شاعیر: ئەخۆل کتێب: دیوانی ئەخۆل سەرناو: کە واوەیلا بە دووری لەیلا لە دوجەیلا نەکەم چ بکەم سەبارەت: پێنج خشتەکی لەسەر غەزەڵێکی مەحوی کە واوەیلا بە دووری لەیلا لە دوجەیلا نەکەم چ بکەم بە ئەشکی دیدە لێشاوی خەمم بەربا نەکەم چ بکەم لە مەیخانەی ژیانا مەی بەسەر مەیدا نەکەم چ بکەم «بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم چ بکەم بە شەمعێکی وەها چارەی شەوێکی وا نەکەم چ بکەم» لە تیشکی ڕوومەتی جوانی ئەڵێی ڕووناکیی لالایە لە تاسەی بۆنی سەرسینەی ئەڵێی میسکی بوخارایە لە بەرزی و شۆخی و شەنگی قەد و ئەو بەژن و باڵایە «لە خەزنەی دڵی مەدا هەرچی هەیە هەر داخی سەودایە دەسا ئەم نەقدە دەردی عەشقی پێ سەودا نەکەم چ بکەم» براگەل خۆ موسوڵمانم گەلێ جارم نەکرد هاوار لە باخی جوانیا تازەگوڵێکە بۆ منی دڵزار لە دەستی دوور مەکەن توخوا، نەکەن زینهار هەزار زینهار «لەگەڵ دەستی مەلا ڕێ ناکەوێ زنناری زوڵفی یار وەکوو شێخ ئیختیاری مەزهەبی تەرسا نەکەم چ بکەم» ڕەقیبم هەر وەکوو جادوو تەنی سیحری لەسەر ڕێما بەڵام بێسوود بوو هەر چەندە هەمووم شێلا لەژێر پێما لە خۆی پاڕامەوە ئینجا لەوانەی دەوری هەر کێ ما «لە ڕێی ئەو شۆخەدا خۆم کردە خاک و پێی نەنا پێما دەسا خاکی هەموو عالەم بەسەر خۆما نەکەم چ بکەم» منی ئاوارە لەم شارە ژیانم ئێشە یا نۆشە سەراسیمەم چە قەوماوە ئەبینم گشتی ڕەشپۆشە ئەوی ئەیبینی بێدەنگە ئەڵێی مەستوورە بێهۆشە «دەمێکە شاری پڕ شۆری مەحەببەت مات و خامۆشە بە قانونی تەجەننون شۆڕشێ بەرپا نەکەم چ بکەم» ئەڵێی منداڵی ساوایە دڵم: هاواری دولبەریە کزە دووربینەکەی چاوم لەباتی ئەم سەر، ئەو سەریە ئەوەندە فرمێسکی ڕشت دیدەم تەڕای ئاخر و ئۆخریە «لە چاوا نم نەما بۆ گریە نۆبەیی سوجدە بەردەریە سیا ساڵم نەبارە، نوێژی ئیستیسقا نەکەم چ بکەم» جەماڵت زوڵمەتە بۆ من دەڵێ بۆ خەلقی وەک شەمعە ژیانی پڕ لە ئالامم گەهێ ترسە و گەهێ دەمعە ئەوی من خۆم بە خۆمم کرد لەڕێی تۆدا هەزار نەوعە «لەسەر تۆم دوژمنە دنیا قەزییەم مانِعُ الجَمعە کە تەرکی تۆ نەکەم تەرکی هەموو عالەم نەکەم چی بکەم» بەسە ئەی نەفسی ئەممارە بەسە بەس شێت و بەدخوو بە ئەوی دووڕوو ڕیاکارە ئەوە ئەمڕۆیە مەحبووبە بە هیچ ناچێ لەناو عاما لە عیلما وەک ئەرەستوو بە «بەجێ ماوم لە یاران نابەجێ ماوم ئەجەل زوو بە بە مردن لەم قسووری ژینە ئیستیعفا نەکەم چی بکەم» ئەگەر چی چوو بە با عومرم لە ڕێزەی عاشقا مەحوی بەڵام داوێنی بەر نادەم هەتا دارُالبَقا مەحوی «ئەوا لەیلا بە ڕۆژی حەشر ئەدا وادەی لیقا مەحوی هەتا قامی قیامەت ئاه و واوەیلا نەکەم چی بکەم» بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم، چ بکەم! بە شەمعێکی وەها چاری شەوێکی وا نەکەم، چ بکەم! لە خەزنەی دڵمدا هەرچی هەیە، هەر داغی سەودایە دەسا ئەم نەقدە دەردی عیشقی پێ سەودا نەکەم، چ بکەم! لەگەڵ دەستی مەلا ڕێ ناکەوێ زونناری زوڵفی یار وەکوو «شێخ» ئیختیاری مەزهەبی تەرسا نەکەم، چ بکەم! لە ڕێی ئەو شۆخە دا خۆم کردە خاک و پێی نەنا پێما دەسا خاکی هەموو عالەم بە سەر خۆما نەکەم، چ بکەم! دەمێکە شاری پڕشۆری مەحەببەت مات و خامۆشە بە قانوونی تەجەننون شۆڕشێ ئینشا نەکەم، چ بکەم! لە چاوانم نەما بۆ گریە، نۆبەی سەجدە بەر دەریە سیاساڵم نەبارە، نوێژی ئیستیسقا نەکەم، چ بکەم! لە سەر تۆم دوشمنە دنیا، قەزییەم مانع الجمعە کە تەرکی تۆ نەکەم، تەرکی هەموو دنیا نەکەم، چ بکەم! بەجێ ماوم لە یاران، نابەجێ ماوم. ئەجەل، زوو بە! بە مردن لەم قسووری ژینە ئیستیعفا نەکەم، چ بکەم! ئەوا لەیلا بە ڕۆژی حەشر ئەدا وادەی لیقا مەحوی! هەتا قامی قیامەت، ئاه و واوەیلا نەکەم، چ بکەم! «مەحوی» ++++++++++++++++++++++