شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: خۆزگە بەو ڕۆژەی حەربی ئەڵمان بوو خۆزگە بەو ڕۆژەی حەربی ئەڵمان بوو لە ئەرز و ئاسمان ئاگرباران بوو شەکر و چا و کووتاڵ زۆرتر هەرزان بوو نە کەس بێ بەرگ و نە کەس بێ نان بوو *** حەفتا و پێنج غەرام چایی بێ لاجان یەک کیلۆ شەکر بۆ یەک سەرخێزان لە سەری مانگا حازر بوو لامان تێر و تۆخ حاجی و بەگ و گەدامان *** ئەو ڕۆژەی کە دیم گیرابوو بەرلین کەوتینە شەوق و بەزم و هەڵپەڕین بۆ ئەوەی وتمان بە خۆشی ئەژین شەڕ و شۆڕ نەما لەڕووی سەر زەمین *** کەچی وا ئێستا خۆزگە بە پارین هەموو سەرگەردان بێ ئیش و کارین هەتا تەنانەت بێ سووخت و دارین بێ کەس و بێ دەر بەبێ خەمخوارین *** نۆ مانگە چامان بۆتە چای لاجان کە بۆمان دێنن لە خاکی ئێران دەرد و نەخۆشی خستۆتە ناومان وەختە کوێر ببین نەبینێ چاومان *** خۆ من بیستوومە لەپاش تەنگانە نۆبەی دڵخۆشی و شادیی ئینسانە بۆ ئێمە گەڕا بە پێچەوانە شکور بە جاران نەک بەم زەمانە *** ئیتر ئەوانەی وان لەسەر کورسی تێرن ناپرسن لە حاڵی برسی تا کەی هەر بۆ خۆو هەر نەفسی نەفسی کوژراوی هیچ نین غەیری بێکەسی *** خۆ هەر قەومێکیش پەنا بە خوایە سەرگەردان و کز دایم لە دوایە دوچاری زوڵم و دەرد و بەڵایە نەویستی بەشەر خڵتەی دنیایە *** دەردی زەلزەلەیش سەرباری گران خانووی ڕووخاندین خۆمان سەرگەردان دڵخۆشیان کردین بۆ یاریدەدان بە پارەی خانووی زستان و دووکان *** هەمووی هاتە سەر بەنگەڵەی تەیمان جێگەی دوو نەفەر بەدتر لە زیندان بێ پارە و بەرگ، بێ ڕێگە و بێ نان تێیدا بگەوزین پەنا بە یەزدان *** هەتا جووت نەکەی گەنم نەڕوێنی یا بە دەستی خۆت سەرت نەخورێنی *** نە سک تێر ئەبێ نە ئاڵۆش ئەمرێ نە یاریدەی کەس کەڵکت بۆ ئەگرێ ++++++++++++++++++++++