شاعیر: ئەخۆل کتێب: دیوانی ئەخۆل سەرناو: بۆ دوو گوڵ وێڵ و سەرگەردانی دولبەر شێت و شەیدایی سەمەن ماڵ و سەر قوربانی دولبەر گیان بە فیدایی سەمەن گەر نەکەن باوەڕ بە دولبەر سوێند بەوی تریان ئەخۆم سا بە حەقی ئایینەیی سەر کوڵم و گۆنایی سەمەن ڕەش بووە جەرگم بە وێنەی خاڵەی دولبەر تەواو پێچ ئەخۆم وەک حەڵقەیی کاکۆڵی تاتایی سەمەن کوشتمی دولبەر بە داخ و بۆ ئەوەی بژیێمەوە یەک نەزەر بەسمە لە لوتفی وەک مەسیحایی سەمەن پەرچەمی دولبەر ڕەشە بۆیە جیهان نیوەی شەوە ڕۆژە وەختێکیش کە دەرکەوت ڕوویی زیبایی سەمەن با لە تاو دولبەر زەلیل بێ دیدەکەم هەڵ دێتەوە گەر وەکوو تەرسا پەنا بەرمە کڵیسایی سەمەن جەژنە وا دولبەر سبەینێ ئەمکەنە قوربانی تۆ گەر خودا نەمخاتە بەر نووری تەجەللایی سەمەن بولبولی دڵ چۆن تەوانای شیوەنی دوو گوڵ ئەکا گاه گاهێ شینی دوڵبەر گاه وا وەیلایی سەمەن وا بە سەوداوە ئەناڵم چەرخی گەردوون ڕەحمەتێ یا ویسال و ماچی دولبەر یا شەکیبایی سەمەن ++++++++++++++++++++++