شاعیر: پیرەمێرد کتێب: بەشی شیعری ویژدانی سەرناو: ستەمکاری سەبارەت: دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: ئومێد ئاشنا، به‌رگی یه‌که‌م، لا‌په‌ڕه‌ ٢٦١و٢٦٢. - دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: محه‌ممه‌د ڕه‌سوول (هاوار)، لا‌په‌ڕه‌ ٢١٩و٢٢٠. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی هەور ئەگری بەکوڵ، گوڵ پێئەکەنێ باوک و فرزەندی بێ ڕەحم ئەنوێنێ نێرگز بە بۆنەی چاوی مەستەوە ئەژاکێ لە دەست دەستاودەستەوە گوڵاڵە ئاڵای ئاڵ و واڵای خۆی بووە بە لەکەی داخی دەروون بۆی بەڕەزا ئەڕوێ لە پەنا هەردا بای مەینەت سەری ئەدا بە بەردا وەنەوشە شێوەی شینی، شینیی خۆی ووە بە باری گەردن کەچی بۆی پیشۆک لە خاکا بە خاکساری پەرێشان پرچە لەبەر هەژاری خۆی لە ژێر خاکا ئەشارێتەوە ژنە لادێیی ئەیدۆزێتەوە هەڵەکۆک کە باو لە بەفر ئەسێنێ بێڵەکان سەر و بنی دەردێنێ شنگی شۆخ و شەنگ، بە سنگێکی دار سنگی ئەشکێنن ئەیخەنە بازاڕ لاولاو کە بە شەو ئەگەشێتەوە ڕۆژ ڕووی خۆی لە ڕۆژ ئەپێچێتەوە مێخەک گەردنی هەڵئەقرتێنن سنگ و بەرۆکی پێ ئەڕازێنن گوڵ بەو جوانییە ئەیخەنە مەنجەڵ جواناو ئەڕێژێ بە هەڵم و دووکەڵ بەبۆنەی بۆنە وا ئەیخنکێنن ئامانی نادەن هەڵیەبچوڕکێنن چیمەن کە سەوزەی نەوخیزی ناوە بە له‌قەی فتبۆڵ پێ پەست کراوە ئەرخەوان پەنای بردە بەر مردوو لە وێشا ئەیکەن بە داری مردوو ئەمە ناو ئەنێن سەیرانی بەهار منیش ئەڵێم داد، لە دەست ستەمکار ++++++++++++++++++++++