شاعیر: ئەخۆل کتێب: دیوانی ئەخۆل سەرناو: بە یادی جاران ئای چەن گرفتاری تۆم جگەر بریناری تۆم دڵبەستەی زناری تۆم شۆخی و جوانی و لاوی تۆ بۆ ژیانم بوو بە هۆ دنیا تۆی تیا نەبینم نابم دەربەستی ژینم لەناو باخ و گوڵزارا لە مێرگ و مێرغوزارا لە هاوین و بەهارا گەڕام ڕوانیم خوار و ژوور لە نزیکی چ لە دوور... نەمدی وەک تۆ باڵا بەرز وەک تۆ شووش و عەرعەر تەرز قاسپەی کەوانی سەرکەل ئاوازی قومریی و مەل لەسەر ئەم چڵ و ئەو چڵ ئەبیەم ئەم هەموو دەنگە هەر چییەک نای و چەنگە لەلای منی ڕەنجەڕۆ ناگاتە «ئا»یەکی تۆ گوڵاڵەی سوور و شەوبۆ وەنەوشەی سەر لە ئەژنۆ سفیدەی دەمی ئاسۆ دیم و نەمدی، لەمانە وەک تۆ ڕازاوە گیانە شین و مۆر و زەرد و ئاڵ چاو و گەردن، کوڵم و خاڵ جوانیم کردە چەپکێ گوڵ گوڵی ڕازاوە بە دڵ لێم بژارد دڕک و چقڵ خۆشم بوومە یەک بولبول پێما ڕوانی گوڵا و گوڵ کەچی لە و چەپکە جوانە تاسەی تۆم نەشکا گیانە ژیانی........ . ئەم دنیایە و سامانی هەرزەکاری نەوجوانی توخوا وەرە تا جوانین ئەرکی پیری نازانین با بیچێژین بێ زاری تامی عەشق و دڵداری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەجو ئەگەر چی شۆخ و شەنگێکە ئەگەر چی نەرم و نۆڵێکە بەڵام عەییارە زۆرزانە حەرامزادە، چە زۆڵێکە چە زۆرزانە چە شەیتانە وەکوو «دێزە بەکوڵێکە» سەعاتی دەست و ئەحبابی یەکێکە و دەس بە قۆڵێکە نییە مانەند و ئەمساڵی لە هیچ ئەنحا و چۆڵێکا *** هەزارم دیوە.. نەمدیوە وەکوو تۆ هێندە زۆرزان بێ لە کەرکووک و لە بەغداد و چە لە شاری سولەیمانی هەموو موویەکی ئەگریجەی دەسی سەد گەنجی پیا هانی کە دەرکەوت ڕافرێنراوە وەکوو ماڵێکی تاڵانی معاذالله کە چی لای خۆی ئەمە سڕێکە پەنهانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیوەنی سەرداری نەمر ئەی دڵ ئەی دەروون وەختی گریانە ئەی چاو جا نۆرەی ئەشک بارانە ئەی کوردی کڵۆڵ گەلی چارەڕەش ئێستاکە دەمی سیا پۆشانە *** بۆ شۆڕەسواری کورد و کوردستان بۆ قارەمانی بەردە قارەمان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دیارە هەڵمەت و تاوی وەک نەڕەشێران *** ئای چۆن کوردستان بە کۆچت سەردار بێکەس مایەوە لەدەس ڕۆژگار ئاڵای پێچاوەی گەلی بێچارەت نەک لە نیوەی دار، کەوتۆتە بن دار *** لەناو چیاکان لە چۆڵ و لە دەر لە خوار و لە ژوور لەمسەر و لەوسەر ئەزرنگێتەوە هەتا هەتایە دەنگی نەعرەتەت «الله اکبر» *** خۆت و لاوانی نەترس لە مردن ئەو هێرشانەی بردتە سەر دوژمن هەر هەڵمەت دان و هەر کۆڵنەدان بو تا ڕەگ و ڕیشەی دەرهێنرا لەبن *** ئەی نەوەی پاکی ئەحمەدی کاکی ئەی پاڵەوانی چوست و چالاکی کردەوەی بەرز و جەنگاوەریی تۆ بوو بە مەشخەڵێک بۆ ڕێی ڕووناکی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گردی سەیوان ئەی گردی سەیوان سەیوانی سێوان ئەی کەنزی گەوهەر سەرتا بە لێوان هەر خوا ئەزانێت چی لە دڵتایە چەن گوڵی وەریو لەژێر چڵتایە تۆ گوڵزارێکی خارە سەمەرت وشکە شۆڕەبی نار و عەرعەرت هەر گەڵایەکی کە لێت ئەوەرێ پارچە دڵێکە و گۆشەی جگەرێ هەر پەڕێ گوڵی ئەرخەوانەکەت هەر دەنکێ گڵی بیابانەکەت لە خوێنی گەشی چەن جوان و پیرە لە ئێسکی سەری چەن گەدا و میرە سەوزە وردە گیات بەڵام ئەبوایە بەپێچەوانە ڕەنگی سوور بوایە چون لەسەر لاشە و دڵان ڕواوە بە خوێناوی گەش ئاویان دراوە بەڵام تا دوێنێ بەڕاست گوڵشەن بووی مێرگ و مێرغوزار باغ و چەمەن بووی لەسەر چڵانت بولبول و قومری دڵشاد ئەیانخوێند ئێستاکە ئەگری چەن جووتەی دڵخواز بێ جەور و مەینەت لەسەر سینەی تۆ ئەیانکرد عوشرەت ئێستاش ئەوانەن کەوتوونە بەرپێ ئێسقانیان بۆتە خاکی سەرەڕێ ئەی گەردوون کە تۆ ئەمە بێ وەفات بۆچی بمێنم بکێشم جەفات؟ قەسەمت ئەدەم بە حەقی یەزدان وەرە تا زووە بمنێرە سەیوان وەک لە دنیادا کەوتوومو بەرپێ با لەوێ ببمە خاکی سەرەڕێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەسفێک ئال و ئەسحابی موحەمەدە شەوق بە دڵ ئینسان ئەدا بێسەمەر بووم بۆ نەمامێ سەر لە ڕووی ئاسمان ئەدا بارک الله بۆ نەمامت ئەی گوڵی گوڵزاری دڵ جوانی تۆ خۆی بە مانگێ یا بە ڕۆژ پیشان ئەدا تەرکی دنیا چۆن نەکەم بۆت ئەی شەهی خووبانی من ڕووی گوڵی بێستانی ژینم چین بە چین خەرمان ئەدا سابیتە شیرینی سانیت خۆ منیش فەرهادەکەم وا قوڵنگی عەشقی پێیە دڵ دڕی شاخان ئەدا جلوەیەک لەو نووری چاوەت دای لەسەر سینەم ئیتر بۆ غوڵامی دەرگەهی تۆ حازرم تا جان ئەدا حەلقەی خودامیی تۆ وا لە گوێما تا خودا حاکمی حوکمت ئەبێت و موستەفا فەرمان ئەدات خالقم هەر خوایە ئەمما تۆش بتی ڕێی عەشقمی هەم مەناڵی سەر زەمینم ئەم بە شەش یەزدان ئەدا دڵبەرم ساحیب سەرم جێگا دەرم هەر یارمە چیم هەیە هەر خۆی حەسێبە فۆتە یا تاڵان ئەدا زەڕڕەیەک بوونی حەیاتم یەک خودا، دووهەم ئەوە بمکوژێ بێ دەسەڵاتم ئەو غەم و فەرمان ئەدا ڕەبی لەم دنیایەدا گەر خۆشترم لەو کەس بوێ دین سز و هەم جوانەمەرگ بم، دڵ کوڵی گریان ئەدا زەوقی زەهرە قوتب و کەیوان من لەسەر ئەرز شک ئەبەم وا لەبەر چاوم بە دایم شوعلەشی پەخشان ئەدا سینەی شەمس و قەمەرمە ڕەهڕەوی بیابان و دەشت من چە ئیحتیاجی بە مانگ بم، هەر شەو ڕەخشان ئەکا شافیعم غەیری موحەممەد، هەر ئەوە ڕۆژی جەزا خۆ لە دنیاشا هەوەسییە قەتڵم یا پەخشان ئەدا سەد وەکوو بۆجەهل و شەیتان نەعلەتم لێیە ئەگەر ناوی تۆ من کەم فەرامۆش تا خوا سەیوان ئەدا... زدی ئەم حاڵەی وتم پێت من ئەگەر کردم خیلاف ڕووڕەشی قاپی خودام و هەم لە دین لامان ئەدا تالعم گەرچی سیا بوو وا بە تەنها مامەوە جێگەکەی جارانت ماوە ئەو تەسەللامان ئەدا زوڵمت گەرچی کردووە لێم هەر خەڵاتی تێ ئەگەم حەقی خۆم قیامەت ئەسێنم، خوا بەشت ناڵان ئەدا عالەم ئەمکاتە شاهید چیت لە حاڵم کردووە؟ شاهیدێکی تر کە دڵمە قەفقەفی دوخان ئەدا غەیری ئاخ و ئۆفی تۆ من بێ ئەلەم دەردم نییە... . باوەڕیش ناکەی بە لەفزم جەرگی وەک بریان ئەدا قافڵەی ئۆردویی دووریت هاتە سەر قەلعەی لەشم غیرەتم گەرچی نەماوە یادی تۆ هەیەجان ئەدا قائیلم بەم تۆزەبەشەم ئەو ڕەوای نابینێ پێم بۆ ئەوەی ناوی نەمێنێ خۆی لەمن پەنهان ئەدا کارێکی کردی لەگەڵما زولفەقاری دوو برۆت دائیما جەللادی ڕۆحمە شیر بە هەڵکێشان ئەدا لوئلوئە پیرۆزەیە یا زاڵی سەر ئەو گەردنەی یا زمروت یا زێر جە خۆی لەسەر زیوان ئەدا مەرحەبەن ئەی شاهی خووبان نووری بینایی دیدەم هیچ بنیە شوبهە کە زوڵفت من لە سێداران ئەدا ناڵەناڵی من کە بۆ باڵاتە وەک هەوری بەهار... هر وەکوو عەرعەر کە هەڵچوو خۆی لەناو باغان ئەدا وەختە بتوانم بڵێم زوڵفت شەماڵ دێنێتە فەڕ چەند کەس سووتاوی وەکوو بۆ کوێستان ئەدا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕاستییەک عەشقی تۆ نەمکا بە بریان کێ هەیە بەحسم بکا زوڵفی تۆ شێتم نەکا گەر، کێ هەیە لۆمەم بکا گەر نەسووتێم بۆ برۆکەت تۆ لە دینم لا نەدەی کەس نییە مانع بە ئیشم تا خودا یارم بکا عەقڵ و هۆشت لێ بڕیوم خواردن و خۆراکی من هەر غەمی تۆیە بەقوربان، ئەیکە کێ چارم بکا هەڵبەتە حاڵم بزانی چیم بەسەر هاتووە لەبۆت تێ دەگەی ئەوسا چلۆنم کێ هەیە مەنعم بکا بۆچی ناپرسی لە زارم زەڕەیە ڕەحمت نییە ناوی مەجنوون وا لە دونیا هەر ئەوە عەینم بکا سەد ئەڵێن فەرهاد بە شیرین عاشقە وەک من نییە ئای کە چۆن مەنسوور ئەتوانێ تاکو تەقلیدم بکا من وەکوو بولبول ئەتۆ گوڵ کوڵمی ئاڵت قەترەیە یا وەکوو لەمپا بە ڕووی تۆ جوڕمی سووتانم بکا یا ئەسووتێم یا ئەبێ بمرم بە مەقسەد گەر نەگەم یا لە دونیا خۆ تەبەڕا خەڵقی با سەیرم بکا ئەحمەدە تەقلیدی مەجنوون ئەکا بۆ لەیلەکەی هەر وەکوو فەرهاد خەریکە ناوی خۆی مەعلوم بکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فڕۆکەی ئەوین فڕی تەیارەی مەعشووق موقابیل بوو لەگەڵ بەدرا کرا بومباردومانی دڵ لە بورج و قەلعەیی سەدرا گەهێ بۆمبا گەهێ تۆپە، گەهێ شەستیرە هاڕەی دێ ئەکا شاباش بە سەر سەرما لە وەختی نیوەڕۆ و عەسرا پەناهێکی لە ئاسمان گرت لە دوور تۆزی بروسکەی دا لە شەوقی تیشکی چاوانی وشک بوو گوڵشەنی خەزرا بە بەرقی شیری ئەبرۆوە هجوومی کردە سەر جەرگم کە لێی دام خوێن فوارەی کرد پەیا بوو «منع و مجرا» بە ئەنگوستێکی شێرانە ئیشارەی کردە کۆهی دڵ لەسەر ئەمری دڵم شەق بو بە وێنەی تاقەکەی کیسرا بەبێ عوزر و فەباحەت بوون کە تیرێکی حەواڵەم کرد لە ژانی زەخمی ئەو تیرە بەرابەر بووم لەگەڵ هەورا بە حەڵقەی زوڵفی سەرکوڵمی کە عارەق هاتبووە خوارێ وەکوو قاتیلم و گیرابم قەنارەم بۆ هەڵاوێسرا لە کوێتە ئەحمەد هێشتا ژمارەی حەسرەت و جەورت کە لاشەت وا لەسەرخۆ بێت برلە فاوی لای بەسرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەزانی من کێم؟ کە چاوم کردەوە ڕوانیم بە دەوری خۆم و دنیادا چلۆن خۆم دی لە لافاو و شەپۆل و گوژمی دەریادا؟ چە لافاوێک سەراسەر پڕ لە ناسۆر و لە ناکامی لە ئەشکەنجە و کڵۆڵی و نەگبەتی پڕ بوو لە سەرسامی نە باوکێک بوو دەستم بگرێ بە ڕێگەی ڕاستیا بمبا لەژێر سایەی جگەرسۆزی و حنانیدا بەخێوم کا نە کۆشی گەرمی دایکێک وەکوو دایکی هەڤاڵانم... .! کە تیایا بسرەوم ساتێک پشوویەک بێتە بەرگیانم کەساس و بێنەوا هەردەم لە ماڵی خۆم و خوێشانم بەڵێ ئەژیام وەکوو ئینسان بەڵام پڕدڵ بوو گریانم لە ڕوخسار و لە سیماما نیشانەی نەگبەتی و ماتەم وەکوو ڕۆژ ئاشکرا و دیار بوو ئەگەر چی لێو بوو پڕ خەندەم بەڵێ ئەو نوتفەیەی گیانی منی هێناوەتە بەرهەم سەراسەر چین و بنچینە هەموو دەرد و پەژارە و خەم وەها بەمجۆرە بوو ژینم لە ئاسۆیەکی ماتەمدا نەهاتییەک بەدووی یەکدا لە دنیایەکی پر خەمدا ئەوا ئێستاش کە ئەمبینی کە وا زیندووم و هەرماوم بەڵام مردم لە تافی لاوییاو هێشتا نەنێژراوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هاتنێک هەڵکرا شەمعی قدوومت مەجلیسم ڕۆشن کرا وشکی کرد باغی فیراق و شکڵی گوڵ سەوسەن کرا گیرەوەی دەیجوور و میحنەت ڕایدەی تۆفان و غەم لەشکری میحنەت شکاو ڕووبەڕووی مەئمەن کرا... خێر بێ یا ڕەبەبی قدوومت هەر بەخێر بێ ڕۆحەکەم بەم قدوومی ڕۆستەمانەت قتلی ئەهریمەن کرا هاتنت یەکجاری بێ و ڕۆیینت نەیبینمەوە ڕەنگە کوێر بێ دیدەکانم گەر تەرکی مەسکەن کرا ئەم دەقیقەی خۆشە دنیا پێت موشرق بوو کە چاو عوشرەتم خەرمەن کراوە، میحنەتیشم شەن کرا بوومە منداڵی شیری چومە بەرگی سروور بوومە شاهەنشاهی بەزم و مەجلیسم ڕۆشن کرا ئەحمەدە شێتی دوو ئەبرۆت ڕوحم و لوتفێکت ببێ بیگەڕێ زنجیر کراوە گیرەوەی ئەرمەن کرا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نامەیەک بۆ شێردڵ سەبارەت: شێردڵ برامە، ناوی نووری ئەحمەدی تەهایە، کاتێک کە لە بەندیخانە بوو ئەمەم بۆ وتووە برای شیرینی گیانی بە گیانیم سەرمایەی ژین و هۆی کامەرانیم تاسەی دووریتم هێندە لا سەختە گەیانیە پیری تەمەنی جوانیم *** ئەزانی چلۆن پەشێوم بۆ تۆ؟ هەروا بەرەڵا لەم شار و لەو کۆ بنوم، دانیشم، بگریم، پێکەنم یادم شەو و ڕۆژ هەر تۆیت و هەر تۆ *** سەرابی دووری تۆم هێندە دیوە لێڵایی پەردەی چاومی تەنیوە ئای چەندە دووری دیدارەکەی تۆم چۆن دڵ لە شادی و خۆشی هەتیوە *** بێ تۆ لە باخا لەناو گوڵزارا لەناو چیمەن و، لە لالەزارا پووش و پەڵاشە هەر دڕک و داڵە لە دڵی تەنگی منی هەژارا *** بە بیر و هۆشا نەدەهات هەرگیز بەهاری ژینم بگاتە پایز ئەزانی گەردوون چی بەسەر هێنام دان کەل، موو سپی، گوێ گران، چاو کز *** کام بەردی فەلەک قورس و گرانە چە نەشتەرێکی تیژ و بەژانە دای بەسەرمدا کردی بە دڵما گرفتاری تۆ لە بەندیخانە *** بەڵام برا گیان نەکەی دڵتەنگ بی لە بانگی ڕاستی کپ و بێ دەنگ بی هەر وەک شێردڵ بووی شێرانە بژی لە زیندانا بی لە کۆڕی جەنگ بی *** تۆ لە زیندانا لە ڕێی وەتەنا من لەژێر کۆت و بەندی میحەنا هەر دوو وەک بولبول هیوامان یەکە لەش لە قەفەز و، دڵ لە چەمەنا *** من لەگەڵ تۆم و تۆش لەگەڵ منا تەوقی ئەسارەت وا لە گەردنا پشت بە خوا ڕۆژێک هەر ئەبێ بشکێ ئەو تەوق و کۆتە لەسەر دوژمنا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوا چاوپێکەوتن بە دڵ ئەو لاوی جارانم دیوتم ئێستاش دڵخوازی ڕەنگی پەڕیوتم ئەو عەشقەی وەک باز نیشتوە سەر تۆ ئێستاش باڵشکاو کەوت لە پەلوپۆ ئەو چاوەی پڕ بوو لە نیگای جوانی ئەو چاوەی پڕ بوو لە کامەرانی ئەبینم کە وا ڕۆژگاریی ڕەش کزی کردووە جیلوەی جوان و گەش ئەشبینم کە وا ئەو سەر کوڵمانەت ئەو بەژن و باڵای وەک خەرامانەت ئەو زەردی تێزاو، ئەمیان چەماوە بەڵام لە لای من هیچ نەگۆڕاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە گوێچکەی یاد ئەرێ نابیەی سەدای هاوار و ناڵینم سەبارەت: نامەیەک بۆ هاوڕێیەکم لە ساڵی ١٩٤٨ دا بە گوێچکەی یاد ئەرێ نابیەی؟ سەدای هاوار و ناڵینم بە چاوی تاسە نابینی دڵۆپەی ئەشکی خوێنینم؟؟ برا ئاخۆ بە بیرتا دێتەوە ئەم یاریی دێرینەت؟ بڵێی باسم نەکەی جارجار بە لێو و گفتی شیرینت برالە پیم بڵێ ئێستاش وەکوو جاران بە عود و نەی؟ لە دڵتانا هەڵئەقوڵێ نەغمەیی پڕ سۆز و پڕ ئۆخەی وەکوو جارانە باوی سەرچنار و بەزمی ئێواران؟ بشۆن بەو ئاوە ساردە چی هەیە جەور و جەفای دەوران؟ کە ڕۆژ پرشنگی ڕۆژئاوا، شەویش هی مانگ و ئەستێرە: چەو و زیخی بنی ئەکسەر ئەڵێی مروارییە و زێڕە دڵم کەوتۆتە گێژاوی شەپۆلی بەحری دووریتان بە چاوو دڵ ئەڵێمئاخۆ خوا ئەیدا سەبووریتان مەگەر ئەو سێبەرەی بن دارەکەی لای ئاوەکەی «سەرسیر» بشۆرن ئەم خەم و دەردەم وە یا بەزمێکی «باخی میر» وە یا خۆ هاژەیی تاڤگەی «زەڵم» کاتێکی هاوینان پرۆشەی وردی پڕ نەشئەی بکا دەردی دڵم دەرمان وە یا ڕابواردنی سەر ئاوەکەی لای گردەکەی یارە؟ کە ئەڕوانێتە پشت گردەکەی سەیوانی لێ دیارە دڵۆپی ئەشکی خوێنینی لە پێڵودا قەتیس ماوم لەگەڵ ناسۆری زامانی دڵی دووریم بکەن چارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەیکەر بەمشت لەو ئاوەی نیوەی خوێناوە تەرحی شەهیدی لە پێ شۆراوە بە وردە ئێسکی باوک و باپیرمان بە خاکی بێخوست ژێر پێی دوژمنان لێی دروست دەکەم پەیکەرێکی جوان لە بەرزترین لوتکەی چیاکان هەتا هەتایە وێنەی خەبات بێ جێی زیارەتگای ڕۆڵەی وڵات بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سکاڵا لەگەڵ بلبلدا بە دڵێکی بڕ لە سەوداوە سەبارەت: ١٩٣٣/٣/١٦ - ئەم هۆنراوەیە، یەکەم هۆنراوەمە کە لەژێر ناوی «بێنەوا» لە ساڵی ١٩٣٣ لە ڕۆژنامەی «ژیان» ژمارە ٣٥٧ لە ڕۆژی ١٦ی مارتدا بڵاوکراوەتەوە. بەهارە بلبل، بلبل بەهارە سەرەتای ناڵەی سەودایی زارە وەرە بناڵین بەجووت لە شەودا ئێمە شەو بێدار بێ خەم لە خەودا وا بەری بەیان سفیدەی نواند تەم و تاریکی لە گوڵشەن ڕەواند دەشت و کێو هەمووی بە گوڵ خەمڵیوە بەرگی بووکێنی تازەی پۆشیوە هەوری بەهاری لە گەرد و خولدا چیمەن گەردانەی شەونم لە ملدا لاگیرەی زێڕە قەتارەی گوڵزار هەیاسەی پشتە زنجیرەی ڕوبار بەڕەزا پرچی پەخشان کردوە شنەی بای شەماڵ شانەی کردووە نێرگس بە پەنجەی یادی لێلاخان ڕووپۆشی لادا سەرمەست و خەندان پەڕەندەش لەسەر لقی درەختان هەریەک ئاوازێ ئەڵین بۆ بەیان پۆڕ بە گەناسە و قومری بە ئاواز بوون بە دوو یاری هاودەم و ئاواز کەو بە قاسپەقاسپ کۆتر بە هاق هاق لە دڵ دەرئەکەن مەینەت و فیراق جریوەی چۆلەکە و شەقەی باڵی مەل وەک مۆسیقایە لەم کەل بۆ ئەو کەل قوقەی کەڵەشێر دەنگی بانگدەران لە ئەرز تێپەڕین گەیین بە ئاسمان ئاسمانیش ئەوا چاو ئەکاتەوە دنیای پڕ لە تەم ڕوون ئەکاتەوە وەرە من و تۆیش هاوڕاز و هاودڵ من شێتی پەرچەم تۆ شێتی ڕووی گوڵ تۆ بڕۆ سەرچڵ من لە پای کۆهسار خوڕخوڕ بڕێژین فرمێسکی خونبار تێروپڕ بگرین یەکدەنگ و ئاواز تا وا خول ئەدا گەردوونی کەچ باز هەتا پاڵ ئەدەین بەلای مەرگەوە بەشوێن زامانی دڵ و جەرگەوە تاکوو ئەچینە باوەش دایکی خاک بە ئاهی سەرد و بە دڵی خەمناک بپاڕێینەوە لای تاکە خوامان بەڵکوو بێتەبەر گوڵی هیوامان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرە وەرە ئەی گیانی شیرینم ئەمان دەستم بە دامانت بکە ڕەحمێ بە حاڵی عەبدەکەت بەردەرک و دیوانت لە حاڵی نەزعدام ڕۆحم لەسەر لێو چاوەڕێی تۆیە دەسا تاکو نەمردووم بێرە لام بمکە بە قوربانت یەخەت دەگرم لە مەحشەردا لەبەر دیوانی یەزدانا کە تۆ قاتیلمی کوشتومت بە نووکی تیری موژگانت دڵم وەک قیمە جنراوە بە ذوالفقاری ئەبرۆکەت کەبابئاسا جگەر برژا بە ئاخ و داخی هیجرانت ئەگەر تۆ هێندە ڕەحمت بێ بەقوربان کەعبە کەچ نابێ ئەوەند ڕوخسەت بدەی جارێک ئەمن بێم ببمە میوانت خەمی چەند ساڵەم و گریەی شەو و ناڵینی ڕۆژانم بە بادەی ئەم هەمو دەردە بە ماچێکی لە لێوانت ئەگەر پێت عەیبە من ببمە خوڵامی دەرگەکەت حەقتە بەڵام خاڵی نییە هەرگیز لە دڕک و تیشە... باغانت شەو و ڕۆژ شێت و وێت ئاسا کە من ئەم مەسرەعەم «وردە» «وەرە ئەی گیانی شیرینم ئەمان دەستم بە دامانت» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوا ئەوینم سەبارەت: ١٩٨١ جوانێک لە جوانی تۆ جوانتر بێ کوانێ؟ چاوێک لە چاوی تۆ گەشتر بێ کوانێ؟ بەڵام چبکەم نازانم چۆن بتدوێنم ڕوو بە ڕووی خۆت بیڵێم و بیدرکێنم بڵێم ئەی جوان لە دوا تەمەنی ژینما لەناو ناخی دڵی پڕ لە ئەوینما... لە قووڵترین جێیا جێگەی خۆت خۆش کرد بادەی عەشقێکی تازەت بە من نۆش کرد وا سەر لە نوێ فێری دڵداریت کردم فێری هۆنراو، ئاواز و گۆرانیت کردم ئینجا دەستم داوێنت ئەی شۆخ و شەنگ بگە فریام دوچاری تۆم بەبێ دەنگ دڵشکاوم نەکەی دڵم بشکێنی... زۆر گریاوم دەخیلە نەمگرێنی ناڵێم تاوێک سەرم بخەمە سەر ڕانت یا خوا نەکردە ماچی بکەم لێوانت... یا بشکێنم تینوێتی لێو لە لێوت یا دەس بەرم بۆ باخی شەکرە سێوت هێندەم ئەوێ جارجارەیەک بمدوێنە لە دووریش بێ قەد و باڵات بنوێنە چا و دڵم پڕە لە خەندە و نیگا بۆ ڕووناکیی ناو گۆڕەکەم بەتەنیا یا هیچ نەبێ جلوەی چاوت لە چاوما ببێ بە تیشوویەک بۆ ئەو دنیا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی بێ وەفا خۆ تۆ خوا نەبووی سوجدەم بۆ بردی وەک بت و سەنەم لە ملم کردی تاقی ئەبرۆتم کردە قیبلەگاه بەردرگاکەتم کردە خەڵوەتگاه ناوی تۆم کردە ویردی زمانم لە جێی تەهلیلەی ڕۆژ و شەوانم جگە لەمانەش ئەرکی دڵداری لە گریە و ڕۆڕۆ شیوەن و زاری ئەمانە هەموو تەمەنی جوانی پێشکەشم کردی زۆر بەئاسانی کە چی نەمزانی چی وای لێ کردی ئەو دڵە ڕەقەی نەرم نەکردی بەڵام ئەزانم ڕۆژێ لە ڕۆژان لەم دڵڕەقییەت ئەکا پەشیمان لە پەشیمانیش هیچ سوود نابینی ئاسن بە ئەژنۆت ئەبێ بشکێنی بۆ منی کڵۆڵ وا پەتیارەت کرد بۆ خۆیشت کە خۆت، خۆت بەم دەردە برد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیم پاچ لێ ئەدا کابرای کرێکار دیم پاچ لێ ئەدا کابرای کرێکار لە جێیەک دایک و سێ کورپەی نازدار لە برسا مردوو خۆم دیم کە نێژران ئێستاش بۆ پایەی هەیوان و تەلار *** خوایە لە نەبوو بۆ هێناتمە بوون وەکوو هێنامت بۆ کردمت زەبوون ئەی بە زەبوونی مانم تا سەر بۆ؟ بۆ نامبەیتەوە ئارامگای نەبوون؟ *** ساقی مەوەستە زوو زوو بۆم بێنە بۆ جام و دوو جام دڵم مەشکێنە هەتا ئەتوانی نەختێ خێراتر ڕیشەی هۆشیاریم لەبن دەربێنە *** ساقی بۆم تێکە و بۆم تێکەرەوە ژەنگ و خەمی دڵ بتوێنەرەوە تروسکەی ڕاستی بخە چاوانم دەماغی مردووم زیندوو کەرەوە *** ساقی بە دەوری سەرتا خولەم بێت هێندەم بۆ تێکە بکەومە بەر پێت تۆ لە ئالامی دنیام بەدەرکە... ؟ با هەر بڵێن ئەخۆل شێتە شێت *** زۆر وردبوومەوە بیرم کرد زیاتر نەمدی لە دنیا جێگا وێرانتر لە مەزادخانەی چەرخی چەپگەردا نەمبینی لە مەرگ شتێک هەرزانتر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەیمان و شیوەن شەرتە تا ڕۆژی حەشر خولیایی من بێ چاوی یار وێڵی سەحرابم هەمیشە تەرک ئەکەم خوێش و دیار شەرتە خوێنم یا بە گریان ئەڕژێمە سەفحەی عەدەم یا بە شمشێری ڕەقیبانا ئەبێ بتکێتە خوار شەرتە وەک مەجنوونی بێکەس دەشت و کێو بێ مەسکەنم تا بەداخی لەیلەوە دەمنێنە قەبری تەنگ و تار شەرتە وەک فەرهاد قوڵنگی یادی شیرین هەڵگرم تا لە پای کێوی فیراقا جێ دەهێڵم یادگار شەرتە وەک یەعقووب لە دووری یوسفی گومگەشتەکەم سینە پڕ غەم، دیدە پڕ نەم تا ئەبەد نەگرم قەرار شەرتە وەک ئازیزمردە سەر لە ئەژنۆ بەرنەدەم بۆ دڵەی وێڵ و غەریبم دائیما بگریم بە زار شەرتە وەک بولبول بە شیوەن قەت لق و چڵ بەرنەدەم تا دەمی خونچەی ئەمەل نەکرێتەوە سوبحی بەهار شەرتە وەک دێوانە کەشکۆڵ و عەسایەک هەڵگرم بیخەمە لاوە بە جارێ عیززەتی نەفس و ویقار شەرتە بمبێ تاجی خەسرەو گەنجی قاڕوون تەختی کەی هەر لە دەرگای ئەوا بمرم کەساس و خاکسار شەرتە ڕەنگین کەم لە داخی تۆ بە ئەشکی دیدەکەم عەرد و بەرد و شاخ و داخ و لالەزار و جوێبار شەرتە یا حەسرەت لەگەڵ خۆما ئەنێمە قەبرەوە یا ئەبێ بمژم لە خونچەی نەو شکۆفەی لێوی یار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ گیانی پاکی «فازڵ حەمە غەریب» سەیوان: مەڵبەندی هەزار پیر و جوان ئەدی دوا قۆناغی کاروانی ژیان ئەمجارەت میوان لاوێکە نازدار سەرچاوەی خولقی بەرز و بایەخدار ئەمجارەت میوان بەڕێزە و ئازیز گوڵی وەریوی سەرەتای پایز لای کەس و کاری لە جێی چاوان بوو چرای ناو کۆڕی برادەران بوو هەمووی پێ جێهێشت چەرخی بێئەمان هێنایان بۆ تۆ ئەی گردی سەیوان جا تۆش بنووسە بە پیتی نورین زاخاو درابێ بە ئەشکی خوێنین لەسەر گۆڕەکەی لەسەر بەرد و گڵ لەسەر ئەلحەد و لەسەر گوڵ و چڵ کە ئەمە گۆڕی نەونەهاڵێکە لاوێ: تەمەنی نۆزدە ساڵێکە بەری ژیانی هەر نەچەشتبوو وەک خەوی شیرین هات و بەسەر چوو ئینجا ڕاسپێرە فریشتەی خوایی بیگرنە باوەش زۆر بەئەسپایی جێگەی بۆ خۆش کەن لەناو بەهەشتا لە خۆشترین جێی سەیران و گەشتا لە جێی باوکی بن، لە جێی دایکی بن لە جێی برای بن، لە جێی خوشکی بن باوەشێنی کەن حۆر و غیلمانی بیتە هاوسەری فریشتەکانی بیلاوێننەوە جوان و نازدارە بەڵام وریای بن گیانی زامدارە با بەشێنەیی باوەشێنی کەن؟ بە سروودی خوا خەمڕەوێنی کەن دوا تکام وایە و مەمکە بێبەری بنووسە لەسەر بەردی ژوور سەری پەیمان بێ فازڵ هەتاکوو ماوم بۆ تۆی تەرخان کەم فرمێسکی چاوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەسبیحی عەشق فیدای یارێک بم قەدرزانم بێت هاودەم وهاوخەم، هاو گریانم بێت یار ئەو یارەیە بزانێ دەردم لە ئێش و نێش و، لە ئاهی سەردم نەک من بەوێنەی مەجنوون لەدووی لەیل ئەو بەیەکێ تر بدا خولق و مەیل یا من بەوێنەی فەرهادی هەژار ئەو لە لایێ تر بگرێ دۆست و یار یا من وەک بولبول، پەرۆش بۆ ڕووی گوڵ ئەو هەر خونچە بێ نەپشکوێ بۆ دڵ من دڵتەنگ و مات سەرسام و حەیران ئەو بێباک و خەم دڵشاد و خەندان دێوانەئاسا من تەی کەم کێوان ئەویش بەوێنەی سەوڵی خەرامان من سەر هەتا پا بەرگی ڕەش و شین ئەو سورمەپۆش و دەستوپێ ڕەنگین من وەکوو یوسف گیرۆدەی زیندان ئەو وەک ئاهووی سووک تەی کا نزاران من بێ خەو و خۆر لاواز و ڕەنگ زەرد ئەو بێ خەم و گەرد، وەک مینای بێگەرد من وەک قەلەندەر بەڕووی سەحراوە ئەو تەختنشین بەسەر دنیاوە من جەرگ برژاو بەوێنەی کەباب ئەویش دڵخۆش بێ و بنۆشێ شەڕاب خۆزگە بەو کەسەی یاری چاکی بێ خوا بەگژیا چێ ئەگەر باکی بێ داخ بۆ ئەو کەسەش یاری بەدکار بێ هەردەم بۆ تیرێ دڵبرینار بێ شەرت ئەو شەرتەیە یار ئەو یارەیە کردەوەی بە دڵ ئەو دڵدارەیە گەر من پاشا بم ئەو تاجی سەر بێ ئەگەر گەداش بم... ئەویش هەمسەر بێ ئەو وێنەی لەیل بێ مەشهووری دەوران منیش وەک مەجنوون وێڵی بیابان ئەو وێنەی شیرین دڵبەستەی فەرهاد منیش کوهکەن با بشبم ناشاد ئەو وێنەی شەونم بە دەم گوڵەوە منیش وەک بولبول بەسەر چڵەوە ئەو وێنەی سێوی بەسەر دارەوە منیش باخەوان لەلای خوارەوە ئەو وێنەی نێرگز جوان و تازە و تەڕ منیش کڕیاری بە خوێنی جگەر ئەو بەوێنەی مانگ بەڕووی سەماوە منیش وەک مەلێ بەڕووی هەواوە *** قوربانی یارێک، گیان و سەر و ماڵ خاوەن لوتف بێ دڵسۆز زان حاڵ قوربانی یارێک دنیا و دین هەموو دڵئازار نەبێ خۆشسوحبەت و خوو شەماڵ وەک قاسد بشنێ بەڕووی ناز دوعا و سەلامم بەرە بۆ دڵخواز پێی بڵێ بە لەیل بە چاوی گریان وا مەجنوون ڕێی گرت بەرەو بیابان پێی بڵێ بە لەیل تو زاتی بێچوون وا مەجنوون ڕۆیی خەمناک و مەحزوون ڕەحمێ بەحاڵی وێرانماڵم کا تۆزێ لوتفی بێ پرسەی حاڵم کا حاڵم شێواوە و گریانە کارم نەماوە توانا و سەبر و قەرارم نەسیم پێی بڵێ بەو بێوەفایە بەو گیان بەخشەی من کردەی عیسایە گەر ئەزیەت نییە ساتێ بێتە لام تا سکاڵای کەم دڵەی پڕ لە زام چونکە بە نووسین نایەتە قەڵەم ئەگەر ڕووی زەمین گشت بە قاقەز کەم *** دانیشێت قەدری بە کەماڵەوە ئەو بە پێکەنین من بە ناڵەوە شەرحی حآڵم کەم ئەوەڵ تا ئاخر پێی بڵێم یاری لە گیان شیرینتر تک تک خوێن ئەتکێ لە دڵ و جگەر وک جێگە زەخمی نەشتەر و خەنجەر شەو تا بەیانی دەرد و فیراقت بەیانیش تا شەو بە ئشتیاقت نە ڕۆژم ڕۆژە نە شەوم شەوە نە خۆرم خۆرە نە خەوم خەوە نوێژ و تەقوای من گریان و شینە بە جۆرێک ڕزی دەروون و سینە ساتێک نەبوو تیا نەڕێژم فرمێسک لەش نەچریکێنێ هەتا مۆخ و ئێسک بێ ڕووی تۆ بەخوا دلم پڕ خەمە دنیای ڕووناکم لەبەرچاو تەمە عالەم خەریکی گەشت و سەیرانن هەموو دڵخۆش و شاد و خەندانن منیش سەیرانگام بەردەرگای تۆیە هۆش و خەیاڵم نێو نیگای تۆیە وەک باوک مردوو سەرتاپا ڕەشپۆش وەکوو ڕۆژووان بێ خورد و بێ نۆش لە کەسوکار و قەومانم بێزار هەر ناوی تۆیە لە دڵ لەسەر زار ئەپرسن حاڵم ئەمە حاڵمە ئەحواڵی جەرگی وەک زووخاڵمە توخوا ئەی یاری شۆخ و جوانبەخت تیمار کە زامی پڕ ناسۆریی سەخت یا بە دوو برۆی وەکوو کەوانت بیدە لە جەرگم تیری موژگانت بمکوژە توخوا جوانەمەرگم کە یا ڕەحمێ بە سوێی زامی جەرگم کە ئەگەر ئەمکوژی با ڕزگارم بێ ئاخری ژین و کاروبارم بێ یا بە وەسڵی خۆت بمکە شادمان با ببڕێتەوە شیوەن و گریان *** ئەگەر بە وەسڵی خۆت بمکەی خۆرسەند شەرتە نەخوازم جەننەت لە خواوەند گەر بشم کوژێ هەر منەتبارم چونکە نامێنێ ئازار و زارم یاران کە وەختێ مردم یا کوژرام یاسینم خوێنرا و بە خاک سپێررام پێی بڵێن بە یار هەر ساڵێ جارێ بە لاما بڕوا وەکوو ڕێبوارێ تاکوو بزانێ لە گۆڕی تارم هێشتا هەر ماوە ناڵە و ئازارم بەڵکوو گوێی لێ بێ ناڵەی حەزینم نەختێ دانیشێ لەژوور سەرینم خوا ڕەحم بکا ڕەحمی بێتە دڵ دوو دڵۆپ فرمێسک بڕێژێ بەکوڵ ئەو دوو فرمێسکە وەک ئاوی حەیات زیندووم کاتەوە دوا ڕۆژی مەمات *** بە چواردە ساڵیی بێمەوە دنیا ببینمەوە تێر باڵاکەی لەیلا ئەوسا نەمزانی عەزابی قەبر خۆشترە یاخود دڵداری و سەبر ئەترسم بمرم دوور لە یارەکەم وشکایی نەیەت ئەشک و زارەکەم ئەترسم بمرم دڵ بە داخەوە ئەو گوڵە ئەچنم لەناو باخەوە ئەترسم بمرم لە دەشت و لە دەر یارم نەزانێ هەواڵ و خەبەر ئەترسم بمرم کەس نەزانێ حاڵ لە کێوان بمخۆن تەیر و قەل و داڵ ئەترسم بمرم شاد نەبم بە یار ببمە خۆراکی مشک و موور و مار ئەترسم بمرم بێ وەعز و تەلقین بێ خزم و بێ خوێش بێ گریان و شین ئەترسم بمرم لە فیراقی لەیل بە حاڵم بگریی ئەستێرەی سیوەیل ئەگەر لە وەتەن یاران من مردم خوا دڵشکاو و ناشادی کردم لەسەر دوو ڕێگەی گردەکەی سەیوان گۆڕم هەڵکەنن تو بی تو قورئان بەڵکوو دولبەرم بێت بۆ سەرقەبران بە لاما بڕوا بێتەوە بەر گیان هەروەک نەمامێک سەر بێنمە دەر ببمە دارێکی سەوز و پڕ سەمەر تەمەننام لە تۆ وایە خوایە لەپاش کۆچکردن لەم سەر دنیایە بمکەی بە مەلێ بێمەوە دنیا هێلانە بکەم لە یانی لەیلا یاخود بمکەیە چڵێک ڕێحانە یار شەتڵم بکا بەو پەنجە جوانە پێبگەم بۆنخۆش بم ئەویش بۆنم کا یا بە پلپلەی دەوری سەریم کا یاخود هەزار ساڵ لەپاش مردنم لەپاش حسابی قەبر کردنم بمکەی بە مەلێک بێمەوە دنیا هەڵنیشم لەسەر