شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: ژینی خۆشەویست ڕۆحی کوردستان ژینی خۆشەویست ڕۆحی کوردستان چرای تاریکی شەوی نیشتمان ئەم نامەیەی من ئامان سەد ئامان نەشری کە بەڵکوو بگاتە هەموان *** گەلێ کەس لە من خەبەردار نییە ئەڵێن هۆنراوەت بۆ دیار نییە ئەڕوانینە ژین کوا هاوار نییە شیعر و نووسینت کۆڵ و بار نییە *** هەموو پێنج شەموان ئەڕوانینە ژین بۆ ئەو شیعرانەی کە دێن لە پێنجوین کەچی کەم و زۆر هیچی نابینین بۆ هیچ نانێری لە خۆت ئەپرسین وەڵام: با پێتان بڵێم گەورەکانی من ئەپرسن لە ژین بەرگ و نانی من شەویشم ڕۆژە لەبەر ئیش کردن ئاواتە خوازم دایم بە مردن *** شەش کچ و دوو کوڕ خۆم و دایکی گشت پیرەژنێ کوێر یازدە کەسی خشت تەنیا هەر خۆمم بێ پەنا و بێ پشت خەتای خۆیشم بوو خۆم ڕەنگەکەم ڕشت *** بیست و دوو ساڵ بووم چووم ژنم هاورد بێ پارە و بێ پووڵ بەبێ بەراورد هەر لە پڕێکا هەروا دەستوبرد کاتێکم زانی هەشتم درووست کرد *** خۆم ڕاگرتایە هەتا چل ساڵی لە ژینی دنیا چاک ئەبووم حاڵی ئێستا کە پیر بووم لەبەر بەتاڵی گیرفان و مێشکم هەردووکی خاڵی *** گەر وەختی گەنجی هوشیار ئەبووم لەگەڵ زانایان دۆست و یار ئەبووم خەریکی ڕەنج و ئیش و کار ئەبووم بۆ ئێستا تووشی سەد ئازار ئەبووم *** منیش وەک خەڵکی خۆ هەر بەشەر بووم لەبەر بێ عیلمی وا بێ خەبەر بووم دوچاری ڕێگەی سەد دەردی سەر بووم لەم خاک و ئاوە هەر دەربەدەر بووم *** ئیتر بە هیوام گلەیی نەکەن ژینم وەهایە ئەگەر تێ ئەگەن نە سنعەتکاری نە عیلم و نە فەن نە موڵک و نە حاڵ نە هێزی بەدەن *** ناشزانم ماستاو دروست کەم بۆ کەس جوانی کەم پۆتین بە فڵچە و بە دەس چاوەڕوانی دەس کەسیف و تەرەس حوڕ و سەربەستم ئەژیم بە هەوەس ++++++++++++++++++++++