئەو سنگە جەودانەی سەد تەرز لە سینەی مندا شیوەن بکا بەرز گوێم لە دەنگت بێ بەیادی جاران کوا ماڵە گەورەو پۆلی نازداران منیش بە فەردی مەولەویەوە بە هۆرەی گولبانگ پەهلەویەوە (بە شینی تیپی نازدارانی جاف دووکەڵی ئاهم پڕکا سەمای ساف وەک چەهرەی خەیاڵ روخسارەکەی خۆی لە پەردەی دڵەی پڕ لە ئاخ و ئۆی پرشەی رووی دەرکەوت شای سوسەن خاڵان کەم کەم لە گۆشەی لای سیاماڵان) لە توێی تاریکی شەدەی بێگەردا وەک ئاوی حەیات شەپۆلی ئەدا ئێستا لە شوێنی ئەو عیشوەو نازە بایەقوش لەگەڵ تۆدا هاوڕازە ئێلی جاف رێگای کوردستانیان نیە نازانم فەلەک مەیلی بە چیە؟ ! ئومێدم وایە هەر بەم زووانە ئێلات بچنەوە بۆ ئەو کوێستانە وەلی دێوانە ویستی لە یەزدان کە رێی شەم نەبێ بچێت بۆ کوێستان ئەوسایە دوعای ئەو گیرا ببوو ئێستا بازاڕی وەلی بەسەرچوو جێنشینی ئەو منم ئەمەوێ ئێل بۆ هەوارگەی کوێستان سەرکەوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاڤگەی زەڵم تاڤگەی زاڵم زەڵم، تاڤگەی زاڵم زەڵم گریەی چاوی چەرخ پڕ لە ناڵەو تەم زادەی جەرگی کێو، مەوجودی عەدەم دێوانە ئاسا شەیدای روو لە چەم سەر لە بەرد ئەدەی تۆش بە سەودای شەم سرەوتت نیە لەناڵە یەک دەم لەو کێوە بەرزە ئەکەویە خوارێ ریزە مرواریت لەدەم ئەبارێ دیارە عاشقی وا ناڵە کاری سەحرا نەوەردی پەی جۆیی یاری پەروانە بەسۆز خۆی دەسووتێنێ ئاوی ساردی تۆ جیهان ئەژێنێ ئەم سەر لەبەرد و ئەم هەڵپژانەت (یاهو یا من هو)ی قودسی تەرانەت بۆ زیندەگانی شارەزوورمانە ئاخ میللەتەکەت قەدر نەزانە باخ و بێستانت لەبەرا ناکەن تا بەو سایەوە وڵات ئاواکەن ئەگەر گشت کێڵگەی داچێنرێ دەڵێن فیرعەونی خاکی میسری پێ ئەڵێن ئەگەر شارەزوور پیت و ئاوابێ رۆژی شەطی میسر ئەبێ ئاوابێ خۆرنەوەزانی شای خان ئەحمەد خان بوبوە نموونەی ئیرەمی جیهان ئێستا ئەو شوێنە کەوا وێرانە بۆ چاوی هیوام بووە بە تانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دووبارە - تاڤگەی زەڵم ئاوە جوانەکەی سەرچاوەکەی زەڵم بۆچ بەهار لێڵی و پایزان پڕ تەم ئەڵێی سەرچاوەی بەختی کوردانی لەسەردا سارد و سەر لە ئاسمانی زۆری پێ ناچێ ئەکەویە زەوی وەک فرمێسکی چاو بڵاوو نەوی وێڵ و عەوداڵی رێی چغورد و هەرد بە قەڵبەزەوە سەر ئەدەی لە بەرد یکدگیر ئەبێ لەگەڵ تانجەرۆ بە عەشقی سیروان وێڵ و رەنجەڕۆ لە دواواندا کە یەک ئەکەوی وەک دوو مەصرعی فەردی مەولەوی سیروانی ئەو چەم تانجەرۆی ئەم چەم بدەن وەهەمدا ئەم چەم تا ئەو چەم سەر بنێرەوە بە لم و خاکا بگری لە بارگەی سەلمانی پاکا بڵێ: بەقوربان، تۆ ناوت پاکە بمناخەرە