گڵکۆکەی لەیلا یاخود بمکەیە دوو دڵۆپ باران بێمە خوارەوە لەڕووی ئاسمان *** تک تک لە ئاسمان بێمە خوارەوە ببارێم بەسەر گۆڕی یارەوە خۆزگە کە ئەڕزی ئێسکم لە قەبرا ئەکەوتە سەر عەرز ئەیفڕان هوما بەربوایە بە دەم تەیری هوماوە ئەگیرسا بەسەر گۆڕی لەیلاوە خوایە هەتاکوو فەلەک ساقییە پێنج و دوو ڕۆژێ عومرم باقییە جامیک بنۆشم لە دەستی دولبەر بەو جامە مەست بم تا ڕۆژی مەحشەر خوایە بە حەقی ئینجیل و قورئان بە پێغەمبەری شای ئەنبیایان هەتا ئەو ساتەی ینفخ فی الصور نامێنێ گیاندار لە انثی و ذکور هیچکەس وەکوو من تووشی دەرد نەکەی گیرۆدەی ئاخ و ئاهی سەرد نەکەی کەس نەگرێنی وەک من گریاوم ڕۆژی مەحشەریش پڕ ئەشکە چاوم لە ڕۆژی بوونم تا بە مردنم نەمخوارد سەمەرەی سەبر کردنم هەر بە هیوا بووم تا لێی چومە دەر ئێستاش بە هیوام تا ڕۆژی مەحشەر بە گەورەیی تۆ ئەی خوای ئاسمان کە تۆی خەلقندەی جین و ئینس و جان تا ڕۆژێک گیانم باقییە و ماوم لە ڕێی یارمدا فیدا و پێناوم ڕۆژی قیامەتیش بەرۆکی ئەگرم بە دامانی ئەو فرمێسکم ئەسڕم دێوانەزاد نیم دێوانەی لەیلم شاگردی عەشق و ئوستادی مەیلم فەلەک زەردم و جەور و جەفاکێش مەشهووری عامم بە ئەحمەد دەروێش نووسیم لە گۆشەی دامانی دەوران تەئریخی ئەمڕۆ غەریب و ناڵان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەردی عەشق خوایە کەس تووشی نەبێتە دەردی بێ دەرمانی عەشق کەس نەبێتە دووچاری تیر و خەنجەر و زیندانی عەشق هەر کەسێ زۆر زۆر بەجەرگە و پاڵەوانە و قارەمان با بتوانێ بەرگە بگرێ گەر بووە میوانی عەشق عەشقە پەروانە دەکاتە زەڕەیەک خاکی سیاه ناوی مەشهوورە کە مەجنوون بۆتە سەرگەردانی عەشق زاڵمێکی وایە عەشق فەرهادی کردە کۆهکەن حوکمیدا بۆ قەتڵی مەنسوور حاکم و سوڵتانی عەشق شەمسی تەبرێزی کە سووتا کردیە کۆهی زوخاڵ پڵپڵەی خوێن کەوتە جەرگی بولبولی خۆشخوانی عەشق چەن جوانی جوانەمەرگ کرد، چەن هەزار شاه و گەدا دەردی بێ دەرمان و دائی بێ سەر و سامانی عەشق عالەمی خستۆتە هۆهۆی کۆڕی زیکری خۆیەوە شێخەکەی بەرماڵ بەشان و قوتبەکەی ڕەببانی عەشق نەک هەمووی عەشقی خوا بێ، ئەغلەبی عەشقی ترە بولبول و گوڵ، لەیل و مەجنوون، غەوسەکەی گەیلانی عەشق ئەحمەدیش پرشنگی بەرکەوت بوو بە عەبد و چاکری نەونەمامی تازە خەڵفە تا ئەبێ قوربانی عەشق ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەرەو ڕووناکی سەبارەت: ئەم پارچە هۆنراوەیە لە ساڵی ١٩٧٣ لە پارچە پەخشانێکی وەرگێڕاوی مامۆستا «ئا. ئا» وەرگیراوە لە ناخی جەرگی تاریکییەوە لە کانگای دیلی و هەژارییەوە دەس لە کەلەپچە و زنجیر لە پێما تەوقی نەزانی وا لە گەردنما کەوتوومەتە ڕێ ڕێگەی بێباکی هاتووم و ئەڕۆم بەرەو ڕووناکی پشت بە جەزرەبەی قامچی داڕزاو چاو، ناوچەوان تف پیایا هەڵپژاو بەشەلی و قاچی دارکاری کراو، فرمێسک لە چاوما وشک و قەتیسماو پێستی لەش بەسەر ئێسکا نووساوە بە دڵێک وەکوو پۆڵای ئاودراوە ڕێم گرتۆتە بەر زۆر بەچالاکی ئەڕۆم و ئەڕۆم بەرەو ڕووناکی هەرچەند ماندووم و ڕێگام دوورە و دێر برسیمە و ڕووتم، دوژمن پۆشتە و تێر من پێ و دەس بەسراو بێ هێز و توانا دوژمن بەهێزە و دەستی بەڕەڵڵا لەگەڵ ئەوەشا بە هەستێکی بەرز ویستێکی نەگۆڕ، گیانێکی نەبەز ئەڕۆم بەمەردی و زاتی بێباکی ئەڕۆم بێ وچان بەرەو ڕووناکی ئەزانم ڕێگام سەختە و پڕ ئازار پڕ لە دوژمنی خوێنەخۆ و زۆردار بە چەن کۆسپ و ئەرک ڕێگام تەنراوە بۆ ئەوەی نەڕۆم نەکشێمە دواوە بەڵام نە سەختی ڕێی پڕ ئەرک و دوور نە تاریکایی سامی بێ سنوور... نە زۆری زۆردار نە زۆری دوژمن داناخورپێنێ تۆزێ دڵی من سەرە و هێناومە... سەری بێباکی ئەڕۆم بەبێ ترس بەرەو ڕووناکی *** ئەزانم کە وا دوژمنەکانم زۆر بلیمەتن بۆ ئازاردانم بەڵام ئەو داخەم وا لەبەر چاوە کە بە ڕووی باوک و باپیرمان ناوە ئەزانم کە چەن جەربەزە و زوشتن بۆ گیان فڕاندن بۆ ویژدان کوشتن بەڵام لە هەموو زامێک ناسۆرتر لە بەندیخانەی دوژمن تاریکتر دڵ و ژیانی پەستی ئێستەمە کە پر لە تاڵی و ژان و ستەمە بۆیە هێز نییە کە بموەستێنێ دەسەڵات نییە بمسڵەمێنێ ئەوا بەگورجی و چوست و چالاکی ڕۆییم و ئەڕۆم بەرەو ڕووناکی *** ئەزانم ڕەنگە نەشگەم بە ئاوات لە یەکەم قۆناغ دوژمن لێم بدات یان ڕێی تێ ئەچێ خۆم لەپڕ بمرم لەگەڵ ئەمانەش ڕێیە و ئەیگرم چونکە مردنم ڕووەو ڕووناکی چاکترە لە «مان» ژین بەتاریکی بۆیە هەر ئەڕۆم زۆر بە دڵپاکی بەرەو ڕووناکی، بەرەو ڕووناکی *** نەء.. نەء.. من خۆم نیم بە تاقی تەنیا ڕێ بگرمە بەر، بێ ترس، دڵنیا بەڵکوو هەزاران هەزار هەژارین بۆ یەک هۆ هەموو ئامادەی کارین بۆ کەرامەتی پێشێلکراومان پێستی پشت بە دار فڕێ دراومان ئابڕووی هەموو تکێنراومان مافی هەزاران ساڵی خوراومان ویژدانی گشتی توێنراومان گیانی بەدیلی فڕێنڕاومان ئەو زوڵم و زۆرەی کراوە لێمان چە لە خۆمان و باو و باپیرمان دەردی نەزانی و هۆی هەژاریمان بوونەتە هێزی دڵ و ورەمان هەستاوەتەوە هاتونەتە ژان تێمان ئەخوڕن بانگ ئەکەن لێمان گشت ئەنەڕێنن وا بەسەرمانا بەسەر منا نا.. هی هەموومانا بڕۆین بەیەکجار زۆر بەچالاکی هەموو بەجارێک بەرەو ڕووناکی بەرەو ڕووناکی ئەڕۆین بێگومان هەر بە کوێرایی چاوی دوژمنان سەرەڕای سەختی و مەترسی ڕێ و بان هەتا بە ئاوات ئەگەین هەموومان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لاڵانەوە ئەوا قابیز لەسەر سەرمە خودا دامانی کێ بگرم؟ لەبۆ دەرمانی دەردی خۆم دەر و دامانی کێ بگرم چ ڕاهێکە نەجاتم بێ لە دەس بەختم خوداوەندا ئەوەندە من کە بەدبەختم قەباحەت خوانی کێ بگرم؟ سیاهی بەختی من وەڵڵا لە ئەرز و ئاسمان دیارە لە کێ کەم ڕوو؟ بە کێ بڵێم زوو دەردی دوکانی کێ بگرم! ؟ وەگەر من عەشقبازی کەم نەتیجەی نایەتە دەستم وە یا تەرکی جیهانیش کەم لە دەست فنجانی کێ بگرم ئەجەل: هاتن بە دەست تۆیە، لە دەس نایە بە عەقڵی کەس کەسێ لەم شارە شک نابەم بڕۆم شارانی کێ بگرم! ؟ لە بیابان و لە کۆهاندا وەکوو موجنوون و فەرهادە نەتیجەی نایەتە ئاخر موتیع و فرمانی کێ بگرم! ؟ لە دەشتی بێکەسیدا من سەرم سووڕ ماوە یاڕەبی ڕووەو قاپیت لەسەر سنگم سەر و سامانی کێ بگرم! ؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر نازانی بیزانە ئەگەر نازانی بیزانە کە وا من شێت و شەیداتم ئەسیری پەرچەمی خاو و برۆت و بەژن و باڵاتم بە نەوعێک عاشقی ڕووتم شەو و ڕۆژ وام لە بیابانا لە خانە و لانە بێزارم عەوداڵی خاڵی گۆناتم ئەگەر باوەڕ دەکەی گیانە لەگەڵ هاڕووت و ماڕووتا لەسەر چاهی زنەخدانت جە شیدەی زەهری زەهراتم بە شەمعی ڕوومەتت قەستەم هەناسەم شاهیدی عەدڵە کە من مەفتوونی دووچاو نێرگسینی مەستی شەهلاتم لە فنجان و شەراب و مەی لە ساقی و بەزم و ڕەزمم چی! لە مەیخانەی مەحەبەتدا کە وا من مەستی سەهباتم دڵم مەشکێنە دڵزارم لەبەر ئەو قاپیەت کەوتووم بە عەبدیشم قبووڵ ناکەی... سەگی ئێشکچی دەرگاتم ئەپرسی گەر لە ئەحواڵم، چە حاڵێکم هەیە بۆ تۆ؟ بە حەلقەی زوڵفەکەت قەستەم وەکوو گیسویی تاتاتم هەتا ماوم لە دنیادا وەکوو دێوانە وێڵی تۆم کە تۆ وەک شەمعی دەوران و منیش پەروانەئاساتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەرێشانی بە دوو دیدەی حەسناتا ئەمن وێڵ و پەرێشانم لە عەشقی زوڵفی قەترانت بەدائیم دیدە گریانم بە شمشێری برۆکانت دڵم لەتلەت بووە ئاخر کە دنیا دووشمنی من بێ بە هیچ جوزئێکی نازانم خوا شمشێری خوێن ڕێژی لە من لایەقی تۆ دیوە وەرە قیمەی کە بەو قیرە دڵی پڕ ئێش و پڕ ژانم بەیەک دەفعە لە دنیای ڕوون بەڕێم کە هەر وەکوو پووش بم ئەگەر تۆ بمکوژی چونکە ڕەفیق حەشری شەهیدانم چ مەدحێکت بکەم لایەق بە تۆبێ من کە ساکن بم بە ئیجرا کردنی خەندەت غەریقی بەحری لەعلانم ئەگەر خۆت لەتلەت و کوت کەی بە تۆ قەد ناکرێ مەدحی ئەیا ئەحمەد کز و کوێری بە لاڵیشت کە نازانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە نووری پاکی یەزدان و بە شاهی ئەنبیا قەستم بە نووری پاکی یەزدان و بە شاهی ئەنبیا قەستم می صهبا نمی نوشم، به چشم و ابرویت مستم ئەگەرچی دەردەداری بەند و زنجیری ئەسارەتم بگشتن چون امر کردی چو شیر از جای خود جستم وەکوو بولبول هەمیشە هەر خەریکی وەسڵی گۆناتم اگر جای قمر گیری به دامن می رسد دستم لەسەر تەختی جەمم دانێن، لە سەر نێم تاجی کەیخوسرەو، نمی خواهم نمی پوشم غلام درگهت هستم لە باغی عەشقی دنیادا کە وەک سێوێکی ناکامڵ بدیدم شعله رویت شدم سبز و چو بی رستم کە دی ئەم حاڵە شێواوەم تەبەسوم گرتی و فەرمووی بزن این تار و نی احمد که من نم این قد رستم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێ سپێرێ سەبارەت: وەسییەت بەجارێ ماڵی وێرانم بەسەر چوو وەعدەیی ژینم بە ناکامی لە دنیادا بە با چوو عومری شیرینم ڕەفیقان توخوا یەک یەک لە دەورم کۆمەڵێ بگرن... بە یادی کەن زەمانی زوو ژیانی ساڵی پێشینم بە خاکی گۆڕەکەم سوێندتان ئەدەم ئەی هەمنشینانم لەگەڵ تابووتەکەم سەف سەف بە مەحزوونی بتانبینم وەسییەت بێ لە سەیوانا بچن تەسلیم بە خاکم کەن بە تاوی زوڵفی لەیلا بێ دروونی کفنی ڕەنگینم لەناو قەبرا دەمم پرکەن لە خاکی ڕێگەکەی یارم نەوەک ئاسمان بسووتێنێ هەناسەی جەرگی خوێنینم بڵێن: بەو واعیزەی یاران... کە تەڵقینی منی دادا بەناوی لەیلەوە توخوا بخوێنێ ویرد و تەڵقینم مەڵێن وەعدەی بەسەرچوو مرد قەسەم بە خوا و بە قورئانی وەکوو فەرهادی بێچارە شەهیدی عەشقی شیرینم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حاڵ شێواوی حاڵی شێواوی دڵی خۆم بۆ زەمان ئینشا ئەکەم من کە بەدبەخت و کەشووفم ناوی خۆم ئیجرا ئەکەم هێندە بارانی بەهاران دێتە خوارێ چین بە چین هەم وەکوو فرمێسکی عاشق زیللەتم ئەعدا ئەکەم یەک بە شێت و یەک بەهار و کەم ئەقڵم پێ ئەڵێ یەک دڵی نادانە ئاخۆ خۆمە خۆم ڕیسوا ئەکەم شێت و هار و نادان و بێ عەقڵ بێبەشم ئەمما فەقەت وارسی مەجنوونە شێتەم عاشقی ئەحیا ئەکەم یا وەکوو تیرێزی سووتان ئەحمەدا فەرهادییە... عاقیبەت بێ ئەنجەل ئەمرم ناوی خۆم ئیبقا ئەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەوێک خەوێ بوو دیم و زوو ڕابورد کە بوو بە یاری من لەیلم لە خەو هەڵسام و یەک دەفعە بە جارێ مات و دڵ کەیلم شەو و ڕۆژ وەخت و ناوەختا دەناڵێنم لە هیجرانا ئەڵێی لافاوی نیسانە کە دێتە خوارەوە سەیلم لە شین و من لە گریانم هەموو کەس لێم هەراسانە دەجۆشێ جەرگی بریانم دەروونی هەر وەکوو وەیلم لە ڕێی بێ ڕەحمییا ئەی یار وەرە سەر ڕێگەیەکی تر نەماوە عەقڵ و هۆشی من لە حاڵەتی خۆمە بێ مەیلم بەرۆکی بەربدە شۆخی کە ئەحمەد بۆنی تۆی ناوێ خەوێ بوو دیم و ڕابرد کە بوو بەیاری من لەیلم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەسەر گڵکۆی ش-خ لە ئەوجی خۆشەویستی و شادی و ژێر سایەی مناڵانم لە باخی پڕ گوڵی جوانی و لە ماڵی پڕ لە سامانم لەسەر لوتکەی ژیانمدا لە ناوەختا ئەجەل وەک با لەپڕ هات و بەبێ وەعدە قەڵای ئاواتی ڕوخانم *** هێندە خۆشەویست بووی لەم دنیایەیا دڵ ئارامگات بوو وێنەت بێ هەمتا شایستەی کام گوڵ بۆنخۆش و جوانە؟ پەخشانی بێ بەسەر گڵکۆی تازەتا *** ژیانم بردە سەر خوایە بە شادی بێ و ئەگەر غەمگین بەڵام هەر ڕوو لە قاپیت بووم بە ئیمانێکی پۆڵایین ئەوا ڕووم کردە دیوانت لە دوا قۆناغی دنیادا هیوام هەر خۆتە بمبەخشە بە لوتفی خۆت ئەڵێم ئامین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نازەنین نازەنین! ئەی نەوڕەسیدە! دولبەرا! شەیدایی تۆم زەرد و بێ ڕەنگ و زەعیفی ئەو قەد و سیمایی تۆم چاوی گەش ئەبرۆیی ڕەش ئەو گەردنەت چەشنی بلوور قوڕبەسەر دائیم عەوداڵی خاڵەکەی لاچاوی تۆم دەربەدەر ڕیسوا و پەرێشان بوومە سەرگەردانی تۆ بێ کفن، بێ قەبر و ئەلحەد بێ ئەجەل نێژراوی تۆم ئەی عەجەب شۆخی چە شۆخی لێو لەسەر لێو لا مەبە خوێن سەرڕێژە لابدە لێم پێم مەڵێ مینایی تۆم تۆ چە باکت بێ ئەی کە دائیم ڕمی برژانگت ببێ زوڵفی شەڕانیت ئەڵێ پێم تۆ شنەی خوێناوی تۆم بای شەماڵ ڕوحم فیدات بێ ڕووت بدە بەر ڕوومەتی بەڵکوو ڕووم بێ پێی بڵێم من عاشق و شەیدایی تۆم بای شەماڵ وەک شاهی مەردان شەرحی یارم بۆ بکە تاکوو ئەمرم هەر غوڵامی سروەکەی بێناوی تۆم جوملە ئەعساب و دەمارم وا خەریکە وشک ئەبێ بەم پەرێشان حاڵەوە کاڵە دڕ پێناوی تۆم گەر قبووڵم کەی بە خادیم عەبدی بەر دەرگاکەتم گەرچی دائیم دەس بە سینە و تاعەتی فەرمانی تۆم تالعی مەجنوونە ئەحمەد دڵ وەکوو ئاتەشکەدە ئەی سەنەم ئەی لات و عوزات من پرستی ناوی تۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تێهەڵکێش لەسەر غەزەڵێکی حافزی شیرازی پەشیمان نیم لە گفتی خۆم لەگەڵ ئەم هەموو ئازارەم مرا عهدیست با جانان که تا جان در بدن دارم بە خەنجەر پارچە پارچەم کەن هەتا ماوم لە دنیادا هواداران کویش را چو جان خویشتن دارم چە باکمە دیدەکەم کوێر بێ یا دڵ بێتە خوێناو من: فروغ چشم و نور دل از آن ماه ختن دارم کە من شەیدای ئەو لێوەم دەبا هەر پێم بڵێن شێتە چه فکر از خبث بدگویان میان انجمن دارم لەسەر ڕووی زەمین تاکوو ئەگاتە میهر و ماه وەڵڵا ندارد هیچ کس یاری چنین یاری که من دارم لە سایەی سایەی ئەو سەروەی لە باخی سینەما سەوزە فراغ از سرو بستانی و شمشاد چمن دارم کە من ئەو شۆخە یارم بێ لە سەد دوژمن حەزەر ناکەم چو اسم اعظمم باشد چه باک از اهرمن دارم فەلەک دەستم بە داوێنت سەعاتێ بمدەرێ مۆڵەت که من با لعل خاموشش نهانی صد سخن دارم ئەگەر ئوردووی خەم و هیجران هجوومیش کەن لە لام هیچە بحمد الله و المنه بتی لشکرشکن دارم دەبا بادی سەبا لادا لەسەر ڕوو و زوڵف و کاکۆڵی نه میل لاله و نسرین نه میل یاسمن دارم دەسا بۆم تێکە ئەی ساقی لە پاش سەد تۆبە فنجانی که من در ترک پیمانه دلی پیمان شکن دارم لەسەر شانم وەلەو بارە هەزار جوڕم و گوناه ئەحمەد چه