شاعیر: ئەخۆل کتێب: دیوانی ئەخۆل سەرناو: ئەگەر نازانی بیزانە ئەگەر نازانی بیزانە کە وا من شێت و شەیداتم ئەسیری پەرچەمی خاو و برۆت و بەژن و باڵاتم بە نەوعێک عاشقی ڕووتم شەو و ڕۆژ وام لە بیابانا لە خانە و لانە بێزارم عەوداڵی خاڵی گۆناتم ئەگەر باوەڕ دەکەی گیانە لەگەڵ هاڕووت و ماڕووتا لەسەر چاهی زنەخدانت جە شیدەی زەهری زەهراتم بە شەمعی ڕوومەتت قەستەم هەناسەم شاهیدی عەدڵە کە من مەفتوونی دووچاو نێرگسینی مەستی شەهلاتم لە فنجان و شەراب و مەی لە ساقی و بەزم و ڕەزمم چی! لە مەیخانەی مەحەبەتدا کە وا من مەستی سەهباتم دڵم مەشکێنە دڵزارم لەبەر ئەو قاپیەت کەوتووم بە عەبدیشم قبووڵ ناکەی... سەگی ئێشکچی دەرگاتم ئەپرسی گەر لە ئەحواڵم، چە حاڵێکم هەیە بۆ تۆ؟ بە حەلقەی زوڵفەکەت قەستەم وەکوو گیسویی تاتاتم هەتا ماوم لە دنیادا وەکوو دێوانە وێڵی تۆم کە تۆ وەک شەمعی دەوران و منیش پەروانەئاساتم ++++++++++++++++++++++