شاعیر: پیرەمێرد کتێب: شیعری نیشتمانی سەرناو: تەنها دڵسۆزی سەبارەت: ساڵی ١٩٤٥ رەنگی ژەنگێکی کە بۆتەی سروشت قاڵبی منی کوردی پێ داڕشت خۆ تاکو دەمرم لێم نابێتەوە کەواتە، واتەی چیم لێبێتەوە بەڵێ هەر کوردم، کوردێکی سەرچڵ پەژارەی هەژار دەبەمە ژێر گڵ هەرزە گەردێکم بەسەر یاڵەوە سەر ئەدەم لە بەرد بەدەم ناڵەوە ئەبینم هەرچی بانگی ئەکەمێ دەمی گیراوە ئاخ بۆ هاودەمێ ئەم قەومە وەکو مەڕی بێ زمان دوای هەرکەسێ کەوت نەیبردە ناو ران بە خوری و شیری دست هەڵناگرێ بۆ گۆشتی مەڕە سەری ئەبڕێ! ئێستا دەستەیەک پەیدا بوون غەیبین کە دەنگیان هەیە و رەنگیان نابینین کەوتوونە خولیای باڵا پەروازی بەڕیشی بابە کەوتوونە بازی بە باڵی خەیاڵ بە لاف و گەزاف هەڵمان ئەفڕێنن بۆ سەر کێوی قاف ئێمە لە خاکی عێراقدا ئەژین چۆنمان بۆ ئەلوێ لەم خاکە دەرچین عێراقێک کە خوا دایمەزراندبێ تۆوی دوو قەومی تێدا چاندبێ چۆن ڕێی تێ دەچێ کە رێی بێگانە بکەوێتە ناو ئەم جێ و مەکانە ++++++++++++++++++++++