شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: کوردە لەمەو لا هۆشێ بێنە سەر کوردە لەمەو لا هۆشێ بێنە سەر لادە لە بەزمی بێهوودە و سەمەر تا ئێستە ئاخر بە جەنگ و بە شەڕ چی کەوتە دەستت بە غەیری زەرەر؟ *** ئەم ڕۆژە ڕۆژی ئەقڵ و زمانە نەک ڕۆژی شەڕی تیر و کەوانە ئەگەر تۆ هیوات بە بەگ و خانە تۆ ماڵوێران و ئەو سەرگەردانە *** ئەگەر ئەترسی لە تورک و عەجەم لەجیاتی تفەنگ بە نووکی قەڵەم هاوار کە بۆخۆت دانیشە بێ خەم ئاواتی دڵتی بۆ بێنە بەرهەم *** ئەوانیش وەک تۆ دەستندەخوارن لەئاستی خەڵکی کز و هەژارن بێ دەست و بێ پێ هەروەکوو مارن یەک لە لەندەنی ئاغای هەزارن *** ئاغای ئەم دنیایە سیانە یا دوو ئاغایی لە دەس باقی تر دەرچوو وەک یەکی لێ دێت هەموو زووبەزوو بێهودە ئیتر خۆت نەدەی بە شوو *** گەر لە هۆزەکەت پیاوی ژیرت بێ ڕەنگە ئارەزووی دڵ دەسگیرت بێ قەڵەم، تفەنگ و تۆپ و تیرت بێ هەر قەڵەم ئاغا و شێخ و میرت بێ *** بانەمان وێران، مەریوان بێ نان هەورامان نیوەی شێت و سەرگەردان خانی پوڵپەرست بۆ خۆشی ژیان هێنایە بەرهەم دەردی بێ دەرمان *** کوردە بە زاتی خوای تاک و تەنیا ناگەیتە هەوار بە هەرا و هوریا بزن بەخێو کەی لە دەشت و سەحرا چاکترە لە شەڕ بۆ دین و دنیا *** خان کە وا هەوڵی ناخۆشی ئەکا بۆ مەعاشەکەی تێکۆشی ئەکا بە ناوی قەومی سڕپۆشی ئەکا پارەیە شێت و بێهۆشی ئەکا *** ئەی بۆ لە پاشا کە خۆی ئەنوێنێ دێ ئەسووتێنێ گا ئەفڕێنێ تۆوی بەدبەختیت بۆ دائەچێنێ ڕۆحت بەجارێ لە ڕەگ دەردێنێ ++++++++++++++++++++++