شاعیر: پیرەمێرد کتێب: شیعری وەسفی سەرناو: دووبارە - تاڤگەی زەڵم ئاوە جوانەکەی سەرچاوەکەی زەڵم بۆچ بەهار لێڵی و پایزان پڕ تەم ئەڵێی سەرچاوەی بەختی کوردانی لەسەردا سارد و سەر لە ئاسمانی زۆری پێ ناچێ ئەکەویە زەوی وەک فرمێسکی چاو بڵاوو نەوی وێڵ و عەوداڵی رێی چغورد و هەرد بە قەڵبەزەوە سەر ئەدەی لە بەرد یکدگیر ئەبێ لەگەڵ تانجەرۆ بە عەشقی سیروان وێڵ و رەنجەڕۆ لە دواواندا کە یەک ئەکەوی وەک دوو مەصرعی فەردی مەولەوی سیروانی ئەو چەم تانجەرۆی ئەم چەم بدەن وەهەمدا ئەم چەم تا ئەو چەم سەر بنێرەوە بە لم و خاکا بگری لە بارگەی سەلمانی پاکا بڵێ: بەقوربان، تۆ ناوت پاکە بمناخەرە ڕێی یەکێتی و چاکە تۆ خۆت ئەزانی ئەو عەردە دێمە کە پاراو ئەبێ بە ئاوی ئێمە کەوابێ گوڵ و نێرگز پێکەوە با شادبن بە دڵی رێک و پێکەوە ++++++++++++++++++++++