شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: ئەوەی هەقبێژە قەولی ترش و تاڵە ئەوەی هەقبێژە قەولی ترش و تاڵە ئەمن هەرچی ئەڵێم ئەیکەن بە گاڵە خەیاڵی ژێری لێفەی شەو بەتاڵە هەتا ڕەنجێ نەدەی گەنجێ مەحاڵە *** بە ئوممێدی دوعا تۆ دامەنێشە هەناسەی ڕزق و ڕۆزی هەڵمەکێشە ئەگەر مەردی وەکوو شێرانی بێشە شکارت هەوڵە گەر بیکەی بە پێشە *** ئەگەر سەروەت بە هاوار و دوعا بێ گەدای سەر جادە هەڵدەگرێ کە شا بێ بە یەک هەفتە لە دەرد و خەم ڕەها بێ نەوەک تا ماوە هەروا بێنەوا بێ *** تەماشای دەسی حاجی کردنی تۆ گەلێ چاترە لەمانە مردنی تۆ لە گۆشتی ڕانی خۆت برژێنە بیخۆ تەمەڵ لێی دامەنیشە دەستەوئەژنۆ *** بە منداڵی لەبۆ حاجی نەباری وەکوو تۆ خاو نەبوو ئێسک و دەماری بە ڕەنجی شانی خۆی بوو کەسب و کاری بە هیوای کەس نەبوو بۆ کۆڵ و باری *** چ مانێک و ژیانێکە هەتا سەر لەبۆ دەسمایە ڕیش و پرچ و مێزەر ئەسەف بۆ تۆ ئەگەر مەردی و هونەروەر نەڕێژی چینی عارەق عەینی گەوهەر *** تەماعی دەوڵەمەند و خێر و ئیحسان خودا دایناوە بۆ ئینسانی نوقسان ئەمانە گەر نەبێ ئەمرێ لە برسان حەرامە بۆ کەسێکی ساخ و ملپان *** هەتا گەنجی بەکار و خۆخحڵ بە لەگەڵ ئەهلی وەتەن یەک ڕۆح و دڵ بە بە ئەخلاق و تەبیعەت خاک و گڵ بە بە شەوق و میهرەبانی ڕەنگی گوڵ بە *** دەروونم کەیل و پڕ دەردی زەمانە نەبوونی زاڵمێکی بێ ئەمانە سەعی کردن لە قورئانا بەیانە بە کفری تێئەگا هەر کەس نەزانە *** برا بۆ تۆمە من عاجز نەبی لێم مەڵێ خراپە هەرچی کە من ئەیڵێم بە پشکۆی جاهیلی سووتاوە ژێر پێم نەخۆشێکی پەرێشانم لەسەر جێم *** ئەتۆ موفتی ئەگەر ئاوازە خۆشی لەبۆ خۆت بگری تا ئەمری نەخۆشی بە داخی خەڵکەوە بۆچ وا بە جۆشی مەتاعی چاکە هەڵبەت ئەیفرۆشی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئافەرین پارە کە وا دایم شەرەف پەیدا ئەکا ئافەرین پارە کە وا دایم شەرەف پەیدا ئەکا ناحەز و دوژمن وەکوو خەرمانی کا بەربا ئەکا کۆمەڵی خوێش و برا، یەکسەر لە یەک تانا ئەکا وا ئەزانم دین لە یەزدانیش مەردانە سەودا ئەکا حوکم و فەرمانیش بەسەر ئەم خەڵکەدا وەک شا ئەکا هەر کەسێ پارەی ببێ ماقووڵ و خاوەن حورمەتە ناوەجاخیش بووبێ ئێستە ڕەددی ئەمری زەحمەتە ڕوو لە هەر شوێنێ بکا وێری بە چایی و شەربەتە چش لەوەی خواردەستیەتی بۆ نانێ جەرگی لەتلەتە پارە هێزێکە کە سەد گەلحۆی تەمەڵ وریا ئەکا پارە سڕپۆش و عەیبداپۆش و لێفە و کورسییە پارە حەڵقەی گەردنی لات و هەژار و برسییە باخەڵت پڕ بێ سیلاحی چابووکی و بێ ترسییە گەر بەتەنیا ڕوو لە ماڵێک کا لەجێی بیست و سییە بۆ کەوش هەڵگرتنی سەد کەس بەجارێ ڕائەکا هەر کەسێ پارەی نەبێ سەد عیلمی بێ دەرناکەوێ هەر کەسێ پارەی نەبێ کار و قسەی سەر ناکەوێ بۆ شکاتیش گەر بچێ بێ پارە جێی بەر ناکەوێ پارەداریش هەر لەناوا ئیش ئەکا دەر ناکەوێ پارە پیاوی ترسنۆکیش بێ درۆ و وریا ئەکا بۆ سوپاسی پارە سەد دەفتەر بنووسم هەر کەمە پارە ئەسبابی کەشیدە و حەجج و ئاوی زەمزەمە پارە ئەسبابی نەمانی فیتنە و بەزم و خەمە پارە بۆ دەردی دڵ و ئازاری دنیا مەرهەمە پارە قەڵغانێکە ڕێبەستی هەرا و هوریا ئەکا پارە تاریکی شەوی هەور و هەڵا ڕووناک ئەکا پارە پیاوی ترسنۆک و بێ ورە بێباک ئەکا پارە پیری کەوتە و خوێن تیانەماو چالاک ئەکا پارە پیاوی هەرزە گۆ و نالەباریش چاک ئەکا فەیلەسووفێک بێتە مەیدانی لە دەستی ڕائەکا موفتی گەر هۆشت ببێ دەرمانی دەردت پارەیە شێر بە گوێ بگرێ کەسێ بێ پارە بێ، پەتیارەیە پیاوی بێ پارە هەمیشە سەرکز و بێچارەیە هەرچی داماویی نەدیبێ غافڵی ئەم کارەیە پارە هەرچەند شا نییە زۆر کردەوەی وەک شا ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەیکە بە ئەسبابی ژین جببە و ڕیش و عەبا مەیکە بە ئەسبابی ژین، جببە و ڕیش و عەبا مەیکە بە دەسمایە تۆ سوننەتی وەختی زوحا نوێژ و عیبادەت ئەگەر کەسبی لەگەڵ تێ نەخەی قەڵبە زەڕ و زیوی تۆ ناچێ لە قاپی خوا نوێژ و عیباداتی تۆ کوفرە نەوەک مەعسیەت بێتە حوزووری خوا نەک بە یەقین بۆ ڕیا قاچ و دەس و چاوی ساخ، گەر بەشەری بیخە کار مننەتی عالەم بە هیچ، هەر لە وەزیر تا بە شا نێری بە شێری بژی خۆت مەکە ڕێوی بە زۆر ڕوومەکە دەرگای هەموو بەگلەر و شاه و گەدا ئێستە وەلی نیعمەتی تۆیە ژنی نیوەڕیس بێنە نەزەر بیستنی قەترەیە شەرم و حەیا غیرەتی ژن بێنە سەر هەڵمەتی کارێ بدە هەر وەکوو کوێر --- ڕامەکشێ لابەلا بۆ تەمەڵی کوردەکان یەک لە یەکی چاترن خەو لە هەموو کەس ئەخەن تەکیە لەگەڵ خانەقا دەف کە تەوافی ئەکەن فەرقی لەگەڵ دمڵەکا پانە ئەم و ئەو خڕە هەر دوو یەکن بۆ سەدا گەرچی شوکور ئێستە وا تازە ئوسووڵێ هەیە دمڵەک و دەف لابرا تەپڵە لەجێی هەردوو لا ئەو کەسە ڕووسوورە وا خزمەتی قەومی ئەکا خوێنی لەسەر خاکی خۆی ڕژت و بە غیرەت کوژرا شیعر و مەقالاتی من کوفرە لەلای بێ خەبەر بۆیە مودەعین بە من تاقمێ شێخ و مەلا کەی لە دڵت موفتیا هەر وەکوو بەحری موحیت قەترەیێ لەم بەحرە بوو ئێستا لە دنیا ڕژا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە شەو هەر خۆفناکم تا بەیانی بە شەو هەر خۆفناکم تا بەیانی لە ترسی شەولەبان و خێوی کانی خسووسەن ئایشێ گوێدرێژیش بەسامە بە ڕۆژیش واهیمەی دایم لەلامە جنۆکەی غەیرە ئیسلامی شکڵ پیس کە نەوعێکن لە نوتفەی پیسی ئیبلیس بە شەو سوارم ئەبن تا حاڵی جاوم بە دڵ وریام کەچی هەڵنایە چاوم کەمێ داخی شەوەیشم وا لە دڵدا کە چەند ئەولادی کوشت و وا لە گڵدا کە ناوی گورگەهارەم لێ ئەبەن من ئەلەرزم ڕوو ئەکەم بۆ حاڵی مردن بە منداڵی کە وەختێ من ئەگریام بە بۆرە و بازە بیخۆ ژیر ئەکریام هەزاران سووڕەتی ئەنواع و ئەشکاڵ بە خەو ئەمدی لە ژێرخان و لە ناوماڵ پشیلە دەستەمۆکەی ماڵەکەی خۆم ئەوا لێم بۆتە دێو و چۆتە ئەستۆم بە نینۆکی قولاپی دێتە گیانم لە دەستم دەرئەهێنێ گۆشت و نانم لەبەر ئەم ترسە ناوێرم کە جارێ بەسەریا دەم بە بەردێ یا بە دارێ گرفتارن هەموو ئەولادی کوردی لە پیری کۆنە ساڵ تاکوو بە وردی لەژێر باری خەرافاتا ئەسیرن زەلیلی دەستی شێخ و پرچ و پیرن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە غەفڵەت تێپەڕی عومرم لە پەنجا بە غەفڵەت تێپەڕی عومرم لە پەنجا سپی بوو ڕیش و سەر یەکسەر لە ڕەنجا ستارەی بەختی من جێما لە بورجا ئیدارەی ماڵ و منداڵم نەگونجا *** لە وەختی گەنجی و عومری شەبابم لە حەربی «عەمر و زەید»دا بووم جەنابم بەلاش و مفتە بوو نان و کەبابم خەیاڵم وا ئەچوو هاوشانی شا بم *** کە وەختێ جووتە فەقیانەی کەتانم ئەخستە سەر مل و سەر باسک و شانم لەلای خۆم وام ئەزانی بێچوە خانم وەیا خۆ واریسی قەومی بابانم *** ئەڕۆیشتم بەسەر ئەرزا بە عینوان نەبوو شەخسێکی ساحێب ڕەحم و ویژدان نیشانم دا تەریقی ژینی ئینسان کە نانێ بێتە دەستم سەهل و ئاسان *** ئەوا ئێستا کە دانیشتووم خەفەتبار دڕا فەقیانەکەم قەومینە هاوار کوڕ و کچ کۆمەڵێ لێم بوون بە سەربار بەبێ ئیش و بەبێ سنعەت بەبێ کار *** کە خۆم بەم نەوعە وا تووشی بەڵا بووم بە داخ و دەردی دنیا موبتەلا بووم زەلیلی مەوعیزەی شێخ و مەلا بووم کە موحتاجی دەستی حاجی و قەلا بووم *** کە وا بوو بۆ هەموو ئەولادەکانم نەبەستم چاکە تا ماوم زبانم ئەکەم بەحسی زەلیلیم و ژیانم فکریان با نەچێ داد و فیغانم *** ئەوانیش با نەبن وەک من گرفتار نەکێشن ئاهی ساردی پڕ لە هاوار تەمەڵ با دانەنیشن مات و خەمبار نەبن موحتاجی دەستی یار و ئەغیار *** دڵ و گوێ شل نەکەن بۆ وەعزی بێ جێ هەتا مردن خجڵ بن با بە ڕەنجێ بەبێ ڕەنج و ئارەق نابێ بڕەنجێ لە فلسێ تا ڕیاڵێ تا بە گەنجێ *** کە من زیندووم و موحتاجم بە خۆراک لە هاوین و لە زستانا بە پۆشاک چلۆن هەر دابنیشم مەست و بێباک هەتا نەمرم لەبەرچی بچمە ژێر خاک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی سەر بەسە تاکەی لە سەرت ماوە جەهالەت ئەی سەر بەسە تاکەی لە سەرت ماوە جەهالەت چاو هەڵبڕە نەختێ بە سەد ئەحواڵی قەباحەت حەیوانی ئەگەر جێ لەوەڕی خۆش و مورادە یا گەر بەشەری بێرە سەفی عیلم و دیرایەت کەی کوفرە ئەگەر فێری بی سنعەت و حیکمەت کەی مەنعە لە تۆ هەر دوو بە ئاسار و بە ئایەت دەس هەڵئەبڕی دەفعی نەبووتی بە دوعا کەی ئاسانە ببارێ بە دوعا نەبووە بە عادەت بایع نییە خالق کە ڕزق بەیع و شیراکا نایدا بە کەسێ دەنکە برنجێ بە عیبادەت وەک نانی دزی حیزییە ژینێ بەم و بەو بێ هەر چەندە کە بنوێنێ دووسەد کەشف و کەرامەت تەعقیبی غەرەز ناکەم و دوژمن بە کەسێ نیم نادانە نەقیزە ئەوی دانایە ئیشارەت چاکتر لە دووسەد خەڵوەکەشی تەکیەیە مەعلوم یەک لوقمە بە دەس بێنێ بە ڕەنج و بە کەسابەت چەند ساڵە ئەتۆ باسی ئەکەی سووڕەتی دەججال مەدحی کەرەکەی نایەتە تەحریر و کتابەت تەرسی وەکوو باسی ئەکەی هەر وەکوو خورما قابیل بە هەموو مەجلیسە پڕ زەوق و حەلاوەت ئەوسافی گەلێ زۆرە فەراغەت نییە بۆ من پیاوێکی ئەوێ فارغ و بێکار و بەتاقەت دەشتێکی ئەوێ ڕۆژی حەشر کاکە لە شاما سەیرانە لەبۆ بێ غەمی مەیدانیی قیامەت چەند وەختە کە ئەم ڕەنجە لەگەڵ ئەم کەرە ئەیدەن کام کافری هێناوەتە سەر دینی هیدایەت واعیز غەزەلم تۆ بی خوا کامی درۆیە بەس بم کە بەجێی تەعنە و تەحقیر و مەلامەت موفتی سەبەبی خزمەتە بێ حورمەتە دایم بیخاتە دەس کێ بە هەوەس داد و شکایەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەوی غەفڵەت شکور لاچوو لە سەرما خەوی غەفڵەت شکور لاچوو لە سەرما کەوای جەهلم دڕی یەکسەر لە بەرما دڵم وا گەرمە سووتاوم لە گەرما ڕەفیقی من گەلێ مردوون لە سەرما *** نە فکری نان و بەرگی من گرانە نە دێو سووتاندنم ڕێگەی ژیانە نە ئوممێدی دڵم دوعای بەیانە ژیانی من بە ڕەنجی باڵ و شانە *** ئەبەد ناگۆڕمەوە بە کەس کتێبێ ئەگەر کۆڵێ ڕیاڵ و فلسی پێ بێ ---- ---- --- ---- ---- --- *** نە ڕێگەی کەشف و عیلمی غەیب ئەزانم نە بەرماڵی ڕیام بەستۆتە شانم ئەڕێژم ئارەق و منەت نەزانم بە زیللەت چاترە مردن لە مانم *** نە چاوم وا لە شۆربای خانەقاوە نە تەرتیباتی تەکیەم وا بە لاوە نە تەزبیح و نە پرچم دان و داوە نە کەشکۆڵ و دەفم بۆ نان و ئاوە *** بە دۆعا نەمدی فلسێ یا قرۆشێ وەیا فەوری لە جێ هەستێ نەخۆشێ وەیا ئیجرای هەقی بێ دڵ بجۆشێ وەیا دەفعی بکا سەورە و خرۆشێ *** لە دنیادا کەسێ ناوی بەشەر بێ ئەبێ پڕ غیرەت و ساحێب هونەر بێ لە خەو بێزار و هۆشیار و خەبەر بێ بژی شێرانە با شاڵی لە بەر بێ *** کڵاشی نازکی قایم لە پێ کە لەگەڵ شاڵی سپی چەن ڕێکوپێکە لەبۆ ئەو ڕەنگە موشتاقم دەمێکە دەسا خالق بەدڵ بۆم جێبەجێ کە *** نە موحتاجن بە بۆیاخ و بە شۆرین موناسب بۆ هەموو دیندار و بێ دین مولائیم بۆ زەماوەند و شەڕ و شین خراپی ئەم جلانە پێم بڵێن چین؟ *** مەکەن مەنعی زبانی لار و لەنگم ئەمەندەم وت ئەوا نووساوە دەنگم لە داخی دەردی دنیا زەردە ڕەنگم ئەڵێی دوورکەوتەیی تریاک و بەنگم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ نەبەردی و چاونەترسی فەوقی سەد ئەڵمانە کورد بۆ نەبەردی و چاونەترسی فەوقی سەد ئەڵمانە کورد بۆ شەڕ و دەعوای حەقیقەت شێری ڕووی مەیدانە کورد بەحسی ئازایی هەتا ساڵێک بنووسم هەر کەمە من ئەزانم چی بنووسم پاکی سەد چەندانە کورد داخەکەم بێ عیلمن و خۆخۆرن و خوێنڕێژی یەک هەر خەریکی تاو و قووچ و کوشتن و تاڵانە کورد خزمەتی خەڵقی بە ڕۆح و سەر هەتا مردن ئەکەن ڕەعیەتێکی بارەبەر، گوێگر، هەموو ملپانە کورد بێ سەر و سەردارن و دوشمن بە ڕۆحی یەکترن بۆیە پەڕپووت و زەلیل و وێڵ و سەرگەردانە کورد ڕادیۆ ئەیخاتە گوێم زەوق و شەوقی نەشیدی عالەمێ عوود و تار و زەوق و شەوقی شیوەن و گریانە کورد بۆ بڕینی دەستی بێچارە و فەقیر وهیچ نەزان چەندە وەستای پرچ و ڕیش و ڕشتنی چاوانە کورد ئەجنەبی ئەمڕۆ لەسەر تەختی هەوا جەولان ئەکا سەنعەتی ماکینەجاتی جەلبیی و زیندانە کورد گەر ئەپرسی باعیسی ئەم جەلب و سەرگەردانییە تەکیە گووڕێژ و گسکچی خانەقای شێخانە کورد یا خەریکی مێزەر و ڕیش و عەبا و جببەیە بێ سەودا و بێ دەنگ بەدایم ئیشی چاونووسانە کورد هیچ نەما یەکسەر کە نەیکەن جەلبیی ئەرز و ئاسمان کەشفی ئەرز و ئاسمانیی زەرگ و دەف لێدانە کورد هەر بە تیفلی فێری سنعەتیان نەکردین پێی بژین تەقنە و سواڵیان نیشان داین بۆیە ماڵوێرانە کورد نوێژ و ڕۆژوو بوو بە کارمان فیکری عیلمی بێ سەمەر بۆیە ئێستەش هەر خەریکی سواڵی ناو کووچانە کورد کاکە با بەس بێ خەیاڵی میللی و فیکری عەبەس هەر سەری ئەمڕۆ ئەبینی گۆی شەقی مەیدانە کورد موفتی گەر ئەقڵت هەبێ هەوڵی ژیانت چاترە سەد ئەوەندەی تر بڵێی هەر دەردی بێ دەرمانە کورد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موژدە بێ بۆ خوێندەوار و تێگەیشتووی لاوی کورد موژدە بێ بۆ خوێندەوار و تێگەیشتووی لاوی کورد ڕادیۆ ئەیخاتە گوێی عالەم ژیان و ناوی کورد گەرچی نایبینێ زەمانێکە سەراسەر چاوی کورد ئێستە ئەدرەوشێ ستارەی چاوی داپێچراوی کورد ڕۆژبەڕۆژ بۆ پێش ئەچێ ئۆخەی شکور هەنگاوی کورد کورد لەژێر باری گرانی خەڵکیدا وا هاتە دەر تاجی ئیستقلال و سەربەستی بە حوڕڕی نایە سەر بەرگی یەکڕەنگی و فیداکاری بەجارێ کردە بەر خۆی وەکوو کوڕ خستە ناو ناوان و ناو ڕیزەی بەشەر هەر براییە دەوا بۆ دەردی هەڵقرچاوی کورد تێپەڕی ئەو چەرخە ناپاکە کە ئەکرا ڕاومان چەند زەمان و چەندە ساڵە کوێر کرابوو ناومان هیچ مەجەللە و هیچ کتێبێ نەیئەنووسی ناومان بەش کرابوو، سێ کوتی بوو موڵک و خاک و ئاومان ---- ---- ---- --- هەر ئەیانپۆشی و ئەیاننۆشی جل و خوێناومان بێ ئەوەش ئامادە بوون بۆ گرتن و بۆ ڕاومان ---- ---- ---- --- ---- ---- ---- --- ---- ---- ---- --- کورد دەمێکە گورز و قەڵغانی ---- سەرە پارچەپارچە و بەشخوراو و بێ سەر و بێ سەروەرە لێی حەرام بوو تیا بژی ئەم خاکە خاوەن گەوهەرە ئێستە سەد شکوری خوا خاوەن تفەنگ و خەنجەرە ئاسنی پێ لەت ئەکا شمشێری تازەساوی کورد پادشای غەیرە لەبۆ شێخ و بەگ و خانی وڵات حییە و پارە و دەمانچەی بۆ ئەناردن بۆ خەڵات میللەتیش پاکی لەژێر پێدا کز و پەڕپووت و مات وردەکانیشی بەجارێ لات و بێ پووڵ و بەرات ---- ---- ---- --- هەر بژی قازی محەممەد هەر بژی کوردی نەبەرد هەر بژی قەومێ کە ناترسێ لە کوشتار و لە دەرد ڕوو ئەکاتە لەشکری دوژمن بە گۆچان و بە بەرد پەشمە لای دیلیی نزار و شاخی بەرز و دەشت و هەرد ڕائەماڵێ پۆلی دوژمن هێرش و لافاوی کورد هەر --- دەوا بۆ جەرگی هەڵقرچاوی کورد فەیلەسووفانی ونی بەحری غەمی خنکاوی کورد ---- ---- ---- --- ---- ---- ---- --- ---- ---- ---- --- ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی فلس ڕۆحی ڕەوانم تۆی پەنا و پشتی هەژار ئەی فلس ڕۆحی ڕەوانم تۆی پەنا و پشتی هەژار دەستگیریی عالەمی مردوویش ئەخەیتە ئیش و کار نەک منی پەڕگەندە وا ئەمڕۆ کە زانیم قەدری تۆ زاهیدیش بۆ تۆیە بیللاهی کە وا ئەخزێتە غار من لە ئەشرافیش ئەپرسم پێم ئەڵێ خاکت بە سەر بێ فلس ناچێ بە فلسێ سەد شەرەف سەد بوونی پار چاکە بمبەخشی لەمەوبەر نەمئەزانی قەدری تۆ ئێستە تۆم ناسی کە خۆم بینی لە هەر کووچە و کەنار چەندە بێ بایەخ لەمەوبەر تۆی هەبوو ناوی نەبوو بۆت حیساب کەم ئێستە ئەشرافن هەتا دووسەد هەزار هێزی تۆ گەر پشتیوان و یارمەتیدەر بێ ئەکا حوکمی میر و بەگلەر و ئاغا لە دێهات و لە شار ئەی فلس لای هەرکەسێ بی هەروەکوو لێفەی خەوی دایئەپۆشی گەر ببێ عەیبی بە خەروار و تەغار ئەی فلس تۆ حیلەشەرعیت خستە ناو مەیدانەوە دەس لە قانوونیش ئەکێشی وەک تریفە جاربەجار گەر بچیتە باخەڵ و گیرفانی تێر سەیرت بکا ڕاست و ڕێکوپێکە پیرێکی قەدیمی چەوت و لار گەر نەبی لای گەنجی تازەی پێگەیشتوو بێ گومان وەک فەنەر ئەشکێتە یەکسەد قامەتی هەروەک چنار ڕادیۆ و ئاو و گڵۆپ و باخی حەوشت پێ ئەکەن ڕاستە هاوینیش ئەگۆڕی سەوز و فێنک وەک بەهار هەر کەسێ تۆی بێ نەجیب و خانەدانی پێ ئەڵێن وەک ئەرەستۆ تۆی دەوابەخشی نەخۆش و شێت و هار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دینارە کە وا ئەهلی جیهان ئەیخەنە سەر سەر دینارە کە وا ئەهلی جیهان ئەیخەنە سەر سەر دینارە ئەکا سەد کەسی بێکەس بە هونەروەر بێ فلسە کە وا موفلیسی ناو مەجلیسی عامە ناوی لە هەموو لایە ونە نایەتە دەفتەر ڕێوی لە ئاقار نێچیری کە وا شێرە هەمیشە شێرێکی گەدا ڕێوییە بێ قەدر و موحەققەر شوعلەی گەرمی ڕەونەقی ڕۆژە لە تلووعا یەکجاری ئەشارێتەوە شەوقی مەه و ئەختەر لای جانەوەر و نەوعی بەشەر خۆشە زڕەی زەڕ بەو زڕڕەیە کەر دێتە تەرەننوم کە بڵێی زەڕ ئەیکا بە قەفی چینی فەنەر باری نەبوونی سەد قامەتی مەوزوونی جوانی وەکوو عەرعەر گەر واریسی شاهانی بەبێ زەڕ نییە قەدرت داماوە هەتا ماوە بەبێ ڕەونەق و جەوهەر سەرپاکی قسەی پڕ و پووچێکە فەقیریی بڕژێ لە دەمی نوتق و کەلامی وەکوو گەوهەر تاجر بە چەو و ساحەبی پارە و درەمی زێو نابینی کە گیرا بێ بە ئیجباری بە عەسکەر هەقبێژم و دڵ ناکەمە ئەنباری غەمی کەس زانیومە ئەکوژرێم کە بە قورشوونی لیوەر سەودای دڵم بێت و لە دڵما نەبێ ساتێ نایدەم جگەرە و قووتوەکەیی خۆم بە سکەندەر لاکین بە خودا پارەکە کرمێکە لە سەردا نایاتە دەرێ تا دەگەیە ساحەیی مەحشەر سڕڕێکە خودا داویە ئەگەر ساحێبی پارە نەشبەخشێ هەموو خەڵکی لە شوێنە وەکوو لەشکەر گەر قووەتی پارە نەبوایە بە چ قووەت گەردنکەچی ڕێبوار ئەبوون تاریەر و ئەزمەر موفتی چییە وا عاشقی شەیدای بە زەڕ و زێڕ سەد زاهیدی تینوو نییە وا عاشقی گەوهەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پڕیەتی سندووقی دڵ دایم هەتا دووسەد هەزار پڕیەتی سندووقی دڵ دایم هەتا دووسەد هەزار گەوهەری پڕقیمەتی ئەشعاری شۆخی خۆش شعار سەرفی ناکەم من لە بازاڕی پڕوپووچا بە هیچ یەعنی زوڵف و پەرچەم و خاڵ و خەتی ڕووی گوڵعوزار ڕوو لە بەحری فکری ڕووناکم بە تەشبیهاتی چاک ڕوو بە ڕۆژ... موو بە قەید و تاری زوڵفی لەیلی یار سووڕەتی مەیخانەکەم چاوی پیاڵەی مەی، مەزەی ترش و شیرینی قسەی لێوی کە ئەڕژێنێ بە بار ڕوومەتی دانێم بە باخ و پرچی پەرژین چین بە چین هەردوو چاوم پاسەوانی بێ بەشە و نەگرێ قەرار با قەدی دانێم بە موویەک نەک بە موو یەک نیوە موو مەمکی نارنج و لیمۆ یا هەر بڵێم جووتێ هەنار خۆم بە کەو کەم یا بە کۆتر بۆ نەچیری چاوەکەی هەر وەکوو شابازی قاتڵ بێتە سەر دڵ بۆ شکار خاڵی با دانێم بە دانە و موو بە داوی مورغی دڵ چینی ئەگریجەی بە دووپشک و قەفی زوڵفی بە مار نوقتەیەک دانێم لە جێی دەم چاو نەزانێ چی ئەکەم قامەتی دانێم بە عەرعەر یا بە سەروی جۆیبار دین و ئیمانی بکا پێشکەش سەری