شاعیر: ئەخۆل کتێب: دیوانی ئەخۆل سەرناو: بۆ باوکی شەهیدم چی لە دنیا کەم بەبێ تۆ یا ژیانم بابە گیان هێزی ئەژنۆ و حوکمی چاو، ئارامی گیانم بابە گیان من کە سەوزی باخی تۆ بووم وشکی کرد سەرچاوەکەم باخی گەش بوونی دەنگی خونچەخانم بابە گیان بۆ ژیانی من کە تۆ بووی شاهم و گەر تۆ نەبی توررە و تاج و نجومی سنگ و شانم بابە گیان زەهرە بووی، کەیوان و قوتب، هەم زوحەل و هەم موشتەری لەعل و پیرۆزە و دوڕ و یاقووتی کانم بابە گیان واسیتەی ئازادی و حوررییەت و سەربەستی من هەر ئەتۆ بووی مایەیی گشت عیزز و شانم بابە گیان تاکو تۆ بووی هەر بەهار بوو ئێستەکە وەک پایزە ڕۆیشت و ئەوراقی عومری گشت وەراندم بابە گیان تۆ گوڵێ من بولبولێ بووم خاوەنی نەغمەی حەزین گوڵ بەسەر چوو، من لە دەست چووم دەرچوو گیانم بابە گیان بومەتە یەعقوب لە حەسرەت یوسفی ناو جاهەوە دائیما هەر جارییە ئەشکی ڕەوانم بابە گیان تۆ کە جامێ زبرجد پڕ بە ئاوی خزرەوە چەرخی دنیا هاتە دەوران و پێی ڕژانم بابە گیان بۆ شەهەنشاهی ژیانم تاجی خوسرەو بووی کە تۆ خلعی کردم مردنت ئەژنۆی شکانم بابە گیان تۆ بڵێی وا تۆ شەهیدی من شەهیدی تۆ نەبم خوێنی فرمێسکی چاو جەرگی ڕزانم باب گیان خۆشە پێم ئەو گۆڕەی تۆی تێدای گیانی خۆمی کەم تێدا بۆ نەمانی تۆ لە غوربەت پڕ فغانم بابە گیان تاکو قیامەت جێگەزامی تۆ ئەبێ بکولێتەوە ڕەنگە مردن بیبڕێ ئالام و ژانم بابە گیان ئەحمەدە ئەم ناڵە ناڵەی، گشتی هەر بۆ ئەحمەدە لێم کشا ئەم ئەستێرەیی ڕووی ئاسمانم بابە گیان ++++++++++++++++++++++