شاعیر: ئەخۆل کتێب: دیوانی ئەخۆل سەرناو: شیوەنی سەرداری نەمر ئەی دڵ ئەی دەروون وەختی گریانە ئەی چاو جا نۆرەی ئەشک بارانە ئەی کوردی کڵۆڵ گەلی چارەڕەش ئێستاکە دەمی سیا پۆشانە *** بۆ شۆڕەسواری کورد و کوردستان بۆ قارەمانی بەردە قارەمان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دیارە هەڵمەت و تاوی وەک نەڕەشێران *** ئای چۆن کوردستان بە کۆچت سەردار بێکەس مایەوە لەدەس ڕۆژگار ئاڵای پێچاوەی گەلی بێچارەت نەک لە نیوەی دار، کەوتۆتە بن دار *** لەناو چیاکان لە چۆڵ و لە دەر لە خوار و لە ژوور لەمسەر و لەوسەر ئەزرنگێتەوە هەتا هەتایە دەنگی نەعرەتەت «الله اکبر» *** خۆت و لاوانی نەترس لە مردن ئەو هێرشانەی بردتە سەر دوژمن هەر هەڵمەت دان و هەر کۆڵنەدان بو تا ڕەگ و ڕیشەی دەرهێنرا لەبن *** ئەی نەوەی پاکی ئەحمەدی کاکی ئەی پاڵەوانی چوست و چالاکی کردەوەی بەرز و جەنگاوەریی تۆ بوو بە مەشخەڵێک بۆ ڕێی ڕووناکی ++++++++++++++++++++++