دانێ لە ڕێی زاهیدی سەد ساڵە عومرێکی کە عابید بێ لە غار نییەتی پێ دێ بە ڕۆژوو بێت و برۆی گەر دەرکەوێ چاوی مەستی پڕ لە غەمزەی نێرگسی فەسڵی بەهار شێخ و سۆفی گەر بە عیشوە و جیلوەیێ بێنن یەقین لا دەبەن مێزەر بە مەستی دێنە بەزمی عوود و تار شاعیران یەکسەر لە عەشقا چوونە مەیدانی فەنا حەببەیەک نەمدی بەدەس بێنن لە مەزرووعاتی یار یا بە سوورمەی چاوی نابینا و یا ئەکسیر ئەکەن گەر لە خاکی ژێری کەوشی بێتە دەر تۆزی غوبار موختەسەر ئەشعاری سەعدی هەر یەکی شارێ ئەژی حاجی قادر فکری تیژی بوو بە وێنەی زولفەقار موفتی بەم تەرتیبە گەر بارێ غەزەل کۆکەیتەوە کەس بە فلسێ نایەوێ بیبەیتە ناو بازاڕ و شار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ مەعرووف جیاوک سوپاسی خوا ئەکەین و شوکری عیززەت کچی پێنجوێن بە مەکتەب گەییە عیززەت هەناری کچم و لیمۆ وا بە زستان ئەوا بەم موژدەیە گیان هاتە بەریان بە ڕاستی ڕۆحی خستە شاری پێنجوین کچانمان بانگ ئەکەن وا ئێستە زیندووین لە نووری ڕۆژەوە مانگ شوعلەدارە جیاوک خۆش بێ عیززەت وا بە کارە خودای گەورە ئەمانە هەر بمێنن کە وا تۆوی ژیانمان بۆ دەچێنن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە شوکرانەی خوا کەی دەرئەچم من لە شوکرانەی خوا کەی دەرئەچم من کە ئەمساڵیش نەجاتم بوو لە تووتن نزیکی ساڵ و نیوێکی تەواوە بە زنجیری جەفا قاچم جەڕاوە لەلای حەمماڵی تووتن چاو بەرەوژێر ئەمن وەک دێڵەڕێوی ئەو وەکوو شێر پەنا بە خوا کە ئەمدی گەورەکەی ئەو جیهان تاریک ئەبوو لێم هەروەکوو شەو جەخار و دەرد و ناسۆری بە دەفتەر تەواو نابێ لە دنیا تا بە مەحشەر ئەگەر قازانجەکەی دووسەد دینارە لەلای من کاکە هەر وەک ژەهری مارە ئەکەم تۆبەی نەسووحی تا بە مردن نەبم تێکەڵ لەگەڵ ئەربابی تووتن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە عومری پازدە ساڵی تاوەکوو چل لە عومری پازدە ساڵی تاوەکوو چل نەفامی هات و دایپۆشیم بە سەد جل لە دنیا بێ خەبەر بێ هۆش و غافڵ هەتا باری مەعیشەت کەوتە سەر مل *** ئەوا ئێستا بە پیری هۆشیارم بەبێ هێزی خەریکی کەسب و کارم لەبەر منداڵی وردم بێ قەرارم ئەگەرچی جێگە تەعنەی ئەهلی شارم *** وەکوو جۆڵا بە هەر چوار پەل ئەجووڵێم لە تۆزی تووتنا غەرقم هەتا پێم سەر و جامانە چڵکن تاکوو دەرپێم کەچی واعیز بە کوردی جوێن ئەدا پێم *** بەڵی فەرمووی لە مردن تۆ نزیکی بە ڕۆژ و شەو لەبەرچی وا خەریکی لە شەش کەسبا لەگەڵ شەش کەس شەریکی چ ئەقڵێکە لەسەر کام فاک و فیکی *** مەگەر نازانی دنیا بێ بەقایە لەگەڵ گەل دلبەرێکی بێ وەفایە نەتیجەی تێکەڵی جەور و جەفایە نەوەک بۆ تۆ لەئاستی جوملە وایە *** وتم قوربان هەقیقەت قەولی تۆیە ئەوی فەرمووتە بێ کیزب و درۆیە بەڵام منداڵی تۆ تێر نان و دۆیە لە ماڵی ئێمە حەڵوا نانی جۆیە *** بەشەر موحتاجی بەرگ و چێشت و نانە نەفس حوکمی بەسەرمانا ڕەوانە چ تەگبیرێ ئەکەی فەرموو بزانە چییە دەرمانی ئەم دەردی گرانە *** خولاسە گەر قسەی ڕاستی ئەپرسی ئەوی خۆی تێرە ناپرسێ لە برسی مودەڕڕیس تا مەعاشی بۆ نەنووسی لەلای پەشمە هەموو دەرس و درووسی *** منی بێچارە بێ موڵک و پارە کوڕێک و شەش کچ و دووی تر ژمارە لەگەڵ خۆم نۆیە تەعدادی دیارە چییە تەگبیری ئەم کەوتەهەژارە *** ئەفەرمووی ڕازقە خالق تەواوە بەهانەی ڕزق و ڕۆزی دانراوە بە هیوا بی ببارێ فکری خاوە بەبێ زەحمەت بەشەر بێ نان و ئاوە *** جوابی دامەوە واعیز بە ناچار لەڕووی هەق هاتە پێش و کەوتە گفتار وتی ئەی عاجزی خەستەی بریندار زەلیلی قوڕبەسەر دڵ پڕ لە ئازار *** دڵم پڕ بوو لەتاو تۆ کەوتمە گریان لە چاوم ئاو دەبارێ عەینی باران لە حاڵت ماتم و سەرسام و حەیران ئەوا جەرگم سەراسەر بوو بە بریان *** پەشیمانم لە قەولم بێ نیهایەت بەیاناتێ کە تۆ کردت بە ئایەت هەموو وەک دووخە لای ئەهلی درایەت گەلێ مەقبوولە بۆ تەبع و حیکایەت بەسە موفتی گلە و ڕازی زەمانە دەمی خۆت بگرە چیتە لەم قسانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەڕێی مەکتەب سەرم دانێم ڕەوایە لەڕێی مەکتەب سەرم دانێم ڕەوایە لەبۆ دەردی دڵم خاکی شیفایە ئەگەر چی چەند کەسێک لێی ناڕەزایە لەلای من کۆشکی پڕ شەوق و چرایە ئەشۆرێ چڵکی بێ ئەقڵی و جەهالەت بەشەر ناخاتە ناو دەرد و ڕەزاڵەت ئەتۆ ئەی کاکی کوردم پیاوی چابە لە مێشکی خۆت وەرە ئەم بیرە لابە هەتا مناڵەکەت گەنج و شەبابە بە تەحسیل و بە مەکتەب ئاشنا بە *** هەتاکەی چاوەکەم ناپوختە خامی وەکوو شووتی سپی بێ زەوق و تامی ئەگەر تۆ خاوەنی نوتق و کەلامی تەشەببوس بۆ ئەکەی بۆ لای محامی *** لە سایەی مەکتەب و تەحسیلی سنعەت وڵاتی ئەورووپا خۆی کرد بە جەننەت ئەژی بۆ خۆی بەبێ ئازار و میحنەت نەجاتی بوو لە دەس جەور و مەشەققەت بەشەر چی پێ ئەوێ هەمیان لە لایە چ موحتاجی نەقیزە و جووت و گایە خەوی غەفڵەت هەتاکەی چاو هەڵێنە لەژێر باری نەزانی خۆت دەرێنە لەبۆ منداڵەکانت توو بچێنە هەتاکەی تۆ کەوی و خەڵکی شەهێنە *** خەیاڵی خاوە «ڕەببی بۆم بنێری» هەتا زەرعی نەکەی ئاوی نەدێری بە برسی دائەنیشی نەک بە تێری بە نێری تۆ بژی گەر بێچووە شێری *** لە تاقەتما نەما بگرم زمانم جنێوم پێ ئەدەن خەڵکی ئەزانم هەمووی سەڵتە و عەبایە بە شانم نە ئاغام و نە بەگزادە و نە خانم *** کەسێکم عاشقی خاکی وەتەن من هەزار کەس گەر لە من بووبن بە دوژمن نییە باکم لە لێدان و لە کوشتن خەریکی خزمەتم تا وەختی مردن *** قسەی موفتی ئەگەرچی تاڵە ئەمڕۆ ئەگا وەک میوە پاییز تێئەگەی تۆ کە چۆن شیرین ئەبێ پڕ عەتر و پڕ بۆ وەکوو باخێکی پڕ نارنج و لیمۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەرچی لەحزەیەک دەرد و خەم و قەهرم بە با ناکەم ئەگەرچی لەحزەیەک دەرد و خەم و قەهرم بە با ناکەم ئیلاهی زۆر شوکور ئوممێدی نانێ من لە شا ناکەم لە سایەی زەحمەتی قاچ و سەر و شان و دەس و ئەستۆم لەبۆ کەس چاولەبەر نیم و خەیاڵی ڕێی ڕیا ناکەم لەبەر تاڵی زەمانە و شەربەتی ئەشعاری شیرینم هەتا ئەم دوو تەعامەم بێ خەیاڵی شەکر و چا ناکەم بە شاڵی خاکەکەم ڕازیم و ئەیپۆشم هەتا مردن لە فاسۆن و گەبەردین تا ئەبەد سەڵتە و کەوا ناکەم مەلایی و خوێندەواری خوو و ڕەوشتی خۆم و باوامە کەچی من ئارەزووی نان و ژیانی وەک مەلا ناکەم وەها غەرقی مەراقی پڕ جەخاری کاری ناپاکم ئەگەر خۆم بم بە لوقمان سەدیەکی دەردم دەوا ناکەم بە ئوممێدم بە سەربەستی لە حەشریشا نەجاتم بێ لە دنیادا کە هیچکەس تووشی ئازار و بەڵا ناکەم ئەگەر شیعرێ بڵێم و نەشری کەم هیچم لە کەس ناوێ لە فیکرا پەیڕەوی مەرحوومی زاتی شێخ ڕەزا ناکەم ئەگەر موفتی، یەکێ پەیدا نەکەی هاودەرد و هاودینت بڵێ تا هەم شکاتی گەردشی چەرخی لە لا ناکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ تۆیە وەتەن من لە وەتەن توونا کراوم بۆ تۆیە وەتەن من لە وەتەن توونا کراوم دێوانەسیفەت ژینمە بەدناویە ناوم بێ حورمەتی لای خزم و برا ناحەزی واعیز جێداری یەزیدە بە بەدی ناوی زڕاوم من دێتە دڵم بمکوژن و هەر وەکوو مەنسوور بڕوا بە هەدەر خوێنی نەبێ خوێنی ڕژاوم باری خەمی تۆ بوو لەسەرم ئێستە کە وا من وەک چینی فەنەر وایە قەفی پشتی چەماوم شەو تا کوو سەحەر شیوەن و زاریمە هەتاکەی بڕوانە خوڕەی خوێنی گەشی چەشمەیی چاوم قاچ و دەسم ئیفلیجە نەما هێز و تەکانی ئەسپی هونەری هۆش و وتەی توند و بەتاوم بۆ غایەپەرەستی وەرە بنواڕە لە داخت وەک تار و نەی و عوودە کزەی جەرگی بڕاوم قەستەم بە چیا و شاخ و هەموو دەشت و نزارت قەهر و خەمی تۆم نانە لەگەڵ گۆشت و پڵاوم نایدەم بە گشت پارچە قوماشی هەموو دنیا نانێکی بەڕووی تاڵ و لەگەڵ شاڵی دڕاوم جێی بەرد و پلارم لە هەموو لاوە لەسەر تۆ بێ عاری و سەرسەختییە بەم جۆرە کە ماوم موفتی لە قوڕی سوور و ڕەش و شین بەسەرا کە ئەوساکە ئەڵێم خاوەنی سەد تاج و کڵاوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ کۆماری مەهاباد قیبلەکەی ژینم ئەڵێم سابڵاخە من ڕووی تێ ئەکەم حەوزەکەی بۆکانە لای من تازە ئاوی زەمزەمم وا سەری هێنا دەرێ ڕۆژی من و قەومی زەلیل وەک بیابان ڕوونە یەکسەر خاکی تاریک و تەمم بۆ دەوای دەردی دەروون و ئێشی پڕسام و بەسۆم سێبەری شاهی ---- نەجات و مەرهەمم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دنیا لا ئەدەم ئەمجا هەتا هەم ڕێی خوا ئەگرم لە دنیا لا ئەدەم ئەمجا هەتا هەم ڕێی خوا ئەگرم ڕەوشتی سۆفی و دەروێش و تەکیە و خانەقا ئەگرم لەگەڵ ئاغا و بەگ و خاندا هەتا هەم تێکەڵی ناکەم بە دڵ میحرابی مزگەوت و بە دەم شێخ و مەلا ئەگرم ئەبینم من کە عالەم سینەمایە سەیری ساتێکە وەکوو دێوانە ڕێی جوملە کەنار و سووچ و لا ئەگرم ڕەوشتی من لە خاکە خاکی ژێر پێی خەڵک ئەبم دایم وەکوو غەربی لەبەرچی من ئەچم ڕێگەی هەوا ئەگرم ئەگەر بێت و گوناهم کەم بکا بۆ ئاخرم چا بێ چ دەربەستم بە ڕۆژ و شەو ئەلەرزم لەرز و تا ئەگرم ئەڵێن شێوەی موسوڵمانی خەم و دەرد و پەرێشانی کە وا بوو سەد شوکور خۆ من هەزار دەرد و بەڵا ئەگرم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەمەو لا خانەقا ناچم بە مەولا تۆبە ئەشکێنم لەمەو لا خانەقا ناچم بە مەولا تۆبە ئەشکێنم هەقی ئەم کوردە بێچارە لە چاودابەستی ئەستێنم کەوای پەستی و نەزانینم دڕی و یەکدەفعە دامماڵی بە لافاوی خەیاڵاتم نەمامی عیلم ئەڕوێنم لە پیری کۆن و پاشکەوتووی وەکوو خۆم لازمە لا دەم کوڕانی پێگەیشتووی مەکتەبم ئەمجارە ئەدوێنم هەموو فێڵ و قوماربازیت ئەبێ یەکسەر بەیانی کەم ئەگەر سەد دەفعە ماچی کەی قوڕی ژێر کەوش و داوێنم ئەگەر تۆ ئەهلی دینی خوێنی عالەم بۆ ئەکەی نۆشت وەرە سەیری دڵی من کە کە چەندە پاک و خاوێنم لەسەر ئەم پارچە شیعرانە ئەگەر گیراوی مەحبەس بم دەمێکە حازری دار و شەلاخ و ئەزیەت و جوێنم وەکوو ماسی بە سەربەستی غەواسی گێژی بن ئاوم لە بنکی بەحری فیکرا گەوهەری عەنتیکە دەردێنم بە دەستێ چەپڵە لێدەم داخەکەم دەنگ و تەقەی نایە گەلێ کەس وا ئەزانن خەو ئەبینم یان ئەڕاوێنم فلیمی سینەما چەرخە ئەگۆڕێ ڕۆژێ سێسەد جار دە چی بکەم کەس بە گوێم ناکا کە ئاغا نیم و مسکێنم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موددەتێکە من بە مەخفی شیوەن وگریان ئەکەم موددەتێکە من بە مەخفی شیوەن و گریان ئەکەم هەر خەیاڵی خاک و قەومی میللەتی کوردان ئەکەم ڕوو بە سەحرا سەرئەنێم و قوڕ ئەپێوم پڕبەدڵ بێ خەبەر وا تێ ئەگەن من بێ خەمم سەیران ئەکەم ئاوی چەشمەی چاوەکانم وا بە هەوری خەم تەقی شۆخی و یاری بە زۆری بە ئاوەکەی سیروان ئەکەم هێندە غەرقی شینم و خەرقەم بە شینی کردە بەر قیمەتی پیرۆزە بێ شک زووبەزوو هەرزان ئەکەم بۆ کەسێکی عاشقی خاکی وەتەن گەر بێتە لام گەر کەبابی مەڕ نەبێ جەرگ و دڵم بریان ئەکەم من ئەگەر لافی ئەدیبی وا لە سەرما بۆ تەماع کەی برای خاک و وەتەن مەیلی - تیرباران ئەکەم دەوڵەمەندی خێڵی کوردی خێر و قوربانی ئەکەن من کە بێ پارەم سەرم بۆ قەومەکەم قوربان ئەکەم بێت و گەر دەرچم لە خاکا، ڕوو بە گەرما بۆ ئەچم ڕوو لە شاخ و بەردی شۆخی خاکی هەورامان ئەکەم ئەم دڵی خەمناکە چونکە هەر هەوای بەرزی ئەوێ جاربەجارێ یادی سەوزی گەردنی گاڕان ئەکەم داخی داخانم کەلیخانم لە دەست دەرچوو نەما ئێستە وەک جافی لەمەوبەر ئارەزووی کوێستان ئەکەم کۆمەڵی تیپی وەنەوشە و قارچک و ڕێواسەکەی بۆ دەروونی لەتلەتم دەرمانی وەک لوقمان ئەکەم من کە دارمازووم ببێ تا هەژدە بەر بگرێ بە ڕیز تازە بۆ فکری گوڵاڵە و داری هیندستان ئەکەم دەردەکانم بێ سەر و سامانە چاری ناکرێ بەم قسە و باسانە ئەم دەردانە من دەرمان ئەکەم موفتی بۆ ئەم خێڵە یا ئەم خاکە تا ماوی بڵێ قوڕ بە هەر دوو دەست لە تەوقی سەر هەتا دامان ئەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەردانە لە دەس وەحشەت و نادانی هەڵاتم سەبارەت: پێنج خشتەکی موفتی لەسەر شیعری گیوی موکریانی مەردانە لە دەس وەحشەت و نادانی هەڵاتم حاشا لە هەموو نیعمەت و خۆرشت و بەراتم هەستان لە خەوی غەفڵەتە ئەسبابی نەجاتم نایدەم بە فەلەک زەمزەمە و شۆری وڵاتم قوربانی ئەکەم ڕۆح و سەر و ماڵ و حەیاتم ڕێی ڕاستینە بێ شک لە هەموو عوقدە ڕەهابوون گەر تێکی نەدا هۆش و خەیاڵم دەسی گەردوون چیم داوە لە فێڵ و تەڵەکەی واعیز و ئاخوون شێخ نیم کە بە تەزبێح و ڕیابازی و ئەفسوون وەک ئاشێ بە دانی ئەم و ئەو لا بێ نیشاتم پێم خۆشە سەپانێکی دەر و دەشت و عەرزکێڵ نەک بم بە دوعانووس و بڕۆم ڕووکەمە ناو خێڵ یاخوو بە خەلیفێکی ملئەستووری ڕدێن بێڵ یا کۆلکەمەلایێ بە عەبا و مێزەری پڕ فێڵ دەروێزەیی ئیحسان ئەکەم و سەرفتر و زەکاتم تێی هەڵدە لە ژینی تەمەڵی و حیزی و سستی یا نانی کەسیفی بە تەمای خزمەتی پەستی وریام و بەدڵ دوژمنی بێهۆشی و مەستی دوورم لە مەعاشخۆری و بێگانەپەرەستی ئیسپاتی ئەکا ژینم و لافاوی حەیاتم لەعنەت لە کەسێ بێ بە وەتەن خائن و ناپاک ڕۆحێکی نەبێ بەرز و دڵێکی گەش و ڕووناک هەقبێژم و هەقنووسم و بێ ترسم و چالاک کوردێکی دلێرم لە هەموو گەردشێ بێباک ڕۆڵێکی وەفادارم و پڕ عەزم و سوباتم بێ دەنگ و سەدا دڵ لە کوڵانایە بە سەد جۆش وا حاڵییە دوژمن کە کەڕ و گێژم و بێهۆش با پێ بکەنێ پێم و بژی ئێستە بە دڵخۆش وەک شێری ژیان جارێ کە من ماتم و خامۆش سەییادی کەمین چاوەڕێیی دەرفەت و هاتم موفتی وەکوو خەڵکی مەبە تالب بە زەڕ و زیو بێهودە مەسووڕێ لە بیابان و چەم و شیو ناحەز وەکوو دابەستە زکی پڕ لە بەز و پیو سووڕانی فەلەک - دێ نۆبەیی مەش گیو ئازادی و سەربەستییە دڵخواز و ئاواتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەڵێن قەومی هەجیجی بێ تەمیزن مەڵێن قەومی هەجیجی بێ تەمیزن وەیا بێکارە و نابووت و حیزن لەگەڵ وەحشی ڕەفیقی جووت و ڕیزن لەبەر چاوی منا یەکسەر عەزیزن *** بەجارێ نێر و مێ ڕێک تێئەکۆشن لە ئیش و سنعەتا پڕ فکر و هۆشن بە ئەسبابی وەتەن خۆ دائەپۆشن لەجیاتی چا لە توو شەربەت ئەنۆشن *** لە نووکی پێ هەتاکوو تەوقی سەریان لە چەشنی ئەویش بۆ ناڵی کەریان نە ئەڵمانی نە جاپانی ئەناسن جەهەننەم چش کە کەم بەرگ و لیباسن *** ئەوی کەسبێ نەزانێ سنعەت و کار نەمانی چاکە نەک ژینی بە ئازار نەوەک تەزبیح و ڕیش و پرچ و ڕەشمار ببێتە چەرخەچی دێهات و ناوشار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داخەکەم پێنجوێن کە وا ئەمڕۆ لە تۆ دوور و جیاین داخەکەم پێنجوێن کە وا ئەمڕۆ لە تۆ دوور و جیاین تۆ بەهەشت و ئێمە وەک ئادەم لەناوتا دەرکراین گەر بەجارێ قەسری لوبنان بێ بە جێمان دۆزەخە چونکە فێری ئاوی ساردی تۆ و هەوا و شاخ و چیاین باسی ڕێگەی خاکی چوارباخت هەموو میوەی جیهان گەر ببێ لامان وەکوو حەیوانی سەر پووش و گیاین هێندە لەرزیبووین لە ترسی بوومەلەرزە و زەلزەلە بێ لەرز یەکسەر گرفتاری نەخۆشی لەرزوتاین ناحەز و وەحشی ئەڵێن شوومی و بەدیی ئەم قەومەیە کەی بەقەد خەڵکی خراب و بەدڕەوشت و ڕووسیاین ئێمە نیوەی کاسبیمان سەرفی پیاوی خوا ئەکرد ئێستە بۆ بەم جۆرە گیرۆدەی دۆعای شێخ و مەلاین واعیزیش وەعزی ئەدا ئەیوت موسوڵمانین هەموو بۆیە تێکەڵ زەلزەلە و ئاشووبە و دەرد و بەڵاین شێخی ئیرشادیش ئەڵێ پێویستە تۆ بەو پرچ و دەف وا ئەزانێ نا موسوڵمان و نەویستی لای خواین تاکوو تۆ مابووی گەداکانت وەکوو شا بوون هەموو ئێستە بێ تۆ پووش برنجین و بەبێ قەدر و بەهاین ئاوی سارد و خاکی جوان و سەروەتی لێشاوی تۆ هێندە خەڵکی ئاهی بۆ کێشا لە هەر سێ بەش بڕاین چاوی بەد بوو هێزی گەردوون هێرشی هێنایتە سەر تۆی کوتوپڕ تێک شکاند و ئێمە وەک لەشکەر شکاین گەر فەلەک ڕەحمی ببێ بەم حاڵە بتهێڵێتەوە چش کە وێرانی بە بەرد و خاک و خۆڵیشت ڕەزاین جا لە بەینی واعیز و شێخا مونافاتێک هەیە ئێمە ناچارین بە هەردوو لا بڵێین قوربان وەهاین تێئەگا موفتی بە بێ تۆ قیمەت و قەدری نەما نایەوێ جارێ بمانبینێ بە هەر کەس ئاشناین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داخەکەم ڕۆژی هەوەڵ نەمزانی ڕێگەی وەحشیان داخەکەم ڕۆژی هەوەڵ نەمزانی ڕێگەی وەحشیان بگرم و لێی لا نەدەم دێوانە بم شێت و نەزان هێندە وەحش و سەرسەری بووم هەوڵی زانستم ئەدا نەمئەزانی لێم ئەبێتە دەرد و ناسۆری گران شەرتە تا ماوم لەمەو لا بیری زانستی نەکەم هێندە کەر بم بێنە سەیرم دەستە دەستە پیر و جوان چوو لە دەستم گا و کەر بم گێرەکەر بم بارەبەر بێ مەراق و بێ خەفەت بم چش لە کەمبەرگی و لە نان خۆشترە هێشتا لە سەد خۆراکی خۆشی پڕ خەفەت مێزەر و تەزبیح و کەشکۆڵ و دەف و سواڵ و گەڕان چوویتە شاری کوێرەوە دەستت لەسەر چاو دابنێ تۆ بە چاوساغی لەناو قەومێکی وا ناتبێ ژیان تاڵە ژینت زەهرە خۆراکت نەمانت چاترە گەر وەکوو خەڵکی نەسووڕێی تۆش لەگەڵ چەرخ و زەمان من لە ڕێگای خزمەتا چیم دەس کەوت با پێت بڵێم ناحەزن یەکسەر بە من دەروێش و حەمماڵ و سەپان ڕێکوپێک نابێ هەتا سەد ساڵ نەبێ قەومێ ئەگەر خوێندن و عیلمی نەبێ توججار و شوان و ئاشەوان وا لە سایەی جەردەکانی بێ سیلاحی مفتەخۆر ---- ---- ---- --- عیلم و زانستی بە جەیشی جە بێ دانێم کە ئەو بیفرۆشێ هەر بە پارە ئاو و خاکی نیشتمان ئەی وەتەن با پێکەوە بگرین و قوڕ پێوین بە جووت هەردوو بێ قەدرین لە سایەی شێخ و ئاغا و میر و خان تۆ بەبێ دڵسۆز و من بێ کەس ئەبێ چۆن سەرکەوین با لەژێر پێدا بناڵین بێ پەنا و بێ پشتیوان سەیری خەڵکی کەن بە عیلم و سنعەت و خوێندن هەموو چوونە سەر ئەرزی هەوا جەولان ئەکەن بۆ ئاسمان کوردی بێچارە و نەزانیش هەر بە سیحری تێ ئەگا ڕادیۆ و تەییارە و ئاوازی سندووق و قەوان موفتی خۆ کوشتن لە ڕێی قەومی -- تاکوو بە کەی؟ هێندە سووتاوی لە قەهرا پێت نەما هێز و تەکان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من مەراقێ والە دڵما بانەبێ ئیتر نیهان سەبارەت: پێنج خشتەکی موفتی لەسەر شیعرێکی قانع من مەراقێ وا لە دڵما با نەبێ ئیتر نیهان با لە هەر کوچە و کەنار و کۆمەڵێ بیکەم بەیان نەشری کەم تەزویری شێخ و وەزعی ئاغا و میر و خان سەر لەبۆ سەربازی چاکە نەک لەبۆ چەفتەی گران دڵ لەبۆ خەمخۆری چاکە نەک لەبۆ میهری کچان گەر بەخت نەکرێ لە ڕێگەی خزمەتا بڕزێ بەدەن کرمەڕێزی کەی ئیلاهی با نەمێنێ ڕۆح و تەن شوێنی ون بێ قەسر و قەبر و بەرگ و پۆشاک و کەفەن چاو ئەگەر فرمێسکی خوێنین دانەڕێژێ بۆ وەتەن دەک بە کوێری هەر بمێنێ تاوەکوو ئاخر زەمان من لە خەودا بووم و هات و پێی وتم پیرێ لەپڕ ڕوو لە خزمەت گەر نەکەی بۆ قەومەکەت نابی بە کوڕ گەر بەشەر ئازاری بوو نەوعێکە وەک حەیوانی دڕ دەم ئەگەر هاواری هۆزی خۆی نەکا پڕ بێ لە قوڕ سینە وەک کۆتر نەناڵێ دایمەن پڕ بێ لە ژان لاف و شیعرم گەر درۆ بێ زوو زەمان ئەیخاتە دەر ڕووم لە دیوانی خوا ڕەش بێ ئەگەر نەیبەم لە سەر تاجی ڕاستی فیکری میللی وەک کەوا نەیکەم لە بەر بۆیە شانم پێ ئەوێ باری خەمم بۆ باتە سەر یا زبانم بۆیە چاکە کە ببڕێ وەک تیغی دەبان بۆ بە سووک و سرکە بدوێین تازە با دەنگ هەڵبڕین بێنە سەیری چابوکی و میللەت فرۆشی و شت کڕین گەه لەبەر خوێنخواری زاڵم گەه لەژێر بەیداخی دین بۆ جلیتبازی قسە و مەیدانی فێڵ و دەسبڕین شەهسوارێکم بە وێنەی ڕۆستەمی مازەندەران ڕایوەشێنم دەنگی لێ بێ چاکە شیعرم وەک جەرەس بێ ترس، خائن ئەبێ ناوی بنێم، لالۆی تەرەس خۆت ئەگەر هەوڵێ نەدەی تا هەی بە کەس نابی بە کەس تابەکەی بۆت لێ بدەم شاپوور و ناقوس و جەرەس تاکوو کەی حەپسی و ڕەزالەت بێتە نەجمە و تاجی شان سەر لە بۆ سەربازی چاکە نەک لەبۆ چەتفەی گران دڵ لە بۆ خەمخۆری چاکە نەک لەبۆ میهری کچان چاو ئەگەر فرمێسکی خوێنین دانەڕێژێ بۆ وڵات دەک بە کوێری هەر بمێنێ تاوەکوو ئاخر زەمان دەم ئەگەر هاواری هۆزی خۆی نەکا پڕ بێ لە قوڕ سینە وەک کۆتر نەناڵێ، پڕ بێ لە ژان بۆیە شانم پێ ئەوێ، باری خەمم بۆ هەڵگرێ یا زمانم بۆیە چاکە، ببڕێ وەک تێغی دەبان بۆ جلیت بازی قسە و مەیدانی فێڵ و دەس بڕین شەهسوارێکم بە چەشنی ڕوستەمی مازەندەران بێتە سەر باری کەرەم یەک دانە جۆ نادەم بە کەس خۆم بە جۆیێ ئەیفرۆشم، ئاو و خاکی نیشتمان من بە دەم میللەت پەرەستم، خزمەتی کوردان ئەکەم خوێنی بابیشم ئەڕێژم بۆ تەماعی یەک قەران ئافەرینم بارەکەڵڵا ئیشی خۆمە چاو و ڕاو دوو دڵ و سێ دولبەر و چوار مامەڵە و پێنج شەش زمان تاوێ گاندیم بۆ وەتەن تەرکی هەموو خۆراک ئەکەم تاوێ شێخی خانەقام و تاوێ جەردەی سەر ملان تاوێ ئەمبینی ئەفەندیم، عەتر و سابوونم هەیە لەحزەیێ سەیرم ئەکەی شێخ و مەلا و ڕیشێکی پان هەر شەوێ پارەم ببێ تەقلیدی سەد خەییام ئەکەم هەر سەعاتێ مەی نەبوو، بەرماڵ و شانە و تەیلەسان تاوێ کوردم، ڕانک و چۆغە و مێزەر و پەستەک لە بەر گاهێ شەپقە، گەه قەلەنسوو، گاهێ خوودەی سەر گران «قانع، گوڵاڵەی مەریوان، سەربازی» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەر خودا بیدا بە چاکی دەوڵەتی شاهانە ژن گەر خودا بیدا بە چاکی دەوڵەتی شاهانە ژن نیعمەتێکە وەک بەهەشت و هاودەمی پیاوانە ژن بۆ دڵێکی بێ خەم و شەخسێکی بێ دەرد و ئەلەم گەوهەرێکی شەوچراغی ژوور و بەرهەیوانە ژن گەر کەموکووڕیت لە ماڵیشا هەبێ باکت نەبێ بۆ کەموکووڕی ترازووی کۆمەڵی خێزانە ژن ژن لەلای پیاوی نەزان و سەرسەری نرخی نییە بۆ ژیانی کۆمەڵی باشتر لە میر و خانە ژن بۆ سوپاسی باسی چاکی چی بەیان کەم هەر کەمە جووت و ئاش و نان و بەرگ و باخچە و بێستانە ژن باعیسی ئارامی قەلب و مەرهەمی دەرد و برین بۆ هەموو دەردێ دەوابەخشێکە وەک لوقمانە ژن دەوڵەتێکی پڕ لە شەوق و زەوقە دایم بۆ بەشەر نیعمەتێکی خۆشەویستی و بێ سەر و سامانە ژن کەی گوڵ و گوڵزاری باخاتی ئێرەم وەک ئەو ئەبێ باخی ساحێب زینەت و پڕ لوئلوئی مەرجانە ژن بۆ کەسێ نووری سولەیمانی لە قەلبا بێ یەقین پایە مەحکەم کردنی هەم دین و هەم ئیمانە ژن زۆرتری عەیشی بەهەشتی حوری العینن کچن لەززەت و خۆشی بەیاناتی لەناو قورئانە ژن بێت و گەر موڵکی کەماڵ و گەنجی حوسنی یەک کەوێ گەر دووسەد گەنجی لەسەر دانێی ئەڵێم هەرزانە ژن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەر خودا نەیدا بە چاکی دوژمنی ئینسانە ژن گەر خودا نەیدا بە چاکی دوژمنی ئینسانە ژن مار و دووپشک و پڵنگی شاخی هەورامانە ژن گەر گڵۆپی دووسەدیش هەڵکەی لە ماڵ و مەتبەقا دووکەڵی حەوش و حەسار و ژوور و بەرهەیوانە ژن تۆ دە پەیدا کەی لە ڕۆژا ئەو بە سی داناکەوێ هەر خەریکی قاوچ و قووچ بردن و تاڵانە ژن گەر نەخۆشینت نەبێ سیلداری و دڵ پڕ لە خەم چۆتە ناو جەرگت بەدایم ئێش و دەرد و ژانە ژن گەر لەگەڵ ئەودا بەهەشتت پێ بدەن لێی ڕا ئەکەی تاوەکوو مردن عەزیزم دەردی بێ دەرمانە ژن گەرچی شێوەی شۆخوشەنگ و دووکوژ و پڕ عیشوە بێ تۆ لە بەر چاو و دڵت شێوەی وەکوو شەیتانە ژن بۆ خراپی ئەو قەڵەم ئەشکێ و زمانیش کۆڵ ئەبێ قابیزیش ڕازی نەبێ هەر ئیشی گیانکێشانە ژن هەر بژی موفتی کە وا دایم لەڕێی ڕاستی ئەڕۆی هەر بڵێ تا مردنت دەرد و بەڵای ئینسانە ژن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەر منم شێتم بە تەنیا بوومە خەمخواری وەتەن هەر منم شێتم بەتەنیا بوومە خەمخواری وەتەن وا لەسەر شانم بەدایم بار و سەرباری وەتەن شین و گریانم نەدی بێ دەرد و خەم بێ کاسبی نایەڵێ ساکن ببێ دڵ ئێش و ئازاری وەتەن هەر بە ئوممێدم لە سوبحا پێکەنینی خونچە بێ بولبولێکم عاشق و شەیدایی گوڵزاری وەتەن سەر بە قوربانی کەسێ بێ قەدری خاکی لا ببێ نایەوێ ژین و ئەکا ڕۆحی فیداکاری وەتەن زیکری من غەیری وەتەن حەرفێ لە دڵما ڕێی نەما یاڕەبی هیچ کەس نەبینم وا گرفتاری وەتەن وەک زڵێخا بۆ خەریدی جەماڵیی یۆسفی بۆ نەدەم خوێناوی جەرگم بۆ خەریداری وەتەن مردنم نادەم بە ژینی زیللەتی و بێ حورمەتی خۆشە گەر بیشمکوژێ ژەهری دەمی ماری وەتەن نامەوێ قەسر و قسوور و نیعمەتی خۆشم ببێ با سەرم بشکێ بە گۆشە و سووچی دیواری وەتەن گوڵ لە باخی غەیرەتا، کەی من بە سەرما کەم گوڵێ بۆ فەرەحبەخشی دڵم بێنن قولێ خاری وەتەن قەدری پێ نادا بە گەنجی هیچ کەسێ تا پیر نەبێ تا نەسووتێنێ دەروونی حەملەیی ناری وەتەن گەر درەختێ بێ سەمەر بێ سێبەرێکیشی نەبێ هەڵکەنی خالق لە بێخا با نەبێ داری وەتەن چەند گرۆهێ بوو لەمەو پێش ئێستە هەروا باقییە بوونە میکرۆب و نەما شێرانی سەرداری وەتەن جێی ئومێدی دڵ ئەبەد نابێ کرمڕێز بێ کەسێ گەر نەبێ جەرگی لەت و ئەندامی بیماری وەتەن قارەمانیی تێگەیشتن بۆیە نایاب و کەمن ئەیگرێت و ئەیکوژێ زەهری دەمی ماری وەتەن گەر بنووسرایە بە کوردی ژین و تەئریخاتمان شوعلەوەر بوو ئێستە یەکسەر شوێن و ئاساری وەتەن سەد جنێوم پێ بدەن هێشتا زمانم تیژ ئەبێ وا ئەزانم شۆرەتم ئەڕوا بە بێ عاری وەتەن موفتی تۆ ئەمری ڕەفیقێکت نەبوو هاوعومری خۆت بەسیەتی تاکەی ئەکەی هەیهات و هاواری وەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوی خوێندم لە عیلمی زوو سەراپا دەرسی مردن بوو ئەوی خوێندم لە عیلمی زوو سەراپا دەرسی مردن بوو حەدیقە و مەنزەرەی خۆشم هەموو کۆڵان و قوژبن بوو بە غەیری دەقنە و ڕاتوو نەکەوتە دەستی من کارێ خۆراکی چەور و شیرینم زڕات و گاڵ و هەرزن بوو ئەبینم قەومەکەیشم، کامی نێر و لێدەر و کوڕ بوو لە پاشا ژێردەسەی خەڵقی و کز و گەردنکەچی ژن بوو ئەگەر هەڵکەوتبێ فەردێ لە کوردا خاوەنی دەس بێ ئەویش ناحەز بە قەوم و ئاخری تالان و کوشتن بوو لە سەد ئەک داخەکەم نەمدی کە جارێ بێتە بەر چاوم لە دنیادا ئەوی فکر و ئومێد و ئارەزووی من بوو نەزانی خۆشە چونکوو، بێ مەراق و بێ خەم و دەردە ئەوی دانایە وەک نەی وا بە جارێ جەرگی کونکون بوو دەوای دەردی دڵت موفتی هەتا ئاخرنەفەس نابێ تەرەققی قەومی غەربی سنعەت و تەحسیلی خوێندن بوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆڵە من مردم لەژێر باری گرانی زوڵمەوە ڕۆڵە من مردم لەژێر باری گرانی زوڵمەوە ئێستە موشتاقی تەنافێکم کە بێتە ملمەوە ئاگری قەهر و زەلالەت چۆتە جەرگ و دڵمەوە بێ کفن داخڵ بە خاکم کەن بە خۆم و جلمەوە *** پێت بڵێم ئەم دەردە چی بوو ئێستە سوار شانم بووە تۆ کە گەنجی لابە ئەم فیکر و خەیاڵات و خووە دوور ئەوەستام من لە مەکتەب تازە وەختم دەرچووە سێبەری مەکتەب نەبێ غەربی بە چی سەرکەوتووە *** من لە ترسی کاربەدەستی چەوت ئەلەرزم بێ درۆ هیچ خەتاباریش نەبم ئاخر بەقەت یەک دەنکەجۆ نەجمەکەیشی دەرکەوێ ئینجا ئەکەومە ڕۆڵەڕۆ جەهل و بێ عیلمی وەهای هێنا بەسەر ئەژدادی تۆ *** جا کە وا بوو دەردی تۆ دەرمانی مابێ مەکتەبە بۆ ژیانت سنعەتی شیرین و چاکت مەتڵەبە خوێندنی عیلم و فنوونت شەرتی دین و مەزهەبە هەروەکوو وەحشی لە کێو و دەشت و سەحرادا مەبە *** ڕۆڵە من ئەمرم لە دەستت دەرئەچم تۆ بی و خوا جەهلە بۆ عالەم هەموو دەرد و بەڵایەک خەڵق ئەکا ئەم قسانەی پێت ئەڵێم بیرت نەچێ بۆ مابەقا عیلمە سەد زنجیر و پێوەندیش لە پێدا لائەبا *** تۆ ئەگەر دنیات نەوێ هەڵچی لە تەکیە و خانەقا زەحمەت و تەحسیلی ناوێ پرچ و پەلکەی بێ بەها ڕیش بە مانگێ دێتە دەست و سەهلە تەزبیح و عەبا قەت نەناڵێنی لەژێر باری گرانی بێوەفا *** نان و بەرگی نێری و ژینی شەریف گەر ناتەوێ چش لە منداڵیش لە سەرما یا لە برسانا خەوێ نانی دەروێشی هەتا ماوی پەکت بۆی ناکەوێ حیز و سالم ڕۆح لەبەر هەرگیز لەبەرتا ناڕەوێ *** یا هەتا ماوی لەژێر دار و شەقی بێگانە بی یا وەکوو ئەو میللەتەی ئەترافی شاری بانە بی یا لە هەق لادە بەشت پرچ و دەق و دێوانە بی بۆچی تووشی زەحمەت و ڕەفتاری ڕێی مەردانە بی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆڵە هەر کارێ ئەکەی هۆشت نەبێ بێ بەش ئەبی ڕۆڵە هەر کارێ ئەکەی هۆشت نەبێ بێ بەش ئەبی عیلم و عەقڵت گەر نەبێ وەک سەرسەری سەرکەش ئەبی هەم لەبەر چاوی ئەم و ئەودا بەجارێ ڕەش ئەبی هاودەمی زانا بە ئەمجا وەک سنەوبەر کەش ئەبی *** بێ مەحەک هەرکەس ئەبینی ڕازی دڵتی لا مەکە بۆ قسەی پووچ و درۆ هەرگیز لەگەڵ کەس ڕا مەکە تا نەکەی تۆ تەجرەبەی خەڵکی بە کەس بڕوا مەکە عومری شیرینت بەبێ نەفع و سەمەر بەربا مەکە *** غەیری عیلم و پارە فریای دەردی تۆ قەت ناکەوێ شێت و وەحشی دەرئەچی ئەم دوو شتە گەر ناتەوێ مەردە هەرکەس وا لە فکری هەر دوو دائیم ناخەوێ خاوەنی سەروەت لەژێر باری گرانا ناتەوێ *** قیمەت و بێ قیمەتی سنفی بەشەر هەر پارەیە شێر بە گوێ بگرێ کەسێ نەیبێ ئەڵێن بێکارەیە قارەمان و فەیلەسووفی بێ فلس ئاوارەیە هەر فەقیر و بێنەوا و دیل و کز و بێچارەیە *** پارە لێفەی عەیب و عار و ئالەتی سڕپۆشییە پارە ئەسبابی سروور و زینەت و دڵخۆشییە پارە دەرمانی نەخۆشی و عاجزی و بێهۆشییە هەرکەسێ پارەی نەبێ ئیشی نەتیجەی بۆشییە *** با بزانی کێیە ئەشراف و نەجیب و خانەدان دەوڵەمەندی پارەدار و خاوەنی لیرە و قڕان ئەمڕۆ تەکلیفی ڕەوایە لای وەزیر و میر و خان با نەزانن هیچ بڵێن و دانیشن هەر بێ زمان *** با بە کورتی پێت بڵێم قایم ئەکا ئیمان و دین هەروەکوو لوقمان ئەکا دەرمانی سەد زام و برین لائەدا جەردە و دز و وەحشی لە ڕێگەی دەسبڕین گەر حەجیشی کرد ئەبێتە معتمد للمسلمین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوڕم گوێ بگرە گەر هوشیار و مەردی کوڕم گوێ بگرە گەر هوشیار و مەردی بزانە چی ئەڵێم تا سەر بە وردی هەتا گەنج و بەهێزی بۆ ژیانت بڕەنجێنە لەشت بۆ بەرگ و نانت بینایەک بێنە دی بۆ حاڵی پیری دروستی کە بە هوشیاری و بە ژیری نەبێ چاوت لە قەسری خان و بەگلەر کە نەخشاون بە خشت و بەردی مەڕمەڕ ئەبێ نەڕوانی بۆ پارەی ئەم و ئەو بەڵام چاوت بسووڕێ لابەرێ خەو بزانە و تێ بگە ئەم قەسر و پارە بناغەی ڕەنج و زۆر و ئیش و کارە ئەمەش فەرموودەیی زاتی خوایە مەڵێ قسەی هەروا بایی هەوایە خوا فەرمووی بەبێ ڕەنج و تەقەللا بەشەر سەر ناکەوێت ناچێتە باڵا کە وا بوو هەوڵە بۆ هەر ئیش و کارێ نەبینرا بۆ کەسێ فلسێ ببارێ بە کۆشینە هەموو نۆشین و پۆشین لە بوونا جوانە هەر دوو شادی و شین بە ڕووسووری ئەژی ئەم ڕێگە بگری حوڕ و سەربەست ئەبی هەتتاکوو ئەمری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەمڕۆکە لە خۆشی وەتەنم هەروەکوو منداڵ ئەمڕۆکە لە خۆشی وەتەنم هەروەکوو منداڵ دڵ پێ ئەکەنێ ئێستە کە کەوتۆتە گوڕوگاڵ بۆ خزمەتی ئاڵایەکە سەوزە و سپییە و سوور ئەیکەم بە فیدای قەوم و کەس و ڕۆح و سەر و ماڵ ئەو دوو گوڵەگەنمەی کە حەیاتی من و تۆیە یەک سەد ئەبڕێ پشت بە خوا پاییزی ئەمساڵ نووکی قەڵەمیش نێزەیە بۆ سینەیی ناحەز پێی وەرئەگرین حەق چ بە خەروار و بە مسقاڵ سەد شوکری خوا ئێستە کە وا بۆتە گوڵستان چەند ساڵە کە ئەڕژێ وەکوو گوڵ خوێنی گەش و ئاڵ ئەو شیوەنە بۆ ئێستە بوو ئەو ڕۆژە کە ئەموت سەرناکەوێ ئەم قەومە بە تەزبێح و بە بەرماڵ نەمدی کەڕەتێ سۆفی و دێوانە بە هیممەت دەرمانی کەسێ کەن بە دوو سەد زیکر و دوو سەد حاڵ چەند ساڵە چ بۆ دین و چ دنیا چ بوو نەفعی تەعریفی زلیی حووج و کەری حەزرەتی دەججاڵ گیرۆدە بوو ئەم قەومە لەژێر باری خوڕافی گەه باسی جنۆکە و شەوە بوو گاهێ قسەی هاڵ پێویستە لەسەر شاعیری ئەم عەسرە لەمەو لا خامۆشی بکا باسی دەم و چاو و خەت و خاڵ لام وایە گەلێ عەیبە لەبۆ پیاوی بەقیمەت ناوبردنی بەرموور و مل و بازن و خڕخاڵ ئەی کوردە ئەگەر ڕوو نەکەیە مەکتەب و سنعەت ڕاتناگرێ هیچکەس چ بە فەڕڕاش و چ حەمماڵ بێ عیلم و ئەدەب تاوەکوو کەی نابینە ئینسان هەر عیلمە کە ئاسن ئەفڕێ بێ پەڕ و بێ باڵ بێ هێزی قەڵەم بێ قووەتی خوێندن و زانین هەر ژێر ئەکەوێ ئاخری گەر بێتە نەوەی زاڵ شاعیر هەیەتی ڕێگە لەمەو لاوە کە بدوێ تاکەی لە خەفەتخانە خزێ مات و کەڕ و لاڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەمەو لا شەرتە نەدوێم و نەیڵێم ڕازی پەنهانی لەمەو لا شەرتە نەدوێم و نەیڵێم ڕازی پەنهانی لە دەستی دەرنەکەم عومرم بە بێهودە بە نادانی دوعا بۆ هیچ کەسێ ناکەم نە بۆ بەرزی نە بۆ نزمی نە ڕووسیم و نە یۆنانی نە جاپانی نە ئەڵمانی کەسێکم بێ دەس و بێ سەر لە قەومێکم پەنا بە خوا نە دەرمانم لەلای تورکە نە هیوامە بە ئێرانی لەتاو دەردی گرانی نان و بەرگم چاوەڕێی مەرگم ئەڵێم یا ڕەببی کەی دەرچم نەجاتم بێ بە ئاسانی گەزێ چیتی ڕزیوی یازدە فلسی ئێستە مام حاجی بە سێسەد فلسی نادا لای نەما یەک زەڕڕە حاڵزانی زەخیرە و گەنمەکەی پێراری ئاغا و بەگ لە چاڵایە هەمووی ئەسپێ سەری تێکرد و من مردم بەبێ نانی ئەوا ئەمڕۆ شوکور ئۆخەی حکوومەت وەک شەکر بردی هەمووی دابەش ئەکا لێمان بەبێ فەرقی و بە یەکسانی ڕەشیدی قەومەکەیشم هەر دەف و کەشکۆڵ و تەزبیحە هەموو تۆپ و دەبابە و دەبدەبەی شمشێر و قەڵغانی لە برسانا ئەمردین هەروەکوو حەربی زەمانی زوو ئەگەر نەبوایە بێ شک سێبەر و ڕەحمی بەریتانی کە من بمرم لەژێر باری زەلیلی و بێکەسی ئەمڕۆ بە من چی دەبدەبەی شاهی سەلاحەددین و بابانی بەبێ غایە و ڕیا موفتی بڵێ دایم هەتا ماوی فەقیر پەروەر، هونەروەر هەر بژین خەڵکی سلێمانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موفتی مەبە عاجز لە کەسێک پێت دەڵێ بابی موفتی مەبە عاجز لە کەسێک پێت ئەڵێ: بابی چونکە کەرە خۆی و نەوە و دایک و بابی زاهید کە بە خوێنی جگەری خەڵقە ژیانی من کافر و بێ دینم و ئەو قوتبە جەنابی بەرماڵی ڕیا سۆفی لە شان و ملی لابا زۆر چاترە هێشتا عەرەق و نۆشی شەرابی خۆ گەر لە مەلیک بێ نەتەوە و نان و بەراتی حاشا لە هەموو نیعمەت و خۆرشت و بەراتی پارەی بڕژێ هەروەکوو لافاوی بەهاری نێزیکی نەبی لادە لە ئیش و لە کاری لێی لادە بەجارێ نەتەوەیی مەجلیس و شەوقی عیشوەترە بۆ نەزم و و هەوای چەنگ و ڕەبابی تا پێت ئەکرێ دوور بە لە دووکان و لە ماڵی با بێ غەم و مەینەت لە شەڕ و فیتنە ڕەها بی سەد دەفعە قەڵای خەیبەری بۆ بگری و بمری مەهتووکی لەبەر چاوی ئەگەر نوتفەیی شا بی گەر خۆت بە هیلاکا بەری بۆ خزمەتی دایم ئاسوودە بە تۆ هاودەم و هاوسوحبەتی نابی ئەولادی وەتەن گوێ مەدە بۆ فکری خەرافات هەوڵێکی ژیانت بدە تا گەنج و شەبابی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو ژینە چ ژینێکە کە مەحکوومی بەشەر بێ ئەو ژینە چ ژینێکە کە مەحکوومی بەشەر بێ ئەو نانە چ نانێکە بە تەزبیح و بە گەڕ بێ هەر کەس کە نەبێ چاولەبەری مەردوم و حوڕ بێ شیرینە ئەگەر شاڵ و فەرەنجیشی لەبەر بێ کوڕ ئەو کەسەیە تا وەکوو ئاخر نەفەسی دێ نانێک و ژیانێکی بە شان و بە هونەر بێ فەرقی ئەم و ئەو چەندەیە لای ئەهلی بە ویژدان شێخی چلەکێش و کوڕی کاسب لە سەفەر بێ کەڵکی چییە بۆ دینم و دنیام و ژیانم ڕیشێکی زل و مێزەری سەوزیشی لەسەر بێ هەر مردنە با بمکوژن و بەس لە مەراقا پڕ داخ و خەفەت ئاخری بێ سوود و سەمەر بێ مەهتووکە لەلای من ئەوی ژینی بە گەڕانە ئەولادی عەلی یا لە نەوەی زاتی عومەر بێ ئەم قەومە گەلێکی وەکوو سەر بارە لە سەرمان بنچینە ئەگەر وابوو خوا ژێر و زەبەر بێ واعیز مەکە مەنعم دڵەکەم پڕ لە جەخارە ناهەق نییە گەر قامەتەکەم چەشنی فەنەر بێ ئەم ژینە کە وا باسی ئەکەم غایە و فکرم ساخێکە وەکوو حەیتە لەدەس مەیتەری بەد بێ ئەو لاشە کە بیمار و کز و زەرد و زەعیفە دەرمانی نییە لازمە میکرۆبی بەدەر بێ موفتی دەمی خۆت بگرە قسەی وا مەکە بەسیە باوەڕ مەکە ئەو نەوعە بە شیعر و قسە تەڕ بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عەیبە شاعیر لەم زەمانە یاری زوڵف و شانە بێ عەیبە شاعیر لەم زەمانە یاری زوڵف و شانە بێ یا سوپاسی قامەتی گوڵزاری ڕووی جانانە بێ هەر کەسێ لافی ئەدیبی وا لە سەریا بۆ تەماع حەیفە ئەشعاری خەرافی یا قسەی ئەفسانە بێ شاعیریی بیکەی بە کوردی یانی خاوەن هۆش و بیر چۆن ئەبێ هوشیار و زانا و هۆنەری لەرزانە بێ هەر ئەدیبێ خووی لەسەر خاڵ و خەت و ئەگریجە بوو من لە هەق داوا ئەکەم خوا بیبڕێ هەر با نەبێ پیاو کەسێکە بۆ ژیان و جیفە تا ئاخرنەفەس نۆکەری شێخ و غوڵامی بەگلەر و ئاغا نەبێ خۆشەویستی خوایە هەر کەس قاچ و شان و دەستی خۆی تووشی زەحمەت کات و لای کەس ملکەچ و ڕیسوا نەبێ تێگەیشتوو هەر ئەناڵێنێ لەژێر باری خەما بێ مەراقی بۆ کەسێکە سەرسەری و دێوانە بێ موفتی هەرچەند تۆ کە هۆنەر نیت و ناوت هۆنەرە تاوەکوو مردن ژیانت ژینی ئینسانانە بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قانع دەسی من دامەنی تۆ تاوەکوو ما بێ سەبارەت: بۆ قانع قانع دەسی من دامەنی تۆ تاوەکوو ما بێ عەمرت لە حەیاتا عەمەلت سنعەتی چا بێ نانێ کە بە گەڕ دەس بکەوێ گووی سەگی تێ بێ سەگ لێت بوەڕێ و پیرەژنیش دەم بە دوعا بێ مەشهوورە حەیا قەترەیەکی شۆخ و لەتیفە هەر کەس کە گەڕا لازمە ئەو قەترە تکابێ مەهتووکە لەلای من بەشەرێ باعیسی ڕزقی کەشکۆڵ و دەف و مێزەر و مەششاک و عەبا بێ ئەم سنعەتە مەکرووهە لەبۆ کەس نییە قوربان بۆ ئەو کەسەیە وا بە درۆ پیاوی خوا بێ باپیری منیش خیلقەتی گەر وا بووە حاشا تا ڕۆژی ئەزەل نامەوێ لەو جەددە ئیبا بێ موفتی کە وەها بێ ئەدەبە مەنعی نەکەی تۆ پەردەی دڵەکەی ڕەنگە لە سەد لاوە دڕابێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆڵە دەستم دامەنی تۆ عیلم و عیرفانت ببێ ڕۆڵە دەستم دامەنی تۆ عیلم و عیرفانت ببێ هەر لە هەوڵا بی کە موڵک و سەروەت و نانت ببێ با بە سەربەستی-- چاوت لە دەستی کەس نەبێ غیرەتی مەردانە و شێرانی مەیدانت ببێ نان و بەرگی کەسب و کاری خۆت نەبێ تالب نەبی گەر بە هیوا بی بناغەی دین و ئیمانت ببێ ڕیش و بەرماڵ و عەبا نابێ بە مایەی ئاخرەت گەر موسوڵمانی ئەبێ تۆ ڕەحم و ویژدانت ببێ تێکەڵی ئینسانی وەحشی ئیشی سەرگەردانییە وەک ئەرەستۆ پەیڕەوی ئەخلاقی لوقمانت ببێ تاوەکوو ماوی لە داخی قەومی بێ عیلم و نەزان ڕۆژ و شەو دڵ پڕ لە ناڵە و شین و گریانت ببێ نابینی قەت حاڵی هاوسێماڵەکەت بەم جۆرە بێ هەر هەناسەی دووکەڵین و جەرگی بریانت ببێ تۆ حەکیمی حاڵی خۆت و ماڵ و منداڵت مەبە بۆ فەقیری خاکەکەیشت داو و دەرمانت ببێ تۆ ئەگەر بەرزیش ببی هەروەک ڕەزاشای پەهلەوی بیر و هۆشی پاشەڕۆژ و ترسی یەزدانت ببێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی وەتەن من تێ ئەگەم بۆ شین و زاری کارتە ئەی وەتەن من تێ ئەگەم بۆ شین و زاری کارتە بۆ نەبوونی عیلمی بەرزی گەورە و سەردارتە ئاخ و داخ و ئاهی سەردی تۆ سەبەب ئەم دوانەیە خۆپەسەندی و غایەویستی گەورەکانی شارتە تۆ ئەگەر سەبرت ببێ وا باخەکەت هاتۆتە بەر نەونەمامی ڕیزی مەکتەب پاکی خزمەتکارتە وا نەزانی هەر بەتەنها گەنجەکانت عاجزن بیریان کردۆتەوە پیریش هەموو خەمبارتە قەت نەناڵێنی بڵێی بێ پشتیوان و بێ کەسم شاخی سەخت و کێوی بەرزت شیری جەوهەردارتە داخی جەرگی عالەمی ئەمڕۆ بە شەرق و غەربەوە ڕەنگی شینی کێوەکان سەوزە و گوڵزارتە فەرقی تۆ و لوبنانە بەینی ئاسمان و ڕووی زەمین ناڕەواجیی تۆ، ئەزانم بەختی چەوت و لارتە چەشمەکانت تێ ئەگەن خۆشتر لە ئاوی کەوسەرە ئەهلی غەربی بۆیە دایم تالبی کڕیارتە ڕۆژەکەت ڕووناکە ئەمڕۆ وا هەلت کەوتۆتە دەس گەر لە دەستت بێتە دەر ئەمجارە ئاخرجارتە گەر ئەپرسی حاڵی موفتی ئاه و ناڵەی بۆ چییە؟ عاشقی دەشت و دەر و شەیدایی بەرد و دارتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی وەتەن موژدەت دەمێ ڕۆژت تلووعی کردووە ئەی وەتەن موژدەت دەمێ ڕۆژت تلووعی کردووە مامریشت دێتە گوێم دەنگی خەریکی قووقووە میللەتت پاکی خەریکی فکری باش و خوێندنە وا نەزانی هەروەکوو ساڵانی پێشوو نوستووە ئەو کەسەی تۆ دیوتە مردبوو... تەماشا ئێستەکە دێتە بەر چاوم شوکور هوشیار و باش و زیندووە دار و بەردی مەکتەبت ئەمڕۆ تەوافی پێ ئەوێ بێرە سەیری چۆن بەجارێ وەحشەتی لابردووە عیلمی عەسری تازە ڕۆحم بێ بە قوربانی شوکور گشت خەرافات و هەموو جەهلی بەجارێ کوشتووە نێر و مێ گەورە و بچوکی خاکی پاکت هاتە ڕیز عیلمی دەس کەوت و لەژێر باری نەزانی دەرچووە بۆ حوقووقی خزمەتی تۆ یەک بە یەک گەورە و بچوک وا لە خەو هەستاوە پشتێنی بەجارێ بەستووە میللەتی غەربی بە حکیمەت چوونە سەر قەسری هەوا تازە کەی ڕۆژی دەف و زەرک و خرۆشی هووهووە ڕادیۆ و تەلسز کە هاتن پیر هەموو کۆمەڵ ئەبوون یەک بە یەکتریان ئەوت بیللاهی سیحر و جادووە تا ئەوانیش تێ گەیشتن فەننی عیلم و حکیمەتە بۆیە غەربی هاتن و ئەم خاکی ئێمەی گرتووە تۆ کە وا کەوتیتە ئەم ئەحواڵە هەر شوکرانە کە خەم مەخۆ بۆ سەربەخۆیی پێ ئەگا هێشتا زووە هەر کەسێ حەوت ڕەنگە حاشا بێ لە ڕەنگ و هەیئەتی پیاوی پڕقیمەت کەسێکە یەک ڕەوشت و یەک ڕووە ڕەنگی موفتی پیرە هۆش و فکری گەنجی چۆتە سەر گەرچی واعیز پێی ئەڵێ بێ فکر و شێت و بەدخووە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: توانجە ئێمەی خستە ڕیزی دار و بەرد و خاکەوە توانجە ئێمەی خستە ڕیزی دار و بەرد و خاکەوە توانجە ئێمەی خستە ژێر پرچ و دەف و مەششاکەوە پەست و دواکەوتەین لە دنیا گاڵتەجاڕی عالەمین تا بڕۆینە پیری پیر و شەخس و فیک و فاکەوە وا لەژێر باری نەزانیدا بەبێ هیوا ئەژین وەک ئەوانەی بوون بە ژێر باری خەمی تریاکەوە ئەو کەسەی تالیب بە عیلمێکی ژیان و سنعەتە خۆم بە قوربانی ئەکەم سەد جار بە باب و داکەوە گەر فەلەستینی لەمەوبەر فێری عیلم و فەن ئەبوون چۆن وەکوو هامان ئەکەوتنە داوی جووی نایاکەوە شێخەکانیش نێرە بیدۆشەی موریدانیان بەسە خێڵی سەرچەورە بەدەس ئەسپی کەرەی پیتاکەوە ئەوروپا سەگیان لەسەر قاریوولە ئەنوێ ئێمە وا لاتی وای کردوە کە کەوتووینە شەڕی سەر لاکەوە ئێمە نازانین بژین ئاو و هەوا بەم خۆشییە بێ بەشین لەم خاکە کەوتووینە خەمی خۆراکەوە دەردەکەم دەردێکە بێ دەرمانە چارەی زەحمەتە گەر ئەرەستۆ بێت بە عیلمی سەر زەوی و ئەفلاکەوە چونکە دایم دەم نەوێستاوم قسەی هەق هەر ئەڵێم دوژمنن ئەمڕۆ بە من قەومێ بە مام و کاکەوە عاقیبەت هەر مردنە و باکت لە کوشتن تۆ نەبێ چی ئەزانی هەر بڵێ موفتی لە ڕێگەی چاکەوە بۆ ژیانم ژینە ئوممێدی خەیاڵاتی دڵم هەر ئەتۆی لوقمانی دەردم زوو بە فریادم کەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆزگە ئەمزانی عەدالەت ڕەنگ و ڕوخساری چییە خۆزگە ئەمزانی عەدالەت ڕەنگ و ڕوخساری چییە بەرگە خۆراکە وەیا دار و درەخت و سەوزییە سێوە هەنجیرە وەیا دارێکە ڕەنگی وەک بییە شێرە یا گورگە وەیا بازە یاخوود تووتییە من ئەبێ لێی بێ خەبەر بم یا لە ئەسڵا هەر نییە وەک عەدالەت باسی ویژدانیش ئەکەن مەئموورەکان خۆ لەوەش حاڵی نەبووم قەستەم بە زاتی لامەکان هەر وەکوو عەنقایە هەردوو ئیسمی بێ جسم و نیشان ڕەنگە یا جن بێ وەیا دێو و پەری بن بێ گومان عەدلی چی و ویژدانی چی چاوبەستی لات و برسییە خۆشی خۆشی بۆ فەقیر و بێنەوا ئیش دانرا ڕزقی میللەت کەوتە تەموین و ڕەزالەت لابرا مەخزەنی مستەورەدە ئەمباری گەورە پڕ کرا پاکی بەش کەین بێ ئەوەی فەرقی ببێ هەروەک برا ئاخری بۆ حاجی و ئەربابی مێز و کورسییە بێینە سەیری بایع و بەش کردنی کووتاڵ و چا نومرە ئەوەڵ بۆ ئەفەندی باقیاتی هەرچی ما چاکەکەی بۆ دەوڵەمەند و چی تری ما بۆ گەدا کامە ویژدان و عەدالەت پێم بڵێن ئێوە و خوا گەر درۆی تێکەڵ نەبێ ئەمڕۆژە نەفسی نەفسییە چی ئەزانم شەرتە بیڵێم کاکە گەر بیشمکوژی چون شەهیدە بیکوژن هەرکەس لە ڕێگەی ناوبژی بۆچی من نەمدی فەقیرێ بێتە بایع پێی بژی دەوڵەمەند تا کەی ئەبێ تۆ خوێنی خەڵکی هەڵمژی خواردنی ئەم خوێنە لای تۆ کاڵەکە یا شووتییە ڕەنگە تێک چووبێ بە جارێ ڕەحم و ئینسافی بەشەر یا فیراری کردبێ لای ئێمە دەرچووبێتە دەر یا خەرافاتێکە بۆ قەومی نەزانی قوڕبەسەر بۆ ئەوانەی هیچنەزان و هیچنەفام و بێ خەبەر یا ئەگەر بووبێ و نەمابێ بەختی چەوتی موفتییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆم پیرم و دڵ تازە خەریکی گڕ و گاڵە خۆم پیرم و دڵ تازە خەریکی گڕ و گاڵە عەمرم کە لە شەستایە ئەڵێن گەنج و مناڵە ئەو خوێنە لە سەرچاوەیی چاوم کە لەمەو بەر تک تک ئەتکا ئێستە شکور ئاوی زەڵاڵە ناحەق نییە گەر شادی مەرگ بم لە سرورا ئەمڕۆکە کە دیم شێوەیی ئەم تازەهەڵاڵە هەرچەندە لەلای غەیرە نەبێ قیمەت و قەدری لای من بە خوا چەشمەیی هەنگوینی ڕیاڵە وێنەی ڕەزی هەنگوورە چ شیرینە لە پاشا خۆ دیوتە هەوەڵ چەندە کە ترش و ڕەق و تاڵە ئەم تازەهەڵاڵە لە نەزەر فیکری ئەدیبان تۆپێکی قەوی جەرگی هەموو قەومی کەماڵە ضرب المثلە: «سەد قەل و بەردێک کە هەڵاڵەیش بەردێکی سەری ناحەزی هەروەک قەل و داڵە دوشمن لە هەموو لا وەکوو خەرمانی موکرییان هەرچەندە کە ئامادەیە ئەم بادی ماڵە بیری بدە ئەی کوردە کە چەن ساڵە لەبەرچی خوێن و شەرەفت لای ئەم و ئەو پاکی حەڵاڵە خوێناوی شەهیدانە کە ئەڕژێ لە کەژ و کێو وا تێمەگە ئەو سوورە هەموو لالەیی ئاڵە بخوێنە برا خوێندنە پشت و قووەتی تۆ بێ عیلمییە هەر کەس کە کز و پەست و ڕەجاڵە هەر کۆمەڵەیەک دوورە لە تەحسیل و لە خوێندن مورغێکی برینداری شەلی بێ پەڕ و باڵە ئەم عەسرە ئەوی جاهیلە ناچێ بە ڕیاڵێ گەر بابی کەریم خانە وەیا ڕۆستەمی زاڵە تەنیا بە قسەی فێڵ و درۆ ناگەیە بەرزی عیلم و ئەدەب و سەرفی سەر و سەروەت و ماڵە عەقڵ و ئەدەب و عیلم و هونەرمەندییە ئاغا پێشەوای خێڵ و گرۆ نەک بە سەر و سووڕەت و ساڵە شیعری منی بێچارە کە وا بێ سەر و پێیە نەم خوێندووە هەر وەهبی و لێدانی خەیاڵە پێی پێنەکەنی فەخرە لەلای پیاوی بەقیمەت ئەو عەسکەرە وا چاکەت و پانتۆڵی لە شاڵە بیزانە شعووری نییە پەتیارە و شێتە ئەو شاعیرە هۆشی کە لەسەر پەرچەم و خاڵە ئەی کوردە زمانی عەڕەبی و فارسی و تورکی لێی لادە بە ڕەسمی مەدوێ تازە بەتاڵە ڕەببی نەنەوێ دەستی قەوی کاکی --- ڕزگارت ئەکا کاکە لە گریان و لە ناڵە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داخەکەم کەوتوومە ڕۆژێ هەوڵی بەرگ و نانمە داخەکەم کەوتوومە ڕۆژێ هەوڵی بەرگ و نانمە گۆشت و خۆرشت و کەبابی مەڕ دڵی بریانمە عوود و تار و بەربوت و ئاوازەیی ڕۆژ و شەوم ناڵەناڵی سینەم و سۆزی کزەی گریانمە گونیە کۆنم بۆتە فاسۆن و زەڕاتم بوو بە قووت وەختی شین و زاری و هاوار و قوڕپێوانمە کورکەکورکی بێچوەکانم دێنە دەورم تاق و جووت دەی وەرن سەیری بکەن ئەم دەردی بێ دەرمانمە ماڵ و منداڵیش بە هەر چۆنێ بێ هەرسوکنا ئەبن ڕووڕەشی و هاواری مەحجووبی گەلێ میوانمە ئاگرێ بەربۆتە عالەم وا لە سووتانا هەمووی پاکی زوڵمی زاڵمێکی قەومی وەک ئەڵمانمە بۆ دیفاعی ڕیش و پرچ و مێزەر و فەقیانەکەم تۆپ و تەییارە و دەبابەی عەرسەیی مەیدانمە بۆ عیلاجی دەردی قورس و بۆ نەمانی دوژمنم دەفزەنی و ماگرتن و مەششاک و توربەی شانمە موفتی تا ماوی بڵێ بۆ قەومەکەم یا خاکەکەم قوڕ بە هەردوو دەس لە تەوقی سەر هەتا دامانمە بۆ دەوای دەردم بەریتانی نەبێ چارەم نییە ئاخری وا تێ ئەگەم هەر ئەو لەجێی لوقمانمە حەربی پێشووشم لە فکرە زوو بە فریامان گەیشت ئێستەکەیش هەروا ئەزانم هێز و پشتیوانمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵم ئەمڕۆکە پڕ زەوق و زمانم خەنجەری تێژە دڵم ئەمڕۆکە پڕ زەوق و زمانم خەنجەری تێژە لەبەر چاوم پڵنگی شێرکوژی چابوک ئەڵێی گێژە سەر و ماڵم فیدای مەردێک کە وا بێ ترس و هەقبێژە لە شەوقی نیشتمان و شوعلە ئەستێرەی گەلاوێژە برین و زامی جەرگی پڕ لە سۆم و پاکی ساڕێژە لەبەر چاوم خەریکی خەندەیە خاکی وەتەن ڕەنگی لەناویا لائەچێ کەمکەم شەڕ و شۆر و هەرا و جەنگی بە زێڕی عالەمی نادەم سەراسەر کۆمەڵی سەنگی ئەگەر باوەڕ ئەکەن تەپڵی بەشارەت دای لە گوێم دەنگی مەڵێن ئەم شاعیرە دێوانەیە یان شێتە یان گێژە زەمانێکە بینای فکرم بەجارێ پەرت و ڕووخاوە نەما خزمەت لەبۆ هۆزم بڕا ئەو شیعرە لێشاوە ئەوا ئەمڕۆ سەبا موژدەی لەبۆ دڵ تازە هێناوە ئەڵێن ئەو کاروانەی کۆمەڵی کوردە بەجێ ماوە کەمی ماوە نەجاتی بێ لە ئەم هەوراز و ئەم لێژە تەماشا ژینی خەڵکی کە ئەگەر نێرینە و پیاوی چ ژینێکە ئەوی عەبدە لەناو خەڵکا نەبێ ناوی هەتا کەی مەست و بێهۆشی هەتا کەی کوێری بێ چاوی برا گەردنکەچی و مەحکوومی خۆراکێکە ژەهراوی دەخیلت بم نەچی بیخۆی بڕۆ تێی هەڵدە بیڕێژە لەبۆ نانی منەتباری نەکەی حوڕڕی لە دەست بەردەی ڕەفیقی تۆ هەموو بەیداخە تۆ دایم لەبن پەردەی ئەگەر جارێک بە سەربەستی بژی سەد جار ئەڵێی ئۆخەی لە میوەی باخی ئازادی کەسێ بیخوا ئەڵێ هەی هەی کە میوەی جەننەتە هاتۆتە دنیا هەستە بیچێژە لە سەربەستی و لە ئازادی کەسێ بێزارە نامەردە لە وەختێکا کە بێ دەنگە بڵێ یا دارە یا بەردە لە وەختێکا کە دەنگی دێ بڵێ وەحشی کەژ و هەردە دەسا بۆچیمە با بمرێ سەراپای هەر خەم و دەردە ئەگەر چی زیندووە هەر مردووە... . بینێژە وەها چاکە لەمەو لا ڕوو لە زانست کەی لە زۆر و کەم بەسەرچوو خزمەتی تەپڵ و دەف و شانە و قژ و پەرچەم ئەبێ یەک ڕێگە بۆ بەرزی وەتەن بگرن بە دەستی چەم لەسەرتان بەشکە زوو لاچێ تەمی جەهل و مەراق و خەم لەکوێ سەرکەوتنی غەربی بە دۆعا و کردنی نوێژە ئەوی ئیشی کەوشدانانە بۆ بێگانە هەر کەر بوو بە هیچی دانەنێی چاکە ئەبێ ناوی بنێی مردوو وە یا دارێکی وشکی گەندەڵی پەڕپووت و بابردوو کەسێ لاری لە سەربەستی ئەکا موفتی تەمەننا زوو کەڕ و لاڵ بێ لەپاش کوێری بە ئاوڵە و دەردی سوورێژە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شاری هەڵەبجە ئەمڕۆ خۆشحاڵ و بەختیارە شاری هەڵەبجە ئەمڕۆ خۆشحاڵ و بەختیارە فەقیر و دەوڵەمەندی بێ دەرد و بێ جەخارە قایم مەقامی تازە یەعنی ڕەشید ئەفەندی ویژدان و ڕەحم و لوتفی پڕ شەوق و شوعلەدارە ڕەشید و مەرد و بێباک خەنیمی ئەشقیایە بەبێ تەماع و بەرتیل باوکی کز و هەژارە نەوەک هەڵەبجە هەر خۆی دێهات و ناحیەشی بێ دەرد و خەم بەجارێ خەریکی ئیش و کارە دەردێ نەبوو دەوای بێ دادێ نەبوو ڕەوای بێ کارێ نەبوو کە بکرێ بێ ڕۆن و فەرش و پارە نەک من بڵێم بەتەنیا عالەم هەمووی ئەزانێ ئاساری ئەو لە هەر لا مەعلووم و ئاشکارە وەختێ کە ئەمری نەقڵی بۆ بێ لە هەر وڵاتێ ئەو قەومە پاکی مات و پەشێو و گریەبارە خاکی ئەوی لەسەر بێ سەیران و شەوق و زەوقە بەهەشتی سەرزەمین و هاوینی وەک بەهارە موفتی قسە و بەیانی سەر پاکی بێ ڕیایە شیعری هەمووی لە ژیندا تەئریخ و یادگارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عومری شیرینم بە تاڵی چوو بەتاڵیش مامەوە عومری شیرینم بە تاڵی چوو بەتاڵیش مامەوە ماری سستی بوو دەماری سستی پێوە دامەوە من بە حەپلەی هەرزن و دۆی ترش ملم شۆڕ کردووە ئەوروپا سەرگەرمی بەزمە دەم بە نەشئەی جامەوە من هەقی ژینم ئەبێ کەی بێ لەژێر پرچ و دەفا ئەو دەفەی فەن پەرچ ئەکا بەو ئەقڵ و هۆش و فامەوە بۆ ژیانم کەس نەبوو دەرسی سلووکیم پێ بدا هێند کەمەندی پیری پیرم گرت و لێی پاڕامەوە غەیاسی مردن و دەرسی فڕیوە و ڕابیتە هیچیان -- پێ نەخوێندووم بێمە ڕیزی عامەوە بۆ زڵێخا حوسنی یۆسف بوو گوڵی باخی جنوون جوانی شیرین عەشقی فەرهاد کردمی بەم دامەوە ڕۆستەم و دێوی سپی وەک جوولەکە ترساندمی کەوتمە فاک و فیک بە بەیتی گوڵتەن و بارامەوە چونکوو ناوێرم بە نەشری ڕازی تۆماری دڵم وا بە ناچاری لە سندووقی دڵا پێچامەوە موفتی بێ عاری کە جارجار شیعر ئەکەیتە ڕازی دڵ بەو دەروونی پڕ جە خارە و بەو دڵەی پڕ زامەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لام وایە ژینی عالەم بە هەوڵ و ئیش و کارە لام وایە ژینی عالەم بە هەوڵ و ئیش و کارە تەمەڵ خەیاڵە ناژی تا ماوە پەست و خوارە بڕوانە کاری چەرچڵ، ڕوزفەلت و هەم --- عەزم و سوباتی هەرسێ وەک ڕۆژە شوعلەدارە واعیز کە وەعزی فەرموو بێ سوودە هەوڵ و کۆشین عیلمی نەبوو بە ئایەت بێچارەییی هەژارە فەرموویە زاتی یەزدان بۆ نان و ژینی ئینسان بێ ڕەنج و بێ تەقەللا بەشەر زەلیل و زارە قەسەم بە زاتی باری بۆ دەوڵەمەند نەباری ئێستە کە لاتی جاران یەکی بە سەد هەزارە زۆر کەس لە پێشی حەربا چاوی لە دەستی من بوو ئەمڕۆ کەچی دلێر و خاوەن دەست و تەلارە یەزدانی من لەگەڵ ئەو یەک بوو بە تاق و تەنیا بۆچی بە چنگە بۆ من بۆ ئەو بە کۆڵ و بارە زۆر کەس بەشەر ئەبینم سۆفی و پەپوولە ڕەنگە بە ڕەنگ مەڕی هەژارە بە هەڵمەت گورگی هارە چنگاڵی چنگی تیژی خستۆتە جەرگی مەردم کێشی ئەکا بەجارێ ئەیکاتە موڵک و پارە بیزانە گەر نەزانی بێ شک ئەساسی ڕەنجە هەرکەس کە ناوی بەرزی لە عالەما دیارە بۆچی یەکێ لە قەسرا شۆخی ئەکا بە دنیا یەکێ کەسیف و کەوتووی کووچە و کەناری شارە ئومێدە چەرخی گەردوون سووڕێ بدا بەچاکی ڕێکی بخا لەگەڵمان هەرکەس کە چەوت و لارە ئەم ئاخ و داخ و دەردە لافاوی دێ بەسەردا ئاواتی دڵ بەدی دێ نزیکە ئەم بەهارە موفتی کە شیعرەکانی وا گەرم و ئاگرینە دڵی بەجۆشە دایم دەروونی پڕ جە خارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە سایەی کەسب و سنعەت من بە نێری هاتمە دنیاوە لە سایەی کەسب و سنعەت من بە نێری هاتمە دنیاوە لەبۆ نانی منەتباری ڕیابازیم فڕێ داوە نە من زگ پڕ دەکەم بۆ کەس نە دێو و جن ئەسووتێنم نە کۆتێ ڕیشی بێ ئیشی و نە مەندیلم لەسەر ناوە نە شێخی عازەبانم دێو و جنیی بێنە ژێر حوکمم بڵێم ئەمیانە قەرقەش ئەوی تر سەڕسەڕی ناوە نە شێخم بەیعی جەننەت کەم نە کەس داخل بە دۆزەخ کەم وەلیعەهدی خوا ناکەم بە ناوی زەهد و تەقواوە لە چڵکی پرچ و پەلکەم چی لە کەشکۆڵ و عەبا چی بکەم کەسێ ناوی بەشەر بێ حوڕ بژی مەردانە تاماوە کە دیم تەزبیحی دەستی سۆفی و بەرماڵی سەرشانی موحەققەق بوو لەلام هەردوو بە دانە و داوی داناوە بە ڕووتی ناگەڕێم و تەرکی دنیا ئەنبیا نەیکرد هەوا و نەفسی بەشەر قەتعەن لەبۆ هیچ کەس نەکوژراوە دیانەت کەی لە جێگەی سنعەت و کەسب و فەلاحەت بوو سلووکی تۆ بە من چی هیچکەسێ بۆ کەس نەخوڵقاوە فەلەک بۆ هەر کەسێ گەردش ئەکا ئیقبالی ڕووناکە کەچی بۆ قەومی ئێمە چەپ ئەچەرخێ عەکسی هێناوە یەکێ ژینی بە هاوارە یەکێ کەشکۆڵ و ڕەشمارە بەسەر هیچ کەس نەیە خالق ئەوی لەم قەومە قەوماوە گڕی سینەم بڵێسەی سەندووە واعیز مەکە مەنعم وەکوو قەقنەس بەجارێ جەرگ و دڵ یەکدەفعە سووتاوە ئەگەر بێت و لە دنیا تێ نەگەی وەحشەت گەلێ خۆشە لەلای نووستوو خەفەت نابێ خەبەر خەمبار و داماوە زمانم کۆڵە ڕێی تەحریر و تەقریرم نەما چی بکەم وەئیللا فیکری من ئەرزی خەیاڵی بیکری کێڵاوە چ لازم ئەی تەبیب نەبزی دەسم ئەگری بە بێهوودە لە گێژاوی مەراقا غەرقە موفتی تازە خنکاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من ئەزانم سێبەری مەکتەب ئەساسی ژینمە من ئەزانم سێبەری مەکتەب ئەساسی ژینمە حورمەتی خاکی وەتەن ڕوکن و حەساری دینمە تازە خەڵفێکم لە باخی مەکتەبا ئەشنێمەوە باخەوانی من موعەللیم عیلم و فەن پەرژینمە کوردم و ئەولادی کوردم بیشمرم وەسیەت ئەکەم پێم بڵێن ئەی کوردە هۆشت بێ لەجێی تەڵقینمە چاوەڕێی بەرزی وڵاتم سەرکەوێت و بەرکەوێ بۆ ئەمە شەو تا بەیانی ئاه و ناڵە و شینمە حەز ئەکەم خاکی وڵاتم سەوز و پاراو بێ بە ئاو شاهیدم لافاوی ئاوی چاوی پڕ ئەسرینمە من چ باکم باخی شاهی یا حەدیقەی گەورەیە دڕک و داڵی هەرد و کێوم نێرگس و نەسرینمە گەر ئەپرسن شۆرەت و ناوم بڵێن «عەبدولکەریم» بێچووە تووتنچی، نەوەی موفتی وەتەن پێنجوێنمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەکتەب ژیانی میللەتە باخی حەیات و وەسڵەتە مەکتەب ژیانی میللەتە، باخی حەیات و وەسڵەتە بۆ ئەهلی دنیا جەننەتە، هەر کەس نەچێ بێ هیممەتە باخێکە مەکتەب پڕسەمەر، ڕووناکە وەک شەمس و قەمەر شوعلەی ئەچێ بۆ دەشت ودەر، پڕ عەیش و نۆش و عوشرەتە ئەی کورد ئەگەر تۆ عاقڵی، وەک بولبولی شەیدای گوڵی بۆچی لە مەکتەب غافڵی، زانست بە پیری زەحمەتە عیلم و مەعاریف بۆ بەشەر، کەبخێکە پڕ لەعل و گەوهەر وەک تاجی شاهی بیکە سەر، ساحێب بەها و قیمەتە گەنج ساحەبی بەقا نییە، زەحمەت بە بێ بەها نییە سستی لە سنعەت چا نییە، دووری لە مەکتەب وەحشەتە ئینسانی بێ عیلم و عەمەل، وەحشێکە وەک حەیوانی شەل مەهتووکە تا ڕۆژی ئەجەل، بێ قیمەت و بێ حورمەتە هەرکەس کە وا هونەروەرە، لە فکرا زۆر مونەووەرە بە وێنەی ماه و ئەختەرە، هەر مەکتەب و هەر سنعەتە ئەی کورد هەتا کەی غافڵی، خۆ تۆ لە عومرا کامڵی بۆ هیچنەزان و باتڵی، تاکەی لە سەر ئەم حاڵەتە مەجبووری