شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: ساڵان لەم فەسڵە سەیرانی و چەم بوو ساڵان لەم فەسڵە سەیرانی و چەم بوو ئاهەنگ و شایی عالەم بێ خەم بوو کومپیالەمان تا هەزار چەم بوو دەهەزار دینار لە لامان کەم بوو *** چونکە ئەباری وەک تەرزە و باران لیرەی ڕووسیا و قڕانی ئێران ڕیاڵ بە دەستە وەک گەڵای داران دینار بۆ کاوڕ تا شەک تا بەران *** خسووسەن خوری و تا کەتیرە و موو سەعلەب و گەز و دووبەرە و مازوو ڕۆژی دە لۆری لێرە دەرئەچوو ئەبوو بە دینار هەمووی زووبەزوو *** ئیتر لە خۆشی دینار بە لێشاو گاڵتە و یاری وەک تەیری سەر ئاو خەیاڵمان ئەکرد وەک خەیاڵ پڵاو ماڵ ئاوڕشێن کەین بە عەتر و گوڵاو *** خانوو تەبدیل کەین بە مۆدەی تازە لە خارج بێنن دەرگا و دەروازە لەناویا دانێن سندووق ئاوازە لێدا ئەو کەسەی ئوستادەی تازە *** هەوای سووریا کەوتووە سەرمان لیباسی ئەوان بکەین لەبەرمان بڕۆین بۆ سەیران بۆ جەبەل لوبنان بێ غەم سەر بنێین چەند ڕۆژ چەند زەمان *** هەموومان مەستی شەرابی نەو بووین عاشق بە ڕۆژ و بێزار لە شەو بووین دۆست هۆشیاری دەرمەن بە خەو بووین قاقای پێکەنین وەک نێرەکەو بووین *** ئێستە ئەوانەی پەروەردەی نازن بێ بازار پۆل پۆل خەریکی ڕازن شەماڵی ڕەحمەت بێ بە هاوارمان بەڵکوو نەلەخشێ چیغ و دەوارمان ++++++++++++++++++++++