ڕێی یەکێتی و چاکە تۆ خۆت ئەزانی ئەو عەردە دێمە کە پاراو ئەبێ بە ئاوی ئێمە کەوابێ گوڵ و نێرگز پێکەوە با شادبن بە دڵی رێک و پێکەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردی رەوان سبەینێ بوو، لەخەو هەستام کە روانیم بەفرە باریوە سلێمانی ئەڵێی بەڵقیسە، تارای زیوی پۆشیوە دەمێک بوو چاوەڕێی بەفرێکی وابووم مژدەبێ باری سەرم بەفرە و کەچی هێشتا شەڕە تۆپەڵمە بۆ یاری لە بیرمە شێرە بەفرینەم ئەکرد، سواری ئەبووم بێ زین نسێ بوو جێگەکەی ئەیبەست، ئەما تاکو دەمی هاوین بە بەرگی سپیەوە چەند شۆخە شاخی گۆیژە بیبینە لە رەنگی ئاسمان دولبەر ترە، ئەو سپیە ئەم شینە ئەڵێن بەرگی فریشتەی ئاسمانیش سپیە وەک بەفرە فریشتەی ئێمە باڵایە، بەڵام ئاخ بۆچ ئەخۆین تەفرە؟ ! هەموو پێچە کلوری بەفرێک فریشتەی خوای لەگەڵدایە فریشتە کەوتە ناومان، بۆیە وا ئاشووب و هەڵایە ئەوا ساماڵی کرد، رۆژ کەوتە سەرشاخی گڵەزەردە بەسەر ئەو بەفرەدا تیشکی هەتاو ئەڵماسی خواکردە بەسەر گۆنای سپیدا خشڵی زێڕینە بریسکەی دێ پەری سەر کێوی قافیش هێندە پرچی زەردی خۆی لێ دێ لەسەر سەربان بەفر توێژاڵی بەست، وێنەی چوڕی شیرە قەتارەی سەر لق و پۆپی درەختان چەند دڵگیرە چلوورەی گوێسوانە، پڵپڵەی زیوی کچە کوردە سەهۆڵ ئاوێنەیە، لێکدانەوەی ئەم دوو شتە وردە کە پیرێژن سەر و پۆیلەی بەشینی چلە تێک ئاڵا بەهاریەت، داری پیر ئەژێتەوە دێتە قەد و باڵا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناوقەدی چلەی زستان پچڕا سەبارەت: لەساڵی ١٩٤١ دا ئەم هەڵبەستە لەکاتی خۆیدا پیرەمێرد بەناوی (زەردیانی)یەوە بڵاوی کردۆتەوە ناوقەدی چلە زستانمان پچڕا ئەمڕۆ پشکۆکەی هەوامان گڕا هەوا بەتینی ئەو تەشقی شکا پەنجەی لەگۆ چوو پێکەوە لکا بەفری سەرچاوەی زەڵم توایەوە هەتاو کەوتە تین رۆژ گەڕایەوە لەوبەرمانەوە، لە نێرگزەجاڕ نێرگز بە بۆنی خۆشی کەوتە جاڕ بەو چاوە جوانەی وەک دیدە مەستان ئاگری خستە ناوجەرگی زستان شێوەی شیرینی نێرگز لەو ڕێیە ئەفسونی شێوەی شیرینی پێیە کە ئەڵێن نێرگز ئەڵێ کێ؟؟ ئەو کەس گۆشەی چاکی دڵ بەرنەدا لەدەس راستەوە بوونە بەو چاوە جوانە بە دوولا نەشئەی بۆ دڵ و گیانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەفری بەهار بەفری رووسپی بە دەمەو بەهار سەری دایەوە سەری پێ بوو هار ئاوەدانی و چۆڵ هەروەک پەموانە لە لۆکەی بەفرا تێکڕا پەنهانە دڵ سارد و روو رەش بێ بەزەییە روو سپیەتیەکەی ناوی تورکیە وەک گەنمە شامی برێشکەی سەر ساج سپی هەڵگەڕا هەژار بێ عیلاج کلکە خاکەناز لە سەرما سووتا گوێسەوانەکانمان بە