خۆراکیت و جل، عومرت کە چوو بۆ دەوری چل چی فێر ئەبیت خاکت بە مل، ئەمڕۆ کە ڕۆژی دەرفەتە موفتی لەڕێی چاکی وەتەن، دووسەد جنێوت پێ ئەدەن بشکێنە ئێسقان و بەدەن، بۆ تۆمەئالی ڕەحمەتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەختە کوێستانی دڵم بەفری خەمی ڕەش بێتەوە وەختە کوێستانی دڵم بەفری خەمی ڕەش بێتەوە وا ژیان و ژینی من دووبارە ڕێک ئەخرێتەوە دڕکی میحنەت موددەتێ بوو، چوو بە جەرگمدا بەڵام حمدلله وا ئەزانم زووبەزوو دەربێتەوە گەر خوا مەیلی ببێ شادی لەجێی شیوەن ئەبێ ... شەرابی دووبارە سەد باری لەسەر ئەخورێتەوە موژدە بێ ئەی بولبولانی عاشقی گوڵزاری گوڵ وا لە ئەمڕۆ و سبحەیا خونچەی ئەمەل بکرێتەوە ئەی سەنەم تۆ بی و خوا نەختێ بە عیشوە و جیلوە بێ با بژیم ئەمڕۆ لە سایەی تۆزی خاکی پێتەوە تفلی حاڵم کەوتبوو بێ حاڵ و بێ دەنگ و زبان وا بە هیوا هەم لەسەر جێ بێ خەتەر هەستێتەوە بای سەبا ئەمڕۆ گەیاندی کاغەزی موژدەی نەجات دڕکی شادیمان بە بای ڕەحمەت لەسەر ئەکرێتەوە خۆ ڕەقیب ناوی نەمابوو وام ئەزانی مردووە یاڕەبی ئەمجا بەجارێ بیکوژێ و ببڕێتەوە موفتی بازی عیشقەکەت پەروازی کرد و خەم مەخۆ ڕۆژ بە ڕووناکی ئەبینێ بێ سەدا خۆی دێتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆڵەم وەرە گوێ بگرە قسەم چەندە حەزینە ڕۆڵەم وەرە گوێ بگرە قسەم چەندە حەزینە سەیری دڵی بێچارە کە هەر کاری گرینە بۆ تۆیە لە فکری شەرەف و ڕێگەیی ژینە بابێ کە لە شەرعایە لقی مەزهەب و دینە واعیز لەسەر ئەم فکرە لە من دایمە بەقینە گوێ مەگرە لە واعیز نییەتی عیلمی ژیانت هەوڵێ بدە بۆ سنعەت و بۆ ڕێگەیی نانت سازش کە لەگەڵ ڕۆژ و لەگەڵ چەرخی زەمانت مەردانە بژی چش لە دەس و زەحمەتی شانت بێ فلسی و بێ نانییە هەر مردن و شینە ڕەنجێ بدە تا گەنجی لەبۆ حاڵەتی پیری نانت کە ببێ حوڕ بی لە ژوور خان و ئەمیری گەر پرسی لە من بۆچی وەها زار و زویری نایزانی چ دەردێکە کوڕم دەردی فەقیری بێ سەیری دەروونم کە هەموو زام و برینە وەختی قووەتم سەرسەریی و جاهل و بێکار سووڕامەوە وەک وەحشیی و دێوانەیی ناودار نەمزانی بەرەنگارم ئەبێ ئاخری ئازار ئەمڕۆکە لە خەو دوورم و هوشیار و خەبەردار ڕیشم سپی و لاشەکەشم تازە بێ تینە تێفکرە لە دنیا پڕی ئاشووب و بەڵایە پاک هەوڵ و تەقەللایەتی هەر قەومێ لەلایە بەعزێ بە هەوای میللیی و بەعزێ بە غەزایە بۆ گرتنی خاکی ئەم و ئەو بەزم و هەرایە ئەم جەنگە لەسەر تۆیە لەبۆ خاک و زەمینە دواکەوتە و ژێرکەوتە بەبێ سنعەت و حیکمەت کەوتوونەتە ژێر باری کەشاکەش بە مەشەققەت تاپۆیە لە سەریانە بەشی گرتن و زیللەت بیناسە چ قەومێکە یەخەی گرتووە وەحشەت قەومێکە خەواڵوو سەری هەر چەسپی سەرینە موفتی لە عیراقا کە وەها ناوی بڵاوە بێ سەروەت و بێ موڵکە نە نانێکە نە ئاوە بێغایەپەرستی لە غەما پشتی شکاوە ناوبانگی لە پێنجوێن و هەتا بەسرە و فاوە مەمنوونی گەلاوێژە کەمەربەستەیی ژینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەتا کەی یا حسام الدین و سۆزی یا عومەرتانە سەبارەت: پێنج خشتەکی موفتی لەسەر شیعرێکی ئەحمەد موختار جاف هەتاکەی یا حسام الدین و سۆزی یا عومەرتانە ئەگەر وا بێ خەبەر بن باعیسی ژینی خەتەرتانە هەموو دنیا ئەزانێ ئێوە هەر شێرێ نەفەرتانە لە خەو هەستن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە هەموو تەئریخی عالەم شاهیدی فەزڵ و هونەرتانە نەما ئەمڕۆ لەسەر ئەڕزا بە وێنەی ئێوە بێ مەحکووم زەلیلی جەبری ئێران و گرفتارن بە دەستی ڕووم لە گەنج و جەوهەری خاکا بەجارێ بێ بەش و مەحرووم دەسا تێکۆشن ئەی قەومی نەجیب و بێ کەس و مەزڵووم بە گورجی بیبڕن ئەو ڕێگە دوورەی وا لەبەرتانە گەلێ چاتر لە ژینە ئافەت و تاعوون و مردنتان هەتا وا ناحەزی یەک بن لەبۆ یەک ڕێگە گرتنتان بە هیچ نابن هەتا وا بن لە یەک تاڵان و کوشتنتان بخوێنن چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوژمنتان هەموو عان و سەعاتێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە وەکوو کەوسەر سەراسەر چەشمەکانی شیر و هەنگوینە هەتا دڵ حەز ئەکا شاخ و کەنار و دەشتی ڕەنگینە درەخت و دارەکانی سونبوڵ و ڕەیحان و نەسرینە بە خۆڕایی لە دەستی بەرمەدەن ئەم خاکە شیرینە کە تۆزی وەک جەواهیرسوورمە و نووری بەسەرتانە لەلای من لایەقن یەکسەر حوڕ و سەربەست و ئازا بن هونەر ناکەن ئەگەر هەریەک ئەمیر و میر و ئاغا بن ئەسەف بۆ ئێوە لەم خاکە ئەگەر مەهتووک و ڕیسوا بن بەسەر ئەرزا ئەگەر نازیش بکەن هەقتانە هەر وا بن تەماشای سێبەری ئەم شاخ و کێوانەی لەسەرتانە ئەگەر غەربی بزانێ قیمەتی سەنگینی ئەم ئەرزە لە دنیادا وڵاتی ئێوە ناوی تا فەلەک بەرزە هەموو مسقاڵە خاکێکی دەوای سەد عیللەت و لەرزە بە بێ قەدری بەسەریا ڕامەبوورن حورمەتی فەرزە گوڵاڵە سوورەی ئەم کێوانە خوێناوی جگەرتانە بەبێ عیلمی ژیاون داخم ئێوە ئەووەڵی وەهلە نەزانی و ژێردەسەی خەڵکی ئەزانم سووچی نائەهلە ئەگەر هیممەت ببێ ئەمجا خەیاڵ و ئارەزوو سەهلە دەمێکە ئەم وڵاتە وا ئەسیری پەنجەیی جەهلە لە سایەی عیلمەوە ئەمڕۆ ئیتر نۆبەی زەفەرتانە خەیاڵی موددەعیتان دێتە سەر گەر تاق و تەنیا بن لە هەر لا جێی ئومێدن دەس لەناو دەس کەن موهەییا بن سەری موفتی بڵند و بەرزە بەو شەرتەی کە ئازا بن زبانی حاڵی ئەحمەد هەر ئەڵێ قەومینە وریا بن بزانن بەردی ئەم شاخانە ئەڵماس و گەوهەرتانە لە خەو هەڵسن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە هەموو تەئریخی عالەم شاهیدی فەزڵ و هونەرتانە دەسا تێکۆشن ئەی قەومی نەجیبیی بێکەس و مەزڵووم بەگورجی بیبڕن ئەو ڕێگە دوورە وا لەبەرتانە بخوێنن، چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوشمنتان هەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە بەخۆڕایی لە دەستی بەرمەدەن ئەم خاکە مەحبووبە کە تۆزی وەک جەواهیرسورمە و کوحلی بەسەرتانە بەسەر خاکا ئەگەر نازیش بکەن حەقتانە کوردینە تەماشای سێبەری ئەو شاخ و کێوەی وا لەسەرتانە بە بێ قەدری بەسەریا ڕامەبوورن حورمەتی بگرن گوڵاڵەسوورەی ئەم سەحرایە خوێناوی جگەرتانە دەمێکە ئەم وڵاتە وا ئەسیری پەنجەیی جەهلە لە سایەی عیلمەوە ئەمڕۆ ئیتر نۆبەی زەفەرتانە زوبانی حاڵی ئەحمەد هەر ئەڵێ وریا بن ئەی میللەت بزانن بەردی ئەم شاخانە ئەڵماس و گوهەرتانە «ئەحمەد موختار جاف» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ دامەزراندنی کۆماری مەهاباد هەزار مردووی عەزیزم مردبێ ئەمڕۆ دڵم شادە کە بیستم قەومەکەم قیسمێک حوڕ و سەربەست و ئازادە ئیتر پێویستە دۆعا کەم لەبۆ عومر و ژیانی خۆم دەمێک ساڵە کە خەرمانی ژیانم پووچ و بەربادە وەرن گەنگی یەکسەر لە خەو هەستن کەمەر بەستن کە ئەمڕۆ ڕۆژی هاواری ژیان و داد و فریادە ---- پەنا و پشتی فەقیری عالەمی دنیا ئەگەرچی خۆ ئەویش هەروەک من و تۆ ئادەمیزادە بەڵام ئەمڕۆ مەقامی ئەو بە بەرزی فەوقی دنیایە کە جێگەی سەد هەزاران داستانی داد و بێ دادە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاواتی تازەی پێنجوێنی وێران ئاواتی تازەی پێنجوێنی وێران پێشکەش بە میری و بە کاربەدەستان ئاخ ئەگوێزراوە بۆ ئەو پێدەشتە ئەوساکە ئەموت پێنجوێن بەهەشتە گردێکی لێیە پێی ئەڵێن «گەڵکە» هەوارگەی هاوین بۆ شار بەکەڵکە جێی وەسمان پاشا و مەحموود پاشا بوو هاوین و پاییز زۆر دڵگوشا بوو تەیارەخانە هەتا بەر بوو بان بکرایە بە شار بازاڕ و دوکان ئاو و چەشمەکەی وێنەی کەوسەرە زیخ و بەردەکەی زێڕ و گەوهەرە دوو جادەی قیرتاو ئەم بەر و ئەو بەر فەرشی حەوشەکان بە بەردی مەڕمەڕ سەرا و مەکتەب و خەستەخانەی جوان چایخانە و گەڕاج لەم شان و ئەو شان هەر وەکوو بەغدا ڕووبار لەبەریا هەر ئاوێ پردێ بکرێ لە سەریا بێن بۆ بینینی لە دووروڵاتان یا لە بەغداوە یاخود لە شاران زۆری پێناچێ وا ئەبێ بە شار هەزار بێ ئەبێ بە هەشت نۆ هەزار ئەو ڕێگا بڕوا ڕاست بۆ مەریوان بێ قۆرت و بێ پێچ وەک تیر و کەوان بکرێ بە جێگای هاوینەهەوار ناوبانگی بڕوا دیارە و دیار لوبنان لە چاویا وەک شارەزوور بێ بێن بۆ زیارەتی هەرچەندە دوور بێ ئاشەمەکینە و چرای فەرەنگی لەگەڵ سینەما بڕوانە دەنگی ئاخ وەها ئەکرا، بە دین و ئیمان نەک وەک بەنگەڵەی زستان کە دیمان جێی چی بۆ گرتم دە هەزار دینار سەد پارچە لەوح و سەد بار شووڵ و دار ئەگەر کاربەدەست هیممەت بنوێنێ ئاواتی موفتی وەک دار ئەڕوێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەمە چەند ساڵە تەقەلا ئەدەم ئەمە چەند ساڵە تەقەلا ئەدەم تانە لە شێخ و لە مەلا ئەدەم بۆ ئەوەی کە وا قەومی خەواڵوو هەڵسێنین لە خەو یەک یەک و دوو دوو خەڵقی باڵ ئەگرن بەسەر هەواوە ئێمەش پاشەوپاش هاتووینە دواوە وەک هیندستانی شەڕەدین ئەکەین دایم لە یەکتر پەشم و قین ئەکەین سۆفی ئەڕوانێ بۆ دەروێش بە قین دەروێشیش ئەڵێ تف سۆفیی بێ دین لەبەر برسێتی و بێ بەرگ و نانی هەر ئەڵێین «ساحێب» تۆ خۆت ئەیزانی یەگ پیرێژنی غەیرە دینمان لێمان وەرئەگرێ ڕۆح و ژینمان گەلان ئاوا بوون گەیشتنە سەر کەل ئێمەش لە پێدەشت وەک حەیوانی شەل ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بابە ئەمڕۆ من وا پێگەیشتووم گێلاس: بابە ئەمڕۆ من وا پێگەیشتووم لە ژینی دنیا باش تێگەیشتووم کوڕ و کچ هەر دوو بەشداری ژینن هەر دوو نەمامی ڕووی سەر زەمینن وەک پاشەڕۆژی کوڕ دێنیتە یاد کچیش وەکوو کوڕ مەیکە نامراد چەند قسە و باسێ ئەکەم عەرزی تۆ لە شووکردنا مەمکە ڕەنجەڕۆ بە ئارەزووی خۆت مەمدە بە خانێ بە ئاواتی خۆم بمدە بە شوانێ بەڵام بە شەرتێ دڵگیری من بێ ئەویش پێبەستەی زنجیری من بێ ئەتوار شیرین و کاسبکارێ بێ خۆشەویستی گشت ئەهلی شارێ بێ ئازا و زرنگ بێ نان بێنێتە دەس سەرسەری نەبێ ملشۆڕ و تەرەس مەڕوانە عەسری بیست ساڵ لەمەوبەر کچ ئەدا بە شوو بە نووکی خەنجەر هەرچەند لە دێهات ئەم باوە ماوە بەڵام لە شاران خامۆش کراوە گەر نەمدەی بە شوو بە ئارەزووی خۆم حاشات لێ ئەکەم لەلاشت ئەڕۆم تەڵاقەکەیشم بە شەرعی ئیسلام چۆن دائەمەزرێ حەوت کەڕەت سەلام گەر بمفرۆشی بۆ ژیانی خۆت یاخوا هەر نەژیت نەخۆی نانی خۆت گەر کچفرۆشتن ئیش و کارت بێ زاوای زێڕینت شای چەند شارت بێ بتکا بە وەزیر شا خۆی یارت بێ یاخوا خەزنەکەی زەهری مارت بێ وەڵامی موفتی: ڕۆڵەی زرنگ و هوشیار و ژیرم مەڕوانە وێنەی پەڕپووت و پیرم منیش لەم ڕێگا گەنجێکم وەک تۆ نەمرم بمێنم ناتکەم ڕەنجەڕۆ پاشەڕۆژی تۆش هەروەکوو کاکت ئەیخەمە بەرچاو هیچ نەبێ باکت ڕۆڵەم واتەکەت لەلام شیرینە چونکە ڕێی شەرع و ویژدان و دینە نەک هەر لەلای من لەلای گشت بەشەر ئەچێ واتەکەت بە لەعل و گەوهەر ئەتخەمە شوێنێ بە ئارەزووی خۆت ڕزگارت ئەکەم لە بەند و لە کۆت ڕۆڵەم هەتاهەم لەسەر بیری تۆم نە خان ئەناسم نە تاجر نە دۆم نە نامووس فرۆش نە پووڵ پەرستم حەیا و حورمەتم نادەم لە دەستم من بە خوێنی تۆ نامەوێ ژیان خۆم ناکەم بە پەند لای ئەهلی جیهان بیری پێمەدە ئازاد و حوڕ بە هەرچەندە کچ بی لە ڕیزی کوڕ بە دانیشە بێ خەم ئاسوودەحاڵ بە تۆش وەکوو کاکت خاوەنی ماڵ بە ئەم دەردە ئاخۆ کەی دەرمانی بێ ئەم ئاخ و داخە چۆن سامانی بێ دووکەڵی ئاهی هەناسەکەی من هەر دێت و ئەڕوا تا وەختی مردن ئەم نەختە ژینە لە ڕووی سەرزەمین یاخوا هەر نەبێ ئەگەر حوڕ نەبین ڕۆڵەکەی زانا و پڕ بیر و هۆشم من بۆ ئازادی تۆ تێئەکۆشم ئیتر جەهەننەم چش لە دەردی خۆم خەریکی کۆچم بارکەم و بڕۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وتووێژی موفتی و کچەکەی کچ: بابە نزیکە شەوق و ئارەزووم خۆزگە ئەمزانی کێ ئەبێ بە شووم من زۆر ئەترسم کە بمدەی بە شوو بمدەی بە کەسێ بەدخوڵق و بەدخوو یا لەبەر ئەوەی کە پارەدارە یا کوڕی ئاغا و بەگی زۆردارە یا بڵێن کوڕی خزمی خۆمانە هەرچەن گۆشت لەڕ بێ هەر لەسەر ڕانە هەر بە زیندوویی بمخەیتە قەبرێ خۆزگە بخوازم بەوەی کە ئەمرێ سەدی نەوەدی کیژی ئەم کوردە هەر نامرادە و هەناسەسەردە موفتی: کچم تێ ئەگەم ئاواتت چییە ئەو فکرە کۆنە لەلای من نییە شەرتە بە شەرع و فەرموودەی قورئان من بتدەم بە شوو نەتخەمە زیندان هەرکەسێ کە خۆت حەزی لێ ئەکەی هیچ ناوەستی لێی زوو شووی پێ ئەکەی ئەو کەسەش کە وا عاشق بە تۆ بێ بۆ تۆ وەکوو تۆ دڵ پڕ لە سۆ بێ ڕووشمان تێ نەکا عەیبەی ئەم و ئەو وەک دەهۆڵ لێدەن بە ڕۆژ و بە شەو بێ ترس و بێ خەم بۆ خۆت دانیشە من ئیشی خەڵکی ناکەم بە پیشە نایشتفرۆشم هەروەکوو حەیوان شیربایی لە خۆم ئەکەم بە سندان فەرقی لام نییە خزم و بێگانە هەر تۆ لات باش بێ لای من ئاسانە ترسی مەولوودیش لە دڵ لابەرە کەسێک وا ئەکا بەناو بەشەرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بابە ڕێگەی ژیانی من چۆنە کوڕ: بابە ڕێگەی ژیانی من چۆنە ژینی ئەم عەسرە باشە یا کۆنە پێم بڵێ تۆ ئەوەی کە ئەیزانی ئاشکرا خۆشترە لە پەنهانی نامەوێ ئەرک و خزمەتی دیوان بەندەگی شەخسی و ملکەچی بۆ نان حوڕ بژیم چاو لەبەر نەبم بۆ کەس پیاوی خۆم بم بە زۆری قاچ و دەس موفتی: ڕۆڵە گوێ بگرە هەرچی ئەیزانم ئاشکرا پێت ئەڵێم بە چاوانم تێت گەیشتووم بزێو و هوشیاری بۆ ئەمەی ڕوو نەکەیتە لاساری پێشەکی دەرسی دین و قورئانە کە ڕێگەی سەربڵندی ئینسانە پاش ئەوە خوێندن و حساب و خەت خوێندنە لات ئەدا لە ڕێی نەگبەت جا ئەمەو توجارەت و سنعەت حورمەتی خاک و خزمەتی میللەت هێندە هێمن بە خوڵقی خاکت بێ بێ هەوا بە دڵێکی پاکت بێ بە بەشی خوا ڕەزا بە خوا ئەیدا ئەوی ڕۆژ بتبێ بۆت ئەبێ پەیدا ئەمەوێ تۆ بە ڕەنجی شان حوڕ بی تێدەگەی چی ئەڵێم ئەگەر کوڕ بی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوڕ و باوک کوڕ: بابە هەرچەندە زۆر لێت ئەترسم بەڵام ناچارم وا لێت ئەپرسم هەر بە ڕووخۆشی عاجز نەبی لێم لێم مەشارەوە ڕاستی بڵێ پێم تۆ لە ڕەفیقت بۆچ بەجێ ماوی؟ بۆچ وا بێ پارە و کز و داماوی بۆ چی بێ عەرز و موڵک و دووکانی خێر لە خۆ نەدیو بێ بەرگ و نانی خۆ ڕەفیقی تۆ نەخوێندەوارە بۆچی خاوەندی هەزار هەزارە ئەوان بەشەرن تۆش هەر بەشەری بۆچی لە ژینا وا بێ خەبەری وەڵام: کوڕم مەمنوونی فکر و هۆشتم دڵ پڕ لە شەوقی قسەی خۆشتم چۆن زویر ئەبم لە پرسیارت زۆر شیرینە لام وردی گوفتارت پێویستە جوابت بە ڕۆح و بە گیان تۆش بیگریتە گوێ وەک مەردی مەیدان من وام ئەزانی ڕۆزی ئەبارێ هەرکەس بەقەد خۆی بۆی دێتە خوارێ قەت کڵاوڕۆژنەی بانم نەدەگرت ئەمگوت ها ئێستا بۆم دێ دەستوبرد سێ ساڵ دانیشتم بەم خەیاڵەوە دڵ پڕ لە دەرد و ئاه و ناڵەوە نەمزانی هەوڵ و کۆشین و ڕەنجە تا دەست خۆمی خەم ئەم پووڵ و گەنجە بڕۆم دەستوبرد حەجێکی بۆ بکەم بم بە وەکیلی پارەی قەومەکەم هەریەک بە جۆرێ لێیان وەرگرم بۆ تۆی کۆمەڵ کەم هەتاکوو ئەمرم تۆپێ خام دانێم بیفرۆشم پێیان زوو بیکڕمەوە بە کەمتر لێیان قازانجەکەشی ئەگەر دەپرسی ئەمفرۆشت بە چل ئەمکڕی بە سی ئێستاکە فێر بووم ڕەفتاری ژینم نە پارەم هەیە و نە هێز و تینم ئەم فڕوفێڵە و ئەم دانە و داوە زۆری وەک منی پێ داخ کراوە ئەم چاوبەستییە و ئەم بگرەوبەردە هەر بۆ نەزانی هەناسەسەردە ڕۆڵەم تۆ وەها حەیفە ژیانت بێ فێڵ بژی تۆ دەستم دامانت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بخوێنە ڕۆڵە لە یەک هەتا شەش بخوێنە ڕۆڵە لە یەک هەتا شەش پێویستە خوێندن لەبۆ ڕۆژی ڕەش خوێندنە بەشەر لە ڕیزی حەیوان جیا ئەکاتەوە و ئەیکا بە ئینسان بەڵام مەکتەبی پۆلی ناونجی دەس نادا بە زۆر بیشتبەن نەچی تووشی مەراق و دەرد و خەم ئەبی بێ ئیش و بێ کار هاوسەر کەم ئەبی چونکە وەزیفەی عێراق بە خوێندن دەس کەس ناکەوێ بێ گەورە بۆ من یا بە پارەی زۆر ئەچیتە سەر کار یا بە واسیتەی ئەشرافی ناو شار تۆ نە پارەت بێ نە پیاوی مەزن ئەبێ پۆلیسی بگریتە گەردن کە وا بوو هەرزوو بە توورفرۆشی ڕابوێرە عومری گەنجیت بە خۆشی کاسبی و سنعەت چرای چاوت بێ با پۆشاکیشت شاڵ و جاوت بێ نە کەس پیاوت بێ نە پیاوی کەس بە نە چاوەڕوانی گیرفان و دەس بە کە پێگەیشتی و بووی بە پیاوی خۆت بووی بە خاوەنی ئەسکەناز و نۆت خۆیشت پیاو ئەبی و هەر ئەبی بە پیاو دینار و درەم ئەتخاتە ناو ناو کوڕم نابینی بە هەزار هەزار بە ڕەنجی بازوو حەماڵیی ناوشار وەختێ پێ ئەگەن ئەڕۆن بۆ حیجاز گەورە و بچووکیان ئەچێتە پێشواز ئاڵای ڕەنگاوڕەنگ لەگەڵ تەپڵ و دەف ئەڕازێتەوە پۆل پۆل و سەف سەف ئەو شکڵ و شێوەی ئەبینی بە چاو دەسیان ماچ ئەکەن هەنگاو بە هەنگاو زەحمەتی شان و قۆڵ و دەسیەتی نەک هی مەئمووری و قەوم و کەسیەتی ڕۆڵە تۆش ئەبێ بە ڕۆژ و بە شەو تەقەللا بدەی واز بێنی لە خەو ئەمجا ئاڵای تۆش ئەلەرێتەوە حەیوان سەر ئەبڕن لەژێر پێتەوە ئەبیتە پاشای چوار دیواری خۆت ڕزگارت ئەبێ لە بەند و لە کۆت ئامۆژگارییەکەم فەرامۆش نەکەی دوژمن و ناحەز بە خۆت خۆش نەکەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە ئەمری سوبحان ڕۆژێ لە ڕۆژان بە ئەمری سوبحان ڕۆژێ لە ڕۆژان دەروێشێکم دی ملهوڕ و گوێپان قەوی و تەندروست ئەعزای بێ نوقسان ئەگەڕا بۆ سواڵ دووکان بە دووکان *** مێزەری چڵکن سەر و مل ڕشکن پرچی بە دوولا پەخشان بوو وەک ژن ئەسپێ وەک مێگەل پەنا مل کوڵکن خەرمانی سوور بوو لە جۆ و لە هەزرن *** توورەکەی ملی وەک هی بارگیر بوو تەسبیحی دەسی داری هەنجیر بوو لای ڕاستی زەرگ و لای چەپی شیر بوو وا تێگەیشتم ئیجازەی پیر بوو *** هەر کەسێ وەها ناوی بەشەر بێ کە خێری نەبێ و ئالەتی شەڕ بێ کاشکی گایەک بێ کە گێرەکەر بێ یا بەستەزمانێ کە بارەبەر بێ *** خولاسە دڵم پڕ بوو لە جەخار لێی هەستام بە تین دەستم دایە دار وازم نەهێنا بە جار و دوو جار ناچار دەستی کرد بە هاوار هاوار *** وتی برا گیان بۆچ هاتیە جەستەم گوناهم نییە بە قورئان قەستەم خەلیفە دەستی نایە ناو دەستم دەروازەی ئەقڵ و ژیانی بەستم *** تەڵقینی کردم ئا بەم شتانە عەبا و کەشکۆڵ و دەف و هەمانە مار بگرم پرچم بکەم بە شانە ئەمە نیشانەی دەروێشیمانە *** بەوە تەفرەی دام ئەو ئاخرشەڕە لە من خراپتر خۆی ماڵانگەڕە لە وەختی تەقوا و لە زیکری هەڕە فکری هەر لەسەر بەران و مەڕە *** کەسب و سنعەتی هووهووکێشانە زیکر و ئەورادی تەپڵلێدانە ئەم بەزم و ڕەزمە مەعلووم بزانە بۆ خودا نییە بۆ پارووی نانە *** خەلیفەیش کاکە سەرلێشێواوە ئەویش بەو ڕەنگە دەرس دراوە کەوای دووڕەنگی بە بەر بڕاوە پیشەی سواڵکەری وا دانراوە *** عەشرەتەکەمان ئادابی وایە بێ کەسب و کار و بێ جووت و گایە خواردنیان ماڵی عباداللهیە دەروازەی سواڵیان بۆ بەڕەڵایە *** کەریم دەروێش جوابی نەستەق بوو خەتای خۆی نەبوو تۆبەکەی لەق بوو لە پێشدا دڵم دەربارەی ڕەق بوو دوایی تێگەیشتم شەقی