شاعیر: پیرەمێرد کتێب: شیعری نیشتمانی سەرناو: ئای نائومێدی سەبارەت: هەڵبەستێکی وەلی دێوانە کە پیرەمێرد دەسکاری کردووە و چەند دێڕێکی خۆی تێهەڵکێش کردووە و ماناکەی گۆڕیوە. پیرەمێرد ئەو هەڵبەستەی بەبۆنەی رووخاندنی کۆماری مەهابادەوە وتووە. هەی نائومێدی، هەی نائومێدی هەی رەنجەڕۆیی و دڵ نائومێدی بەدبەختی وەک من سا توخوا کێ دی دەردی مەجنوونم لێ هاتۆتە دی هەر لە نەجدەوە تا هەردەی دوجەیل بۆ لەیل ئەگەڕام دەروون لە غەم کەیل هاتمە بێستوون لای قەسری شیرین بۆ فەرهاد گریام بەدڵەی نمین چوومە زمناکۆ راگۆزەرگای لەیل هیچ کەسم نەدی، نە شیرین نە لەیل لە دەربەندیخان هەتا کەلیخان ئەوناوە یەکسەر شێواوەو وێران شیوو هەردو بەرد تا لوتکەی بەرزان پڕ لە وەیشوومە بە گەڵا رێزان نەکەروز گەڕام وادی بەوادی شوێنی هەوارگەی ئێلی مورادی بەجەوری فەلەک یەکسەر وێرانە بایەقوش تیایا گرتوویە لانە پرسیم: بایەقوش دۆستی هاودەردم لەجیهان بێزار یاری چۆڵ گەردم بۆچی وا چۆڵە ئەم مەرز و بوومە لەکوێ پەیدا بوو ویشوومەی شوومە جوابی دامەوە بە قوڵپی گریان منیش وا جەرگم بووە بە بریان ئەمساڵ بەهارمان کە بێ بارانە گوڵاڵەی سوورمان جەرگی یارانە لە هەر سێ لاوە شاییە بەڕیزە خەنە بەندانمان خوێنی ئازیزە ++++++++++++++++++++++