زوقم رووخا گۆپکەی درەختی نازداری ترسان پەلکی وەنەوشەی سیس کرد چروسان ئەو چاوە جوانەی نێرگزی کوێر کرد بەستەڵەک دەستی (خانمەڵی)ی لێبرد پیرێژن ئەڵێ: بەفر ئارد بووە قەدریان نەگرتووە لە کیسیان چووە چی دەبوو بەفر شەکر بوایە سەرمایە ئەبوو بۆ ئەم سەرمایە هاتوە خۆی پیشان هەڵەکوک ئەدا جاڕی ریسوایی کۆکە کۆک ئەدا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: رۆژی تازە رۆژی تازەی ساڵی تازەی ئێمە هات رۆژهەڵات، رۆژی هەڵات سەرما هەڵات بای بەهار هات خاکی زیندوو کردەوە بۆیە نێرگز چاوی مەستی کردەوە نەوجەوانی هات و پیری بردەوە تیشکی رۆژ دەرکەوت تەمی لابردەوە هەردە سەوزو مۆرە وێنەی بەرگی بووک شایی دەنوێنێ چراخانی گڵووک شەونمی ناو لانە بادەی بولبولە بەو مەیە سەرخۆشە وا شەیدای گوڵە چونکە خۆش ئاواتە هەم ئاواتەخواز زۆر بەسۆزە ناڵەی وەک سۆز و ساز هاتە جنبوش ئاوو سەوزە با و درەخت دەوری کانی بوو بەگوڵزاری بەهەشت ئەو بەهەشتە خۆشە جێی بەزمی جەمە دەم بە دەم جێی یەکدگیری هەم دەمە بورجی بەرخە رۆژ سەر ئەفرازی ئەکا بەرخی ئێمەش بۆیە وا بازی ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەوبەهار سەبارەت: لە ساڵی ١٩٤٠دا بەناوی (زەلمی) یەوە وتوویەتی یاران نەوبەهار، یاران نەوبەهار خوا نەشئەیەکی وای دا بە بەهار گیاندار و بێ گیان، زەوی و گیا و دار خروشا و زەڵمیش کەوتە هاڕە هاڕ سەری نایە دەشت وێڵ و بێ قەرار بەشۆڕی شێتی خۆی ئەدا لەدار شارەزوور بەرگی سەوزی لەبەردا کەمەری زیوی چەم لە کەمەردا هەوای بووکێنی تازەی لەسەردا چەن خوازبێنیکەر لە داخ و دەردا دەستی لە زاوای نێرەمووک بەردا لە دەردی سەری نابەکار بێزار نێرگز بە دیدەی شۆخ و شەنگەوە پۆڕ بە کناچەی خۆش ئاهەنگەوە راوکەر بە شوێنیا بە تفەنگەوە نێرەکەر بە جۆش زەڕو دەنگەوە هەندێ بە سەودای قەنگەی بەنگەوە هەریەک بە ڕەنگێ کەوتوونە ڕووی کار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەهاری کەنار شار دوێنێ بەیانی چوومە قەراغ شار خەیمەی بەهار بوو دیارە و دیار لە پرشەی ئاونگ بە تیشکی هەتاو گوڵ چووبووە شێوەی بووکی سەر بەدراو شنەی بای بەهار ئەیدا لە خونچە ئەیگەشانەوە و لای ئەدا پەچە نەک دڵێک سەد دڵ ئاواتە خوازی ئەو پێکەنینە و کریشمە و نازی هەمیشە بەهار لە کەناری چەم ببووە لاگیرەو گوڵی سەر پەرچەم لە رێگاکانا گوڵەزەرد یەکسەر ببووە زنجیری تەلاری پشتەسەر قەتارەی نەسرین لە نشێوی شیو بریسکە ئەدا وەک هەیاسەی زیو سێپەڕەو مینا بە خنجیلانە ئەتوت ملوانکەی موروو شیلانە پەلکی گۆزروان بەسەر گیاوە جووتەی