شاعیر: ئەخۆل کتێب: دیوانی ئەخۆل سەرناو: ئەزانی من کێم؟ کە چاوم کردەوە ڕوانیم بە دەوری خۆم و دنیادا چلۆن خۆم دی لە لافاو و شەپۆل و گوژمی دەریادا؟ چە لافاوێک سەراسەر پڕ لە ناسۆر و لە ناکامی لە ئەشکەنجە و کڵۆڵی و نەگبەتی پڕ بوو لە سەرسامی نە باوکێک بوو دەستم بگرێ بە ڕێگەی ڕاستیا بمبا لەژێر سایەی جگەرسۆزی و حنانیدا بەخێوم کا نە کۆشی گەرمی دایکێک وەکوو دایکی هەڤاڵانم... .! کە تیایا بسرەوم ساتێک پشوویەک بێتە بەرگیانم کەساس و بێنەوا هەردەم لە ماڵی خۆم و خوێشانم بەڵێ ئەژیام وەکوو ئینسان بەڵام پڕدڵ بوو گریانم لە ڕوخسار و لە سیماما نیشانەی نەگبەتی و ماتەم وەکوو ڕۆژ ئاشکرا و دیار بوو ئەگەر چی لێو بوو پڕ خەندەم بەڵێ ئەو نوتفەیەی گیانی منی هێناوەتە بەرهەم سەراسەر چین و بنچینە هەموو دەرد و پەژارە و خەم وەها بەمجۆرە بوو ژینم لە ئاسۆیەکی ماتەمدا نەهاتییەک بەدووی یەکدا لە دنیایەکی پر خەمدا ئەوا ئێستاش کە ئەمبینی کە وا زیندووم و هەرماوم بەڵام مردم لە تافی لاوییاو هێشتا نەنێژراوم ++++++++++++++++++++++