شاعیر: ئەخۆل کتێب: دیوانی ئەخۆل سەرناو: دیم پاچ لێ ئەدا کابرای کرێکار دیم پاچ لێ ئەدا کابرای کرێکار لە جێیەک دایک و سێ کورپەی نازدار لە برسا مردوو خۆم دیم کە نێژران ئێستاش بۆ پایەی هەیوان و تەلار *** خوایە لە نەبوو بۆ هێناتمە بوون وەکوو هێنامت بۆ کردمت زەبوون ئەی بە زەبوونی مانم تا سەر بۆ؟ بۆ نامبەیتەوە ئارامگای نەبوون؟ *** ساقی مەوەستە زوو زوو بۆم بێنە بۆ جام و دوو جام دڵم مەشکێنە هەتا ئەتوانی نەختێ خێراتر ڕیشەی هۆشیاریم لەبن دەربێنە *** ساقی بۆم تێکە و بۆم تێکەرەوە ژەنگ و خەمی دڵ بتوێنەرەوە تروسکەی ڕاستی بخە چاوانم دەماغی مردووم زیندوو کەرەوە *** ساقی بە دەوری سەرتا خولەم بێت هێندەم بۆ تێکە بکەومە بەر پێت تۆ لە ئالامی دنیام بەدەرکە... ؟ با هەر بڵێن ئەخۆل شێتە شێت *** زۆر وردبوومەوە بیرم کرد زیاتر نەمدی لە دنیا جێگا وێرانتر لە مەزادخانەی چەرخی چەپگەردا نەمبینی لە مەرگ شتێک هەرزانتر ++++++++++++++++++++++