دڵخوازە وا تێک ئاڵاوە ئەگریجەی بووکە بەڕەزاو چنوور چارەچەقیلە بۆتە تارای سوور بەلیس گیای پیشۆک ئەدۆزرێتەوە وێنەی پرچی کچ ئەهۆنرێتەوە گوڵی زەرد و سوور لەگەڵ ئەرخەوان وەک جسری مۆدە بەرۆژی شەموان شەوبۆو رەیحانە و کەنێرو گیابەن پەکی لاوانتەی ئەوروپا ئەخەن شنگ و هەڵەکووک چەورە و پێقەلە چاوبازەو بزنە رەشەو خەرتەلە کاشمەو بەڕەزا لووشەو ترشۆکە کوزەڵەو کاردوو پونگەو بەنگووکە تۆڵەکە و جاترە و شویت بەڕیزە کەرەوز، تەرخون، پیاز، تەڕەتیزە ئەمانە هەمووی کە گیای بەهارن هەر یەک بۆ دەردێک دەرمان و چارن سەوزەڵەو نازدار بە لەنجەو لارن تازە کیژۆڵەی تیپی گوڵزارن کارێزی شەریف مەڵبەندی جوانان ئاخی بۆ ئەبەن پەری ئاسمانان ئەو ئاوە جوانە لەو دەشتە وێڵە چاوی قرژانگی لە چاوا لێڵە هاڕە هاڕی دێ لەو کۆڕە شیوە وەک سەرچۆپی کێش دێتە قریوە ناز ناز و نێرگز، شەوپۆو گەزیزە هەڵدەپەڕین وەک کچان بەڕیزە دەستیان گرتبوو پڕ جۆش و خرۆش گۆرانیبێژیان بولبولی دەنگ خۆش بە سۆز و ناڵە پیاوی ئەگریان وەک کای کۆن دڵی منی ئەسووتان دار و گیا و گیاندار پڕ نەشئەو دڵخۆش من و وەنەوشە ملکەچ و شین پۆش ئەو پابەندی خاک کۆنە هەواران من دڵبەندی خاک مەزاری یاران ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پیرەمێرد لەناو گوڵانا هەڵسە، وا گوڵان کەوتنە پێکەنین با ساتێ لەناو گوڵانا بژین یەکەم (نەورۆز)ە دەرچووە لەخاک لەعەشقی یاران شێت و یەخەچاک سێ گەڵای جوانی لەملا و لەولاوە هەرسی تەڵاقی دڵتەنگی داوە (ئابی) و (ئاوداری) و (نیلوفەر)ی زەرد حاشیەی دەوری وەک خاڵی بێگەرد گوڵە (قەیسەری) بەرزە رەنگاورەنگ (لالە) و (شەقایق) ئاڵ و شۆخ و شەنگ (شەوبۆ)ی عەترئامێز خۆشبوی خۆش نەفەس بۆ بەرگەردنی (مینایی) ئەنفس گوڵە (سوسەنان) نازک و نازدار شفایە بۆ دەردە (شەقشەقە) و (بیمار) (فامیلیا)ی سپی لەپای بەفراوان لەنجە و لارێتی وەک کۆرپەی باوان (چنوور) لە دەوری ئەڵقەی بەستووە پەنجە پێی پیانای بەدی گەستووە (گوڵە بەڕۆژە) عاشقی تەواوە ئەسووڕێتەوە روو لە هەتاوە (نیلوفەر) ئەویش پەروەردەی ئاوە کە لە ئاو بڕرا بێ ئاو خنکاوە (وەنەوشە)ی سەرشین لەشوێن هەواران گەردن کەچی غەم دووری نزاران (بەڕەزا) بەچین توڕەی تاتاوە با ئەیشەکێنێ بەملاو بەولاوە بە شکنجی زوڵف خۆش قوماشەوە تاتا پەخشانە بەڕووی تاشەوە (پەردەعروسی) لە پەردەی سوورا نازو نووزێتی بەسەر چنوورا گوڵی (بەیبوون) و گوڵی (مفرح) بۆنیان خۆشترە بە (مسکی) و (قدح) گوڵی (سنەوبەر) گوڵی (یاسەمەن) لەگەڵ (نەسرین) و گوڵی (نەستەرەن) گوڵی (نیسان) و گوڵی (زەردەگوڵ) پێکەوە