شاعیر: ئەخۆل کتێب: دیوانی ئەخۆل سەرناو: مناڵ بووم بیرمە مێژووی کوردستان سەبارەت: شۆڕشی ساڵی ١٩٥٨ مناڵ بووم بیرمە مێژووی کوردستان وەک سەرگوزشتە وەکوو داستان لە بیرمە چلۆن بوو بە وێرانە بە گوللە و تۆپ و بۆمبای بێگانە لە بیرمە چەن لاو، چەن قارەمانان کران بە دارا و خرانە زیندان بە چەند هەزاران کۆرپەی نازاران لە ژن و پیاو... لە پیر و لە جوان ئەمانە هەمووی زۆری تر تێکڕا بوونە خۆراکیی برسێتی بۆمبا بە هۆی جەنگەوە کردەی زەمانە کەوتە ژێر دەستی پیسی بێگانە *** ئەمڕۆ پاش دەنگی «الله اکبر» گوێم لە دەنگێ بوو وەکو شێری نەڕ ئەینەڕان پڕ دەم پڕ هەموو دنیا پڕ بە ئاسمان و پڕ هەموو دنیا دەنگێک پڕ نەعرە و بانگی ئازادی ئەزرنگایەوە وادی بە وادی ئەیوت: ئەی گەدا دیل و سەرگەردان ڕاپەڕن لە خەو خەوی چەن ساڵان وەرنە ژێر سایەی داری ئازادی پاش ساڵەهای ژین بە نامرادی ++++++++++++++++++++++