شاعیر: پیرەمێرد کتێب: شیعری وەسفی سەرناو: کوردی رەوان سبەینێ بوو، لەخەو هەستام کە روانیم بەفرە باریوە سلێمانی ئەڵێی بەڵقیسە، تارای زیوی پۆشیوە دەمێک بوو چاوەڕێی بەفرێکی وابووم مژدەبێ باری سەرم بەفرە و کەچی هێشتا شەڕە تۆپەڵمە بۆ یاری لە بیرمە شێرە بەفرینەم ئەکرد، سواری ئەبووم بێ زین نسێ بوو جێگەکەی ئەیبەست، ئەما تاکو دەمی هاوین بە بەرگی سپیەوە چەند شۆخە شاخی گۆیژە بیبینە لە رەنگی ئاسمان دولبەر ترە، ئەو سپیە ئەم شینە ئەڵێن بەرگی فریشتەی ئاسمانیش سپیە وەک بەفرە فریشتەی ئێمە باڵایە، بەڵام ئاخ بۆچ ئەخۆین تەفرە؟ ! هەموو پێچە کلوری بەفرێک فریشتەی خوای لەگەڵدایە فریشتە کەوتە ناومان، بۆیە وا ئاشووب و هەڵایە ئەوا ساماڵی کرد، رۆژ کەوتە سەرشاخی گڵەزەردە بەسەر ئەو بەفرەدا تیشکی هەتاو ئەڵماسی خواکردە بەسەر گۆنای سپیدا خشڵی زێڕینە بریسکەی دێ پەری سەر کێوی قافیش هێندە پرچی زەردی خۆی لێ دێ لەسەر سەربان بەفر توێژاڵی بەست، وێنەی چوڕی شیرە قەتارەی سەر لق و پۆپی درەختان چەند دڵگیرە چلوورەی گوێسوانە، پڵپڵەی زیوی کچە کوردە سەهۆڵ ئاوێنەیە، لێکدانەوەی ئەم دوو شتە وردە کە پیرێژن سەر و پۆیلەی بەشینی چلە تێک ئاڵا بەهاریەت، داری پیر ئەژێتەوە دێتە قەد و باڵا ++++++++++++++++++++++