شاعیر: ئەخۆل کتێب: دیوانی ئەخۆل سەرناو: بۆ یار عالەم ئەیزانێ کە شێتی ڕوویی زیباتم وەرە من کە سەرگەشتە و عەوداڵی چاوی شەهلاتم وەرە ئاخ لە حاڵم گەر دەزانی چۆنە چۆن بۆ دیدەنیت هێند پەرێشانم بە وێنەی زوڵفی تاتاتم وەرە بێت و گەر بتکەم فەرامۆش لەتلەتی خەنجەر کرێم ڕۆژی قیامەت بێ نسیبی جۆگەیی کەوسەر کرێم گەر لە یادم چی سەعاتێک ونجری نەشتەر کرێم تاکوو مردن دڵ پەشێو و شێت و شەیداتم وەرە تۆ نەبی بۆ چیمە دنیا ئەم ژیانەم بۆ چییە؟ ناوی تۆی گەر پێ نەبەم ئەم زمانەم بۆ چییە؟ بۆچی نازانی کە ئەم ناڵە و فغانەم بۆ چییە؟ چونکە مەحروومی غوڵامی و عەبدی دەرگاتم وەرە ڕوویەکم تێکە بەقوربان بەسیەتی حوزن و ئەلەم هیچ لە تواناما نەماوە هەڵگرم سەرباری خەم بەو دوو کوڵمی سوور و ئاڵی فیتنەئەنگێزت قەسەم دڵ بە داخت وەکوو سیاهی خاڵی گۆناتم وەرە گیانەکەم عومری جوانیم وا لە ڕیتا چوو بە با پێنج و دوو ڕۆژم کە مابێ مەیخەرە ڕۆژی جەزا بێنە لیوت بیمژم تاکوو نەمردووم توخوا ڕۆژی مەحشەر با بزانن مەستی سەهباتم وەرە بوومە بولبول بۆ گوڵی ڕووت پیشەمە گریان و شین ڕۆژ و شەو ناڵینە ئیشم، دائیما مات و حەزین شەو نییە بێ یادی باڵات سەر بنێمە سەر سەرین چەشنی پەروانە لە دەوری ڕوویی لالاتم وەرە وەرمەگێڕە ڕوویی نازت زامەکەم ئەکولێتەوە شووشەیی عومرم بە بەردی هیجر و خەم ئەشکێتەوە تیری موژگانت بهاوە و بمکوژە ببڕێتەوە با بزانن من شەهیدی بەژن و باڵاتم وەرە ++++++++++++++++++++++