شاعیر: دزڵی کتێب: دیوانی مەلا حەسەنی دزڵی سەرناو: من هەڵۆی لووتکەی بەرزی داڵانیم سەبارەت: وەڵامی نامەی دەسەڵاتدارێک سەر وەک مەسینە، سەگ لەسەر سینە! الخبیثاتُ لِلخبیثینە! ئاخر کام ئینسان، دەسەبرای سەگە! ڕەفێقی تانجیم، پێ ناشیرینە! هەرکەسێ سەگی کرد بە هاوخوانی ئەوە نۆکەری، ئینگلیسینە قودرەت و سەروەت، جاه و جەلالات پێشکەش بەوانەی پێیان شیرینە سەد تف و لەحنەت، لە قوربان قوربان لە ئاغا فەرمووی، یەکجارم قینە خۆم زەلیل ناکەم بۆ فلس و دینار ئەویش لە سایەی، عیززەتی دینە پێم خۆشە نانی، جۆ ڕەشی عەباڵ دۆینەی خەجیجە و فاتە و جەمینە کاڵە و کلاشی ساختە هەورامان نایدەم بە قۆنرەی، چەرمی مەکینە ئیسلام و عیززەت، عیلم و کەرامەت کورد و شەرافەت، ڕەسمی دێرینە هەی­هوو چەن دوورین من و نۆکەری! ئەمەش هەر جۆرێ کاسەلێسینە سەلام سەییدی، ویرمەنە دینار خوویەکی پیس و زۆر ناشیرینە ناکەومە پینەی درۆی ئاغایان کەوش و کراسی، خۆم ئەکەم پینە ئاخر من قورئان وا لە سەر سینەم الطّیِّباتُ للطّیّبینە من هەڵۆی لووتکەی بەرزی داڵانیم هەرگیز وەک قاڵاو، ناکەومە چینە حەسەن بۆ مەقام نۆکەری ناکا سەد جار ڕیامە، ئەو جۆرە ژینە! ++++++++++++++++++++++