شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: بۆ نەبەردی و چاونەترسی فەوقی سەد ئەڵمانە کورد بۆ نەبەردی و چاونەترسی فەوقی سەد ئەڵمانە کورد بۆ شەڕ و دەعوای حەقیقەت شێری ڕووی مەیدانە کورد بەحسی ئازایی هەتا ساڵێک بنووسم هەر کەمە من ئەزانم چی بنووسم پاکی سەد چەندانە کورد داخەکەم بێ عیلمن و خۆخۆرن و خوێنڕێژی یەک هەر خەریکی تاو و قووچ و کوشتن و تاڵانە کورد خزمەتی خەڵقی بە ڕۆح و سەر هەتا مردن ئەکەن ڕەعیەتێکی بارەبەر، گوێگر، هەموو ملپانە کورد بێ سەر و سەردارن و دوشمن بە ڕۆحی یەکترن بۆیە پەڕپووت و زەلیل و وێڵ و سەرگەردانە کورد ڕادیۆ ئەیخاتە گوێم زەوق و شەوقی نەشیدی عالەمێ عوود و تار و زەوق و شەوقی شیوەن و گریانە کورد بۆ بڕینی دەستی بێچارە و فەقیر وهیچ نەزان چەندە وەستای پرچ و ڕیش و ڕشتنی چاوانە کورد ئەجنەبی ئەمڕۆ لەسەر تەختی هەوا جەولان ئەکا سەنعەتی ماکینەجاتی جەلبیی و زیندانە کورد گەر ئەپرسی باعیسی ئەم جەلب و سەرگەردانییە تەکیە گووڕێژ و گسکچی خانەقای شێخانە کورد یا خەریکی مێزەر و ڕیش و عەبا و جببەیە بێ سەودا و بێ دەنگ بەدایم ئیشی چاونووسانە کورد هیچ نەما یەکسەر کە نەیکەن جەلبیی ئەرز و ئاسمان کەشفی ئەرز و ئاسمانیی زەرگ و دەف لێدانە کورد هەر بە تیفلی فێری سنعەتیان نەکردین پێی بژین تەقنە و سواڵیان نیشان داین بۆیە ماڵوێرانە کورد نوێژ و ڕۆژوو بوو بە کارمان فیکری عیلمی بێ سەمەر بۆیە ئێستەش هەر خەریکی سواڵی ناو کووچانە کورد کاکە با بەس بێ خەیاڵی میللی و فیکری عەبەس هەر سەری ئەمڕۆ ئەبینی گۆی شەقی مەیدانە کورد موفتی گەر ئەقڵت هەبێ هەوڵی ژیانت چاترە سەد ئەوەندەی تر بڵێی هەر دەردی بێ دەرمانە کورد ++++++++++++++++++++++