ناهەق بوو *** موفتی زبانی تیغی دەبانە ئاسن ئەبڕێ هەر وەک هەمانە واوەیلا ئەمڕۆ بۆ ئەو کەسانە نانی حەرامیان سواڵ و گەڕانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جاران ئەیانوت لە زەمانی زوو جاران ئەیانوت لە زەمانی زوو گەر کچ بخوێنێ زوو ئەبێ بەدخوو بەهۆی نووسینی نامەی پەنهانی دێنێتە بەرهەم سەد دۆستی گیانی ئیتر بە کاغەز دنیا تاڵ ئەکا حەیای قەومەکەی پایەماڵ ئەکا ئەی باشتر نییە هەر دوو بە دوو بێ بۆچ فەرهادکوژێ لە هاتوچوو بێ لە هەردوو لاوە زەخیرەی ماڵی بکێشێ بۆ خۆی لەگەڵ مناڵی سوێندیان بۆ ئەخوا بە خوا و بە ئایەت گڵ لێم نابییە هەتا قیامەت ئەوانیش لەبەر تەزبیحی جوانی بەرماڵی کۆڵی و نوێژی بەیانی هەر دوو بەجارێ تەسلیمی ئەبن ئەڕۆن لەگەڵیا قوژبن بە قوژبن وەختێ ئەزانن لە شار و لە دێ وەک بەیتی ڕۆستەم ناویان دەر ئەچێ نامووسیان ئەچێ ماڵیشیان سەربار ناویان ئەزڕێ لە دێهات و شار بە کورتی هەردوو هەتاکوو ماون لەلای داپیرە چاو دانەواون کە وا بوو خوێندن بۆ پیاو و بۆ ژن ئەبێتە سووپەر ڕووبەڕووی دوژمن بێ علیم و زانین ژیانی ئینسان نەختێ باشترە لە ژینی حەیوان ئەم لەسەر خانە و ئەو لەژێر خانە ئەو ژینی بە پووش ئەمیش بە نانە هەر بە خوێندن بوو کە بۆمبای بەرقی بێ خاوەن ڕۆیی لە لەندەن تەقی هەر بە خوێندن بوو قومبەلەی زەڕڕە ژاپۆنی خستە هاوار و نەڕڕە ئێمەش هەر لەسەر فکری جارانین بۆیە لە ڕیزی خزمەتکارانین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆزگە بەو ڕۆژەی حەربی ئەڵمان بوو خۆزگە بەو ڕۆژەی حەربی ئەڵمان بوو لە ئەرز و ئاسمان ئاگرباران بوو شەکر و چا و کووتاڵ زۆرتر هەرزان بوو نە کەس بێ بەرگ و نە کەس بێ نان بوو *** حەفتا و پێنج غەرام چایی بێ لاجان یەک کیلۆ شەکر بۆ یەک سەرخێزان لە سەری مانگا حازر بوو لامان تێر و تۆخ حاجی و بەگ و گەدامان *** ئەو ڕۆژەی کە دیم گیرابوو بەرلین کەوتینە شەوق و بەزم و هەڵپەڕین بۆ ئەوەی وتمان بە خۆشی ئەژین شەڕ و شۆڕ نەما لەڕووی سەر زەمین *** کەچی وا ئێستا خۆزگە بە پارین هەموو سەرگەردان بێ ئیش و کارین هەتا تەنانەت بێ سووخت و دارین بێ کەس و بێ دەر بەبێ خەمخوارین *** نۆ مانگە چامان بۆتە چای لاجان کە بۆمان دێنن لە خاکی ئێران دەرد و نەخۆشی خستۆتە ناومان وەختە کوێر ببین نەبینێ چاومان *** خۆ من بیستوومە لەپاش تەنگانە نۆبەی دڵخۆشی و شادیی ئینسانە بۆ ئێمە گەڕا بە پێچەوانە شکور بە جاران نەک بەم زەمانە *** ئیتر ئەوانەی وان لەسەر کورسی تێرن ناپرسن لە حاڵی برسی تا کەی هەر بۆ خۆو هەر نەفسی نەفسی کوژراوی هیچ نین غەیری بێکەسی *** خۆ هەر قەومێکیش پەنا بە خوایە سەرگەردان و کز دایم لە دوایە دوچاری زوڵم و دەرد و بەڵایە نەویستی بەشەر خڵتەی دنیایە *** دەردی زەلزەلەیش سەرباری گران خانووی ڕووخاندین خۆمان سەرگەردان دڵخۆشیان کردین بۆ یاریدەدان بە پارەی خانووی زستان و دووکان *** هەمووی هاتە سەر بەنگەڵەی تەیمان جێگەی دوو نەفەر بەدتر لە زیندان بێ پارە و بەرگ، بێ ڕێگە و بێ نان تێیدا بگەوزین پەنا بە یەزدان *** هەتا جووت نەکەی گەنم نەڕوێنی یا بە دەستی خۆت سەرت نەخورێنی *** نە سک تێر ئەبێ نە ئاڵۆش ئەمرێ نە یاریدەی کەس کەڵکت بۆ ئەگرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆزگە وەک خەڵکی منیش بەجارێ خۆزگە وەک خەڵکی منیش بەجارێ دینارم ئەبوو پێنج شەش هەزارێ نەم ئەدا بە حەج نەم ئەدا بە ژن سێ چوارێ بێنم بۆ ڕابواردن لاحیا فی الدین بۆ تاقە پیاوێ ژنێکی بەسە و سێ چواری ناوێ نە خەرجم ئەکرد بۆ ئەسپ و بڕناو نە زیافەت کردن بۆ شۆرەت و ناو نەم ئەدا بە دێ و ئاو و ئیجارە هەزار پیاوم بێ بە زۆری پارە نە قەسر و خانووی نەخشین و ڕەنگین هەر خۆم حساب بم لە ڕووی سەرزەمین بیاندەم بە کرێ بە پیاوی ناودار خۆم بم بە حەیتە و ڕەئیسی ناوشار نە عەرەق خواردن مەزەی ڕەنگاوڕەنگ گاهێ شەرەنگێز گاه مات و بێ دەنگ ئەمدا بە بەرد و کەرەسەی ڕەنگین پردێکم ئەکرد لە ڕێگەی پێنجوین تا ئاخر زەمان بۆ دنیای ڕووناک شۆرەت و ناوم نەئەچوە ژێر خاک ئەگەر ئارەزووم ڕەزای خوا بێ سێ حەجیش زەحمەت، خێری وەها بێ کچی دێهاتی کێلوو و نزارە بۆ ماست فرۆشتن دێن بۆ ئەم شارە کراسی چیتی دڕاو لە بەردا ئەدەن لەم چەمە باران لە سەردا وەختێ بە وردی تێیان ئەفکرم دڵم دێتە کوڵ نزیکە بمرم ڕێبواری تریش هەزاران هەژار بە ڕۆژ و بە شەو لە دێهات و شار دەردی ئەم چەمە و سەرما ئەنۆشن پارەدار هەموو چاویان ئەپۆشن داخی بە جەرگم بۆ پیاوی پێشوو پرد و ڕێگایان ئەکرد بە تێشوو یەزدانپەرست بوون بێ ڕیا و نیشان ساف و بێ فیز و شیرین موسوڵمان هەرچیان ئەکرد هەر بۆ خوا بوو دوژمن لەلایان نەفس و هەوا بوو ئەم دەورە ئەمڕۆ بۆچ وا شێواوە دین و ژیانمان زۆر ناتەواوە هەرچەندە کە خۆم کوردم درشتم وەختێ کە پارەی زۆر هاتە مشتم حەجی پێ ئەکەم ژن ئەکەم بە سێ بە کوێری چاوی بەر و دراوسێ موفتی بەسیەتی چەناگەبازی بەم بێکەسییە بە کێ ئەنازی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داخ و جەخاری کیژی کوردستان داخ و جەخاری کیژی کوردستان بەیان ناکرێ بە سەد داستان لە ڕیزی بەشەر دەر کراونە دەر خوارتر لە حەیوان کز و قوڕبەسەر تا پازدەساڵی هەر وەکوو ڕەنجبەر ئیشیان پێ ئەکەن لە دەشت و لە دەر ئەمجا کە وەختێ داواکاری بوو بە شەرتی شەرعی زوو ئەیدەن بە شوو یا بە ماڵی زۆر داگیری ئەکەن یا بە ژن بە ژن ئەسیری ئەکەن ئەیدەن بە پیسێ یاخود بە پیرێ بێچارە و ناچار زوو هەڵئەگیرێ سەدی نەوەدی هەر نامرادە هەرچەند لە شەرعا حوڕ و ئازادە ئەوانەی کە وا بەدکردار ئەبن لەتاو دەردی دڵ شێت و هار ئەبن هەتا کەنیشکن بێ عەیب و لەکەن لەکەدار ئەبن وەختێ شوو ئەکەن هەرکامیان کە وا تووشی خەتا بێ ئۆباڵ بە ئەستۆی باوک و برا بێ دیسان ئەو کەسەیش مارەی ئەبڕێ لە قیامەتا یەخەی ئەو ئەگرێ من هەر دڵسۆزم دوژمن بە کەس نیم بۆ خزمەت نەبێ من بەتەمای چیم ئێمە پێویستە هەتاکوو ئەمرین قەدری میللەتی ئەوروپا بگرین چونکوو عالم و خاوەن سنعەتن بۆ هەموو بەشەر زۆر بە خزمەتن هەوەڵ مەکینەی شەوقی کارەبا هەزار زەحمەتی ئێمەی دا بە با کۆڵان و قوژبن وا ڕووناک بۆوە دز و شەوگەردی تەواو پاک بۆوە جنۆکە و دێوی کون و کەلەبەر ناتوانن هیچیان سەر بێننە دەر ئەو دێوە جاران خێوی کانی بوو سەبەب تاریکی و هیچنەزانی بوو ئێستاکە چونکە شەومان ڕووناکە دێو فیراری کرد خێویش هیلاکە لە گرمە و هاڕە و ناڵەی تەیارە غۆلیش لە چۆڵا زۆر بێ قەرارە ئەو ئەژدیهایەی چاوی وەک چرا بە شەوی تاریک لە دوور ئەبینرا ئەویش وەکوو دێو بە غاز و بۆمبا ون بوو بەجارێ عومری چوو بە با ئێستە ئەتوانین لە شار و لە کێو بڕۆین نەترسین لە دێو و لە خێو جا ئەگەر فەن و حیکمەت نەبایە دێو پەرەی ئەگرت لە هەموو لایە یاخوا قەومی وا دایم هەر بژین گەر بیشمانکوژن حەیفە بیانکوژین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داخی دووژنە لە سێ هەتا چوار داخی دوو ژنە لە سێ هەتا چوار دایم لە دڵما پێچ ئەدا وەک مار هەرچەندە من خۆم دوچاری نەبووم تووشی ئەزیەت و ئازاری نەبووم بەڵام پێویستە بۆ خوشکەکانم بیکەم بە خزمەت هەرچی بزانم بۆ پیاویش هەروا سەرگەردانییە زەرەری دین و ماڵوێرانییە هەر ماڵێ تیا بێ دوو ژن وەک دوژمن دیواری پۆڵای دەردێنن لە بن پیاویش هەرچەندە ڕەنج ئەدا بۆ نان ئەوان لێی دەکەن بە دەرد و سندان ژنی کۆن ئەڵێ کراس دڕاوم هاوسەری کەم و جەرگبڕاوم چەندساڵە لای خۆم ماڵداری ئەکەم بە چنگ و نینۆک دینداری ئەکەم بۆ چاو باشقاڵی مێردی بێوەفا منی خستە ناو زیندانی جەفا تازەکەیش ئەڵێ هەی وا لێکراو دیارە خواردووتە ئاوی بێلغاو دەمێکە ئەگرم بە خۆما دانم تۆیش وا ئەزانی گێل و نەزانم من حەیا و نامووس دەمبەستی کردووم تۆیش لەلات وایە کز و دەممردووم دەمدرێژی کەی گەر لەمە زیاتر وەهات دائەشۆم لە مانگا چاتر ئەهلی گەڕەکیش بچووک و گەورە بێن بۆ سەیری تۆ نۆرە بە نۆرە بۆ تۆزێ زەوق و یەک سەعات خۆشی ئەم داخ و دەردە حەیفە بنۆشی بۆ کەسێ هۆش و فیکری لە سەرە بۆ دین و دنیای یەکسەر زەرەرە خۆ عەدالەتیش جێبەجێ نابێ پێشی حەرامە شەرعەن کە وا بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داخی کەوای شۆڕ سەڵتەی تاقمکار داخی کەوای شۆڕ سەڵتەی تاقمکار دایم لە دڵما پێچ ئەدا وەک مار عەبا و فەقیانە و لفکەی شان و مل بۆ کوێستان زەمین لەکوێ بوون بە جل بێجگە لەمانەیش سەرباری گشتی مشکی و سرکەیی و جامانە و ڕەشتی سەریان زل ئەکەن بەقەد کەلارێ سەر یەک ئەکەون بار و سەربارێ ئەم شاخ و داخە و ئەم دارستانە ئەم بەفرە زۆرەی سەختی زستانە جووتێ کڵاشی قاییم لە پەڕۆ کاڵە و پێتاوی هەتاکوو ئەژنۆ ئەمیان بۆ هاوین ئەویان بۆ زستان پێویست بێ هەردوو بۆ بەرگی کوێستان شاڵی سپاتی شیرینی تورجان باد و باد کردی قۆڵی هەورامان چاکترن لە گشت فاسۆنی ئەڵمان جوانتر لە خام و فەنازی جاپان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەمەزان و سەفەر دوێ شەو لە خەوما بە شێوەی بەشەر ڕەمەزانم دی هامڕازی سەفەر هەردوو جووت بە جووت گفتوگۆیان بوو گلەیی و بناشت ئەمن و تۆیان بوو دەمێک بوو سەفەر لێی داخ بە دڵ بوو لێی هات بە چۆکا یەگجار بە کوڵ بوو وتی ڕەمەزان داشم سوارە دەمێکە جەرگم پڕ لە جەخارە من بۆچی وەها ناوم بەدناوە بە شوومی و ئاشووب زەنگم زڕاوە خۆ تۆ چوار ساڵە سی ڕۆژەی تەواو بەربوویتە ئیسلام ئەیانکێشیشە داو بانە و مەریوان حدوودی ئێران لە ئاشووبدایە مانگی ڕەمەزان ئەم خوێنڕێژییەی کردووتە بە خوو بۆ لە تۆ زیاتر کەسی تر نەبوو لە هەووەڵ شەوتا لە سلێمانی تۆپێکیان تەقان ناشێ نەیزانی دە دوازدە کەسی کردن بە سیپاڵ گریان و شینی خستە ناو سەد ماڵ با لە ڕووی ڕاستی بێینە گفتوگۆ میراتەکەی من کەوتۆتە لای تۆ کەچی گوێ ئەگرم هەر جێی سوپاسی هەزار شەڕ بکەی هەر پیاوی خاسی هەردوو دەسکاری یەک وەستایەکین هەر بیناکردەی یەک بەننایەکین تۆ کام لەشکرت بۆ ئاغا شکاند منیش کام کەعبەم سەرتاپا ڕووخاند ئەگەر ئەمانە ڕوو بدەن لە من خۆم ئەشارمەوە قوژبن بە قوژبن وەڵامی ڕەمەزان وا دیارە سەفەر گێلی نازانی ئاخر لەگەڵ من کەی تۆ هاوشانی ڕوتبەی من و تۆ عەرز و ئاسمانە سەپان کەی هاوشان میر و شاهانە چاوێک هەڵبڕە هۆشێ بێنە سەر ڕەحمەت لەو کەسەی ناوی نای سەفەر تۆ کوێری مەگەر یا فامت نییە کە وا نازانی شەئنی من چییە لە مانگی مندا نازڵ بوو قورئان بووم بە خاوەنی سەد نەجمە و نیشان بۆیە موسوڵمان بۆم تێ ئەکۆشن هەزار عەیبم بێ بۆم دائەپۆشن ئەو ڕۆژەی کە وا دنیای بینانا گەورە و بچووکی بۆ عالەم دانا تۆ لە دوازدە مانگ بچووکترینی بۆچ وا بەتەنیا گەرمەبرینی هەزار ساڵ بڵێی خۆت ناپیاو ئەکەی خەیاڵی پەرش و پووچ و خاو ئەکەی لە خۆت گەورەتر نایەتە زمان تۆ چیت لەم ناوا هاتوویە مەیدان ئەگەر ئارەزووی ڕیسواییت نییە چەناگەبازی تەنیاییت چییە گەورە و بچووکی نەختێ بفامە بزانە شوێن و ڕێگەی خۆت کامە پێ ڕانەکێشی بەقەد بەڕەی خۆت بە مشاری تیژ ئەیبڕنەوە بۆت ئەگەر لە سیاسەت بدوێی لەمەو لا سەرەوژێر ئەبی قەسەم بە مەولا ئیتر ئۆباڵی خۆت بە ئەستۆی خۆت ڕۆستەم و زۆراب من ناخوێنم بۆت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەردێکمان هەیە دەرمانی کەمە دەردێکمان هەیە دەرمانی کەمە زۆر کەس بەو دەردە کەوتە و پڕ خەمە لەناو ئێمەدا بەستن مەشهوورە بەیان کردنی نەختێ زەروورە گەلێ جاهیلمان کە ژن ئەهێنێ ناجووڵێتەوە عەمری نەمێنێ ئەوەن وتراوە دەخیل هۆشت بێ نەبەسرێی نەکوو بێت بە پەندی دێ ژنەکەی دەردی ئەزانێ چییە پێی ناڵێ ئەویش لە بێ ئەقڵییە ئیتر لە پاشا لێی ئەبێ بە شێر ئەم ئەبێ بە مێ و ئەو ئەبێ بە نێر خەمناک و عاجز مات و پەشێو حاڵ بێ نوتق و بێ دەنگ هەروەک کەڕ و لاڵ ڕۆژ و شەو ئیشی هەر ئاخ و داخە باوکیش دڵخۆشە ساحێب وەجاخە توولی پێ نەدەین ڕێ ئەگرنە بەر بە پاڕانەوە لە خوا و پێغەمبەر نەجاتمان ببێ دۆستمان دڵشاد بێ دوشمنمان کوێر بێ عومری بەرباد بێ ئەڕۆن بە تەعجیل بە شین و گریان بۆ خزمەت ئوستاد شێخی عازەبان نابێ بۆی بەرن دوو دینار کەمتر بە سەد مەعزەرەت بە هەزار خاتر شێخ دێتە لایان ئینجا زووبەزوو نیشانیان ئەدا نەختێ کوڵکووموو ئەڵی مژدە بێ جنۆکەکەم هات نەیزانی ئێوە هاتوون بۆ شکات گرتم خەریک بوو بیخەمە ئاگر لێم پاڕایەوە مەلعوونی کافر سوێندی بۆ خواردم ئەو بە ئەدیانی مەرەخەسم کرد چوو ئەمەی هانی ئینجا واهیمەی لەسەر لا ئەچێ ڕەگی ئەجووڵێ کابرا جێبەجێ شێخ ئوسووڵەکەی لێ حاڵی ئەکا کابرا ژنەکەی خۆی ماڵی ئەکا ئەم دەردە تووشی دانایان نابێ هەرکەس دانا بێ وەها دانا بێ بۆچی ئەجنەبی بەستنیان نییە مەراقم زۆرە پێم بڵێن چییە؟ جوابی دامەوە شەخسێکی هوشیار وتی گوێ بگرە پێت بڵێم ئەی یار لای ئەوان جن و دێو هیچ نەماوە پاکیان دەورەیان لە ئێمە داوە ئەمان فەنباز و ئەوان فەنبازن لەگەڵ یەکترا مەعلووم ناسازن هەر ئێمە ماوین وەحشی و هیچ نەزان جێگەیان خۆشە لە ئێمە ڕەزان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەزگای جگەرەی دووکانەکەی من دەزگای جگەرەی دووکانەکەی من تەختەدارێک بوو چاکتر لە ئاسن ڕزگاری کردم لە ڕاتبەکردن بوو بە دەستگیرم تا وەختی مردن *** نەیهێشت ماڵەوماڵ سەگ بوەڕێ لێم هیچکەس نەزانێ لە تایەفەی کێم کەڵوڕم یاخود سەیاحی بێ جێم سەرتاپا کەوا شڕ تا بەر دەرپێم *** بەڕاستی پیریی دەستگیرم بوو تۆپ و تفەنگ و ڕم و شیرم بوو منی کرد بە شا خۆی وەزیرم بوو ڕۆژ و شەو خەریک ڕا و تەگبیرم بوو *** پیرانە دەستی نایە ناو دەستم تەڵقین بە ژیان بێ ئەقڵی بەستم بۆیە من وەها حوڕ و سەربەستم بێ مەراق ئەژیم بێ عەرەق مەستم *** ڕێگەی تەمەڵی لێ تەلبەن کردم نانی کەسیفی لەسەر دەربردم زوو لێی گەیشتم هەرچەندە کوردم خاوەن تەجرەبە و ئیش بەراوردم *** هەرچەندە دار بوو بەڵام ڕۆحدار بوو بە زمانی حاڵ مامۆستای کار بوو پاشەڕۆژبینی منی هەژار بوو بەسەر وەک مردوو بە دڵ هوشیار بوو *** لە جێی هەموو کەس پشتیوانم بوو ڕووناکی دڵ و دیوەخانم بوو هەم هێزی ئەژنۆ و جێی ئامانم بوو قەڵغانی تیغی دوژمنانم بوو *** وەکوو حاجییەکان دەستیدا باڵم بوو بە سەبەب کار ژینی مناڵم لێفە و دۆشەک و ئەسپابی ماڵم ڕەونەقی فکر و ئەقڵ و خەیاڵم *** قەزای دەزگاکەم لە کەسێ کەوێ بەتاڵ ئەگەڕێ و ئەخوا و ئەخەوێ گایەک بەتەنیا ئەخوا بە شەوێ سەرزل و ملپان لێی پاڵ ئەکەوێ *** یاخود ئەگەڕێ دایم ماڵەوماڵ سەگ لێی ئەوەڕێ توولە تا گەماڵ ڕووزەردی عالەم گەورە تا مناڵ پێی ئەڵێن هەزار قسەی ترش و تاڵ *** قەترەی حەیاکەی چونکە تکاوە هێندە ماڵان و دێهات گەڕاوە عەبای حورمەتی یەکسەر دڕاوە قسەی تاڵ لەلای گۆشت و پڵاوە *** وەختی مردنی دەزگاکەم یەقین شینی بۆ ئەکەم هەروەکوو شیرین کفن هەم دفن یاسین و تەڵقین تەسلیمی ئەکەم بە خاک و زەمین *** موفتی لە خوڵقا تۆ بۆیە خاسی هەقیقەتبێژ و نیعمەتشوناسی قەلبەن لە سپڵە و بێوەفا یاسی دڵپڕ لە دەردی وا گێژ و کاسی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ساڵان لەم فەسڵە سەیرانی و چەم بوو ساڵان لەم فەسڵە سەیرانی و چەم بوو ئاهەنگ و شایی عالەم بێ خەم بوو کومپیالەمان تا هەزار چەم بوو دەهەزار دینار لە لامان کەم بوو *** چونکە ئەباری وەک تەرزە و باران لیرەی ڕووسیا و قڕانی ئێران ڕیاڵ بە دەستە وەک گەڵای داران دینار بۆ کاوڕ تا شەک تا بەران *** خسووسەن خوری و تا کەتیرە و موو سەعلەب و گەز و دووبەرە و مازوو ڕۆژی دە لۆری لێرە دەرئەچوو ئەبوو بە دینار هەمووی زووبەزوو *** ئیتر لە خۆشی دینار بە لێشاو گاڵتە و یاری وەک تەیری سەر ئاو خەیاڵمان ئەکرد وەک خەیاڵ پڵاو ماڵ ئاوڕشێن کەین بە عەتر و گوڵاو *** خانوو تەبدیل کەین بە مۆدەی تازە لە خارج بێنن دەرگا و دەروازە لەناویا دانێن سندووق ئاوازە لێدا ئەو کەسەی ئوستادەی تازە *** هەوای سووریا کەوتووە سەرمان لیباسی ئەوان بکەین لەبەرمان بڕۆین بۆ سەیران بۆ جەبەل لوبنان بێ غەم سەر بنێین چەند ڕۆژ چەند زەمان *** هەموومان مەستی شەرابی نەو بووین عاشق بە ڕۆژ و بێزار لە شەو بووین دۆست هۆشیاری دەرمەن بە خەو بووین قاقای پێکەنین وەک نێرەکەو بووین *** ئێستە ئەوانەی پەروەردەی نازن بێ بازار پۆل پۆل خەریکی ڕازن شەماڵی ڕەحمەت بێ بە هاوارمان بەڵکوو نەلەخشێ چیغ و دەوارمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیعر ژیانت بردم بە تاڵان سەبارەت: وتووێژی موفتی و شیعر موفتی: شیعر ژیانت بردم بە تاڵان خەوتم دوا کەوتم لە ئاوسێماڵان من بەهۆی تۆوە بەجێمام لە گەل من لە هەورازم ئەوان چوونە کەل لە پێش خەڵکەوە توجاری شار بووم خاوەنی ڕزقی عەمار و بار بووم ئەوەی کە ئێستا ناکا مەرحەبام بە ڕۆژ و بە شەو کەوتبوو لەلام با باری بەمێ بیبا بۆ شاران یان بانگوشم بێ بە بەفر و باران کەچی وا ئێستا ئەو بووە بە ئەشراف هەر خۆی حیسابە بە لاف و گەزاف خاوەن مەجلیس و حورمەت نشینە وەکیلی قەوم و کۆڵەکەی دینە منیش هەروەکوو فەرەنجی لەبەر ڕێی ژوورم نییە و ئەوەستم لە دەر تازە پێم زانی کە دەستەی دینار لە تۆ باشترە پیاو ئەخاتە کار هۆش و خەیاڵت بە تاڵان بردم ڕووزەردی قەوم و بێگانەت کردم نیوەی هۆزەکەم لێم بوونە دوژمن خۆم ئەشارمەوە قوژبن بە قوژبن دیوانی عورفیم بەهۆی تۆوە دی کێ من ئەناسێ ئەگەر تۆ نەبی لێفەی بێهۆشیت کێشا بە سەرما عەبای ئەشرافیت داکەند لە بەرما شیعر لە دنیا تۆ چیت بۆ کردم یان چیم بۆ ئەکەی وەختێ کە مردم شیری حوشتر و دیاری عەرەب هەر لێرە هەتا ئەگاتە حەڵەب نە تۆ بمبینە نە من بتبینم لە سایەی تۆوە گەردەنشینم شیعر: موفتی گلەییت کردبوو لە من کە ژیانی تۆم دەرهێنا لە بن تۆ بە ناهەقی من ناپیاو ئەکەی بێ ویژدانیت و لە هەق لا ئەدەی وا تێگەیشتووم تۆ خوێندەوار نیت بۆیە لە دنیا هیچ خەبەردار نیت ئەگەر هەواڵی شاعیر ئەپرسی وەک تۆ بوون هەموو کەم بەرگ و برسی کەی هاتم یەخەم گرتی و وتم پێت من بگری دنیا ڕووناک ئەبێ لێت گەر خۆت نازانی پرسە لە کەسێ چۆن هەڵی ئەگرێ دوو کاڵەک دەسێ یا هۆش و فیکرت تێکەڵ پارە کە یا بە بوونی من تۆ ئیدارە کە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فکرێک لە دڵما دەمێکە کاکە فکرێک لە دڵما دەمێکە کاکە گەرد و خولیەتی حاڵم هیلاکە بەیانی ئەکەم نزیکە مەرگم لەت و پەت ئەبێ سەراسەر جەرگم گەلێ ئوسووڵمان لەناوا باوە میللەتی کوردی پاک پێ فەوتاوە ئەووەڵەن مردووی دێهاتەکەمان کەسی زیندووی خۆی ئەخاتە زیندان لە هەموو لاوە سەریان تێئەکەن بە سەر خۆشیان سەرخۆشیان ئەکەن هەموو زەلامێک تاوەکوو ئەڕوا بایی سەد فلس چێشت و نان ئەخوا نە نان ئەمێنێ نە برنج نە ڕۆن