شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: چەند ساڵ لەمەوبەر کە بابەگوڕگوڕ چەند ساڵ لەمەوبەر کە بابەگوڕگوڕ ئەچوونە سەری بە نیازی کوڕ لە کورد و عەرەب تا لوڕ و کەڵوڕ سەریان ئەبڕی بەرانی دووگ خڕ *** هەر قەومێ ئەچوون بۆ لای دەستوبرد زۆر بە ئیخلاسی تەوافیان ئەکرد سوجدەیان لە بەر خاکەکەی ئەبرد لە تورک و عەرەب ئێران تا بە کورد *** چیلکەیان ئەدا لە زەوی و خاکی لێی پەیدا ئەبوو شوعلەی ڕووناکی بێ دەنگیان ئەکرد لەبەر دڵپاکی عەلامەتێکە نیشانەی چاکی *** خولاسە دایم سەروەت بنە کلوور بۆیان ئەهێنان لە نزیک و دوور بە بەزم و شادی بە عەیش و سروور وایان ئەزانی زاتێکە لە نوور *** ئەیانلستەوە خاکی بە زبان ئەپاڕانەوە وەک برسی بۆ نان دوعایان بۆ بکا لە قاپی ڕەحمان کوڕیان بداتێ هەر وەک قارەمان *** قەومی ئەوروپا وەختێ پێی زانی بە عیلم و حیکمەت جەرگی دەرهانی ئێمە پێی ئەڵێین عیلمی شەیتانی کردیان بە بەحرێ نەوەکوو کانی *** ئێمە لەبەرچی بە زەحمەت ئەژین مردووپەرەستین هەم زیندووکوژین بە ناهەق خوێنی یەکتر ئەمژین یەکیەتی بۆ باخ ناکەین بە پەرژین *** تا هەروا لەسەر ئەم ئەحواڵە بین پاڵتاو فەرەنجی پۆتین کاڵە بین هەر خەریداری زرکە تاڵە بین ----- ----- *** یا خەو ئەبینین یا خەڵوە کێشین یا بەعزێ سۆفی و بەعزێ دەروێشین یا بەبێ عەرەق بەعزێ سەرخۆشین بێ بەنگ و تریاک و ڕوو بێهۆشین *** موفتی بەڕاستی ئەگەر ئینسانی لەم نەوعە فیکرە هەرچی ئەزانی بڵێ، مەترسە هەتا ئەتوانی بیخەرە بازاڕ گەنجی نیهانی ++++++++++++++++++++++