شاعیر: پیرەمێرد کتێب: شیعری وەسفی سەرناو: بەفری بەهار بەفری رووسپی بە دەمەو بەهار سەری دایەوە سەری پێ بوو هار ئاوەدانی و چۆڵ هەروەک پەموانە لە لۆکەی بەفرا تێکڕا پەنهانە دڵ سارد و روو رەش بێ بەزەییە روو سپیەتیەکەی ناوی تورکیە وەک گەنمە شامی برێشکەی سەر ساج سپی هەڵگەڕا هەژار بێ عیلاج کلکە خاکەناز لە سەرما سووتا گوێسەوانەکانمان بە زوقم رووخا گۆپکەی درەختی نازداری ترسان پەلکی وەنەوشەی سیس کرد چروسان ئەو چاوە جوانەی نێرگزی کوێر کرد بەستەڵەک دەستی (خانمەڵی)ی لێبرد پیرێژن ئەڵێ: بەفر ئارد بووە قەدریان نەگرتووە لە کیسیان چووە چی دەبوو بەفر شەکر بوایە سەرمایە ئەبوو بۆ ئەم سەرمایە هاتوە خۆی پیشان هەڵەکوک ئەدا جاڕی ریسوایی کۆکە کۆک ئەدا ++++++++++++++++++++++