کەشک و شێلم و دۆینەکەش ئەخۆن ئینجا ساحێبماڵ نۆماڵ ئەکەوێ ڕووت و قووت داماو بۆ قووتی شەوێ داخی مردووەکەی دەرئەچێ لە دڵ بۆ ماڵوێرانی جەرگی دێتە کوڵ پاکی بەم دەردە دڵ بریندارە بێ سەدا و بێ دەنگ بەبێ هاوارە عەیبە نایەڵێ کەس بێتە زبان کوژراون هەموو بە تیغی دەبان لەمیشدا کەمێک خەتای مەلایە ئەو هەرچی بڵێ میللەت ڕەزایە کەڕەتێک نەیوت ئەمە حەرامە هەر وتی وەسیەت ئیسقاتی کامە نوێژی فەوتاوە درۆی کردووە بۆی جێبەجێ کەن تاوەکوو زووە خولاسە ئەگەر مەڕێکی ما بێ ئەویش بۆ ئیسقات بەشی مەلا بێ یاخوا کەس نەیبێ فاتحەخوانی دەردێکی قورسە کاکە نایزانی فاتحەی لادێ ماڵ بە قوڕ ئەگرێ مردوو بە ڕێی خۆی زیندووی پێ ئەمرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لام وایە ڕۆزی نابارێ بۆ کەس لام وایە ڕۆزی نابارێ بۆ کەس ئەسووڕێتەوە ئەم دەس بۆ ئەو دەس یەکێ پێنج ساڵە خەریکی ڕەنجە یەکێ تر ئەیبا بە زۆری پەنجە یەکێ بە بەرماڵ یەکێ بە ماڵبڕ یەکێ بە توربەی دەروێشی کەڵوڕ یەک بە بەرماڵ، بە تەزبیح و ڕیش ئەژی بەدایم بێ کار و بێ ئیش یەکێ لە بەهار هەتاکوو پاییز کاسبی ناکا نایدا بە ئازیز تاکوو ئاغای دێ هەمووی بەش ئەکا هەروەک برابەش لە دان و لە کا یەکێ بە خەڵوە و چلەکێشانە لە سەد لا بۆی دێ بەبێ پێوانە یەکێ ڕێگرە و جەردەی سەرملان چی بەر پەل کەوێ ئەیبا بە تاڵان یەکێ خاوەنی جنۆکە و دێوە بۆی دێ هەموو شت لە شار و دێوە یەکێ بە دوعای ئەبوودووجانە دینارێک ئەبا سەرقەڵەمانە یەکێ بە گەز و مەتر و ترازوو دەوڵەمەند ئەبێ بە زۆری بازوو یەکێ بە مادەی قانوونی بەغدا بەشی خۆی ئەبا بە سات و سەودا یەکێ بە زەرگ و شمشێر و کەشکۆڵ کۆی ئەکاتەوە بە بار و بە کۆڵ بەڕاستی ڕۆژی عەرەق ڕێژانە بەرهەمهێنانی باخ و بێستانە جووت و فەلاحی و عەرزکێڵانە ڕۆژی کە وا بوو پوخت و جوانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە یەک هەتا شەش ڕۆڵە بخوێنە لە یەک هەتا شەش ڕۆڵە بخوێنە تۆوی زانستی لە دڵ بڕوێنە لادە لە نەزان زانا بدوێنە لەناو هاوسەران هونەر بنوێنە لەپاش خوێندنت شوو بکە بە لاوێ بەراوردکراو لەناو چەند پیاوێ شەریکی عومر و ماڵ و ژیان بن هەردوو خەریکی پۆشاک و نان بن ئەو لەم لاو لەو لا بۆت بێنێتە ماڵ تۆش دامەنیشە بێکار و بەتاڵ یا مەکینەیەک بێنەرە بەرهەم بۆ جلدروونت لە زۆر و لە کەم یا کڵاودروون یا سابوون کردن دەسبەتاڵ مەبە تا وەختی مردن پاشەکەوتێ کەن وەختێ کە بووتان فریا ئەکەوێ ڕۆژی نەبووتان کتێب گرەوەی دەسبڕی بێ دین ڕێی ژووری نەدەی لەبۆ تێڕوانین ئەوانە کە دێو سەمەنۆک ئەکەن ماڵی تۆ بۆچی بەتاڵان ببەن بنێرن بۆ سەر قەڕاڵی فەرەنگ غەزنەکەی بێنن سەراپا بێ دەنگ خۆی و منداڵی هەتاکوو ماوە تەواوی ناکەن هێندە لێشاوە ڕۆڵە هەر پەنات پەنای خوا بێ غەیری ئەو هەمووی لات کا و با بێ ئەو پیرەژنانەی کە فەرهاد ئەکوژن خەریکن خوێنی هەژار ئەمژن وەکوو پێم وتی تەنها خوایە دەرد و دەرمانی هەمووی لەلایە بێهۆشت نەکا تەزبیح و بەرماڵ سەد بار بلەرزێ ڕێی نەدەی بۆ ماڵ پەنا هەر خوایە وازبێنە لە گشت بێ ئەو ئارەزووت ناکەوێتە مشت تەزبیحی سەد و یەک دانە داوە بەرماڵ و پەردەی بنێ بەو لاوە هەر خوایە تەنیا گیانمان لەبەرکا هەر خوایە گیانمان لە بەدەن دەرکا ئیتر باقی تر فێڵ و جادووە ئاگات لە خۆت بێ هەتاکوو زووە وەختێ ئەزانی کارت لێ ئەکا ڕەهەندی مێرد و منداڵت ئەکا ئامۆژگارییەکەی من نەبەی لە بیر بە کاردێ کچم بۆ جوان و پیر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مامۆستای گەورەم دڵسۆزی خاکم سەبارەت: بۆ ڕابیعەی کچی لە زمانی ئەوەوە مامۆستای گەورەم دڵسۆزی خاکم بەڕاستی لەتاو سەرما هیلاکم مەکتەبەکەمان بیروونی شارە هۆدە سارد و سڕ زۆپا بێدارە لە نووکی قاچم تا سەر ئەتەزم هەر وەکوو گونی هەللاج ئەلەرزم کەی ئەمە حاڵە؟ کەی ئەمە ژینە؟ کەی ئەمە ڕەحمە؟ کەی ئەمە دینە؟ ئەگەر وەزیری گەورە لە بەغداد ئەیزانی حاڵت ئەگەیشتە فریاد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مامۆستای گەورەم شاعیری ڕەنگین سەبارەت: وەڵامی موفتی بۆ مەلاقادری دێی ئارمردە مامۆستای گەورەم شاعیری ڕەنگین کۆگای زانستی ڕێگای شەرع و دین ئەو پرسیارانەی کە تۆ لێت کردووم جوابیت عەرز ئەکەم تاکوو نەمردووم جێگەی تۆ لە دێی چۆڵ و لاپەڕە کۆمەڵی دوورن وەک بزن و مەڕە هیچتان نازانن ئەم دنیای ڕوونە چۆنە و چ ڕەنگە و عالەم چلۆنە دنیا بۆ خەڵکی ئێستە بەهەشتە تۆش خۆراکی گاڵ، بەرگی جاو بەشتە عالەم بە سنعەت چوون بۆ ئاسمان تازە تۆ ئەگریت بۆ ئاخر زەمان؟ فەرمووتە کچان بۆ مەکتەب ئەچن کەی خوا فەرموویە خوێندەوار نەبن؟ ئەوانیش وەک تۆ ئادەمیزادن شەریکی پیاون حوڕ و ئازادن ژنی وڵاتان بوون بە کاربەدەس تۆش ئەمر ئەکەی بخرێنە قەفەس نووسین بە کوردی تاکەی کوفرە لات بۆچ لات ناخۆشە زبانی وڵات لێم زویر نەبی هاوڕێی ژینتم کوردم وێنەی تۆ هەم هاودینتم بەڵام لە داخان کە وا دواکەوتووین عالەم هوشیارە و ئێمە هەر خەوتووین ناچارم ئەیڵێم ئەوەی ئەیزانم پڕئێشە زامی گۆشت و ئێسقانم مەلا عەبدوڵڵای تووتنچی پێنجوین جوابی دایتەوە بە زووبانی دین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من خاسی ئینگلیز ناچێ لە بیرم من خاسی ئینگلیز ناچێ لە بیرم کە پێمی ناسی باوک و باپیرم هەر کەسێ سپڵە و حقووق نەزانە نابێ بە بەشەر، هەرچەن ئینسانە با بڵێن ئینگلیز ئایینی جوێیە بەڵام کردەوە و دادی بەجێیە هەر ئەو بوو کە وا بە دەستوبردی بۆ فێر کردنی زمانی کوردی ئەو فێری کردین کوردی بنووسین هەواڵی قەومی و میللی بپرسین هەر کەسێ ئیشی چاکی بۆ کردی تۆیش چاکی بڵێ گەر کوڕی مەردی لە خەوی غەفڵەت ئەو ڕایپەڕاندین ئەم گەنمە ئەیخۆین ئەو بۆی داچاندین ئێستەش بە کوردی تەفسیری قورئان کفرە لای گەلێ نەفام و نەزان بەڵام بە تورکی یا نە بە فارسی گەشکەدار ئەبن بۆیان بنووسی وا عەرەبیمان کۆڵەکەی دینە تورکی و فارسی بۆچ وا شیرینە؟ ضرب المثلێک هەبوو لەناومان ئەمانخوێندەوە ڕوون ئەبوو چاومان عەرەبی گەوهەر، تورکی زۆر هونەر فارسی شەکەر، کوردی تڕی کەر ژیشک بێچووی خۆی لا شل و نەرمە کە چی بێچووی من مشاری سەرمە ئەو تێی گەیاندین هۆشیاری کردین ئەم نەزانینەی لەسەر لابردین هەر کەسێ کەسە حەرفێکی بەسە گەورەمە هەرکەس کە فریادڕەسە دوژمنیش پەیکوڵ دەربێنێ لە پێم گەر خاسی نەڵێم ئەبێ چی بڵێم چونکە خوا ڕاستە، ڕاستی خۆش ئەوێ هەر کەس ڕاست بڕوا ڕاستیشی تووش دێ من کە بە ڕەنجی شانی خۆم ئەژیم بۆچ ڕیا ئەکەم سا بە تەمای چیم خۆ من مەئموور نیم بۆ ڕوتبە و نیشان بە درۆ خەڵقی بەرمە ئاسمان بەڕاستی ژینیش هیممەتی نواند بەتەنیا کوردی داچەند و ڕواند ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەکتەبی پێنجوێن ئەمساڵ بە شەوقە مەکتەبی پێنجوێن ئەمساڵ بە شەوقە منداڵمان لەگەڵ خوێندن بە زەوقە چونکە مامۆستا یەک لە یەک زیاتر دڵسۆزن بۆیان لە باوک چاتر بێینە سەر باسی باوکی مناڵان ماڵیشیان ئەگەر بڕوا بە تاڵان پێ خۆشحاڵ ئەبن ببینن بە چاو ڕوو لە بەرزی بن هەنگاو بە هەنگاو بۆ ڕاستی قسەم لەم زستانەدا حەفلەیەکیان کرد لە چاخانەدا وتیان پێویستە ئیعانەی فەقیر بۆ بەرزی وەتەن ببن بە دەستگیر هەرکەس لەئاست خۆی بە ڕووی خۆشەوە بۆ ئەم خزمەتە هاتە پێشەوە مەئموور و حاجی حەمماڵ و بەققاڵ هیچ کەسم نەدی نەبێ پێ خۆشحاڵ هەر لە دە دینار تا پێنج و تا دوو بە ساتێ دووسەد دینار کۆوە بوو جێگەی سوپاسن میللەتی پێنجوین بۆ ئەم خزمەتە یا خوا هەر بژین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وتووێژی زانا و نەزان قسەی زانا: نەزان لە داخت حاڵم پەشێوە وەک سەرخۆش بێهۆش ئەڕۆم بەڕێوە بۆ خاک و وەتەن میقرۆب و دەردی بڕوانە وێنە و ڕوخساری زەردی وەڵامی نەزان: زانای قوڕبەسەر غەمباری داماو تۆ ژیانی خۆت بێنەرە بەر چاو نە ڕۆژت ڕۆژە نە شەوت شەوە نە چاوت تاوێ ئاسوودەی خەوە گەه غەمی وەتەن گەه غەمی نەزان گاهێ غەمی ماڵ بۆ بەرگ و بۆ نان لێفە و دۆشەکت هەر دڕک و داڵە بمری باشترە کەی ئەمە حاڵە لەگەڵ خاتەدا دەست لە ملان ئەبین هەتا بەیانی شەوق و پێکەنین هەر پەزەکانم دوور لە بەڵا بن بە تاکە تاکە و بە جووتە زابن نایدەم بە هەزار گۆشت و پڵاوت بگری بۆ حاڵ و خەیاڵی خاوت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەختێ بۆ ئینسان ئیش ئەچێتە سەر وەختێ بۆ ئینسان ئیش ئەچێتە سەر ئەندام تەواو بێ لە پێ هەتا سەر یانی پێ ئەبێ وەک شاتر وا بێ لەهەر ساتێکا گورج و ئازا بێ کە پێ ڕێی بڕی و گەیاندیتیە شار نۆرەی دەست ئەبێ ئەکەوێتە کار بە گورجوگۆڵی هیچ دانامێنێ خەریکی ئیش بێ کە ڕایپەڕێنێ لەپاش ئیشەکەی کە تەواوی کا چاوی پێ ئەوێ نیگاداری کا بە شەو و بە ڕۆژ دایم وریا بێ نەک لەناکاوێ بەدکار پەیدا بێ گەر هات ڕەقیبێ لە ڕۆژ و شەوا فرسەت نەبینێ لە کاتی خەوا با گوێ ببیستێ قسەی بێگانە مەعلوومە جوابی بە دەست زمانە لە هەر کاتێکا یان هەر ساتێکا ڕەقیب ئەوی دی پرسیارێ بکا زمان دەخیلە بە لوتفی خۆشی ئەتوانی فێڵی بە موو بکێشی فەسیح و ڕەوان بە جوابی شیرین بڵێ خەریکی یەک کاری خێرین هەموو خەریکین باخێک ئەکێڵین ساوامان زۆرە بۆیان جێ دێڵین بەڵکوو وەک خۆمان دواکەوتە نەبن دایم وریا بن پاشکەوتە نەبن ئەندام تەواو بوو بڵێ ئافەرین ئەتوانین زەفەر بە دوژمن بەرین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پارەی ئیعانەی زەلزەلەی پێنجوین پارەی ئیعانەی زەلزەلەی پێنجوین نازانم ڕەنگی سپی بوو یا شین کام دەردی ئێمەی پێ هاتە سامان یا بۆ کام فەقیر بوو بە بەرگ و نان هەر وەکوو دەهۆڵ هەر بیستم لە دوور هەر وەکوو هۆهۆی دەشتی شارەزوور ئەم ئیعانەیە تەنها دەنگی بوو ئیتر کەی شێوە و شکڵ و ڕەنگی بوو هەر وەکوو جەژنی مانگی ڕەمەزان لەو مانگی تردا ئەکرێ بە سەیران ئەمیش بە ناوی پێنجوین کۆ کرا نازانم ئیتر بۆ لای کێ برا چاوەڕوانی نان بۆ پیاوی برسی مردنی خۆشە ئەگەر بپرسی مارانگاز ئەگەر تریاکی بوو بێ زوو فریای نەخەن لەت و پەت ئەبێ گیای کەما ئەکرێ بۆ وەختی زستان لە سەرما و بەفرا بدرێ بە حەیوان بەڵام کە حەیوان لە برسا بمرێ هەزار بار کەما کەڵکی کێ ئەگرێ من دەستم بڕوا هەتاکوو بەهار بەهار بێ منەت ئەڕۆمە سەر کار لەجیاتی خانوو کەپرێ ئەبەستم بە تەور و تەوراس بە شان و دەستم یا لە شارەزوور ئەبم بە وەرزێر جووتی خۆم ئەکەم پۆشتە و تۆخ و تێر هەر بنکەگیایێ نانێکی تیایە پەلامار ئەدەم ئەیکەم بە مایە نە ترسی بەفر و نە ئاوی باران هەتاکوو پاییز منیش وەک یاران ئەبووژێمەوە و خۆم ئەکەم بە پیاو هەر وەکوو جاران دێمەوە ناو ناو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پیاوێک پازدە ساڵ دراوسێی من بوو پیاوێک پازدە ساڵ دراوسێی من بوو فەرشی حەسیر و قووتی هەرزن بوو هەر هەوڵی ئەدا بە ڕۆژ و بە شەو نە ئارامی بوو نە خۆراک و خەو دوو کەری هەبوو لات و گەڕ و لەڕ بۆ دارفرۆشی لە وشک و لە تەڕ ئیتر بەدایم پۆشا دڕاو بوو هەناسەسەرد و بێ نان و ئاو بوو شەوان گوێم ئەگرت ئەهاتە زمان گلەییی ئەکرد لە زاتی یەزدان ئەیوت سا خوا کەی ئەمە ژینە میکائیل بۆچ وا لە من بە قینە منیش بە ناچار لێی هاتمە زمان وتم هەی وەحشی نەفامی نەزان خوا فەرموویە بۆ ئەم جۆرە ژینە مەککە خۆش نییە بڕۆ مەدینە تۆش ئەمجار ئیتر واز لە دار بێنە بفرۆشە کەرت هێستر بسێنە بیبە بۆ شاران باری توجاران هۆشێ بێنە سەر هەروەکوو یاران کرێی پارەکەی ئەم سەرت هەموو بیدە بە دەرزی و سووزن و دەزوو ئەبێ بە سێ بار کرێی دووبارەت وەک زیارەت وایە لەگەڵ توجارەت ئەویش پیاوانە بە گوێی منی کرد چیم پێ وت کردی زوو بە دەستوبرد بێ درۆ ساڵی پڕ نەکردەوە بە ئارەزووی خۆی مەرجی بردەوە کە وا بوو ژیان بە تێکۆشینە بێ کۆشین بەشەر بەشی هەر شینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ پیرەمێرد ١ پیری خەمخواری وەتەن پەروەرم ئەدیبی هوشیار تاجی سەر سەرم ئەفەرمووی بۆچی خامۆشی لە ژین ئەڵێی کەوتوویە ژێر بەفری پێنجوین دنیا خەم و تەم هەتاو بێ تینە بێ دەنگیم لە «ژین» لە هەوڵی ژینە شوکور تاڵ بووە هێند بە بەهایە باڵبەندانێکە بزمار بە گایە برنج برنجە گۆشتیش بە گۆشتە تەنها هەر جۆیە خۆراکی گشتە پێنج کچ و دوو کوڕ دایکێکی هەژار باری سەرشانن گێچەڵیش سەربار ڕەوی حەویجە و حەبسی و جەریمە حەیات و شیعری کرد بە دوو نیمە تووتنچی یەکەم بێ جیسم و مایە نیوە پیاوێکم لێ دێتە کایە کەوتمە داوی ئەم حەپس و جەزایە ئێستا دنیام لا ڕۆژی جەزایە شیعرم سوئالی مەڕنەمووکەیە فکرم شێواوی بدەزووکەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پیرەکەی وەتەن خەمخواری فەقیر سەبارەت: بۆ پیرەمێرد پیرەکەی وەتەن خەمخواری فەقیر بۆ هەزار فەقیر بوویتە دەستگیر هەتاکوو ماوم سوپاست ئەکەم لە هەموو لایەک من باست ئەکەم بەینێکە ناوم لە ژینا نییە هەڵبەت ئەزانی واستەی چییە حاڵم پەرێشان دەردم کارییە بەڕووی نزارم قەندەهارییە گونیە و حەسیرم قاڵ و شیرداخە کاسە و گڵێنەم پیاڵە و پەرداخە ژاژی قلیانم چایی سیلانە نانی هەرزنم شەکری فنجانە لەم ڕۆژی ڕەشا نۆ سەر خێزانم کاسبکار خۆمم پیر و بێ گیانم تا نان ڕێک ئەخەم بەرگم دڕاوە لە هەوڵی بەرگا جەرگم بڕاوە تێفکرە قوربان لەم چەشنە ژینە هۆشم چۆن لەسەر مەقالەی ژینە مەگەر هەر بڵێین یاڕەبی هیتلەر زوو ڕەنجەڕۆ کەی، بیکەی دەربەدەر ئەم ئاگرە کە وا بەربۆتە دڵمان خوا هەق بسێنی لە شەڕی ئەڵمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێنجوێن بەبێ تۆ نزیکە مەرگم پێنجوێن بەبێ تۆ نزیکە مەرگم لوبنان شکێن بووی داخی بە جەرگم تازەبووکێ بووی بەسەر چیاوە ئەهاتنە سەیرت لەم لا و لەو لاوە پارچە ئەرزێ بووی لە پارچەی بەهەشت زەرد و سوور و شین کەژ و کێو و دەشت سەیرانگای پۆلی گەنجی عێراق بووی لەم سەردەمەدا بۆ خۆشی تاق بووی جێگەی هەزاران بێ نان و ئاو بووی هەرچەند ناحیە بووی شاری تەواو بووی پێنجوێن بە بێ تۆ نزیکە مەرگم لوبنان شکێن بووی داخی بە جەرگم بۆ هەوای ساف و ئاوی ساردی تۆ ئەکەم هەتا هەم شیوەن و ڕۆڕۆ میوەی بەهەشت بوو تامی میوەکەت کەوسەر بوو کانی و چەم و شیوەکەت ئێران و عێراق چاویان لە تۆ بوو مردووش لەناوتا بە ڕەنگ و بۆ بوو سەد دڵی سیست گەش ئەکردەوە سەد خەمت لە بیر من ئەبردەوە شاری غەزنە بووی بێجگە لە خۆشیت خۆشی بوو سەرپاک دەرد و نەخۆشیت پێنجوێن بە بێ تۆ نزیکە مەرگم لوبنان شکێن بووی داخی بە جەرگم تازە وەکوو کەو خاڵت ڕشتبوو شارانی ترت بە داخ کوشتبوو لیوا لە چاو تۆ وێرانە دێ بوو حەکیم بووی دەوای سەد دەردت پێ بوو جاربەجار ئەڵێن غەزەبی خوا بوو دۆعای خاسان و شێخ و مەلا بوو خۆ تۆ بە تەنیا بەقەد کوردستان بۆ خاسانی خوا بووبوویتە بێستان بێجگە لەوانەش هەتا دوو هەزار بەخێوت ئەکرد فەقیر و هەژار پێنجوێن بە بێ تۆ نزیکە مەرگم لوبنان شکێن بووی داخی بە جەرگم هەر چاوی چڵکن کاری تێکردی وەک تیری قودرەت لە ناوی بردی ئێمەش بە جارێ بە خۆشی تۆوە هەر بە سەرخۆشی ئەچووین بە ڕێوە بێ خەم و مەراق وەختی ئێواران ئەچووینە چوارباخ پۆل پۆل بۆ سەیران بێ عەرەق مەست بووین بێ شەراب سەرخۆش ژن و پیاو یەکسەر خۆشخۆر و تەڕپۆش وا ئەمڕۆ قەدری خۆشیت ئەزانین کە وا پەڕگەندە و بێ خانە و لانین پێنجوێن بە بێ تۆ نزیکە مەرگم لوبنان شکێن بووی داخی بە جەرگم نەک هەر من تەنیا پڕ داخ و دەردم نەک هەر من تەنیا هەناسەسەردم هەر کەسێ ڕۆژێ کە تۆی بینیوە وەک فەنەر قەفقەف پشتی چەمیوە عێراق بەجارێ بە شار و دێوە ماتەم باری تۆن بە نێر و مێوە منیش بە قەدەر گشت ئەنحای عێراق وا لەسەر شانم ماتەم و مەراق پێنجوێن بە بێ تۆ نزیکە مەرگم لوبنان شکێن بووی داخی بە جەرگم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێنجوێن مژدە بێ تۆ بەختیاری پێنجوێن مژدە بێ تۆ بەختیاری تا ئێستا دێ بووی ئەمجارە شاری تۆ یەک لاشە بووی بێ ڕۆح و بێ گیان ناوێکی گەورە و شارێکی وێران لە سایەی بەرگی نەخشین و ڕەنگێن جوانە ئەمجارە پێت بڵێن پێنجوێن جوانتر لە پاریس خۆشتر لە لوبنان ڕازاویتەوە بۆ جێگەی سەیران جادە و شیویشت دەسکاری بکرێ لام وایە ناحەز بتبینێ بمرێ خۆ ئەگەر بتکەن بۆ جێی هاوینە وێنەی تۆ نابێ لەم سەرزەمینە جەلال بەگ خالید گەورەی لیوامان بوو بە جێی پەنا و پشت و هیوامان ڕۆحێکی هێنا کردی بە بەرتا تاجی زێڕینی کێشا بە سەرتا کردیتی بە بووک، بووکی چواردە ساڵ سەرتاپا نەخشین، دەس پڕ لە خڕخاڵ داوا کە لە خوا هەر پایەدار بێ تا سەر سێبەری سەری هەژار بێ یا خوا بایز ئاغاش بژی بە خۆشی بە ڕاستی ئەویش بۆ تۆ تێکۆشی هەوڵێکی بۆ دای بە ڕۆژ و بە شەو نە ئارامی بوو نە خۆراک و نە خەو کۆتایی نەکرد لە زۆر و لە کەم تا ئاواتی تۆی هێنایە بەرهەم لە خۆی حەرام کرد خەو و خۆراکی تا خاکەکەی تۆی خستە ڕووناکی خۆت و میللەتت هەتاکوو مابن بۆ ئەم دوو کەسە دەس بە دوعا بن بڵێن هەردووکیان لە بەڵا دوور بن وەک تۆ ڕووناک و دڵ پڕ لە نوور بن موفتی بە تەنیا بەقەد هەموو کەس سوپاسیان ئەکا تا ئاخر نەفەس وەسی و مەلیکمان خۆشەویستی گشت بۆ عێراق بە جووت بوون بە پەنا و پشت سێبەری ئەوان پێنجوێن بۆ تۆش هات شەو بوو لەناکاو ڕۆژمان لێ هەڵات دیمان بووی بە شار، شاری کەس نەدار ئاخ ئەکرای بە جێی هاوینەهەوار وەسی و مەلیکمان خۆش بن هەتا سەر باخی ئومێدمان یەک یەک دێتە بەر ئاخ چەم و شیوی پڕ لە مێش و مار جوان دائەپۆشرا ئەکرا بە گوڵزار ئەوسا نەخۆشی و لەرز و سێبەڕۆت ئەچوونە زیندان ئەخرانە ناو کۆت ئەبووی بە باخێک وەک باخی بەهەشت عەتردار ئەبوون کێو و دەر و دەشت گەر گەورەی وڵات هیممەت بنوێنێ لەسەر بەردی ڕەق عەرعەر ئەڕوێنێ دانیشن بە شاد بژین بە خۆشی دوور بن لە بەڵا و دەرد و نەخۆشی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەند ساڵ لەمەوبەر کە بابەگوڕگوڕ چەند ساڵ لەمەوبەر کە بابەگوڕگوڕ ئەچوونە سەری بە نیازی کوڕ لە کورد و عەرەب تا لوڕ و کەڵوڕ سەریان ئەبڕی بەرانی دووگ خڕ *** هەر قەومێ ئەچوون بۆ لای دەستوبرد زۆر بە ئیخلاسی تەوافیان ئەکرد سوجدەیان لە بەر خاکەکەی ئەبرد لە تورک و عەرەب ئێران تا بە کورد *** چیلکەیان ئەدا لە زەوی و خاکی لێی پەیدا ئەبوو شوعلەی ڕووناکی بێ دەنگیان ئەکرد لەبەر دڵپاکی عەلامەتێکە نیشانەی چاکی *** خولاسە دایم سەروەت بنە کلوور بۆیان ئەهێنان لە نزیک و دوور بە بەزم و شادی بە عەیش و سروور وایان ئەزانی زاتێکە لە نوور *** ئەیانلستەوە خاکی بە زبان ئەپاڕانەوە وەک برسی بۆ نان دوعایان بۆ بکا لە قاپی ڕەحمان کوڕیان بداتێ هەر وەک قارەمان *** قەومی ئەوروپا وەختێ پێی زانی بە عیلم و حیکمەت جەرگی