شاعیر: پیرەمێرد کتێب: بەشی سروود و بەستە و گۆرانی سەرناو: ئێمە کە کوردین لە لامان وایە سەبارەت: دیوانی پیرەمێردی نەمر، پێداچوونەوەی: محەممەد ڕەسوول (هاوار)، لاپەڕە ٣٤٧و٣٤٨. - چاپی ئومێد ئاشنا، بەرگی یەکەم، لاپەڕە ١٧٥و١٧٦. - نووسین: ناشناس ئێمە کە کوردین لە لامان وایە زوبانی کوردی زۆر بێ‌هاوتایە لاوکی کوردی، دەنگی زەبوورە جنةالمأوی لە شارەزوورە سەلاحەددین و کەریم خانی زەند بابا شەڕەف‌خان شای کۆی دەماوەند قارەمان قادر، فیدائی فوئاد لە ڕێی وەتەن‌دا بە جەننەت بوون شاد گەورەی هیچ قەومێک وەک گەورەی کوردان لە ڕێی وەتەن‌دا نەبوون بە قوربان فیکری میللیان ئیحیا کردەوە قەدری وەتەنیان ئەعلا کردەوە شادین ئەی میللەت بۆ ئەو گەورانە فەخری تەئریخی لایق بەوانە ناویان ون مەکەن بە خاس و بە عام تاکو دەس کەوێ ڕۆژی ئینتیقام بێنە جووڵەجووڵ با ڕوحیا شاد بێ پێی میللەتەکەم لە بەند ئازاد بێ کچانمان لە ژێر بەیداغی ڕەش‌دا چاو هەڵنەهێنن بە خوێنی گەش‌دا بە خوێنی لاوان وەتەن نەجۆشێ میللەت بۆ وەتەن سیا نەپۆشێ هەزاری وەک من هەتا نەکوژرێ بە قەڵەمی خوێن شیوەن نەنووسرێ ئەم میللەتەی کورد ڕزگاری نابێ بێ شک ئەم ئیشە ئەبێ هەر وابێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گۆرانی به‌هار سەبارەت: دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: ئومێد ئاشنا، به‌رگی یه‌که‌‌م، لا‌په‌ڕه‌ ٣٧٣و٣٧٤. - دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: محه‌ممه‌د ڕه‌سوول (هاوار)، لا‌په‌ڕه‌ ٣٥٥و٣٥٦. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی کە دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و کێو شینە چەندە مەڵبەندی ئێمە شیرینە بچۆ سەرگردی یارە ببینە لە جیهاندا گوڵێکی رەنگینە ئەو دەمەی ڕۆژ دەگاتە ئێوارە ڕوو بکەرە شاخی گۆیژە بنواڕە عەرشی پەروەردگاری لێ دیارە دامەنی وەک بەهەشتی ئابدارە زەمزەمەی بولبولی بەهارانی وردە بارانی ژێر دەوارانی لە شەوی بەزمی سەرچنارانی وشکە سۆفی ئەخاتە گۆرانی جێی سلێمانه بڵێ ئاوا بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گۆرانی نه‌سرین سەبارەت: دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: ئومێد ئاشنا، به‌رگی یه‌که‌‌م، لا‌په‌ڕه‌ ٣٧٤و٣٧٥. - دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: محه‌ممه‌د ڕه‌سوول (هاوار)، لا‌په‌ڕه‌ ٣٥٦و٣٥٧. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی نەسرین گوڵی نەسرینە چووزەرەی یاسەمینە خنجیلە و خوێن شیرینە دەمی بە پێکەنینە کەیفی لە هەڵپەڕینە شنە شنی بیبینە نەسرین گوڵی بەهارە لێو ئاڵە چاو بەخومارە لەناو كچانا دیارە خوازبێنیکەر هەزارە لووتی لە هەموان خوارە کەسی ناوێ لەم شارە نەسرین گوڵی هاوینە فریشتەی سەرزەمینە پەریزادەی ماچینە گوڵ ئەستێرەی نوورینە نەتەوەی خاتووزینە پاوانەی پێی زێوینە نەسرین گوڵی پاییزە بۆنخۆشە وەک گەزیزە کچە کوردە ئازیزە تورک و عەجەم بە ڕیزە لەبەر دەستیا کەنیزە بۆیە بە دەعیە و فیزە نەسرین گوڵی زستانە شەوچرای کوردستانە چاوی پیاڵەی مەستانە چلوورەی گوێسه‌وانە بەو چاوە بەستوویانە نەسرین وادەی هەڵسانە نەسرین ساڵمان تەواو کرد سەیری دەشت و سارات کرد جلی سەوزیان لەبەر کرد بە حساب وا تۆش پێت گرت شیعری خۆتت لەبەر کرد بیخوێنەره‌وە ورد ورد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گلەیی لە کەس ناکەم سەبارەت: دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: ئومێد ئاشنا، به‌رگی یه‌که‌‌م، لا‌په‌ڕه‌ ٣٧٦و٣٧٧. - دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: محه‌ممه‌د ڕه‌سوول (هاوار)، لا‌په‌ڕه‌ ٣٦٠. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی گلەیی لە کەس ناکەم بۆ بەختی خۆم ئەگریه‌م دڵی خۆم بۆ تۆ هانی زاڵم قەدرت نەزانی دایم دڵم ئەشکێنی ڕۆژێک ئەبێ نامبینی چاوکاڵ لە تۆ تۆراوم دڵم تەنگە و گریاوم بە ئاهم گرفتار بی لای عه‌شقم شەرمەزار بی هێندەت لێ پاڕامەوە ڕووت نەکرد بەلامەوە شەرت بێ ڕۆژێکم مابێ نەیه‌ڵم دڵمت لا بێ دێی دەگەڕێیت لە شوێنم ئەو سایە من ناتبینم ++++++++++++++++++++++