غم دارم که در عالم قوام الدین حسن دارم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سکاڵایەک چە تەدبیر ئەی موسوڵمانان سەراپا غەرقی خوێناوم ئەڵێی تەرزەی بەهارانە ئەڕێژی ئەشکی سوور چاوم بە دوو شت جوانەمەرگم یەک نەبوونی کەس بە کەس بینم دووەم کوژراوی شۆخێکم کە دڵ پڕ دەرد و زووخاوم وەسییەت بێ ئەوا ئەمرم مەکەن هیچ شین و زاری بۆم بەڵام زۆر بێکەسم یاران تووبی خوا ون مەکەن ناوم مەدەن هیچ ئەزیەت و جەورێ جلی خۆم کفنمە بەسمە دەخیل مەمشۆن لەشم زامە بە خوێنی دڵ کە شۆراوم لە جێی سێڕۆژە و خێرم بڵێن بەو قاتیلەم بەڵکوو بە لای تابووتما بڕوا بڵێ یەک بەستە بۆ باوم ببەستن موویەکی زوڵفی بە ئەنگوستی شەهادەتمان لە مەحشەردا تا بزانن بە ناحەق من کە کوژراوم... لە باتی خەتم و شەوجومعە بڕێژن خاکی بەر ڕێکەی بە دەوری قەبرما تاکو بزانم من کە هەر ماوم خودایە سا عەفوم کەی تۆش بە حەقی خۆشەویستی خۆت شەهیدێکم شەهیدی عەشق وەکوو پەروانە سووتاوم لە تەئریخی هەزار و سێسەد و چلی هیجری هەتا ئەمڕۆژە وا ئەمرم شەریکی قەهر و زوخاوم بە گریە و ناڵە و شین بە هاوار و بە قوڕپێوان ئەوا ڕووم کردە دیوانت موحەممەد ئەحمەدە ناوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە واوەیلا بە دووری لەیلا لە دوجەیلا نەکەم چ بکەم سەبارەت: پێنج خشتەکی لەسەر غەزەڵێکی مەحوی کە واوەیلا بە دووری لەیلا لە دوجەیلا نەکەم چ بکەم بە ئەشکی دیدە لێشاوی خەمم بەربا نەکەم چ بکەم لە مەیخانەی ژیانا مەی بەسەر مەیدا نەکەم چ بکەم «بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم چ بکەم بە شەمعێکی وەها چارەی شەوێکی وا نەکەم چ بکەم» لە تیشکی ڕوومەتی جوانی ئەڵێی ڕووناکیی لالایە لە تاسەی بۆنی سەرسینەی ئەڵێی میسکی بوخارایە لە بەرزی و شۆخی و شەنگی قەد و ئەو بەژن و باڵایە «لە خەزنەی دڵی مەدا هەرچی هەیە هەر داخی سەودایە دەسا ئەم نەقدە دەردی عەشقی پێ سەودا نەکەم چ بکەم» براگەل خۆ موسوڵمانم گەلێ جارم نەکرد هاوار لە باخی جوانیا تازەگوڵێکە بۆ منی دڵزار لە دەستی دوور مەکەن توخوا، نەکەن زینهار هەزار زینهار «لەگەڵ دەستی مەلا ڕێ ناکەوێ زنناری زوڵفی یار وەکوو شێخ ئیختیاری مەزهەبی تەرسا نەکەم چ بکەم» ڕەقیبم هەر وەکوو جادوو تەنی سیحری لەسەر ڕێما بەڵام بێسوود بوو هەر چەندە هەمووم شێلا لەژێر پێما لە خۆی پاڕامەوە ئینجا لەوانەی دەوری هەر کێ ما «لە ڕێی ئەو شۆخەدا خۆم کردە خاک و پێی نەنا پێما دەسا خاکی هەموو عالەم بەسەر خۆما نەکەم چ بکەم» منی ئاوارە لەم شارە ژیانم ئێشە یا نۆشە سەراسیمەم چە قەوماوە ئەبینم گشتی ڕەشپۆشە ئەوی ئەیبینی بێدەنگە ئەڵێی مەستوورە بێهۆشە «دەمێکە شاری پڕ شۆری مەحەببەت مات و خامۆشە بە قانونی تەجەننون شۆڕشێ بەرپا نەکەم چ بکەم» ئەڵێی منداڵی ساوایە دڵم: هاواری دولبەریە کزە دووربینەکەی چاوم لەباتی ئەم سەر، ئەو سەریە ئەوەندە فرمێسکی ڕشت دیدەم تەڕای ئاخر و ئۆخریە «لە چاوا نم نەما بۆ گریە نۆبەیی سوجدە بەردەریە سیا ساڵم نەبارە، نوێژی ئیستیسقا نەکەم چ بکەم» جەماڵت زوڵمەتە بۆ من دەڵێ بۆ خەلقی وەک شەمعە ژیانی پڕ لە ئالامم گەهێ ترسە و گەهێ دەمعە ئەوی من خۆم بە خۆمم کرد لەڕێی تۆدا هەزار نەوعە «لەسەر تۆم دوژمنە دنیا قەزییەم مانِعُ الجَمعە کە تەرکی تۆ نەکەم تەرکی هەموو عالەم نەکەم چی بکەم» بەسە ئەی نەفسی ئەممارە بەسە بەس شێت و بەدخوو بە ئەوی دووڕوو ڕیاکارە ئەوە ئەمڕۆیە مەحبووبە بە هیچ ناچێ لەناو عاما لە عیلما وەک ئەرەستوو بە «بەجێ ماوم لە یاران نابەجێ ماوم ئەجەل زوو بە بە مردن لەم قسووری ژینە ئیستیعفا نەکەم چی بکەم» ئەگەر چی چوو بە با عومرم لە ڕێزەی عاشقا مەحوی بەڵام داوێنی بەر نادەم هەتا دارُالبَقا مەحوی «ئەوا لەیلا بە ڕۆژی حەشر ئەدا وادەی لیقا مەحوی هەتا قامی قیامەت ئاه و واوەیلا نەکەم چی بکەم» بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم، چ بکەم! بە شەمعێکی وەها چاری شەوێکی وا نەکەم، چ بکەم! لە خەزنەی دڵمدا هەرچی هەیە، هەر داغی سەودایە دەسا ئەم نەقدە دەردی عیشقی پێ سەودا نەکەم، چ بکەم! لەگەڵ دەستی مەلا ڕێ ناکەوێ زونناری زوڵفی یار وەکوو «شێخ» ئیختیاری مەزهەبی تەرسا نەکەم، چ بکەم! لە ڕێی ئەو شۆخە دا خۆم کردە خاک و پێی نەنا پێما دەسا خاکی هەموو عالەم بە سەر خۆما نەکەم، چ بکەم! دەمێکە شاری پڕشۆری مەحەببەت مات و خامۆشە بە قانوونی تەجەننون شۆڕشێ ئینشا نەکەم، چ بکەم! لە چاوانم نەما بۆ گریە، نۆبەی سەجدە بەر دەریە سیاساڵم نەبارە، نوێژی ئیستیسقا نەکەم، چ بکەم! لە سەر تۆم دوشمنە دنیا، قەزییەم مانع الجمعە کە تەرکی تۆ نەکەم، تەرکی هەموو دنیا نەکەم، چ بکەم! بەجێ ماوم لە یاران، نابەجێ ماوم. ئەجەل، زوو بە! بە مردن لەم قسووری ژینە ئیستیعفا نەکەم، چ بکەم! ئەوا لەیلا بە ڕۆژی حەشر ئەدا وادەی لیقا مەحوی! هەتا قامی قیامەت، ئاه و واوەیلا نەکەم، چ بکەم! «مەحوی» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نامەیەک گەر چی بە دەمی تیغی برۆت قیمە کراوم هەر باقیە دوو دو گڕی دڵ جەرگ و هەناوم سۆزانە هەمیشە لە جگەر ناری فیراقت جەریانە سروشکم پە مەسەل دیجلە لە چاوم دەست بەستە و دڵ خەستە و زامار و ئەسیرم توخوا بگە فریام وەرە زوو بەستەیی داوم گریانە، خرۆشانە عەزا و شینە لە دەورم ڕەحمێ بکە بە قوربان کە لە دەست چووم و نەماوم ئەی شۆخی دڵ ئازارم و ئەی ڕاحەتی گیانم مەرهەم بکە ناسۆری دڵ و زامی کوڵاوم ڕابورد لە فیراق و خەمی تۆ عومری جەوانیم هەر دامەنی وەسڵت نەگەییە دەستی شکاوم دێوانە و حەیران و سەراسیمە و دەروێش بەم ناوەوە ڕۆژی ئەزەلی ناوییە ناوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێنج خشتەکی لەسەر غەزەڵێکی «کوردی» سەبارەت: ١٩٧٨ گەوهەری تاقانەی، یا زاوەنی تەخت و عەلەم یا نموونەی جوانی جوانیت، یا بتی یاخو سەنەم یاخو مانگی چواردەمینی، بۆ سەماواتی حەرەم «حۆری ڕەوزەی جەنانی، یا گوڵی باگی ئیرەم ام نجوم العرش ام شمس علی فوق العلم» پێم وتی: نەمخەیتە داوی تاوی ئەگریجە و برۆت خستمت تا بوومە کۆیلە و پاسەوانی دەرگە بۆت گوێت نەدامێ بێوەفا، نەک هەر تەرەت کردم لە خۆت «ئاخری کوشتت بە هیجران ئاسکەکەی دەرماڵی خۆت کم ندیت بالنداء لا تقتلی صید الحرم» ئای کە لێت پاڕامەوە، ئەی گیانی شیرینم نەکەی من کە پەروانەی سەری تۆم بێ پەروا باڵم نەکەی بێ پەڕ و باڵت کە کردم حەق نەبوو وام لێ بکەی «کوشتمت ئەمما لەپاشا پەشیمانی دەبەی یا حبیبی بعد قتلی لا حصول فی الندم» ئەو کەسانەی سەرزەنشتی من بکەن زۆر ناکەسن چونکە پێکراوی ئەوین و دڵ برینارم ئەمن با بکوژرێم من لە ڕێتا ملکەچ و شادم کە: من «کوشتن و عەفوت لە لای من هەر دویان هەر وەک یەکن لو تمنی ترحمی لو تدفنی عین الکرم» کوشتمت ئەش لێی ڕەقیب و دوژمنم شاد کرد بەجێی خۆ ئەڵێ پێش کوشتنیش کۆسپی ترم خستۆتە ڕێی گیانی وێڵم پێم ئەڵێت گەر بێت و بەو یارەت بڵێی «گەر وەکو عیسا لەپاش مردن بە سەرما ڕابورێی تجمع العظم الرحیم تحینی بعد العدم» من وتم: تۆ گیرۆدەی ئەو چاوە جوانانەم بکەی یا خو سینەی کون کونی ئەو تیری موژگانم بکەی نەء.. بەڵام ئەتوانی چارەی ئەم هەموو ژانەم بکەی «وەک تەبیب گەر بێ و عیلاجی ئەم برینانەم بکەی اعطیک الروح لان تقتله عن حق القدم» وا لە کونجی ئەزلەتا کەوتووم و دەس بەستەی وەفام دوور لە خۆشی و خۆشەویستی دڵشکاو و نابەکام لێت ئەبوورم گیانەکەم ناڵێم وەرە بۆلام بەڵام «سەد کەمەحزوون و نەخۆشم نامەکەت گەر بێتە لام یتدفع حزنی ولا یبقی من القلب الم» گەه نەخۆش و گەه مەلوول و گەه برینارم خوا خۆم ئەڵێم: هەر مردنە لەم ژینە تاڵەم کارەها وا لەگەڵ تۆدا ئەڵێم کوردی وتوومە جارەها «شەرحی دەردی هیجری کوردی قەت نەهاتە ئینتیها تمت القرطاس، زف الحبر، وانشق القلم» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گلەیی هاتە سوێ دیسان برینم فیکری جارانت ئەکەم هەر وەکوو مەجنوون بەدائیم زیکری لەیلانت ئەکەم جێگەی تیرێ کە لێت دام بوو بە ناسۆری برین چاوەیەکی خوێنە ئێستاش عەرزی شوکرانت ئەکەم هەر دوو چاوم کوێر بوو هێند گریام لە هیجرت بێ ڕەحم هەر نەهاتی وەختە بمرم جان فیدای جانت ئەکەم ئاخ لە کوێی؟ توخوا ئەوا هەر دوو گلێنەم دەرپەڕی! هەر دەڵێم ئەمڕۆ و سبەینێ خۆم بەقوربانت ئەکەم ڕەنگە بێڕەحم و وەفا بی، زانەری حاڵم نەبی! وا لە خوێنا من ئەگەوزێم نەقڵی قورئانت ئەکەم بۆ دەوای زەخم و برینم تۆزی خاکت مەڵهەمە بێت و ڕابووری بە لاما عەبدی دامانت ئەکەم زەحمەتە تا ڕۆژی مەحشەر ناوی تۆ ون کەم لە دڵ قەترە فرمێسکی بەجۆگەم خەڵتی سیروانت ئەکەم مەشریق و مەغریب ئەگەر پڕ کەن لە خونچە و دەستەگوڵ هەر وەکوو بولبول لە یەک گوڵ شین و قەترانت ئەکەم یەعنی کەعبەم بێتە بەردەست بەینی تۆ سەد ساڵ ببێ بۆ تەوافی کەعبەکەت قەتعی بیابانت ئەکەم بێت و بمری خوانەخواستە مەرگی من پیشت کەوێ گەر هەزار ساڵ مابێ عومرم خۆم بە میوانت ئەکەم ڕۆژی ڕاوەستان لە دەشتی مەحشەرا لێت موددەعیم زوڵمی تۆ خوا حاکمێتی تووشی ناڵانت ئەکەم من ئەمە ڕەفت و گفتمە ڕەئی ڕەوان و ڕاستمە باوەڕیش ناکەی حەواڵەی کافرستانت ئەکەم بۆ ڕەزای خوا و پێغەمبەر زەڕەیەک لوتفت ببێ تا نەبم دەعواچی قیامت ڕوو بە یەزدانت ئەکەم... تۆ غەریبی یەک تەبیبی ئەحمەدا وا دەربەدەر وا لە ئینسانی کە دەرچووی نەقلی حەیوانت ئەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مناڵ بووم بیرمە مێژووی کوردستان سەبارەت: شۆڕشی ساڵی ١٩٥٨ مناڵ بووم بیرمە مێژووی کوردستان وەک سەرگوزشتە وەکوو داستان لە بیرمە چلۆن بوو بە وێرانە بە گوللە و تۆپ و بۆمبای بێگانە لە بیرمە چەن لاو، چەن قارەمانان کران بە دارا و خرانە زیندان بە چەند هەزاران کۆرپەی نازاران لە ژن و پیاو... لە پیر و لە جوان ئەمانە هەمووی زۆری تر تێکڕا بوونە خۆراکیی برسێتی بۆمبا بە هۆی جەنگەوە کردەی زەمانە کەوتە ژێر دەستی پیسی بێگانە *** ئەمڕۆ پاش دەنگی «الله اکبر» گوێم لە دەنگێ بوو وەکو شێری نەڕ ئەینەڕان پڕ دەم پڕ هەموو دنیا پڕ بە ئاسمان و پڕ هەموو دنیا دەنگێک پڕ نەعرە و بانگی ئازادی ئەزرنگایەوە وادی بە وادی ئەیوت: ئەی گەدا دیل و سەرگەردان ڕاپەڕن لە خەو خەوی چەن ساڵان وەرنە ژێر سایەی داری ئازادی پاش ساڵەهای ژین بە نامرادی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەماڵ مەست بووم بە نەشئەی شیرین خەیاڵێ ناگاه دای لە ڕووم کزەی شەماڵێ بەڵام شەماڵ چی وەک ئاگر بەتین هێنایەوە سوێ زامانی دێرین وتم: بە شەماڵ، شەماڵی ئازیز جوانی بەهار و ماتەمی پایز خۆ تۆ فێنکیی دڵزامارانی یەکە هاوڕازی بەری بەیانی ئێستاکە بۆچ وا پڕ تینوتاوی؟ وەک کڵپەی ئاگر بڕ لە هاڵاوی وتی: دوێنێ شەو لەبەر بەیانا لە وەختی ڕازی قومری و گوڵانا ئەشنامەوە شێنەیی و سەربەست لە شاخ و داخ و جێگای بەرز و پەست ڕۆییم بەسەر چەن باخ و گوڵزارا بەسەر چەن میرگ و چەن مێرغوزارا گاهێ گوڵانم ئەگەشانەوە تاوێ چڵانم ئەلەرانەوە تێپەڕیم بەسەر کۆشک و تەلارا بەسەر هێلانەی کپی دڵدارا کاکۆڵ و پەرچەم ئەشەکانەوە ماندووی ڕێبوارم ئەحەسانەوە بەشنەشن و سروەی ئەسپایی گوڵ و گیام خستە هەڵپەڕکێ و شایی کاتێ سەیرم کرد لە بنەماڵێ وا نەوجەوانێ گەردن پڕ خاڵێ سەرتاپا ڕەشپۆش بە دەنگی نووساو وا بەکوڵ ئەگری دڵ ئەکا بە ئاو پرسیم ئەی جەوان چییە ئەم حاڵە بەم تەنهایییە لەم بنەماڵە؟؟ بە یەک هەناسەی شەڕارە بزوێن بە دوو دڵۆپی فرمێسک وەک خوێن سەری هەڵبڕی و زۆر بەکەسایی پرسی بەڕاستتە تۆ من ناناسی؟ وتی: وەتەنم بێ پشتیوانم بێ جگەرسۆز و ڕۆڵە و باوانم وا بێ ناز کەوتووم ئەگریم بۆ شادی تا لەبەر ئەکرێم بەرگی ئازادی ئەوەم دی شنەی خۆم نا بەلاوە شێوەی ئەوم گرت بەسەر دنیاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ دوو گوڵ وێڵ و سەرگەردانی دولبەر شێت و شەیدایی سەمەن ماڵ و سەر قوربانی دولبەر گیان بە فیدایی سەمەن گەر نەکەن باوەڕ بە دولبەر سوێند بەوی تریان ئەخۆم سا بە حەقی ئایینەیی سەر کوڵم و گۆنایی سەمەن ڕەش بووە جەرگم بە وێنەی خاڵەی دولبەر تەواو پێچ ئەخۆم وەک حەڵقەیی کاکۆڵی تاتایی سەمەن کوشتمی دولبەر بە داخ و بۆ ئەوەی بژیێمەوە یەک نەزەر بەسمە لە لوتفی وەک مەسیحایی سەمەن پەرچەمی دولبەر ڕەشە بۆیە جیهان نیوەی شەوە ڕۆژە وەختێکیش کە دەرکەوت ڕوویی زیبایی سەمەن با لە تاو دولبەر زەلیل بێ دیدەکەم هەڵ دێتەوە گەر وەکوو تەرسا پەنا بەرمە کڵیسایی سەمەن جەژنە وا دولبەر سبەینێ ئەمکەنە قوربانی تۆ گەر خودا نەمخاتە بەر نووری تەجەللایی سەمەن بولبولی دڵ چۆن تەوانای شیوەنی دوو گوڵ ئەکا گاه گاهێ شینی دوڵبەر گاه وا وەیلایی سەمەن وا بە سەوداوە ئەناڵم چەرخی گەردوون ڕەحمەتێ یا ویسال و ماچی دولبەر یا شەکیبایی سەمەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ باوکی شەهیدم چی لە دنیا کەم بەبێ تۆ یا ژیانم بابە گیان هێزی ئەژنۆ و حوکمی چاو، ئارامی گیانم بابە گیان من کە سەوزی باخی تۆ بووم وشکی کرد سەرچاوەکەم باخی گەش بوونی دەنگی خونچەخانم بابە گیان بۆ ژیانی من کە تۆ بووی شاهم و گەر تۆ نەبی توررە و تاج و نجومی سنگ و شانم بابە گیان زەهرە بووی، کەیوان و قوتب، هەم زوحەل و هەم موشتەری لەعل و پیرۆزە و دوڕ و یاقووتی کانم بابە گیان واسیتەی ئازادی و حوررییەت و سەربەستی من هەر ئەتۆ بووی مایەیی گشت عیزز و شانم بابە گیان تاکو تۆ بووی هەر بەهار بوو ئێستەکە وەک پایزە ڕۆیشت و ئەوراقی عومری گشت وەراندم بابە گیان تۆ گوڵێ من بولبولێ بووم خاوەنی نەغمەی حەزین گوڵ بەسەر چوو، من لە دەست چووم دەرچوو گیانم بابە گیان بومەتە یەعقوب لە حەسرەت یوسفی ناو جاهەوە دائیما هەر جارییە ئەشکی ڕەوانم بابە گیان تۆ کە جامێ زبرجد پڕ بە ئاوی خزرەوە چەرخی دنیا هاتە دەوران و پێی ڕژانم