دەرهانی ئێمە پێی ئەڵێین عیلمی شەیتانی کردیان بە بەحرێ نەوەکوو کانی *** ئێمە لەبەرچی بە زەحمەت ئەژین مردووپەرەستین هەم زیندووکوژین بە ناهەق خوێنی یەکتر ئەمژین یەکیەتی بۆ باخ ناکەین بە پەرژین *** تا هەروا لەسەر ئەم ئەحواڵە بین پاڵتاو فەرەنجی پۆتین کاڵە بین هەر خەریداری زرکە تاڵە بین ----- ----- *** یا خەو ئەبینین یا خەڵوە کێشین یا بەعزێ سۆفی و بەعزێ دەروێشین یا بەبێ عەرەق بەعزێ سەرخۆشین بێ بەنگ و تریاک و ڕوو بێهۆشین *** موفتی بەڕاستی ئەگەر ئینسانی لەم نەوعە فیکرە هەرچی ئەزانی بڵێ، مەترسە هەتا ئەتوانی بیخەرە بازاڕ گەنجی نیهانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژێ بە ڕێکەوت لە بازاڕ گەڕام ڕۆژێ بە ڕێکەوت لە بازاڕ گەڕام تووشی کوڕێ بووم خاوەن ئەقڵ و فام شیرین گفتوگۆ و باڵا نەونەمام بەبێ ئیختیار لەلای هەڵوەستام *** نزیکی کەوتم زۆر بە چالاکی چوومە تەماشای ڕوخساری پاکی دیققەتم لێ کرد زۆر بەبێ باکی دیم لە گوێچکەیا نیشانەی چاکی *** ئەڵقەی گوارەی شێوە تەڵا بوو لای گەردن بە گوێی هەڵواسرابوو نەقش بوو داوی نەقش و ئیملا بوو سەد هەزار دڵی بۆ موبتەلا بوو *** پێم نا بە جەرگی خۆما دەستوبرد لە ئەڵقەی گوێیەی سوئالم لێ کرد وتم پێم بڵێ ڕۆڵەی بێچوە کورد سەد کەسی وەک من لە مەراقا مرد *** کوڕم نەدیوە گوارە لە گوێ بێ ئەم قاعیدەیە ئاخۆ لەکوێ بێ تایەفەی ئێوە ڕەنگە کە جوێ بێ یا ئەم ئوسووڵە ئوسووڵی نوێ بێ *** زۆر بە نەزاکەت هات بە لامەوە بە لوتفی شیرین جوابی دامەوە کەوتە گفتوگۆ بە ئارامەوە ئەباری شەکر بە کەلامەوە *** وتی باوکی من وەجاخی کوێر بوو لە پارە و موڵک و سەروەتا تێر بوو ڕۆژ و شەو دایم خەریکی خێر بوو شەوقی هەر لەسەر ئەولادی نێر بوو *** دایکم چۆتە سەر شێخێکی مەشهوور زۆر گەورەترە ئەو لە پیر مەسوور وەختێ تەوافی ئەکا لە حوزوور ئەگەڕێتەوە بە کەیف و سروور *** ئیتر ئەو شەوە من چوومە حەرەم هیچ درۆی نییە بەبێ زیاد و کەم هەڵقەی غوڵامی ئەو چۆتە گوێچکەم نابێ لایبەرم یا خود گومی کەم *** بۆ شەخسی زیندووش ئەگەر وەها بین خاوەنی شەرت و عەهد و وەفا بین زەحمەتە تووشی دەرد و بەڵا بین بۆ گەورە بەندە و بۆ بچووک چا بین *** پیاوی گەورەمان نایەتە بەردڵ تاکوو ئەو ڕۆژەی ئەچێتە ژێر گڵ ئینجا بۆی ئەگرین بە جۆش و بە کوڵ گۆڕەکەی ئەکەین بە باخچە و بە گوڵ *** موفتی قسەی تۆ ساغە و ڕووبەڕوو حورمەتی زیندووش بگرە نەک مردوو بازێ کە بەربوو لە دەستت دەرچوو بۆ مردوو مەگری بگری بۆ زیندوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆڵە من بۆ تۆ نامێنم تا سەر ڕۆڵە من بۆ تۆ نامێنم تا سەر هەرچی من ئەیڵێم بیخەرە دەفتەر کە گوێی لێ بگری بۆ تۆ بەکارە بە کاریش نەیە هەر یادگارە دەورەی خوێندنی عیلم و فنوونە نەخوێندەواری جاهیل زەبوونە ئەگەر خاوەندی ئەقڵ و کەماڵی بچۆرە مەکتەب هەتا بیست ساڵی بۆ ئەوە نەچی ببی بە مەئموور بە ڕەنجی شانی خۆت ئەبی ڕووسوور سنعەتێکی وا کە بە فەن بکرێ کەڵکی شەرەفی شاریشت بگرێ قەولی ڕەسووڵی ئاخر زەمانە وەتەن خۆشویستن شەرتی ئیمانە من کە نەفسی خۆم وەها دواکەوتم بە لێفەی جەهل و نەزانی خەوتم خەتای خۆم نەبوو گەورەی زەمانم نیشانی نەدام ڕێگەی ژیانم هەرچی پێی وتم ئەسبابی خەو بوو ڕۆژی ڕووناکم لا نیوەشەو بوو وتی غەیرە دین خەسارە ماڵی ئاڵتوون و زیوی تا بە حەماڵی هیچ خەفەت مەخۆ ئەو زەرق و بەرقە دینی تۆ هەقە هینی ئەو لەقە ئەو هەر لە دنیا خۆشگوزەرانە بەشی ئاخری زەجر و لێدانە بەشی تۆ قەسر و عەیش و شەرابە خواردنت شیری ساف و کەبابە مەیشچۆرە مەکتەب لە دین دەرئەچی ببە بە حەمماڵ یا بە قەتارچی بچیتە مەکتەب یەقین کافری هەر قەتارچی بی هێشتا چاتری سی ساڵ دانیشتم بەم خەیاڵەوە دڵ پڕ لە دەرد و ئاه و ناڵەوە تا نانم هەیە بەرگم دڕاوە دەستم لە کەسب و سنعەت بڕاوە نە پارەم هەیە نە هێزی ئەژنۆ نە کارم پێک دێ بە پینە و پەڕۆ ئەوە کە دنیای لە لا بۆگەنە بۆی هەڵئەپەڕم دەست بە چەقەنە نازانم دنیا کە کەس نەویستە بۆ لای هەموو کەس هەر خۆشەویستە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژینی خۆشەویست ڕۆحی کوردستان ژینی خۆشەویست ڕۆحی کوردستان چرای تاریکی شەوی نیشتمان ئەم نامەیەی من ئامان سەد ئامان نەشری کە بەڵکوو بگاتە هەموان *** گەلێ کەس لە من خەبەردار نییە ئەڵێن هۆنراوەت بۆ دیار نییە ئەڕوانینە ژین کوا هاوار نییە شیعر و نووسینت کۆڵ و بار نییە *** هەموو پێنج شەموان ئەڕوانینە ژین بۆ ئەو شیعرانەی کە دێن لە پێنجوین کەچی کەم و زۆر هیچی نابینین بۆ هیچ نانێری لە خۆت ئەپرسین وەڵام: با پێتان بڵێم گەورەکانی من ئەپرسن لە ژین بەرگ و نانی من شەویشم ڕۆژە لەبەر ئیش کردن ئاواتە خوازم دایم بە مردن *** شەش کچ و دوو کوڕ خۆم و دایکی گشت پیرەژنێ کوێر یازدە کەسی خشت تەنیا هەر خۆمم بێ پەنا و بێ پشت خەتای خۆیشم بوو خۆم ڕەنگەکەم ڕشت *** بیست و دوو ساڵ بووم چووم ژنم هاورد بێ پارە و بێ پووڵ بەبێ بەراورد هەر لە پڕێکا هەروا دەستوبرد کاتێکم زانی هەشتم درووست کرد *** خۆم ڕاگرتایە هەتا چل ساڵی لە ژینی دنیا چاک ئەبووم حاڵی ئێستا کە پیر بووم لەبەر بەتاڵی گیرفان و مێشکم هەردووکی خاڵی *** گەر وەختی گەنجی هوشیار ئەبووم لەگەڵ زانایان دۆست و یار ئەبووم خەریکی ڕەنج و ئیش و کار ئەبووم بۆ ئێستا تووشی سەد ئازار ئەبووم *** منیش وەک خەڵکی خۆ هەر بەشەر بووم لەبەر بێ عیلمی وا بێ خەبەر بووم دوچاری ڕێگەی سەد دەردی سەر بووم لەم خاک و ئاوە هەر دەربەدەر بووم *** ئیتر بە هیوام گلەیی نەکەن ژینم وەهایە ئەگەر تێ ئەگەن نە سنعەتکاری نە عیلم و نە فەن نە موڵک و نە حاڵ نە هێزی بەدەن *** ناشزانم ماستاو دروست کەم بۆ کەس جوانی کەم پۆتین بە فڵچە و بە دەس چاوەڕوانی دەس کەسیف و تەرەس حوڕ و سەربەستم ئەژیم بە هەوەس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاکە بۆچ وا عەجوول و بێ عاری کاکە بۆچ وا عەجوول و بێ عاری هەوڵ ئەدەی تا ئەگەییە سەرداری چونکوو بێ تەجرەبەیت و جاهلی زووبەزوو دەست ئەکەی بە خوێنخواری فیکری میللی هەموو لەلات پەشمە غەیری تاڵان و مەردومازاری ناتەوێ قەومەکەت بە سەربەرزی هەروەکوو تۆ بژین بە سەرزاری هەی لە جونبوش و خرۆشی لاوان دێنە لات تیژتر لە ئاوی سیروان لەناو ئێمەدا یەکەمین جارە وا بەهۆی تۆوە باو بوو ئەم کارە ئەمە نیشانەی پێشکەوتنمانە ئەمجا نیشتمان هیوای پێمانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردە لەمەو لا هۆشێ بێنە سەر کوردە لەمەو لا هۆشێ بێنە سەر لادە لە بەزمی بێهوودە و سەمەر تا ئێستە ئاخر بە جەنگ و بە شەڕ چی کەوتە دەستت بە غەیری زەرەر؟ *** ئەم ڕۆژە ڕۆژی ئەقڵ و زمانە نەک ڕۆژی شەڕی تیر و کەوانە ئەگەر تۆ هیوات بە بەگ و خانە تۆ ماڵوێران و ئەو سەرگەردانە *** ئەگەر ئەترسی لە تورک و عەجەم لەجیاتی تفەنگ بە نووکی قەڵەم هاوار کە بۆخۆت دانیشە بێ خەم ئاواتی دڵتی بۆ بێنە بەرهەم *** ئەوانیش وەک تۆ دەستندەخوارن لەئاستی خەڵکی کز و هەژارن بێ دەست و بێ پێ هەروەکوو مارن یەک لە لەندەنی ئاغای هەزارن *** ئاغای ئەم دنیایە سیانە یا دوو ئاغایی لە دەس باقی تر دەرچوو وەک یەکی لێ دێت هەموو زووبەزوو بێهودە ئیتر خۆت نەدەی بە شوو *** گەر لە هۆزەکەت پیاوی ژیرت بێ ڕەنگە ئارەزووی دڵ دەسگیرت بێ قەڵەم، تفەنگ و تۆپ و تیرت بێ هەر قەڵەم ئاغا و شێخ و میرت بێ *** بانەمان وێران، مەریوان بێ نان هەورامان نیوەی شێت و سەرگەردان خانی پوڵپەرست بۆ خۆشی ژیان هێنایە بەرهەم دەردی بێ دەرمان *** کوردە بە زاتی خوای تاک و تەنیا ناگەیتە هەوار بە هەرا و هوریا بزن بەخێو کەی لە دەشت و سەحرا چاکترە لە شەڕ بۆ دین و دنیا *** خان کە وا هەوڵی ناخۆشی ئەکا بۆ مەعاشەکەی تێکۆشی ئەکا بە ناوی قەومی سڕپۆشی ئەکا پارەیە شێت و بێهۆشی ئەکا *** ئەی بۆ لە پاشا کە خۆی ئەنوێنێ دێ ئەسووتێنێ گا ئەفڕێنێ تۆوی بەدبەختیت بۆ دائەچێنێ ڕۆحت بەجارێ لە ڕەگ دەردێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کچانی دێهات هەناسەسەردن کچانی دێهات هەناسەسەردن وەک بەهار ئەڕوێن وەک پاییز زەردن هەر نامرادن گیرۆدەی دەردن سەبەبکاریان دڵ دار و بەردن ئەیاندەن بە شوو بە ئازار و ئێش دڵ پڕ لە میحنەت هەناسەهەڵکێش ئەیدەن بە کەسێ هەرچەن بەشەرە لە دێو خراپتر لە عام بەدەرە کچ بە ڕوو وەک ڕۆژ، قامەت عەرعەرە پەرچەم عەنبەرین گۆنا گەوهەرە *** بۆ تاریکی شەو کوڵمی چرایە بۆ خەرمانی خەم شەماڵەی بایە پۆل پۆل خریدار بەگ و گەدایە سەد نمەدپۆشی شێخ و مەلایە *** قامەتی بەرزی شێوەی چنارە زوڵفی پڕ شەوقی عەینی ڕەشمارە میسک لە ڕوویا خەجاڵەتبارە نەوەکوو جارێ یەک بە هەزارە ئاشکرا ئەڵێم نەک بە نیهانی بۆ زوڵێخا بوو یۆسفی سانی کچ بێ یا کوڕ بێ هەردوو ڕۆحانین عالەمی زەوق و ئەهلی نەفسانین مەخلووق و عەبدی باوک و برا نین مەعلووم بەشەرن خۆ کەر و گا نین *** نایدەن بە هەرزان یا بە خۆڕایی ئەیخەنە هەڕاج بەناو ئاوایی زەم و زەمکاری تا فلس و شایی کە ناویان ناوە ڕەسمی شیربایی *** کە قەراری گرت لەسەر هەر کەسێ هیچ تەفرەی نادەن تەنیا نەفەسێ ڕەزامەندیی کچ کەس لێی ناپرسێ هەزار هاوار و دادی بە فلسێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کچانی پێنجوێن مەغدوورن یەکسەر کچانی پێنجوێن مەغدوورن یەکسەر لە خاکی عێراق دەرکراونە دەر بێ مەکتەب ئەژین وەحشی و بێ هونەر لە هەردوو دنیا وێڵ و بێ خەبەر *** لوتفی مەعاریف بۆ دێهات و شار ئەبارێ هەر وەک بارانی بەهار کوڕ و کچ پۆل پۆل وا بوون بە گوڵزار هەر ئێمەی نەگرت داخم هەزار جار *** ئەگەر ناحییەی لیوای عێراقین بۆ لە مەکتەبا تەفریق و تاقین کوڕمان پێگەیی کچمان هەرباقین لەم خسووسەوە ساحێب مەراقین *** ئەگەرچی خۆمان خەومان شیرینە لێفەی بێهۆشی لە سەرمان چینە نازانین مەکتەب واسیتەی ژینە مەعاریف بۆچی لێمان بە قینە؟ *** مەعلوومە عالەم زۆری نووستووە هەندێکی تری ئەڵێن مردووە خەبەرێک نەبێ بەم زووبەزووە لە خەو هەڵناسین لەدەس دەرچووە *** هیوامان ئەگەر حاجی و ئەعزا بێ ئەگەر تۆزێ بێ ئەویشمان نابێ ئەو هەر پارەکەی بە دووانە زابێ ئیتر با هەژار غەرقی دەریا بێ *** لە ئیجباریا بە یادمان ئەکەن لە ئیستهلاکا بەربادمان ئەکەن تووشی هاوار و فریادمان ئەکەن بۆ لە مەکتەبا ناشادمان ئەکەن *** منیش بەتاڵ و بێ ئیش و کارم یا کەللەم ڕەقە وەیا بێ عارم هەموو کەس بێ خەم هەر من خەمبارم نە وەکیلی عام نە ئەعزای شارم *** موفتی خەیاڵت پەرتە و بێهۆشی یا خەو ئەبینی یاخود سەرخۆشی نە ساقی مەجلیس نە بادەنۆشی بۆچی بەتەنها وا دڵ بە جۆشی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کچم با نەختێ تۆش وەکوو کاکت کچم با نەختێ تۆش وەکوو کاکت ئامۆژگاریت کەم بۆ ڕێگەی چاکت زانین بۆ ژیان لە واجباتە بێ تەعلیم بەشەر وەک حەیواناتە شوو بکە بە کەسێ کە هاوشانت بێ هاوعومر و هاودین هاوزبانت بێ یا سنعەتکار بێ یاخۆ فەلا بێ یا خاوەن موڵکی دوور لە بەڵا بێ بووی بە هاودەمی ژیانی هەرکەس یەک گیان و دڵ بە تا ئاخرنەفەس بەو شەرتە ئەویش لەگەڵ تۆ وا بێ تا ئەمرێ یادی تۆی لە دڵا بێ زیاتر لە باوک و برای شیرینت چاکترە بۆ تۆ بۆ دنیا و دینت بە غەیری خوا و ڕەسوولی ئەکرەم هەر ئەوە بۆ تۆ هاودەم و هاوخەم هەر ئەو هەمیشە خەمخواری تۆیە ئەرک و ڕەنجی ئەو بۆ کاری تۆیە زۆرتر لەسەر ژن ژیانی بەشەر ئەکەوێتە جێی نەمان و خەتەر لە هەوڵی ژین و نان و بەرگی ژن مەرگی خۆی ئەکا بە پێشمەرگی ژن بۆ شەکراو خواردن بۆ شۆرەت و ناو شەش فەردە شەکری پێمەخە ناو ئاو حەوکۆستووم جلی مۆدە و نەوزوهوور پەڵپی لێمەگرە بە وتەی دایک و پوور با شەکرەکانت لێفە و سەرین بێ کە میوانت هات ماڵت ڕەنگین بێ حەوت دەست جل شەشی قەرزی بازاڕە کاتێ حەوتەت چوو لات زەهری مارە چونکە خاوەنی داوای هەق ئەکا وتەی زەهراوی تاڵ و ڕەق ئەکا بەڵام سەنەدێ کە موسەدەق بێ بۆ تۆ پێویستە لە جێگەی هەق بێ نەوەک لەگەڵتا چاک نەبێ تا سەر بە ڕووتوقووتی لە ماڵ بێیتە دەر خۆیشت پێویستە تەجرەبەگیر بی لە تەمەن گەنج و لە ئەقڵا پیر بی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کچێکم هەیە لە پۆلی سێیە کچێکم هەیە لە پۆلی سێیە خوشکی هەنار و لیمۆ و بەهێیە هەتا نیوەڕۆ خوێندەوارمە لەپاش نیوەڕۆ کاسبکارمە لەبەر بێکەسی کردوومە بە پیاو بۆ یاریدەی خۆم هێناومەتە ناو پیشەی مەردییە نانی بە زەحمەت مردن خۆشترە لە نانی منەت کەچی گوێ ئەگرم وەک تۆپی دەتیر تەقەم لێ ئەکەن هەرزەکار و پیر ئەڵێن بەڕاستی حەیای ئەم شارە ئەم پیاوە بردی بۆ پووڵ و پارە کێ دی کێ بیستی لە دێهات و شار کچ لەجێگەی کوڕ بن بە دووکاندار دیارە نیشانەی ئاخرزەمانە کە وا ئابڕوو ڕووی لە نەمانە قەزای ئەم کچەم لە کەسێ کەوێ بێ کەڵک و بێ خێر ئەخوا و ئەخەوێ ئەژی و ملئەستوور سەرزل و ملپان دەستمایەی دەستی هەر سواڵە و گەڕان خۆ بەم ژیانەش ژنیش ئەهێنێ تۆوی تەمەڵی تیا دائەچێنێ حاسڵی زەرعی کە بۆم پێ ئەگا پێنج شەشی وەک خۆی دێنێتە دنیا ئێوە و خواتان کچی کاسبکار بۆ باشتر نییە لە پیاوی بێکار ئەو عەیبە لەکوێ ئەم عەیبە لەکوێ بەڵام داخەکەم کەس نایخاتە گوێ کاسب خۆشەویست دەرگای خوایە ناکاسب هەمووی دەرد و بەڵایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەر لە مناڵی هەتاکوو پیر بووم هەر لە مناڵی هەتاکوو پیر بووم خۆ من لەلای خۆی هۆشیار و ژیر بووم لە ڕاتبەکردن بووم بە تووتنچی ئەگەر شێت نەبم لە تووتنم چی بۆ بە دەستی خۆم خۆمم کرد بە پەند بووم بە شەریکی خەمی دەوڵەمەند گەر تێگەیشتن وا بێ کە من بووم پێویستی ڕەجمم هەتا نەمردووم نە قەرزداری حاجی و توجار بووم نە خاوەن قەرزی پووڵی هەژار بووم بێ دەرد و بێ خەم هەتا بەیانی خەو بوو خەندە بوو جاجار گۆرانی سەر لەسەر سەرین لە کاتی شەودا وڕێنەم نەبوو لە شیرینخەودا ئێستە بە تووتن شەو ئەڕاوێنم وەک دایک ڕۆڵەی خۆم ئەلاوێنم کە جگەرەش ئەخۆم بە ڕێگا ئەڕۆم لە جیاتی ئاغزەی ئاگرەکەی ئەخۆم زۆری پێ ناچێ خۆم و هاوسەران دەرچین بە شێتی بڕۆین بۆ گەڕان نە خەمی تووتن نە ترسی قانوون نە چاوەڕوانی دەستی بێوەژن ئەرزی ڕەق لەلام لێفە و دۆشەک بێ بزنێک لەلام سەد خان و بەگ بێ لەم لاوەش ئەڵێم کەس خەتای نەبوو شێتی و بێهۆشی کەس لەلای نەبوو چونکە پارەی پار ئەباری بە بار دەستوبردمان کرد لێی کەوتینە کار وتمان با ئەمساڵ هاوسەر کەم نەبین بۆ پارەکەی پار تووشی خەم نەبین ئەوەی پارەی بوو لە زۆر و لە کەم بێ پارەش کەوتە دەستبڕی و سەلەم هەردوو بەگورجی و بەپەلە و تەکان بۆ دامەزرانی ئەم پایە گەڕان گەر نەگبەتی هات سواری ئەقڵ بوو هەرچیمان هەبوو لە دەستمان دەرچوو ئێستا دەست بڕا لە هەموو لایە نۆبەی ڕەحمەتی دەرگای خوایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەرقەومە قەولی سەفەر بەریەتی هەر قەومە قەولی سەفەر بەریەتی ئەم کوردە دایم شەڕ لە سەریەتی یا بە چەپۆکی دوژمن پەشێوە بۆڵێ لە زیندان بۆڵێ لە کێوە یا هەر خۆبەخۆ ئەنیشنە یەک داری یەکێتی دەردێنن لە ڕەگ ئەم داخە ئاخۆ کەی سامانی بێ؟ ئەم دەردە ئاخۆ کەی دەرمانی بێ؟ لە کوردستانا دەمانچە و تفەنگ خۆزگە نەم ئەبیست نەم ئەدی بە ڕەنگ وەختێ کە ئەچین پاسیان بۆ ئەبڕین بۆ ئەوەی دز و جەردەی پێ بگرین کەچی هەر خۆمان ئەبین بە جەردە چەتەیی ئەکەین لەم کێو و هەردە هەزار کار ئەکەین لە دێهات و شار بە هۆی پاسەوە ون و نادیار ئەو بێچارانەی کە وا ئەکوژرێن پاسدار ئەیکوژن بەڵکوو نەناسرێن ئەگەر نا ئەوەی چەتەی ناودارە ڕاووڕووت ئەکا بۆ پووڵ و پارە خۆی هاوار ئەکا من فڵان کەسم چیت پێیە و بێنە زوو بیدە دەسم یا بڕێک حەیوان ئەداتە بەر دەم ئەیانداتەوە بە قیمەتێ کەم ئاخ ئەمدی تفەنگ کۆ ئەکرایەوە شەڕ و کوشتن و شین ببڕایەوە فەقیریش بۆ خۆی ئەحەسایەوە مناڵی سیسیش ئەگەشایەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەورەیەک بۆ کەس نەبێ سێبەری گەورەیەک بۆ کەس نەبێ سێبەری خۆم بۆ بگێڕم لەدەوری سەری بە وشکی بۆ چی بم بە مەیتەری وەختێ دەرکەوێ هەستم لە بەری هەر بۆ خۆی دایم هەوڵی ژیان بێ یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ گەورەیەک چاوی لە فەقیر نەبێ دەربەست ژیانی جوان و پیر نەبێ کەس لە پووڵێکی دەسی گیر نەبێ جەرگی بۆ میللەت وێنەی قیر نەبێ مێمڵ بە ماڵ و دوژمن بە جان بێ یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ گەورەیەک دایم خەمخوارت نەبێ مەرهەمی ئێش و ئازارت نەبێ جێگای تەنگانە و هاوارت نەبێ حەکیمی جەستەی بیمارت نەبێ ئەگەر خاوەنی خاکی ئێران بێ یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ گەورەیەک چاکتر لە باب نەبێ بۆت ڕزگارت نەکا لە بەند و لە کۆت جارێ نەپرسێ هاوار و ڕۆڕۆت کەڵکێکی نەبێ بۆ منداڵ و خۆت ڕەنجی هەر بۆخۆی بۆ بەرگ و نان بێ یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ گەورەیەک وەک خۆی نەڕوانێتە من خۆی پڵاوخۆر بێ و من نانی هەرزن سەرباقی ئەوەش تاڵان و کوشتن ڕیشەی سەربەستیم دەربێنێ لە بن هەر خۆی قەڵەو کا و شان و مل پان بێ یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ گەورەیەک سەرم بەردەبازی بێ جەرگم نێچیری چنگی بازی بێ بەسەرما تانجی دەرگای نازی بێ نەشبینم جارێ دڵنەوازی بێ ڕەفتاری باشی ئێش و سووتان بێ یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ گەورەیەک ژینی بە خوێنمژین بێ زیادەنانی خۆی بە نانبڕین بێ هێندە بێ ڕەحم و ویژدان و دین بێ عالەم لە جەوری دڵ پڕ برین بێ ڕۆژ بە ڕۆژ باری دەردی گران بێ یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ گەورەیەک نیوەی لە ڕەنجی ساڵت بسێنێ لە دەس خۆت و ماڵت هێشتا بەزەیی نەیە بە حاڵت بە دار و بە شەق بشکێنێ باڵت چاویشی لە دەس شوان و سەپان بێ یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ گەورەیەک ساتێ لەژێر دەستی ئەو ئارامم نەبێ بێ خۆراک و خەو پاسەوانی بم بە ڕۆژ و بە شەو جوێن و شەقیش بێ بەراتەکەی ئەو ئەگەر شۆرەتی وەک سلێمان بێ یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ گەورەیەک ئێش و نۆشێکی نەبێ ڕوویەکی خۆش و گەشێکی نەبێ بۆ حاڵی بچوک هۆشێکی نەبێ دڵێکی گەرم و جۆششێکی نەبێ گەر ئەسکەندەری شاهی جیهان بێ یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ گەورەیەک لەلەی مناڵەکەی بم خۆڵ ڕێژی حەوش وناوماڵەکەی بم پێشمەرگەی خۆی و هی خاڵەکەی بم بێ بەش لە نان و چاتاڵەکەی بم ئەگەر ڕۆستەمی مازەندەران بێ یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ ++++++++++++++++++++++