شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: خەوی غەفڵەت شکور لاچوو لە سەرما خەوی غەفڵەت شکور لاچوو لە سەرما کەوای جەهلم دڕی یەکسەر لە بەرما دڵم وا گەرمە سووتاوم لە گەرما ڕەفیقی من گەلێ مردوون لە سەرما *** نە فکری نان و بەرگی من گرانە نە دێو سووتاندنم ڕێگەی ژیانە نە ئوممێدی دڵم دوعای بەیانە ژیانی من بە ڕەنجی باڵ و شانە *** ئەبەد ناگۆڕمەوە بە کەس کتێبێ ئەگەر کۆڵێ ڕیاڵ و فلسی پێ بێ ---- ---- --- ---- ---- --- *** نە ڕێگەی کەشف و عیلمی غەیب ئەزانم نە بەرماڵی ڕیام بەستۆتە شانم ئەڕێژم ئارەق و منەت نەزانم بە زیللەت چاترە مردن لە مانم *** نە چاوم وا لە شۆربای خانەقاوە نە تەرتیباتی تەکیەم وا بە لاوە نە تەزبیح و نە پرچم دان و داوە نە کەشکۆڵ و دەفم بۆ نان و ئاوە *** بە دۆعا نەمدی فلسێ یا قرۆشێ وەیا فەوری لە جێ هەستێ نەخۆشێ وەیا ئیجرای هەقی بێ دڵ بجۆشێ وەیا دەفعی بکا سەورە و خرۆشێ *** لە دنیادا کەسێ ناوی بەشەر بێ ئەبێ پڕ غیرەت و ساحێب هونەر بێ لە خەو بێزار و هۆشیار و خەبەر بێ بژی شێرانە با شاڵی لە بەر بێ *** کڵاشی نازکی قایم لە پێ کە لەگەڵ شاڵی سپی چەن ڕێکوپێکە لەبۆ ئەو ڕەنگە موشتاقم دەمێکە دەسا خالق بەدڵ بۆم جێبەجێ کە *** نە موحتاجن بە بۆیاخ و بە شۆرین موناسب بۆ هەموو دیندار و بێ دین مولائیم بۆ زەماوەند و شەڕ و شین خراپی ئەم جلانە پێم بڵێن چین؟ *** مەکەن مەنعی زبانی لار و لەنگم ئەمەندەم وت ئەوا نووساوە دەنگم لە داخی دەردی دنیا زەردە ڕەنگم ئەڵێی دوورکەوتەیی تریاک و بەنگم ++++++++++++++++++++++