بابە گیان بۆ شەهەنشاهی ژیانم تاجی خوسرەو بووی کە تۆ خلعی کردم مردنت ئەژنۆی شکانم بابە گیان تۆ بڵێی وا تۆ شەهیدی من شەهیدی تۆ نەبم خوێنی فرمێسکی چاو جەرگی ڕزانم باب گیان خۆشە پێم ئەو گۆڕەی تۆی تێدای گیانی خۆمی کەم تێدا بۆ نەمانی تۆ لە غوربەت پڕ فغانم بابە گیان تاکو قیامەت جێگەزامی تۆ ئەبێ بکولێتەوە ڕەنگە مردن بیبڕێ ئالام و ژانم بابە گیان ئەحمەدە ئەم ناڵە ناڵەی، گشتی هەر بۆ ئەحمەدە لێم کشا ئەم ئەستێرەیی ڕووی ئاسمانم بابە گیان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێناسین هەتا ڕۆژی دەخولی من بە سەیوان غەمە خۆراکم و جێگامە بیابان ئەگەر بێت و بسووتێم ببمە خاشاک بە زۆری تێ مەگەن ئەی ئینس و ئەی جان لە حەسرەت قەد و باڵای دولبەرێکە شەو و ڕۆژ ئیشمە هاوار و گریان چە دولبەرێ عەقڵ و هۆشی بڕیوم نەماوە فیکری ڕێگەی دین و ئیمان لە حەسرەت گێسووی عەنبەرفشانی دڵ و جەرگم وەکوو زولفەینی تاتان ید بیضایە یا نووری تەجەللی وە یا سەتحێکی نوورە چینی پێشان لەسەر سەفحەی ڕوخی ئەبرۆی کچی وەک هیلالی مانگی نوێ بەڕاست و چەپدان دوو ئەبرۆی وەک کەمان هێنایە عورش لە سینەی ڕێشمی دا تیری موژگان دوو چاوی مەستی بادامی هەڵێنا نیگاهی کوشتمی بە گۆشەی چاوان ئەگەر بێ و دەرکەوێ ڕوخساری یارم خەجاڵەت ئەیگرێتن ماهی تابان ئەگەر بێت و دەمی بێنێتە گوفتار ڕەواجی خونچە نامێنێ لە باغان بڵێم دانی وەکوو زمروتە یا خود وەکوو شەونم لە باوەش غونچە پەنهان تەبەسسوم گەر بگا بەو لێوە ئاڵەی لەلام بێ قیمەتە یاقووت و مەرجان ئەوەندەم لێت ئەوێ ئەی ڕەبی عالەم کە تێرئاو بم لەسەر چاهی زنەخدان دوو قوبەی نوورە یا ڕەب یا دوو لیمۆ لەسەر سینەی بلوورینی دوو مەمکان کەمەر وەک مووشەکم وە تەختی تاقم ئەسیری نافەتە چاوی غەزاڵان لەژێر دامانیا دوڕێکە ناسفت لە دیدە غائیبە وەک گەنجی پەنهان وەکوو کێوێکی زیو نەرمی سویبێ بە بەژن و قامەتی سەروی خەرامان ئەسیری عیشوە و نازت کەسێکە وەکوو مەجنوون کە ڕووی کردۆتە دەشتان شەو و ڕۆژ ویردمە ناوت وەکوو زیکر فیدای ناوت دولبەری بەرخی کوێستان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جوانی نێرگس، گوڵەباخ، گوڵاڵەی بەهار بەیبوون وەنەوشە چنوور و چنار لە چیا و دەشت و میرگ و مێرغوزار تا چاو بڕئەکا هەزاران هەزار لەمانەش جوانتر ڕووبار و کانی جوانییان لە تۆوە وەرگرت ئەی جوانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەونەمامێک بووم شۆخ و نەوجەوان سەبارەت: لەسەر گۆڕی کچێکی نەوجەوان نەخشکراوە نەونەمامێک بووم شۆخ و نەوجەوان هێشا نەمدیبوو خۆشی لە ژیابن سووتاوم لە ناکاو بە ئاگری مەرگ وابووم بە کڵۆ وام لە گۆڕستان *** هەرگیز خۆش نەکەن دڵ بەم دنیایە ئەوی شازادە و ئەوی گەدایە دواڕۆژت دووگەز عەردە بۆ گۆڕت بە تەنها بێ ناز، بێ بابە و دایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تابلۆ سەبارەت: ١٩٧٧ وەرە گیانەکەم وەک جونێ دڵدار بچینە ژێر سای دارێکی بەهار ئەو دارەش چی بێ؟ با ئەرخەوان بێ کە وەک ڕوخسارت گەشاوە و جوان بێ چەپکێ نێرگسی تازە پێچراوە بە تاڵێ دوو تاڵ لەو زوڵفە خاوە ئینجا وەک بولبول تۆ بێرە ئاواز منیش گوێ ئەگرم کەساس و بێ ناز تۆ پێبکەنە بۆ پیری بەسۆ منیش تێر ئەگریم بۆ جەوانیی تۆ بە بێنە تابلۆی پیری و جەوانی شێوەی کڵۆڵی هی کامەرانی چونکە دواڕۆژی چەرخی زەمانە چە من چە بۆ تۆ شینە و گریانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پیری پشتی کۆماوەی وەک کەوان نووشتاو تروسکەی چاوی دواتەمەن جێماو هەر دوو گوێی کپ بووی شێی پیری لێداو ئەشکی کۆن و نوێ لە سنگا تاساو ئەمانە هەمووی چی کەش ئەزانی؟ ئەپرسن لە کوێیت ئەی نەوجەوانی؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سۆزی پیری چەن جوانی بەڕوو جوانتری بەخوو هەر تۆی لەلای من، لەنجەی لێهاتوو بەڵام بە من چی پیری دەس لەرزین ڕێ نادا جارێک بگاتە داوێن ئینجا بۆ ئەوەی تاسەم بشکێ لێت تاکوو بزانی من چیم و تۆ کێیت ئەتڕازێنمەوە وەک بووکی تازە ڕازاندنەوەیەک بەبێ ئەندازە لە تیشکی خۆری زێڕینی بەیان بۆت دەکەم بەرگێک سەرتا بە دامان کە تیایا دیار بێ جوانیی لەش و لار چۆن دایڕشتووە دەستی کردگار لە هەمە چەشنێ گوڵی ڕەنگاوڕەنگ بۆت دەکەم تاجێک تاجێکی قەشەنگ بۆت دەکەم باڵێک لە هەوری بەهار وەک باڵی پەری سپی و ڕەونەقدار بۆت دەهۆنمەوە بە فرمێسکی سوور گەردانەیەک بۆ گەردەنی بلوور ڕووپۆش لە جوانی پەلکەزێڕینە کە زەرد و سوور و زەرد و نەخشینە لەژێر پەچەدا ئەو ڕووە جوانە وەک مانگی چواردە بدا خەرمانە ئینجا ئەتخەمە ناو چوارچێوەی دڵ ئەو دڵەی پڕە لە عەشقی بەکوڵ بۆ ئەوەی وەک بت، خۆم بتپەرەستم هەتا هەتایە بە گیان و هەستم بۆت دەڵێم شیعری پڕ ئاوازی خۆش کە هەموو هەستت بهێنێتە جۆش بۆت دەڵێم نەغمەی پڕ سۆزی ئەوین کە وا هەڵقوڵێ لە دڵەی غەمگین پێشکەشت دەکەم شیرینتر لە گیان ئەوەندەش ماومە تەمەن لە ژیان بەڵکوو بێتە جۆش دڵت ڕووم تێکەی بخەیتە گیانم موچڕکی ئۆخەی خۆبێی و بمدەیتێ ماچێ لە گەردن ئەیکەم بە تێشوو بۆ ڕێگەی مردن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەنجی بێ بەر ڕۆژی بەهارێ دەمی خۆرهەڵات خەیاڵ بردمی وڵاتەووڵات لەبن کێوێکا لە پەنا بەردێ کێوی زەمانە نەک بەردی هەردێ لەژێر توێژاڵی دوا بەفری زستان کە زێڕین ئەبێ بە خۆری بەیان دیم چووزەرەیەک وەک نەمامی دار لە زستان دەرچوو، گەییو بە بەهار لە کۆنە جێگەی گەڵای وەریوی دوو گۆپکەی تازە لەم دیو لەو دیوی لەولاوە لەسەر بەردێکی بەرزتر بێچووە بولبولێک هات بە فڕەفڕ نیشتەوە لەسەر ئەو چڵە دارە کە نەڕەنگی گوڵ نە گەڵای دیارە پاش نەختی خوێندن ڕۆیی بۆ دوا ڕۆژ هاتەوە لای چڵ وەک سۆفی بۆ نوێژ ڕۆژ بوو بە هەفتە، هەفتە بوو بە چوار بێچوو بێوچان ئەیخوێند لەسەر دار تا دار گەڵای کرد خونچەی دا دیاری وای لێهات بلبل بخاتە زاری خونچە گەشاوە شەونم لەسەر زار وەک لێوی دولبەر بڕ نەشئە و ئاودار کەچی لە ناکاو خاڵۆی ڕێبوارێ نووشتاوە بەسەر گاڵۆکە خوارێ چاوی کەوت بە گوڵ لەناو چەن چڵا شیرینیی گوڵی چەسپی بە دڵا بێ لێکدانەوە لە چڵی پچڕان بە گاڵۆکەوە کەوتەوە ڕێوبان پاش تۆزێ سیس بوو هەڵی پچرکان کزەبا پەڕی لە دڕکێک ئاڵان گیانە من بولبول تۆش گوڵخونچە بووی شای نەوجەوانی و لار و لەنجە بووی پەروەردەم کردی لەناو لانکی دڵ لایلایەم کردی بە سۆزەی بەکوڵ بە فرمێسکی سوور بە شەو بێداری لەلای تۆ فێر بووم دەرسی دڵداری کەچی چەرخی چەپە تۆی لێ فرانم ڕەنجەڕۆی کردم ماڵی وێرانم وا لەگەڵ بولبول یەک دەنگ و ئاوات ئەو ئەگری بۆ گوڵ منیش بۆ وڵات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕێبواری بەڕێز مەڕوانە گڵکۆم ڕێبواری بەڕێز مەڕوانە گڵکۆم ئەزانی من کێم یا پێت بڵێم خۆم لاو بووم نەوجەوان... تا بڵێی لاو بووم ئارامی گیان و ڕووناکیی چاو بووم نەمزانی لەپڕ چەپگەردی ناپاک وا زوو بێ تاوان ئەمخاتە ژێر خاک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە شەوا سەبارەت: لە نووسینێکی مامۆستا «ئا ئا» وەرگیراوە کە ڕۆژ ئاوا بوو شەو هات بەسەردا هەموو گیانلەبەر لە شار و دەردا لە پاش ماندوێتیی تەقەلای ژیان ئەحەسێتەوە بە خەوتنی گیان هەر شەوە گوڵان بە دەستەمۆیی ڕۆژ ئەکاتەوە بۆ سەربەخۆیی بە شنەی فێنکی نەسیمی بەیان ئەبووژێتەوە خونچە و گەڵایان ئێمە کە چاومان بە تاریکەشەو هەموو ئەڕێژێ بە کلچۆکی خەو گەلێ دڵانی پر خورپە و خەتەر هەیە بە وێنەی جێ دەمی نەشتەر لەگەڵ لێدانا هەڵئەقوڵێ وەک ئاو خوێناوی گەش و حەسرەت و زووخاو گەلێ چاوانی پڕ فرمێسکیش هەن ئاوی نەمامی دڵداری ئەدەن گەلێک مێشکی تێگەیشتوان نوێ ئەکەنەوە ڕابوردووی زەمان چەن لاو و جوانان بە ئەشکی خوێنین بە پرچی پەشێو بە دڵی غەمگین لە پەوڕوو کەوتوون لەبن پاساران لەژێر چەپۆکی مەرگی بێ ئەمان... یەک دەقیقە خەو ناچێتە چاویان هەر ئەتلێنەوە تا بەری بەیان... چەن هەزار لاو و نازەنینیش هەن لەژێر دووباڵی شەوا بێ محەن... لەگەڵ دڵداری دەس لە گەردنا لەناو گوڵزاری خۆشەویستنا خەریکن بەکوڵ بە خونچە چنین بە بژاری خار دەم بە پێکەنین لەو دەمە دەمی وا بە سینی شەو کە ئێمە چاومان چۆتە شیرین خەو بە خوێنی پاکی ئاڵی شەهیدان دامانی ئاسۆ ڕەنگ ئەکا بەیان گەلێ گیرۆدەی زنجیر و زیندان هەموو وەک شێر و بەچکەیی شێران بۆ ڕێی سەربەستی و بەرزی وڵاتیان ئەو بەند و کۆتە خەڵاتە لایان بە جووتێ باڵی پڕ تین و تاوی لە هێزی لاویی... دروستکراوی لە تاری و لێڵی ئاسمانی ژینا بێباک و پەروا وان لە فڕینا جارجار لە دەنگی ناڵەی هەژاران لە سۆزی گریە و شینی داماوان لە ئێشی زامی دڵبریناران لە لاوانەوەی سووتاوجگەران دێتە لەرە و لەرز گەردوون بە یەک جار ئەخرێتە سەر پشت قاپی کردگار هەر شەوە و پەردەی پیشەی ڕۆژگار کە گزنگ دەرکەوت شەو کەوتە فیرار پیشەی ئازار و بێشکەی دڵداری یاڵڵا سەر لەنوێ بۆ کرێکاری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یادی شەهیدان سەبارەت: بۆ عیزەت و قودسی و خێروڵڵا و خۆشناو وتراوە گەردوون چیت نەکرد بە کوردی هەژار؟ چی مابێ نەیکەی کەچڕەو و ڕەفتار کام شاخ و کام دەشت کام لووتکە و سەریاڵ گوڵگونت نەکرد بە خوێنی کورد ئاڵ کام پێ ما، زنجیر داینەڕزێنێ کام دڵ ما، جەخار داینەوەشێنێ کام بەندیخانەت پڕ لاوان نەکرد... ؟ دیل و ڕەنجەڕۆ و پەرێشان نەکرد کام قارەمانی وەک شێر و چالاک ئازادیخواهت نەخستە ژێر خاک کام خانەدانت هێشتەوە بێبەش لە شین و هاوار ڕۆرۆ و بەختی ڕەش کام چاو ما فرمێسک نەیکردبێ لێڵ کێ ما نەبووبێ دەربەدەر و وێڵ کام ڕۆڵە و کیژ و ژنی بێچارە نەتکرد بێ باوان نەتکرد ئاوارە ئینجا بە شینی چوار ڕۆڵە جوانلاو عیزەت و قودسی و خێروڵڵا و خۆشناو خوێنی وشک بووت پێ گەشانەوە خەمی دوژمنت پی ڕەوانەوە برا بۆ مردن نەکەن دڵتەنگ بن بۆ لۆمەی بەسان ڕای نام و نەنگ بن قەت وا مەزانن ناوتان ون بووە با لەشتان بمرێ، گیانتان زیندووە گۆڕتان بە برژانگ هەڵکەندراوە کفن: بە پەلکی کیژان درواوە لاشەتان شۆرا بە ئەشکی جوانان ئەشکی قەتیسماو لە پێڵووی چاوان لە کانگای دڵا لاوانی وەتەن گۆڕیچە و گۆڕی ئێوەیان هەڵکەن ئیکلیلتان کە وا گوڵ گوڵ چنراوە لە فرمێسکی ئاڵ جەرگی سووتاوە بەڵام هەر ئەکرێ بۆ تۆڵەی حەقتان لە لاشەی دوژمن تاقی زەفەرتان قەسەم بە گیانی ئێوەی نەوجەوان لاشەی نێژراوتان لە گردی سەیوان هەرگیز کۆڵنادەین بۆ ڕۆژی شادی هەتا هەڵنەکەین ئاڵای ئازادی ئەوسا بانگ ئەکەین پڕ بەم دنیایە پڕ بەم شاخانە و چۆڵ و چیایە «ئای چەن بەرزییە لەڕێی میللەتا» «پێ لە زنجیر و گەردن لە پەتا» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شینی پیرەمێرد ئەی فەلەک تاکەی لە دەس تۆ: شینی تۆ گریانی تۆ تا بەکەی نەبڕێتەوە هاواری تۆ، ناڵانی تۆ تا بەکەی چاوی یەشاوی ەومی بێکەس، ئەشکی خوێن... هەر بڕێژێ یەک بە دووی یەکدا، نەدەی ئامانی تۆ پڕ برین ئاه و ئەنین... بۆ نەسرەوێ ساتێ دڵی! دایکی لێقەوماوی کوردی بێسەر و سامانی تۆ دەی وەرە سا پێکەوە با دەستە ئەژنۆ شین بکەین تۆ بەیادی پیرەمێرد و من بە سوێی جوانانی تۆ پێکەوە بگرین بە یەک دەنگ بانگ بکەینە پیرەمێرد پێی بڵێین ئەی پیری جوان دڵ پێشڕەوی جوانانی تۆ خاڵە: مردی نامری هەرگیز لە گیانی میللەتا ناوی تۆ نیشانی تۆ کرداری بێ پایانی تۆ بووبە نەخشی بەرد لە دڵدا... زەحمەتە کوێر بێتەوە یادگار و ڕەمزی ناوی «ژین» ی تۆ بۆ «ژیانی» تۆ تا ئەبەد وێردی زوبانە قەت لە بیر ناچێتەوە زەمزەمەی شیرین و تازەی لاوک و حەیرانی تۆ پەیڕەوی دواڕۆژە، حەلقە گوێیە بۆ گەورە و بچووک پەندی پڕ تەئسیر و مەعنا، پەندی پێشینانی تۆ هەر لە گردی یاری یارەت مەڵبەنی جوانی و بەهار باقیە و باقی ئەبێ، نەورۆزی تۆ سەیرانی تۆ زۆر لە مێژە چاوەڕێتە گیانی پاکی مەولەوی بۆت پەرۆش بوو ئاه و ناڵەی «پیرەکەی پیرانی» تۆ تا هەزاران ساڵی تر ئەو عەشقە پاکەی زین و مەم ڕووپەڕەی ڕەنگین ئەکا تەئریخی کوردستانی تۆ خوات لەگەڵ خاڵە بنوو بێ باک لە تانەی ڕۆژگار پێنج و دوو ڕۆژە ئەبینە هاودەم و میوانی تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جێم مەهێڵە هەر وەکوو کوشتمت بە ناحەق نوری چاوانم مەڕۆ باعسی ژین و مەماتم نوری چاوانم مەڕۆ تۆ کە جێت هێشتم ئیتر من وەختی شینم هاتەوە کێ هەیە دەفعی بکا لێم نوری چاوانم مەڕۆ من کە کوژراوم بەڵام هەر تاقە ماچێ خوێنمە سا بدە توخوا نەجات بێ نوری چاوانم مەڕۆ شەوقی خۆرت لێم نەداتۆ ئەیکە چۆن وشک بێتەوە بەفر و قوڕ، لافاوی چاوم نوری چاوانم مەڕۆ گەر ئەتۆ ڕۆییت ئیتر من ڕوو لە کوێ کەم بۆ نەجات لەت لەتە جەرگ و هەناوم نوری چاوانم مەڕۆ من هەتا کەی هەر لە حەسرەت شین و واوەیلایەکەم بەسیەتی هێندە ئاخ و ئۆفم، نوری چاوانم مەڕۆ وای لە دەست دەورەی زەمانە چەندە کەچ ڕەفتارە بۆم وەرگەڕا وەک وەرگەڕای لێم، نوری چاوانم مەڕۆ ئەم هەموو دەرد و فیراقەم بۆ قومێ لەو ئاوەیە یەعنی یەک ماچە لە کوڵمت نوری چاوانم مەڕۆ العجب بۆ ئاگرت تێ بەرنەبوو ئەحمەد کە وا دڵ وەکوو کوورە ئەسووتێ، نوری چاوانم مەڕۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژی ئاوا ئەوا ئاوا بوو ڕۆژی من ئیتر ژینم لە دنیا چی لە هاتوچۆ و لە گیان و لە ناڵەی سوبح و شامم چی؟ کە کردم دیققەتی ئەبرۆی کەمان و تیری حازر بوو بە تیرێ سینەمی کون کرد لە ئامان و دەخیلم چی *** ئەوا کووشتوومی ئەو ماوە کەچی پێشم ئەڵێ ئەبلە ئەوا ڕۆییم لەبەر چاوت لەپاش من عەیش و نۆشت چی کە تۆ کووشتوومت قەد عەر عەر وە خوێنم تاقە ماچێکە بدە ببڕێتەوە ئاخر مەڵێ هەوڵ و کۆششت بۆ چی *** شەهیدم من کەساسم من، کەساسم من لە دنیای ڕوون بەریم ئینجا کە من کوژراوی یارم بم لە جەوابی ڕەقیبم چی ئەوا بەختم حەواڵەت کرد مەدەد یا «ئەحمەدی کاکی» سەگی بەر قاپی تۆ بم لە چوونی لە چوونی لای تەبیبم چی *** وەرە قابیز بکێشە ڕۆحی ئەحمەد با نەجاتی بێ؟ لە ڕۆژێ سەد کەڕەت کوشتن لە تۆ زیاتر پەناهم چی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ شۆخێکی تازە ئەترسم ئەی فەلەک بمرم لە چەرخی تۆ نەگەم جارێ بڕێژی خوێنی ناحەقم بە پەنجەی وەسلەتی یارێ دەسا ڕوویەکی ڕۆژ دەرخە لە تاریکی نەجاتم دە... پزیشکم کێیە سا توخوا هەتا ماوم بکە چارێ ئەترسم ئاخری بمرم لە حەسرەت لێوی ئەو شۆخە لەجێیەک بمگرێ مردن نەبێ هیچ یار و ئەغیارێ بە ڕەحم و لوتف و ئیحسانت ڕەهام کە لەم خەم و دەردە لە دەشتی مەحشەرا تاکوو نەئاڵێم لێت وەکوو مارێ بە شەرتی ڕوویەکم تێکەی، بە خەنجەر گەر سەرم ببڕن نەکەم هیچ ناڵە و ئۆفێ بەڵێن بێ نەشکەم هاوارێ لە سایەی ئەشکەوە یاران شوکور ڕووسووری دنیا بووم بە کامی من نەبوو دنیا لە تاو عەشقی بەبێ یارێ ئەترسم ئەی خوا بمرم «بەری» یشم کەی لەهەر دوو لا لە دەست چوو یارەکەت ئەحمەد ئەتوو کەشکۆڵ و هەمدارێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وڕێنە دڵم هەر ئەو دڵەی جارانە ئێستاکەش ئەناڵێنێ هەناسەی ساردی ناکامی لە سینەمدا ئەتاسێنێ ئەگەر جوانیت سەرنجم ڕابکێشێ، مەگرە لێم چونکە جەماڵت پەیکەری ڤینۆسی خوای جوانیش ئەجووڵێنێ پەچەت لادە ببینم ڕووت ئەمن خۆ سەیری تۆ ناکەم لە ڕووی تۆ تێدەگەم یەزدان چلۆن نەخشی ئەنەخشێنێ کە تیشکی ڕۆژ ئەدا زاخاوی پرچی زەردی زێڕینت لەلام قەوس و قەزەح هیچ ڕەونەق شەوقێکی نامێنێ بەوەش دڵشاد و خۆشحاڵم کە یادی نائومیدیی خۆم بەخوڕ ئەشکی لە چاوانا قەتیسماوم ئەبزوێنێ تەمەن ڕوو بۆ خەزان ئەڕوا کەچی گەردوون ئەوا تازە لە وێرانەی دڵا تۆوی گوڵی دڵداری ئەڕوێنێ بە چەشنێ خۆشەویستی تۆ لە سینە و کەللەما چەسپە مەگەر جامی ئەجەل ئەو تین و تاوەی لێ هەڵێنجێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێنج خشتەکی لەسەر غەزەڵێکی «کوردی» وەها کەوتوومە ژێر بەندی خەم و هیجری ستەمکارێ هەمیشە زار و ناڵینمە لە حەسرەت عەشقی دڵدارێ دەسا توخوا ڕەفیقان بێن بە دەنگ ڕۆرۆمەوە جارێ «ئەمان مردم عیلاجێ سا لە ڕێی پێغەمبەرا چارێ ویسالە، یا قەتڵە یا تەسکین لە هەرسێ بۆم بکەن کارێ» خوا ئەم ئێش و ئازارەم بە زامی عەشقەوە تا کەی بەسە ئیتر لە عومری نەوجەوانی خۆم نەکرد ئۆخەی دەخیل ئێوە و خوا یاران عیلاجم کەن بە جامێ مەی «وەها سووتاوم ئەسلەن تابی فریادم نەما سا دەی ڕەفیقان نیوە سووتن ئێوە نامەرد عەرزە هاوارێ» تەماشای چۆن ئەکێشم بۆی جەفاو و قەهری مەفتوونی لە دەستا تیشەیی فەرهاد، لە سەردا شۆڕی مەجنوونی لە حەسرەت قامەتی بەرز و فیراقی لێوی مەیگوونی «لە کونجی سینە دەنگی ئای و وای دڵ دێ بەمەحزوونی وێران بێ نەمدی ساتێ لێی نەیە ناڵەی بریندارێ» هەموو خاکی بەری پێتم وەکوو عەنبەر بەسەردا کرد ئەوەت لایەق نەبینی پێم وەکو عەنبەر بەسەردا کرد خوا هەڵناگرێ گیانە منت شێت و بەڕەڵڵا کرد «ئەلای هەر کەس دەچم مەنعم دەکا خۆت بۆچی ڕیسوا کرد درێغ بۆ حاڵزانێ، ڕەببی تووشم بێنی بیمارێ» بە سۆزی گریەوە چاوم هەمیشە سوور و نەمناکە سەراسەر سنگی بەدبەختیم هەتاکوو دامەنم چاکە لە خوێنا تل ئەدەم بەسیە وەرە حاڵم تەماشا کە «لەژێر باری غەما وا شانی سەبرم ڕیشە ئیستاکە فیراقی یار لەبەر ئاخر شەڕی لێم بۆتە سەربارێ» گڕی بەرداوەتە جەرگم بە سەودای عەشقی وەک ئاگر کەساس و دڵبرینار و پەرێشان.. بەو بەشەم سابر ئەوەندەش دڵڕەقە بۆچی گوناهی من چییە ئاخر؟ «لە نەزعا پێی دەڵێم قوربان جەفا بەسیە دەڵێ کافر هەما چەت دیگە تۆ سەگ مەرگە کارم ماگە پێت جارێ» لە مەی غافڵ مەبە ساقی زڕەی فنجانەکەت با بێت؟ بە نەشئەی جامەکەی تۆیە غوباری غەم لە دڵ دەرچێت لە هوشیاریم بەدەر کە هەی سەر و ماڵم فیدای تۆ بێت «سەبا یارانی مەجلیس گەر هەواڵی من دەپرسن لێت بڵێ کێشایە مەیخانە دوو چاوی بێچووە عەییارێ» ئەخۆل هەر بگری تا دەمری لەسەر قەبری جەوانمەردی بە قەد لێزمەی بەهاران و گوڵالە و شەستپەڕی زەردی سەراسەر سوور و ڕەنگین کە بە ئەسرین ئەلحەد و بەردی «دوڕ و یاقوت دەبارێ لەم کەلامە شیرینەی کوردی درێغا کوا لە دنیادا قەدرزان و خریدارێ»؟ ئەمان! مردم عیلاجێ، سا لە ڕێی پێغەمبەرا چارێ ویسال یا قەتڵ یا تەسکین لە هەر سێ بۆم بکەن کارێ وەها سووتاوم ئەسڵەن تابی فەریادم نەما سادەی ڕەفیقان نیوە سووتن، ئێوە نامەرد، عەرزە هاوارێ لە کونجی سینە دەنگی ئای و ئۆی دڵ دێ بە مەحزوونی وێران بێ، نەمدی ساتێ لێی نەیە ناڵەی بریندارێ ئەلای هەرکەس دەچم مەنعم دەکا خۆت بۆچی ڕیسوا کرد؟ درێغ کوا حاڵ زانێ؟ ڕەببی تووشم بێنی بیمارێ لە ژێر باری خەما وا شانی سەبرم ڕێشە ئێستاکە فیراقی یار لەبەر ئاخر شەڕی لێم بوو بە سەربارێ لە نەزعا پێی دەڵێم قوربان جەفا بەس بێ دەڵێ کافر ئەمە چیت دیگە؟ تۆ سەگ مەرگی کارم ماگە پێت جارێ سەبا! یارانی مەجلیس گەر هەواڵی من دەپرسن لێت بڵێ کێشاویەتە مەیخانە چاوی بێچووە عەییارێ دوڕ و یاقوت دەبارێ لەم کەلامە شیرینەی کوردی خوا سا کوا لە دنیادا قەدر زانێ، خەریدارێ؟ «کوردی» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێ سپێری ئەوا جێت دێڵم ئەی دایە بە عومری بیست و یەک ساڵە لە بێخ و ڕیشە دەرهاتم وەکوو لالە و گوڵی ژاڵە لەسەر تابووتەکەم توخوا بڕێژە ئەشکی وەک زمڕووت بگاتە لای خووا ئاه و هەناسە و گریەت و ناڵە بە دەنگی بەرز و ناڵەی دڵتوێن، بەم جۆرە بۆم بگری: کوڕم ڕۆ، ڕۆڵەکەم ڕۆیە، شەهیدە و کفنەکەی ئاڵە ئەوا من خۆم بەجێم هێشتی بەڵام ئەی دایە گیان توخوا فیراقی من لە دڵ دەرکە، خەفەت زۆر ناخۆش و تاڵە ئەگەر من خۆشەویستت بووم، بە یادی من هەموو جارێ بچۆ لای دولبەرم ماچ کە لەجێی من ئەو دەم و خاڵە ئەگەرچی جەور و قەهری ئەو بووە قاتڵ بە کوشتی دام بەڵام زینهار دەخیلت بم دڵی مەشکێنە منداڵە مەڵێن دیوانە بوو خۆی کوشت لە ڕێی عەشقا کە وا ڕۆییم لەسەر مەیتم بکەن شینم شەهیدم کفنەکەم ئاڵە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگریم بەکوڵ بە زارەوە بە جەرگی داغدارەوە سەبارەت: پێنج خشتەکی لەسەر غەزەڵێکی مامۆستا زێوەر ئەگریم بەکوڵ بە زارەوە، بە جەرگی داغدارەوە وەک بولبولی بەری بەیان بە باغ و جویبارەوە بۆ شەونمی گوڵی ئەمەل بە لێو و کوڵمی یارەوە «تکانی ئابڕوی چەمەن بە ڕویی لالەزارەوە شکانی نرخی نەستەرەن بە زوڵفی حشکبارەوە» ئەی سروەکەی دەمی سەحەر بڵێ بە یار لەپاش سەلام گەر بچمە بەزمی خوسرەویش بۆ من نییە سود و مەرام سەرخۆشی چاوەکەی ئەوم نەک مەستی بادە و مەدام «چمە لەمەی، لەنەی، لە جام، ئەگەر بەلەنجە بێتە لام بە ڕوویی ئابدارەوە... بە چاوی پڕخومارەوە» با دامبنێن لەسەر تەخت لە لالەزاری ئیرەما ساقی هەموو غیلمان و مۆر بادەش لەناو جامی جەما ئاواتی تۆ هەر باقییە لە توێی دەروون و سینەما «عەرەق نییە لە عالەما کە لابەرێ لە دڵ غەما جگە لە قەترە عارەقێ لە ڕووت کە دێتە خوارەوە» تا کەی لە دەس گەردوونی دون هەر گریە بێ نسیبی من ڕەحمێ بکە بە حاڵەکەم ئەی شۆخی دڵ فریبی من وا چاوەڕێیە پڕ لە غەم دڵەی وێڵ و غەریبی من «نیگارەکەی حەبیبی من، ئەزیزەکەی تەبیبی من با شەقبەرێ ڕەقیبی من وەرە بەسەد ویقارەوە» نەک هەر بە تەنیا شوورەیی بە ملکەچی و خەجیلەوە خەمین بە نیرگس و گوڵ بە مێخەک و سمێڵەوە شەوبۆ بە بۆن و شەونمی لالە بە داخی دڵیەوە «فیدایی خەد و قەدی تۆ چەمەن بە فەوجی گوڵیەوە بە بلبل و چڵیەوە... بە قومریی و هوزارەوە... .» هەر تۆم ببێ لە عالەما ئیتر چیمە لە جاه و فەڕ قوربانی یەک تەبەسومت یاقوت و ئەڵماس و گەوهەر پێناوی لار و لەنجەکەت ژیان و ماڵ و گیان و سەر «فیدایی زوڵفی عەنبەرت هەموو وڵاتی گوڵ عومەر بە عەرد و بەرد و دارەوە بە ئاوی سەرچنارەوە» بۆ وەسفی تۆ ئەوەند ئەڵێم لە عالەما کە نادری بە عیشوەتر بە غەمزەتر لە حۆری شۆخ و شەنگتری لەگەڵ زێوەر هەر چیم کە وت لەوەش گەلێ باڵاتری «ئەمن گیانمە ئەنوەری فنوونی شیعر و شاعری ئەتۆ گەیانتە سامری بە چاوی سحرکارەوە» تکاندی ئابڕووی چەمەن بە ڕوویی ئابدارەوە شکاندی نرخی نەستەرەن بە زولفی موشکبارەوە چمە لە مەی لە نەی لە جام، ئەگەر بە لەنجە بێتە لام بە ڕوویی تابدارەوە، بە چاوی پڕخومارەوە عەرەق نییە لە عالەما، کە لابەرێ لە دڵ غەما جگە لە قەترەئارەقێ لە ڕووت کە دێتە خوارەوە نیشاتی من جەماڵی تۆ، بەراتی من ویساڵی تۆ خەیاڵی من لە خاڵی تۆ بە عیشوە لێم مەشارەوە عەزیزەکەی حەبیبی من، نیگارەکەی تەبیبی من کە شەق بەرێ ڕەقیبی من، وەرە بە سەد ویقارەوە فیدایی خەدد و قەددی تۆ چەمەن بە فەوجی گوڵیەوە بە بولبول و بە چڵیەوە، بە قومری و هوزارەوە فەرەنگڕووی زەنگموو، عەجەمسیاق و ڕووسخوو ئەناسرێ کە کوردە زوو بە پێچی لار و خوارەوە نیساری زولفی عەنبەری هەموو وڵاتی گوڵعومەر بە عەرد و بەرد و دارەوە، بە ئاوی سەرچنارەوە ئەمن گەیاندمە ئەنوەری فنوونی شیعر و شاعیری ئەتۆ گەیانتە سامیری بە چاوی سیحرکارەوە «زێوەر» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی فەلەک ئەی فەلەک توخوا بە ناحەق بەندی زیندانم بەسە لێم گەڕێ ساتێ بژیم با، بەسیە گریانم بەسە ئەی فەلەک تا کەی ئەسیری دەستی خۆتم تۆ دەکەی؟ مەسخەرەی دوژمن حەزینی ڕوو بێ دۆستانم بەسە ئەی فەلەک سووچم چییە من ئەخەیە زیندانەوە؟ تووشی ئەنواعی فەلاکەت بوون و سووتانم بەسە بەرگە و سەبر و تەحەممول ناگرم هێزم نەما مەوجی فرمێسکی وەکوو خوێن قوڵپی گریانم بەسە ناوسکت کردم بە خوێناو خۆ جگەر وێنەی کەباب دووکەڵی ئاهی دەروونم تا بە ئاسمانم بەسە توخوا بۆچ ئەمکوژی تۆ جوانەمەرگم بۆ ئەکەی ئاهی مەزلوومانە و هاواری تیفلانم بەسە بەسیەتی لەم حاڵە زیاتر بوو بە شانەی هەنگ دڵم کونکون و قیمەی جنینی جەرگی بوریانم بەسە مەمکەرە قوربانی میحنەت وا ئەڵێم سووتانمی بێ جورم و عوزر و گوناهم حوکمی خنکانم بەسە بێکەست کردم کە کردت بۆچی تۆ ڕیسوام ئەکەی گیرەوەی چەن دەرد و مەینەت خانە تاڵانم بەسە تۆ خودا وەرگێڕە ڕوویەک بەختیارم تۆ بکە؟ بەحری چەرخت بێتە جەولان تۆزی بارانم بەسە ئەی خوا لاڵانەوەی من بەم زوبانی لاڵەوە ڕوو لە قاپی و دەرگەهی تۆم، ڕووت و عوریانم بەسە ڕووڕەشی دەرگانەکەی تۆم و سەگێکی موستەفا مل کەچی دێوانەکەی تۆم لوتف و ئەمانم بەسە بیکە بۆ جاهی محەممەد خاتەمی جەمعی ڕوسول لەو غەزینەی پڕ لە ڕەحمەت تۆزێ ئیحسانم بەسە عاشقی شۆخێکە ئەحمەد بۆیە وا ڕیسوا بووە یا نەجاتم یا خەڵاتی یاری جارانم بەسە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێ وتنێک بێ شیرمە قەتعییە ئینجا برایەوە عومرم لەسەر زەمینی ژیانا بڕایەوە ناوم لە دەفتەر و قەیدا کوژایەوە... خوێنم بە نووکی خەنجەر و شیرا پژایەوە ئەحمەد لە نیوەدا حیسابت کرا و نەمایەوە ڕەمەڵ لە وەختی بەختی منا عەقڵی تیا نەما بولبول لەسەر گوڵ و لەوە عەشقی تیا نەما بۆ گرتنی هوما کە چووم ڕۆحی تیا نەما... تینوم و چوومە سەر بەحر ئاوی تیا نەما ئەحمەد بزانە نجومت فەنا و کشایەوە عەقڵم هەبێ یارم نەما لەبەر دەست ساحبی بەگ و هەم دوڕ بووم برا لە دەست بێ ئەنجەل ئەمرم ئەزانم حەقم ئەچێ لە دەست بێکەس و، غەریب و کەساسم نە شێت و نە مەست ئینجا کە پایزە گەڵای درەخت وەرایەوە چۆن بێ قەرار و قەرام بە دەست زەمانەوە بۆ خۆ کرام بە هەدەف هەم نیشانەوە... ناسۆر و زەخم و برینم ئاوا کولانەوە کوژراوی چاوی فڵانم بە جانەوە... فرمێسکی چاوی ئەحمەدە وا مەوجی دایەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەیلوولی خوێناوی بە جارێ ماڵی وێرانم سلێمانی خرۆشاوە بەسەر هیچ کەس نەیەت خوایە ئەوەی لەم شارە قەوماوە بەیانی بوو شەشی ئەیلوول لەناکاو گوللەی وەک باران ئەباری بۆ قڕی میللەت، ئەوەی پیرە و ئەوەی لاوە بەدەم شەستیرەوە لاشە وەکوو زوربەی گەڵاڕێزان لە ڕێدا عەینی ئەتوت بەردەبازی جۆگەلەی ئاوە لەبەر دەرکی سەرا دیارە لە هەر لایەک تەماشا کەی سەراسەر پڕ لە لاشەی مردووە شێلراوە کوژراوە لە هەر کوچە و پەنایەکدا تەڕی و سوریت ببینیایە ئەوە خوێن و سروشکی دایک و جوانان بوو کە ڕێژراوە لە کام ماڵ گوێت ئەگرت هەر باوکەڕۆ بوو ڕۆڵەڕۆ و کاکە لەکوێ سەیرت دەکرد هەر لاشەیە تێکەڵ بە خوێناوە ئەوی دوێنێ جگەرگۆشە و عەزیزی باب و دایک بوو ئەوا ئەمڕۆ لەژێر خاکا شەهیدە و چاوی لێک ناوە دەمەو ئێوارە ئەتنواڕی بە وێنەی ڕێچکەمێروولە: بە ڕیز تابووتی کوژراوان بەرەو سەیوان ملی ناوە چە قینێکە چە زوڵمێکە؟ چە کوشتار و بڕینێکە؟ ئەبێ قەت بیر نەچێ هەرگیز هەتا کورد زیندووە و ماوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەیمان بە خەنجەر لەتلەتم کەن دامەنت قەت بەرنەدەم شەرتە سەراسەر هەڵدڕن سینەم، بەرۆکت بەرنەدەم شەرتە هەتا گیانم لە گیانا بێ ئەبێ پەروانەیی تۆ بێ کە تۆی شەمعی ژیانی من لە تۆ لا نەدەم شەرتە جەهەنەم جەننەتە بۆ من ئەگەر بێ چاوی تۆ دیار بێ بەبێ تۆش دەم لە ئاوی جۆگەیی کەوسەر نەدەم شەرتە ئەگەر بێت و هەموو دنیا هەتاکوو ئەوپەڕی ئاسمان هەمووی پڕ بێ، پەری و حوور بێ لە تۆ دەس بەرنەدەم شەرتە قەبووڵم کەی بە خادیم، یا بە دەربان و بە کۆیلەی خۆت لەبەر ئەو قاپەت بوونم بە تامی سەر نەدەم شەرتە ئەگەر یەک گۆشەیی چاوت لە من بێ جانی جانانم! بە تیشکی حوسن مەه و ڕۆژ و بەسەر ئەختەر نەدەم شەرتە هەتا ماوم لە دنیادا تەماشا و بۆنی گوڵ ناکەم غوبار گەردی بەرپێکەت بە بۆی عەنبەر نەدەم شەرتە ئەگەر شایەد لە پاش مردن مەلائک هات و پرسیی لێم لە باسی چاوی تۆ زیاتر جەوابێ تر نەدەم شەرتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەهاری بەهارم هاتەوە یاران عەجەب شیرین بەهارێکە بە خونچە سوور بووە سەحرا بە گوڵ سیمین عوزارێکە دەمێکە مات و خامۆشە لەبەر بێ بولبولی گوڵزار ئەوا ئێستاکە خۆشخوانە لەسەر چڵ عەینی تارێکە چریکەی پۆڕ و جیکەی چۆلەکە و ئاوازی قومری دێ شەقەی باڵی کەو و کۆتر لە ئاسمان وەک قەتارێکە تەماشای چیمەن و سەحرا بە شۆخ و دڵبەران ڕازا کە هەر یەک نازەنینێکی وەکوو سەرو و چنارێکە برا بڕوانە ئەترافت چیا وەک شاه و شاهەنشا لەسەریا تاجی بەفرە یا تەم و تەنکە غوبارێکە بەیانیش ڕۆژ کە پەیدا بوو لەسەر تەوقی سەری هەڵدێ قەمەر وەک نەجمەکەی شانی شەماڵیشی نساریکە لە هەر لایەک تەماشا کەی هەزاران دڵ ئەبێ ئەحیا لەبن هەر سەوزەگیایەکدا میسالی حەوز و فوارێکە شنەی با دێ نەسیمی دێ، ئەڵێ: ئەی ئەحمەدی دەروێش لە خەو هەڵسە تەماشا کە لە یارت گوڵ عوزارێکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پاڕانەوە خاکی بەر پێتە بەقوربان نووری چاوانم وەرە با فیدای دوو دیدەکەت کەم... دین و ئیمانم وەرە هەر وەکوو یەعقووب لە دووری تۆیە گریە و زار ئەکەم چاوەڕێی پیراهەنی تۆم شاهی کەنعانم وەرە چەن هەزاران شاهی عەشقت کردە عەبد و دەرکەوان بۆ خوڵامیت حازرم من شاهی جوانانم وەرە تۆ بفەرمووی دائیما من حازرم بۆ مردنیش باوەڕیش ناکەی لەژێر دەستایە قورئانم وەرە هەر بڕێژن با ڕەقیبان خوێنەکەم پێیان حەڵاڵ گەر لەسەر تۆ من بکوژرێم وەک شەهیدانم وەرە گەر قەبووڵم کەی بە دڵدار بێستوونم بێتە ڕێ شەرت ئەکەم تا ڕۆژی مردن مەردی مەیدانم وەرە ڕوو لە کونجی خەم ئەکەم قەت نامەوێ عەیش و سروور زیکر ئەکەم ناوت بە وێنەی وێردی سوبحانم وەرە موددەتێکە ئاشناتم... ڕوو لە من بۆ لا ئەدەی... ؟ دوور لە باڵات هەر خەریکی شین و گریانم وەرە گەر نەبێ لۆمەی ئەم و ئەو ڕوو لە کێو و دەشت ئەکەم چی بکەم پابەستەیی لۆمەی ڕەقیبانم وەرە ڕۆژی جوانیت بۆ بگیرێ قەت خوا هەڵناگرێ؟ شوعلەوەر بە توخوا خورشیدی تابانم وەرە وا بە جارێ مەوج ئەدا وەک بەحری خوێنین دیدەکەم تۆی کە سەدی کەی شەپۆلی ئەشک و گریانم وەرە هیج شیفام نابێ بە لوقمان بێت و زیندووش بیتەوە چاوەڕیی تۆم، تۆ دەزانی دەرد و دەرمانم وەرە ڕوو مەکە ئەغیار و ناکەس، حەیفە خۆت ڕیسوا ئەکەی تۆ بە دێوانەم مەزانە... من قەدرزانم وەرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شینی بێکەس دای بە گوێما بای شەماڵ دەنگێ بە سوێی گریانەوە: شینە: شینی تۆیە بێکەس کەوتە ناو یارانەوە سوور و لێڵ بوو چاوی کوردی قوڕبەسەر دڵ پڕ لە زام ئەم برینەش بوو بە زامی سەختی سەر زامانەوە کۆچی ناوەخت و لە ناکاو مردنی تۆ سەر بە سەر بوو بە داخ و کەوتە جەرگی کورد و کوردستانەوە مانگ و ڕۆژی ئاسمانی کورد و ئەستێرەی هەموو هەر بە شوعلەی بیری تۆ بوو گشتی ئەدرەوشانەوە دێتە گوێی یادم لە ڕێگەی میلەتا ئێستەش زڕەی... کۆت و زنجیری دەس و قاچت لەناو زیندانەوە تۆ نەمردووی با لەشت بڕزێ، لە خاکا هەر ئەژی نەعرەتەی ئازادیخواهت بەم کەژ و کێوانەوە قەت بە دڵتا ڕانەبوورێ، بێکەسی، چونکە کەسن نێر و مێ گەورە و بچووکی کورد بە پیر و جوانەوە داخەکەم بێ دەنگە بێ تۆ کۆڕی یاران و سەفای ئەی چە بەزمێکت ئەخستە مەجلیسی ڕندانەوە تۆ بەجێت هێستم ئەبێ لۆمەم نەکەی گەر بێ منیش دڵ بدەم ئینجا بە خاکی گردەکەی سەیوانەوە کاکە فایەق لێم ببوورە پێم نەبوو پێی بێمە لات وا بە ئەشکی سووری دووری ئەم گوڵەم ڕازانەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هیوا سەبرت بێنێ بە ئیزنی خوا نابڕێتەوە عومرت لە گوڵشەنی خەزرا ئەژێتەوە ناوت لە قەیدی تازە ئەنوورێتەوە لوقمان دەردت بەم زوانە دێتەوە ئەحمەد نەمامەکەت لە بێخەوە سەر دەر ئەیێنێتەوە ئەستێرەشت خەریکە ئەوا شوعلەدەر ببێ بولبول کە بیچووە عاشق بە گوڵ ببێ زەردەیە پەیا بوو هوما سایەدەر ببێ نەک قەترەیە موحیتی کە بیرت نەسیب ببێ وا دێتەوە بەهاری ژیانت ئەژێتەوە لام وایە ڕاستە کە یارت لە دەست نەچوو کوژرا ڕەقیب و وەعدەی بەسەر کەچوو مژدەم بەرێ کە نامرێ عومرت تەواو نەبوو شوکری خودا بکە کە سیداری یاری دوو دەستەگوڵێ لە باغی ئیرەم دێتەوە دەورەی فەلەک نزیکە وەرگەڕێ بەڕووت سەد یاری بێ وەفای وەها بێ لەدووت دەرمانی دەردت ئەکا حەق «لایموت» خوێنی سینە خەڵاتە بە زیددی عەدووت ئەحمەد بە ئیزنی ئەحمەدە یەکجاری گەش ئەبێتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بانگێک شێت و شەیدا بووم بە دووتا ڕۆح و ڕێحانم وەرە بوومە کۆی نوورە لە ڕووتا عۆر و غیلمانم وەرە هەر خەیاڵی تۆم لە دڵدا بووە تەهلیلە و زیکر ڕۆژی قەبرم بێ جەواب و سلبی ئیمانم وەرە گێژ و وێژ و سەرسام و بێهۆش چوومە سلکی وەحشیان زیڕە زیڕم دێ وەکوو شێت شای سلێمانم وەرە من برووسکەی چاوی سوورم هەر وەکوو ڕەعدی بەهار خۆ کە گرمانم بە جارێ غەرقی بەحرانم وەرە وا ڕەگی دێوانەکەم لێت هاتە جومبوش یەک کەڕەت بۆ زیارەت وا خرۆشام پیری پیرانم وەرە یەک شەماڵ هەڵکە بە زۆری هەوری هیجرم لابەرە سایەقە و ئەستێرە دەرخە ماهی ئاسمانم وەرە بۆ فەنای لەشکری غەم تۆپی عەیش دابەستە لێی نەعرەتەم با ئینتیهای بێ شوبهی لوقمانم وەرە ڕوبێتن ئەسفەندیاری غوربەتی تۆم هاتە سەر بۆ عیلاجی ئەم بەڵایەم نەسلی دەستانم وەرە ئاگری کوورەی دەروونم ئاسمان کونکون ئەکا بۆ شەڕاڕە و تینی ئاگر بەحری عەممانم وەرە گەر ئەتۆ چاری نەکەی هەر خوایە گەر چارەی بکا زەلزەلە و لێشاوی فرمێسک سەدی توفانم وەرە وا کە ئینگلیزی فیراقت قووەی تەیەرانی هات بۆ سەرە و ژێر و زەبوون باڵۆنی ئەڵمانم وەرە من کە منداڵێکی دۆینێم پیر و ئوفتادەم بەدەست حەسرەت و جەور و سزاوە دەستەدامانم وەرە حامی الحرمینە هەرکەس ڕوو لە خۆت و ماڵت کا با خصوصی بێچارە ئەحمەد ڕوو لە دیوانم وەرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یاد شەوە مانندی قەترانە بەڵام لای من چراخانە کە یادی یاری خۆم ئەمشەو لە دڵدا بوو بە پەروانە شەوێکە وەک شەوی دەیجوورە مەخموور و هەم مەستوور چە سەرخۆشم، چە مەدهۆشم لەبەر ئەو شاهی کەنعانە شەوێکە مات و خامۆشە، هەموو دنیا کە بێگۆشە منیش وەک بولبولی سەرگوڵ چریکەم دێ چی خۆشخوانە؟ شەوێکە پڕ سروور ئەمشەو لە سایەی یاری تازە و نوێ بەسەرچوو وا خەزانی دڵ ئیتر فەسلی بەهارانە چ یارێک؟ شاهی شاهانە وە یا گوڵناری بوستانە بە بەژن و قامەت و باڵا ئەڵێی سەوڵی خەرامانە برۆ پەیوەستە چاومەستە، ئەڵێی تاووسی سەرمەستە کە ئەڕوا تۆز و گەردی ڕێی میسالی عەنبەرستانە کە ئەیبینم شنە و عیشوەی بەلەنجە دێت بە بەر دەمما وەکوو تەیری «سەمیندەر» هەر بەشم سووتانە برژانە خەریکی چیت پەشێواوی ئەی ئەحمەد چیت لە دنیایە کە تۆ دەروێشییە ئیرست، مەکانت دەشت و بیابانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ یار عالەم ئەیزانێ کە شێتی ڕوویی زیباتم وەرە من کە سەرگەشتە و عەوداڵی چاوی شەهلاتم وەرە ئاخ لە حاڵم گەر دەزانی چۆنە چۆن بۆ دیدەنیت هێند پەرێشانم بە وێنەی زوڵفی تاتاتم وەرە بێت و گەر بتکەم فەرامۆش لەتلەتی خەنجەر کرێم ڕۆژی قیامەت بێ نسیبی جۆگەیی کەوسەر کرێم گەر لە یادم چی سەعاتێک ونجری نەشتەر کرێم تاکوو مردن دڵ پەشێو و شێت و شەیداتم وەرە تۆ نەبی بۆ چیمە دنیا ئەم ژیانەم بۆ چییە؟ ناوی تۆی گەر پێ نەبەم ئەم زمانەم بۆ چییە؟ بۆچی نازانی کە ئەم ناڵە و فغانەم بۆ چییە؟ چونکە مەحروومی غوڵامی و عەبدی دەرگاتم وەرە ڕوویەکم تێکە بەقوربان بەسیەتی حوزن و ئەلەم هیچ لە تواناما نەماوە هەڵگرم سەرباری خەم بەو دوو کوڵمی سوور و ئاڵی فیتنەئەنگێزت قەسەم دڵ بە داخت وەکوو سیاهی خاڵی گۆناتم وەرە گیانەکەم عومری جوانیم وا لە ڕیتا چوو بە با پێنج و دوو ڕۆژم کە مابێ مەیخەرە ڕۆژی جەزا بێنە لیوت بیمژم تاکوو نەمردووم توخوا ڕۆژی مەحشەر با بزانن مەستی سەهباتم وەرە بوومە بولبول بۆ گوڵی ڕووت پیشەمە گریان و شین ڕۆژ و شەو ناڵینە ئیشم، دائیما مات و حەزین شەو نییە بێ یادی باڵات سەر بنێمە سەر سەرین چەشنی پەروانە لە دەوری ڕوویی لالاتم وەرە وەرمەگێڕە ڕوویی نازت زامەکەم ئەکولێتەوە شووشەیی عومرم بە بەردی هیجر و خەم ئەشکێتەوە تیری موژگانت بهاوە و بمکوژە ببڕێتەوە با بزانن من شەهیدی بەژن و باڵاتم وەرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵدارەکەم عەجەب تیرێکە لێی داوم کە وا ئەو ماهە تابانە لە سینەم تا جگەر گاهم بە جارێ غەرق و غەڵتانە لە خوێنی کوشتنی خویمە کە وا سوور بوو جل و بەرگم کە من مردم لە حەشرا شاهیدم بەرگی شەهیدانە کە وا کوژراوی ناحەقم مەکەن ون خوێنی من توخووا لە جوانی خستمیە پیرێتی کە یەک چاهی زەلیلانە ئەمن کەوتوومە سەحراوە یەکێ دێ پێم ئەڵێ شێتە یەکێکی تر ئەڵێ ئاخۆ ئەمە گومراهی ئیمانە کە نازانن لە حاڵی من ئیتر لۆمەم مەکەن چونکە نەمانی عەقڵ و هۆشی من لە عەشقی شاهی شاهانە چە شاهێ قەترە فرمێسکی کە ئەگری هەر ئەڵێی دوڕە ئەکا شاباشی خونچە و گوڵ وە یا ئاشباهی لەعلانە لە وەختی پێکەنینیدا کە دان تەسبیحی مرواری گرنگی خۆری چاوانی ئەدا لەو شاخی کوڵمانە چلۆن تۆ شێت نەبێ ئەحمەد ئەمە عوشرێ لە وەسفێتی خوا بۆ قەترەیە ڕەحمەت دڵم پڕ ئاه و گریانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شینی بێخود لەپڕ تاریکی کرد چاوم، وتم: یاران چ قەوماوە مەڵێن! ڕاستە کە گەردوون بێخودی بەرزی لە گڵ ناوە بەڵێ ئەمرین هەموو ئەمما کتوپڕ مەرگی بێ ئامان شتێکی وا بقەومێنێ لە هیچ قەومێ نەقەوماوە درێغ بۆ شەوچرای بەرزی بە تیشکی کۆمەڵێ ئاداب درێغ بۆ کۆڵەکەی دین هەیکەلی ئیمان کە ڕووخاوە بە کۆچت ناتە گڵ شێوەی پڕئاهەنگی تەڕی شیعرت بە کۆچت شیعر کەوتۆتە تەعزێ، جەرگی سوتاوە لەوە دڵگیر نەبی بێخود وەجاخت کوێرە بێ ڕۆڵەی هەزاران شیعری وەک دوڕی هەتیوت پاش بەجێماوە چ شیعرێک پڕ لە نەغمەی داودی و ئاوازی پڕ مۆسیقا خرۆش و جۆش و نەشئەی خستە جەستەی زوشت و زیباوە بڕۆ بێخود بە خودداری بەرەو دەرگاهی یەزدانی گومانی تیا نییە دەرگای بەهەشتت بۆ ترازاوە لەسەر ڕێگاکەتا ئارایشە قەوس و قەزەح وەک «تاق» بەرەو پیرت پەری و غیلمانی جەننەت چۆکی داداوە لەسەر هەر چڵ لە دەم هەر گوڵ چ قومری و خونچەیەک دیارە بە شیعری پڕ لە نەشئەی تۆ دەخوێنیت و دەمی داوە لە دوو دونیا کە وا هی تۆن ژیانی خۆت و دواڕۆژت سەری بەرزت لەمە دونیا، لەویشت پشتی کۆماوە ژیانێ پڕ لە خۆشی بێ و لە ناخۆشی کە دیوتە خۆت بڵێ بێخود ئەوەی فەرموویەتی یەزدان لە چارەی خۆتە نووسراوە بەقەد ڕێزەی گەڵای پاییز بەقەد هەوری بەهاری سوور ئەوا چەپکێکە زەرد و سوور لەسەر گڵکۆتە دامناوە غەریبم دوور لە کۆمەڵتم لە ڕۆژی چلهەمی مەرگت بەڵام دڵ هەر لەلاتانە نیشانەی چاوی پڕ ئاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من کە عەبدی دەرگەهی تۆم تەرکی ئیحسانم مەکە من کە عەبدی دەرگەهی تۆم تەرکی ئیحسانم مەکە وا جگەر ڕێژاو و تینووم فەوت و تاڵانم مەکە گەر بە عەبدیشت قبووڵ نیم تۆ بە سەگ بڕوانە تێم پاسەوانیت بۆ ئەکەم مەحروومی دیوانم مەکە قەت بە دوژمن من مەناسە دۆستی دنیا و قیامەتم هیچ خەتا و سوچم نییە خۆ تیرەبارانم مەکە تالعی مەجنوونە ئەحمەد دڵ وەکوو ئاتەشگەدە ئەی سەنەم ئەی لات و عوزا بتپەرستی ناوی تۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕازی بوون مەراقی وا لە دڵمایە هەتا قیامەت ئیتر بەسمە لە حەشریا منم داعی ئەویش شاهید ئیتر بەسمە کە خوێنڕژاوی ناحەقم لە دونیای ڕوون و بەربادا بە بەرگی سووری خوێنینم شەهیدێکم ئیتر بەسمە بەڕاستی پێت ئەڵێم ئەی یار بکە باوەڕ تو بی قورئان لە باتی خوێنی خۆم والله غوباری پێت ئیتر بەسمە بە زاتی یاری بێچون مەمکوژە توخوا بکە ڕەحمێ ئەوەندە دێمە بەر ڤاپییەکەت لەوێ بم من ئیتر بەسمە بە زۆری تێمەگە قوربان کە هار و شێت و شەیدا بووم لەبەر ئەو دەرکەیی تۆدا ئەگەر بمرم، ئیتر بەسمە لە قەبرا بم بە سەیوانا ئەگەر هاتوو ڕابوردی لەپاش مردن ئەبم زیندوو ئەویش کەی تۆ ئیتر بەسمە بە چاوپێکەوتنی ڕووی تۆ وەکوو شاهی سلێمانم لەسەر تەختی ئەوم ساحێب نگینیشتم، ئیتر بەسمە بە ئەحمەد تۆ بکە ڕەحمێ ئەلا ئەی شەمسی دەورانم بە غەیری خواپەرستی تۆم، گزنگت بوم ئیتر بەسمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناکرێ بۆم شەرحی دەردم بەم غەم و هیجرانەوە ناکرێ بۆم شەرحی دەردم بەم غەم و هیجرانەوە بەم دڵی لەتلەت کراوم هەر وەکوو بریانەوە... جەرگەکەی ئەنجن کراوم بەم دەمی تەیرانەوە قەلبەکەی خۆراکی ماسیم بەم بنی بەحرانەوە چۆن گرفتارم خودایە من بە دەست ناڵانەوە وا بە عەشق زنجیر کراوم دائیما هاوار ئەکەم هەم گرفتارم... چاهی حەسرەت ئەفکار ئەکەم شەشدەرم لێ بەستراوە کوللی ئانێ زار ئەکەم ڕوو لە قاپی عەرشی ئەعلام ڕێگەیە پرسیار ئەکەم حاڵەتم مەجنوونییە بۆ دۆستەکەم لەیلانەوە هەر دەمە مردن ئەخوازم، هەر دەمە داد و ئەمان جێگەی ڕوح سەختە یاڕەبی زەحمەتە دەرچوونی جان ئینتیحاریش بۆ مسولمان دێتە دینی کافران پێم بکە بە هەر نەوع ئەی خوای جەمعی جیهان وا خەریک ماوم لە دەشتی بێکەسی دەورانەوە ناوی یار هەر چەن کە دێنم بەخششی تاجم ئەکا بەحری حەسراتم بە جارێ جومبەش و جەولان ئەکا قەترە فرمێسکم وەکوو لافاوێ خوێن جەریان ئەکا ناڵەکاڵم حەوتومینی ئاسمانان کەشف ئەکا هەر وەکوو یەعقووب لە دووری یوسفی کەنعان ەوە پێت ئەڵێم تۆ باوەڕ بکە لەیلەکەم سیدقت ببێ گەر پاش سەد ساڵی تر بێ زەڕەیە ڕەحمت ببێ نامەوێ تاجی شەهنشا، هەر ئەوەند لوتفت ببێ دارعەسا و کەشکۆڵ هەڵئەگرم وا ئەتۆ مەیلت ببێ تا خودا حەقم ئەسێنێ وام بە ڕووی بیابانەوە وا لەبەر قاپیت کە ئەمرم ئاوڕێکم لێ بدە پێکەنینت غونچەیەکە سوبحە سادەم پێ بدە وا لە دەرچوونا کە ڕۆحم خوێن مەکە ماچێ بدە ئەم گوناهی کوشتنی من تۆ لە شانت لا بدە بەڵکوو زیندوو بم لە حاڵی قەبزی ڕووح و جانەوە چی بڵێم نازانم ئیتر وا کە بەخت ڕیسوام ئەکا ساحێبی دانەی گەوهەر بووم وەک تەیر پەروام ئەکا هەر بە دڵ خۆشی سبەینێ تەفر و بڕوام ئەکا تا لە ناکاواو بە جارێ گردی سەیوان بانگم ئەکا... دەو و تەسلیمی قیامەت دێتە بەر نەیدانەوە سەد بەجێت