شاعیر: ئەخۆل کتێب: دیوانی ئەخۆل سەرناو: نامەیەک بۆ شێردڵ سەبارەت: شێردڵ برامە، ناوی نووری ئەحمەدی تەهایە، کاتێک کە لە بەندیخانە بوو ئەمەم بۆ وتووە برای شیرینی گیانی بە گیانیم سەرمایەی ژین و هۆی کامەرانیم تاسەی دووریتم هێندە لا سەختە گەیانیە پیری تەمەنی جوانیم *** ئەزانی چلۆن پەشێوم بۆ تۆ؟ هەروا بەرەڵا لەم شار و لەو کۆ بنوم، دانیشم، بگریم، پێکەنم یادم شەو و ڕۆژ هەر تۆیت و هەر تۆ *** سەرابی دووری تۆم هێندە دیوە لێڵایی پەردەی چاومی تەنیوە ئای چەندە دووری دیدارەکەی تۆم چۆن دڵ لە شادی و خۆشی هەتیوە *** بێ تۆ لە باخا لەناو گوڵزارا لەناو چیمەن و، لە لالەزارا پووش و پەڵاشە هەر دڕک و داڵە لە دڵی تەنگی منی هەژارا *** بە بیر و هۆشا نەدەهات هەرگیز بەهاری ژینم بگاتە پایز ئەزانی گەردوون چی بەسەر هێنام دان کەل، موو سپی، گوێ گران، چاو کز *** کام بەردی فەلەک قورس و گرانە چە نەشتەرێکی تیژ و بەژانە دای بەسەرمدا کردی بە دڵما گرفتاری تۆ لە بەندیخانە *** بەڵام برا گیان نەکەی دڵتەنگ بی لە بانگی ڕاستی کپ و بێ دەنگ بی هەر وەک شێردڵ بووی شێرانە بژی لە زیندانا بی لە کۆڕی جەنگ بی *** تۆ لە زیندانا لە ڕێی وەتەنا من لەژێر کۆت و بەندی میحەنا هەر دوو وەک بولبول هیوامان یەکە لەش لە قەفەز و، دڵ لە چەمەنا *** من لەگەڵ تۆم و تۆش لەگەڵ منا تەوقی ئەسارەت وا لە گەردنا پشت بە خوا ڕۆژێک هەر ئەبێ بشکێ ئەو تەوق و کۆتە لەسەر دوژمنا ++++++++++++++++++++++