شاعیر: ئەخۆل کتێب: دیوانی ئەخۆل سەرناو: یاد شەوە مانندی قەترانە بەڵام لای من چراخانە کە یادی یاری خۆم ئەمشەو لە دڵدا بوو بە پەروانە شەوێکە وەک شەوی دەیجوورە مەخموور و هەم مەستوور چە سەرخۆشم، چە مەدهۆشم لەبەر ئەو شاهی کەنعانە شەوێکە مات و خامۆشە، هەموو دنیا کە بێگۆشە منیش وەک بولبولی سەرگوڵ چریکەم دێ چی خۆشخوانە؟ شەوێکە پڕ سروور ئەمشەو لە سایەی یاری تازە و نوێ بەسەرچوو وا خەزانی دڵ ئیتر فەسلی بەهارانە چ یارێک؟ شاهی شاهانە وە یا گوڵناری بوستانە بە بەژن و قامەت و باڵا ئەڵێی سەوڵی خەرامانە برۆ پەیوەستە چاومەستە، ئەڵێی تاووسی سەرمەستە کە ئەڕوا تۆز و گەردی ڕێی میسالی عەنبەرستانە کە ئەیبینم شنە و عیشوەی بەلەنجە دێت بە بەر دەمما وەکوو تەیری «سەمیندەر» هەر بەشم سووتانە برژانە خەریکی چیت پەشێواوی ئەی ئەحمەد چیت لە دنیایە کە تۆ دەروێشییە ئیرست، مەکانت دەشت و بیابانە ++++++++++++++++++++++