ئەڕۆین لەگەڵ (قرنفل) گوڵی (خاشخاش) و گوڵی (کوهکەن) گوڵی (پایتۆنیا)، رەونەقی چەمەن گوڵی (شاپەسەن)، (لالە عەباسی) (چەشمە خرۆش) و (زوڵفی هەیاسی) گوڵی (ئەسپەکی) و گوڵی (دووپشکە) گوڵی (قەتارە) و گوڵی (گوێ مشکە) گوڵی (ساق سپی) و گوڵی (خەنایی) (گوڵچینی) و (جەوهەر)، (گوڵە خەتایی) (خەتمی) و گوڵ (تەبەق) دوو شێوەو دوو رەنگ باڵا وەک بەیداخ درەخشی رووی جەنگ (لاولاو) عاشقی نەوبەر نەمامان تێوە دەئاڵێ سەر تا بە دامان ئەمانە ئەڕوێن لە خاکەکەمان کەچی قەومەکەم لە پایەی کەمان بەهارمان خەزان، پێ هەڵخزانە بۆ نەونەمامان گەڵا رێزانە سا خوایە تەنها ئێمەش تۆمان هەی پەروەردگارا کەرەمت بۆ کەی؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەلەندەر سەبارەت: لە تەموزی ساڵی ١٩٤١دا وتوویەتی دەردی گرانی گرانی کەم بوو سەبوونی چلەی سووکی بۆ غەم بوو هەناسەی ساردی دەم گەرمی گەرمام ئیتر ناکەومە جێی گەرما گەرمام ئەڵێن هوودڕە لەم شارەزوورە کەری خستووە لەم شارەزوورە هاوین هاودەمی مارو دووپشکین لە بەشی ژارا خێوی دوو (پشک)ین ئای بۆ تاڤگەکەی سەر رێگای بەڵخە ئەو ئاوە ساردەی بێ قەوزە و بەڵغە هی واشمان هەیە بە یادی مەستان ژووری زستانەی لێ بووە بە کوێستان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەرمای هاوین سەبارەت: لە ساڵی ١٩٤١ دا بەناو (باڵان تەرانی)یەوە وتوویەتی های گەرمای هاوین، های گەرمای هاوین قرچەی تێخستین بە تەوژم و تین رەشەبا دیسان لێمان کەوتە قین نە باغی هێشتین نە گوڵ نە پەرژین هانامان بۆ تۆ خوا (ژیان) و (ژین) (لدوس)ی ناوە لای تورک رەشەبا لەگەڵ پەیدا بوو نەشئەی خەڵک ئەبا تەختە قروسی وەک دێڵەبەبا ئەسووڕێتەوە خەوو خوێن ئەبا بەبۆنی پیس و بە خروو و گەزین گوڵ و گوڵاڵو کەوتوونە پەستی بولبول وا دیارە ماری خار گەستی نە ناڵەی دیارە نە سەدای هەستی رێی راوە ماسیش مەرەزە بەستی وەرن بەشینی بەهار تێر بگرین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پایزی دڵتەنگ پایز دڵتەنگە، پایز دڵتەنگە هەوری نوێی پایز زویرو دڵتەنگە رەشەبا لێمان بەژار و ژەنگە گەڵاڕێزانە گوڵ ئاڵتوون رەنگە شتاوان وەک مار لە دەشت پێچ ئەخۆن وەک سەودا کاران شێت و سەرەڕۆن تەم بە بەرگی شین سەرکێوی پۆشی بولبول خزایە لانەی خامۆشی خەڵووزە گەڵای بێستانی سووتان گەلاوێژ بەرگی هەتیوی دڕان کچە کورد بەڕیز بە بەرزانەوە بەلەرز ئەلەرزان بە بەرزانەوە مناڵان سەریان کەوتە ژێر قۆچکە هۆمان کەوتۆتە بەر بڕۆچکە ئەمان ڕوانیە رۆژ بە رووی ساردەوە ئێستا پێویستە وا خۆی شاردەوە قاز و قوڵنگان هاتنە