هێشتم بەقوربان من غوڵامیت هەر دەکەم خاکی بەر دەرگانەکەی تۆ قیبلەمە ڕووی تێ دەکەم فەرزە بۆ من ڕۆژی جارێ کەعبەیە و حەجی دەکەم گەر خوا سەلبم بکا من دائیما هەر وا دەکەم ئەحمەدم نووری جەماڵت خستمیە تارستانەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فرمێسکێک وەرن یاران تەماشا کەن لە حاڵم چەن پەرێشانە لە لایە ڕۆیینی یارم لە لایە شین و گریانە چە خاکێ کەم بەسەر خۆما کە ڕۆی ئەو بێوەفایەم وا بە تەنها مامەوە بێکەس بە دائیم حاڵم ئەفغانە دەسا تەدبیر و ڕاهێ کەن لەپاش یارم ئەمن چیبکەم ئیتر عەیشی هەموو دنیا لەلای من قەهر و هیجرانە چە شۆخێ بوو چە ڕۆحێ بوو دڵی سووتانم و ڕۆیی لە قەسری سەرکەشی ئەفلاک خراومە چاه و زیندانە تبیبی بێڕەحم کوانێ چە ڕێیەک کەوتە بەر یارم نیشانی من بدەن ئیشم وەکوو پەروانە سووتانە لە شەوقی ڕوومەتی ئاڵی کە دڵمی کردە بریانی لەسەر ئەم حاڵە شێواوەم نیشاریشی دڵ و گیانە ئەوی ساتێ لەبەر دەمیا کە ڕابردوو زەلیلن گشت بەڵام هیچ کەس وەکوو من قەت نەبوو وا خانەوێرانە وەسییەت بێ ئەگەر مردم بزانن من کە کوژراوم بە دوو لێوی وەکوو یاقووت و زوڵفی چین چینانە مەکەن کفن و نەدفنم کەن لە سەحرادا فڕێم دەن با ببمە خۆراکی تەیر و توور و شێر و هەم پڵنگانە ئەوەندەم قەهری دنیا خوارد نەماوە تاقەت و سەبرم لە قەبریشا جەوابێ بەم خوا ڕەحیم و ڕەحمانە لە ئەحمەد هیچ غەڵەت مەگرن حەققە هەرچی بکا حەققە ئەوی دەربارەیی بکرێ ڕەحم هەم لوتف و ئیحسانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەڕانەوە وەرنە سەیری عەیش و نۆشم فەوتی شینم هاتەوە وا بەهار هات وەختی خونچە و گوڵ گەشیبنم هاتەوە ئەو قەسابەی هاتبوو بۆ سەربڕین و کوشتنم سەد شکور ڕووی وەرگەڕان لێم فەسڵی ژینم هاتەوە زۆر دەمێک بوو دڵ برینار بێ دەوا بوو دەردەکەم مەرهەمی جێی زەخمە کات و سەربرینم هاتەوە هەروەکوو بەفری بەر ئاگر وا غەمی من توایەوە قوڵپی گریانم نەما وا پێکەنیم هاتەوە من بە تەنهایی زەمانێ داد و بێدادم ئەکرد بۆ نەجات دانم لە حەسرەت هەمسەرینم هاتەوە بەرگی قەهرم لێ جیا بوو، جەژنمە حەمدی خودا ڕۆی زەمانی میحنەت و جەور شاهی چینم هاتەوە یا بەخێر بێ سەر دوو چاوم هەر بەخێر بێ یارەبی سەد لەماڵی ئەو ڕەقیبەی دڵ بەکینم هاتەوە مژدە بێ ئەحمەد وا تۆ چویتەوە ڕێزی ژیان وەک گەلاوێژی بەیانی شەوق و تینم هاتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تکایەک گیانەکەم ڕەحمێ بکە با گریەکەم ببڕێتەوە با ئەوەند نەگریم لە داخت ئاخری سوێم بێتەوە ئاگری عیشقت لە دڵما وا بڵێسەی سەندووە زەحمەتە تا ڕۆژی مەحشەر کپ ببێ و بوکژێتەوە بەندی جەرگم با نەپچڕێ زوڵفەکەت بەربا مەدە بەسیەتی با بەس برینی سەختی دڵ بکولێتەوە ڕۆژی چەند دەفعە بە ناحەق دڵشکەستم بۆ ئەکەی هەر بە جارێ بمکوژە بەسیە دەبا ببڕێتەوە دەس مەخە خوێناوەکەم ئەمما کە وەختێ کوشمت نەک لە قیامەتدا لە پەنجەت خوێنی من بتکێتەوە عاشق و مەحزوون و بیمار و نەخۆشی عەشقی تۆم عیللەت و دەرد و شیفاشم وا بە گەردی پێتەوە ئاسکەکەی دەرماڵی تۆ بووم ئێستەکە وام دەربەدەر تۆ خوا ئەمرت بفەرموو دەشت نەچێ، با بێتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆشەویستی گەر چی خوێنم هاتە خوارێ من بە دەست و پەنجەتا بوو بە مەی بۆ بادەنۆشان شەو لە بەزم و عوشرەتە سەد کە دوژمن خۆش ئەکەی پێم سووک و سەرگەردانم ئەکەی هەم خەڵاتە و هەم بەراتە هەم عەجەب و هەم حەسرەتە یا نەمابێ گوڵ نەمابێ وەختمە فەسڵی بەهار هەر وەکوو بولبول خەریکم مەقسەدم ئەو خاڵەتە نەک بڵێم ماڵی ڕەقیبی تاکوو ڕۆح لێم جیا ئەبێ وێلی دنیا بم موحەقەق بۆ هیوای ئەو کوڵمەتە من بە تیرێکی کە کوژرام جێگەکەی تیراوییە ئیکە چۆن من دەست هەڵئەگرم دڵ کە شەرحە شەرحەتە گۆشت کە برژا بوو بە بریان تادیتە حاڵی بەرووی چەن هەزار لوقمان تەبیب بێ چارە کردن زەحمەتە ئەسڵی لوقمانم کەسێکە دەردەکەی بەخشیوە پێم ئەوەی بۆ تاوی دەروونمدا ئەبۆ ئەم زیللەتە قەت مەکەن لۆمەم ڕەفیقان ئەحمەدە کوژراوی عەشق دەستە ئەژنۆ وا لەسەر چۆک چاوەڕوانی ڕەحمەتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەسەرچوو ژینی دنیایم لە سایەی دین و ئیمانا سەبارەت: لەسەر گۆڕێک نووسراوە بەسەرچوو ژینی دنیاییم لە سایەی دین و ئیمانا ئەوا ئێستاکە نێژراوم لە گڵکۆی گردی سەیوانا بە ئومێد و هیوای عەفوت، ئەوا هاتم ڕووە و قاپیت ئەبێ بمبەخشی ئەی خوایە لەگەڵ زومرەت موسڵمانا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هاڕەهاڕی ئەشکی سوورم وا بەخوڕ ئەڕژێتە خوار هاڕەهاڕی ئەشکی سوورم وا بەخوڕ ئەڕژێتە خوار هەر ئەڵێی شەتی فوراتە خۆی بە خوێن پیشان ئەدا یا ڕەب ئەم ناڵان و زارەی ئەحمەدە ببڕێتەوە وا خەریکە هەر بە فرمێسک لافی وەک تۆفان ئەدا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لێم بپرسن گەر لە حەشرا هۆی چە بو زوو مردنت لێم بپرسن گەر لە حەشرا هۆی چە بو زوو مردنت با بزانێ چیم وەڵامە؟ سوێند بە چاوی شەرمنت ئەیخەمە ئەستۆتەوە ئۆباڵی جوانیم و ئەڵێم بێ بەری بوونم لە ماچی خاڵەکەی لا گەردنت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەم چەرخە وەکوو کاسەیەکی قڵپە سەرەوخوار سەبارەت: لە وەرگێڕراوەکانی خەیام ئەم چەرخە وەکوو کاسەیەکی قڵپە سەرەوخوار کەوتوون لە بنیدا بەزەبوونی هەموو هوشیار تێفکرە لە خۆش ویستنی مینا و پیاڵەش خوینیان کە لەسەر لێوی یەکە و، خوینە لەسەر زار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ساقی تێناگەم لەم ژینە هەرگیز ساقی تێناگەم لەم ژینە هەرگیز زستان و بەهار هاوین و پایز گەرم بێ سارد بێ خۆش بێ و فێنک با بیدەین لەیەک بە جامێ بەڕیز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ساقی ساقەی کە لە شووشەکەت مەی ساقی ساقەی کە لە شووشەکەت مەی نۆش کەین بە یادی لەیلی باڵابەرز بە دەنگی ساز و نەوای تار و نەی چەرخی کردگار بهێنێتە لەرز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ساقی پیریی هات جوانیش دوعاخواز ساقی پیریی هات... جوانیش دوعاخواز تۆ مەی بەدەست و منیش هاوڕاز دوا جامم بەرێ با ببڕێتەوە لە دنیای فانی هێند گلەیی و ڕاز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسیری قامەت و ئەبرۆ و موژەباڵایەکی تر خۆم ئەسیری قامەت و ئەبرۆ و موژەباڵایەکی تر خۆم غەریقی قەعری بەحری حەسرەت سەودایەکی تر خۆم شەهیدی پەرچەم و زوڵفی غەریبی کوڵم و لێوی ئاڵی خەریکی پەروەری شۆخی وەکوو لەیلایەکی تر خۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا دوا فرمێسکم وشک ئەبێ لە چاو تا دوا فرمێسکم وشک ئەبێ لە چاو ئەگەر لە یادت من فەرامۆش بم نەمامی عەشقی تۆی پێ نەدەم ئاو بە مەرگی ئازیز وەک سیاپۆش بم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ساقی پەروەردەی ناز و نیعمەت نیم ساقی پەروەردەی ناز و نیعمەت نیم پێڵاو دابەستووی ڕێگای جەننەت نیم تۆ لە هەستیما بمکە بە نەبوو تا ئەستۆ شکاو باری منەت نیم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە تاوی جەوری زەمانە و خەم بەبێ دەنگی ئەناڵێنم لە تاوی جەوری زەمانە و خەم: بەبێ دەنگی ئەناڵێنم لەبەر لۆمە لە ناو دڵما کۆڵێ فرمێسک ئەتاسێنم ئەگەر شادی نەکەی گیانە دڵی پەستم بە دڵداری وەکوو لێزمەی بەهاران خوێن لە کانی دیدە ئەڕژێنم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئای چەن نەفام و بێهۆشی ئینسان ئای چەن نەفام و بێهۆشی ئینسان! گریمان بویتە شاهەنشاهی جیهان؟ بریسکەی تاجت بدا لە ئاسمان ئەزانی دوایی جێتە گۆڕستان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەم خاکە پاکە هی تۆیە و هی من ئەم خاکە پاکە هی تۆیە و هی من تیایا ڕزیوە بەسەد جۆر مردن ئێسک و پروسکی باو و باپیرمان نایدەین بەفیڕۆ و تاڵان بە دوژمن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژیانی دنیا زۆر بێ ئەگەر کەم ژیانی دنیا زۆر بێ ئەگەر کەم... دوا ڕۆژمان هەموو هەر گۆڕە و سەرجەم ئینجا تا ماوین لەسەر زەمینا چاکە پیشەت بێ نەوەک زوڵم و زۆر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گینگڵم ئەخوارد وەک مارانگەستە گینگڵم ئەخوارد وەک مارانگەستە لە ژانی قاچ و لە جەستەی خەستە بۆ تۆزێ خەو و بۆ تۆزێ ئارام وەک ساوای برسی بۆ شیر ئەگریام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سا بێ چاوەکەم شۆخی پەرچەم خاو سا بێ چاوەکەم شۆخی پەرچەم خاو بزانە چلۆن بۆت ئەگریم بەکوڵ گاه فرمێسکی ڕوون گاهێکیش خوێناو ئەڕژێتە چاوان لە سەرچاوەی دڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ساقی نامەوێ ژیانی وا تاڵ ساقی نامەوێ ژیانی وا تاڵ دنیا بەرمە سەر بۆ نانێکی گاڵ تۆ لەمە دنیا زوو بە ونم کە سا بزانین لەولا چلۆن ئەبێ حاڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پڕ دەرد و مەینەت و کەیل جەخارە دڵ پڕ دەرد و مەینەت و کەیل جەخارە دڵ ساقی وەرە دەمێکە کە وا ئینتزارە دڵ تێکە و بگێڕە بدە جام و مەی دەسا تا مەیلی هەر لە سەوزی و گوێ جوێبارە دڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرامی جەژنە پیرۆزەیەک جەژنی چیم پیرۆز کام جەژن و شادی بە دڵشکاوی بە نامورادی ئەو جەژنە جەژنە هەموو ئازاد بین ئەوساکە بیکەین گەردن ئازادی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆت زل مەبینە بەڵێ با زل بی خۆت زل مەبینە بەڵێ: با، زل بی خاوەنی گەنج و تێر و تەسەل بی ئەبێ بزانی ئەم چەرخە ڕۆژێک ئەتباتە ژێر خاک پاک یا چەپەڵ بی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوێنێ ئەناسرای کوڕی گەدا بووی دوێنێ ئەناسرای کوڕی گەدا بووی پەروردەی شەق و جەور و سزا بووی ئەمڕۆ خوا دایتێ نانێکی بەپێز ئەی بۆ خەڕۆ بووی لای خۆت بە شا بووی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ساقی لە نەزعام جامێک پەیا پەی ساقی لە نەزعام جامێک پەیا پەی بیدەرە دەستم گوێ مەدە لەرزەی کە مردم ئەوا بەتۆی ئەسپێرم شۆرین و شینم بەمەی و بە نەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەتافی لاوییا بووم لوسەر لوتکەی کەژی جوانی سەبارەت: لەسەر گۆڕی جوانەمەرگێکدا نووسراوە لەتافی لاوییا بووم لەسەر لوتکەی کەژی جوانی لوگوڵ یاران و هاوڕێما وەفاداریم بەجێ هانی لە سەرچاوەی ژیانی پڕ لە خۆشی پڕ لە سامانا لەپڕ ئەم چەرخی چەپگەردە هەمووی کۆتایی پێ هانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرە ڕۆحەکەم ئارامی گیانم وەرە ڕۆحەکەم ئارامی گیانم وا ئەمرم لەتاو دووری و تەنیایی دایمرکێنەوە سوێی زامەکانم بەسیە ئیتر بەس، بەس بێ وەفایی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەوە پێکەوە بناڵین بولبول وەوە پێکەوە بناڵین.. بولبول بەیانی تا شەو شەو تا بەیانی من بۆ کوڵمی یار تۆ شەونمی گوڵ با ئاشکرای کەین ڕازی نیهانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە دوێنێ شەمعی مەجلیس بوو چریسکەی ڕوومەتی ئاڵی کە دوێنێ شەمعی مەجلیس بوو چریسکەی ڕوومەتی ئاڵی ئەوا ئەمڕۆ ئەڵێی داغە لە جەرگا فیرقەتی خاڵی بەڵێ: عاشق ئەگەر سەد بار بنۆشێ بادەیی عوشرەت ئەبێ هەر ئاخری بخوا بەسەر شیرینییا تاڵی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گیانە نەخۆشم نەخۆشی گیانی گیانە نەخۆشم، نەخۆشی گیانی ڕۆژئاوای ژینمە بە تافی جوانی توخوا بێرە لام لە سەرەمەرگا با چاو لێک بنێم بە کامەرانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سا تۆش موغەننی تا سادەی سا دەی سا، تۆش موغەننی تا سادەی سا، دەی دەنگت هەڵبڕە بە حەیرانەوە گاه بە پێکەنین... تاوێ بە ئۆخەی ئەم دوو سێ بەیتەش بە گریانەوە... . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ساقی تەوانای ئالامم نییە ساقی تەوانای ئالامم نییە بێ مەیی و بێ جام ئارامم نییە دە بێنە جام و دە بێنە مەی، دەی؟ تۆ نەبێ، بێ تۆ من فامم نییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ساقی شپرزەم بە دەس دنیاوە ساقی شپرزەم بە دەس دنیاوە بەدەس مەینەت و جەور و جەفاوە دەستم دامەنت خێرا کە هەستە بە جامێ هەمووی بخەینە لاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیری کەن لەم عەسرەدا چۆن حورمەتی هیچ کەس نییە سەیری کەن لەم عەسرەدا چۆن حورمەتی هیچ کەس نییە هیچ بچووک بۆ گەورەییی خۆی ئەمڕۆ فرمانی نییە نەک ڕەفیقێ بۆ شەفیقێ بەڵکوو کوڕ بۆ باوکی کچ خوڵامی ئەمری دایکە قەدری ئینسانی نییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە خوێن و خۆڵا گەر بتلێمەوە لە خوێن و خۆڵا گەر بتلێمەوە ناگریم، ناناڵم ناکڕوزێمەوە چاوم تاریک بێ گەر لە برسانا لە هیچ نامەردێ ناپاڕێمەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵێکم ئەوێ دڵداریم فێر کا دڵێکم ئەوێ دڵداریم فێر کا چاوی چنۆکی پڕ عەشقم تێر کا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر چاوم لە تۆ جوانتر کەسێکی دی هەتا ماوم ئەگەر چاوم لە تۆ جوانتر کەسێکی دی هەتا ماوم ئەڵێم خوایە لە ئەو دونیاش بەساغی هەڵنەیە چاوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فرەم ناڵان لە دنیادا لە حەشریشا ئەناڵێنم فرەم ناڵان لە دنیادا لە حەشریشا ئەناڵێنم لە گۆڕیشا «ئەگەر ڕێت کەوتە سەر» گوێتە لە ناڵینم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا کەی بەهار یەکێ نەمام ئەڕوێنێ و یەکێ نەمام ئەنێژێ ئەمیان چاوەڕێی گوڵە و ئەویان فرمێسک ئەڕێژێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەبەر زار و گرین چاوم خەریکی پەردە پۆشینە لەبەر زار و گرین چاوم خەریکی پەردە پۆشینە لە عەشقی نەوجەوانێ سوخمەکەی ئاڵە و کەوا شینە ++++++++++++++++++++++