خوارەوە قیژو هووڕیانە بەسەر شارەوە شەوگار درێژ بوو بۆ ناڵەی غەمگین زستان ستەمە بەبێ دڵدار ژین یارم بە ئاشتی دەڵێن دێتەوە بەختە بنوو با نەسڵەمێتەوە گشت هاواریانە لە بەختی نوستوو من هاوار ئەکەم بەختە زوو بنوو خاڵانەی ئەوەی وتم چاوکاڵان تا چاوکاڵ ژینی بردم بەتاڵان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەناو رەزانا لەناو رەزانا، لەناو رەزانا ئەگەڕام بەناو رستی مێوانا مێوم دی لە توێی شیوی عوریانا گرژ بوو بوو لەناو گەڵاڕێزانا وەختێ بەوەرزی تەرزی خۆش تەرزی سەری بەرز ئەکرد بە بەرگی سەوزی هێشووی مرواری گەردنی بەرزی بەبای غروری شۆخی ئەلەرزی تیف تیفەی ئەدا نم نمەی باران بۆ تامە تامەی گرۆی مەی خواران گەڵای بۆ خەنەی زوڵفی نازداران ترێکەی ئەبوو بە دیاری یاران ئێستا بێ بەرو بێ سەر و سامان رەنگ زەردی وەرەم سەر تا بەدامان بە شنۆی خەزان وێنەی نەمامان ئەلەرزێتەوە ئامان سەد ئامان پرسیم ئەی هەڵەم، دانەت بێ هەڵەم بۆچ رەنگ زەرد هەڵگەڕای بە دەردی وەرەم؟ شەراب لە میوەی تۆ دێتە بەرهەم ئەبێ بە شفای پەژارە و ئەلەم توخوا پێم بڵێ، چییە ئەم دەردە؟ ئەم پەشێویە و ئەم رەنگە زەردە؟ ئەم بێ رەنگیە، بەم قەوزەی سەردە؟ ئەم مەلوولیە وەک ئازیز مەردە وتی: لێم گەڕێ، دەروون لە غەم کەیل منیش وێنەی تۆ کەوتمە سەودای لەیل عاشق بووم بەڕووی ئەستێرەی سیوەیل شۆڕی کەوتبووە دڵەکەی پڕ مەیل پرشنگی جەوری هەڵی قرچاندم سەودای دڵداری جەرگی سووتاندم دوایی بێ مەیلی خۆی پێ نواندم بای بێ وەفایی هەڵی وەراندم وەسیەتی من بێ، جوانت خۆش نەوێ کێ دیویە وەفا لای جوان دەسکەوێ گیرۆدەت ئەکا بە تەنها شەوێ لەپڕ وەک ئاسکی سڵ لێت ئەڕەوێ ئێستا وەک جوانان رۆڵەی زەمانە کەمەندت ئەکەن بە گیانە گیانە بۆ ئیش پێڵاوت لەسەر چاوانە کە ئیشیان نەما دەردت گرانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەی کانی شەکراو سەبارەت: لە ١٨ی تشرینی دووهەمی ساڵی ١٩٤٠دا وتوویەتی هەی کانی شەکراو، هەی کانی شەکراو کانیەکەت کانی عەنبەرو گوڵاو ئاوی زیندەگیت رژاوەتە ناو جێی حەسانەوەی تیپی سەربەدراو چەشمەسارێکی سەر رێی نازداران گوڵاڵەی دەورت دەمی بەهاران نەشئە دەماغتە دڵی رێبواران جێی ساز و سەودای بۆ هەرزەکاران گەردی غوباری رووی کچان ئەشۆی تیف تیفەی شەوقی زوڵفی سەمەن بۆی مایەی هەرزانی و رۆنی مەشکە دۆی جێی وسڵی قرگەو و وێڵەدەری تۆی کە مەشکەی لەکوڵ داگرت شۆڕەژن شڵپەی ئاو دێنێ بە خرنگەی بازن دڵ کون کون ئەکا وەک سوزژن ئاژن چاو روونیمان بێ بەکوێری دوژمن ئەم خاکە پاکە کە دوور بێ لە چاو سەد چاوگەی تیایە وەک چاوگەی سەراو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەهاری ڕوو زەرد سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: محەممەد ڕەسوول هاوار، لاپەڕە ٢٠٧. - پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، بەرگی یەکەم، لاپەڕە ٢٦٠. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی بەهاری ڕوو زەرد، بەهاری ڕوو زەرد منیشی خستە کەژ و کێو و هەرد ڕەنگ زەرد و سەر شین دەروون پڕ لە دەرد بۆ عالەم شادی، بۆ من ئاهی سەرد جەرگم لەت‌لەتە وەک هێڵی ناو وەرد ئاخ بۆ دڵسۆزێک بۆم بێ بە هاودەرد ڕەنگ هەڵبژێرێ لە شێوەی بەهار لەو ڕەنگە خۆش بێ لای دڵەی غەمبار لە گوڵەزەرد ڕەنگ، لە گوڵ نەورۆز داخ لە شەونم فرمێسک، لە تەمی چەم ئاخ لە وەنەوشە شین، لە نێرگز خومار لە گوڵاڵە خوێن، دیدەی شەوبێدار لە خونچە پەیکان، لە سۆسەن خارێ دڵ بریندار کا لە دووری یارێ من لە دووری ئێڵ جەرگم خوێنین بێ چەند خۆشە برین لە سەر برین بێ ئەگەڕێم بە شوێن دەردەدارێکا کەس‌وکار کوژراو، دڵ زامارێکا وەک تاق‌تاقکەرە تا دەمی بەیان ناڵە ناڵمە لەسەر کەلی‌خان لافاوی فرمێسک لە دووری یاران سەرە و خوار ئەڕوا وەک لێزمەی باران ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەفری بەهار سەبارەت: دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: ئومێد ئاشنا، به‌رگی یه‌که‌م، لا‌په‌ڕه‌ ٢٠٨و٢٠٩. - دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: محه‌ممه‌د ڕه‌سوول (هاوار)، لا‌په‌ڕه‌ ١٣٨. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی بەفری ڕوو سپی بەدەمە و بەهار سەری دایەوە سەرمای پێ بوو هار ئاوەدانی و چۆڵ، وەک پەموودانە لە لۆکەی بەفرا، تێکڕا پەنهانە دڵسارد و ڕووەش، بێ بەزەیییە ڕووسپیه‌تیەکەی ناوی تورکییە١ وەک گەنمەشامی، برێشکەی سەر ساج سپی هەڵگەڕا، هەژار بێ عیلاج کلکەخاکەناز لە سەرما سووتا گوێسوانەکانمان بە زوقم ڕووخا گۆپکەی درەختی نازداری ترسان پەلکی وەنەوشەی سیس کرد، چرووسان ئەو چاوە جوانەی نێرگسی کوێر کرد بەستەڵەک دەستی خانمەڵیی لێ برد٢ پیرێژنان ئەڵێن: بەفر ئارد بووە قەدریان نەگرتوە، لە کیسیان چووە چی دەبوو بەفر شەکر بووایە! سەرمایە ئەبوو بۆ ئەم سەرمایە٣ هاتووە خۆی پیشان هەڵەکۆک ئەدا جاڕی ڕیسوایی کۆکە کۆک ئەدا ١. دەگونجێ روسپی بێ بە تورکی ژنی بەدکارە. ٢. خانمەڵی: جۆرە گوڵێکە لە سەرەتای بەهار ده‌ڕوێ. ٣. سەرمایە: لە یەکەم نیوه‌دێڕا سامان و دەستمایەیە. لە نیوه‌ دێڕی دووەمدا به مانای سارد و سەرمایه‌. ++++++++++++++++++++++