شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: جاران ئەیانوت لە زەمانی زوو جاران ئەیانوت لە زەمانی زوو گەر کچ بخوێنێ زوو ئەبێ بەدخوو بەهۆی نووسینی نامەی پەنهانی دێنێتە بەرهەم سەد دۆستی گیانی ئیتر بە کاغەز دنیا تاڵ ئەکا حەیای قەومەکەی پایەماڵ ئەکا ئەی باشتر نییە هەر دوو بە دوو بێ بۆچ فەرهادکوژێ لە هاتوچوو بێ لە هەردوو لاوە زەخیرەی ماڵی بکێشێ بۆ خۆی لەگەڵ مناڵی سوێندیان بۆ ئەخوا بە خوا و بە ئایەت گڵ لێم نابییە هەتا قیامەت ئەوانیش لەبەر تەزبیحی جوانی بەرماڵی کۆڵی و نوێژی بەیانی هەر دوو بەجارێ تەسلیمی ئەبن ئەڕۆن لەگەڵیا قوژبن بە قوژبن وەختێ ئەزانن لە شار و لە دێ وەک بەیتی ڕۆستەم ناویان دەر ئەچێ نامووسیان ئەچێ ماڵیشیان سەربار ناویان ئەزڕێ لە دێهات و شار بە کورتی هەردوو هەتاکوو ماون لەلای داپیرە چاو دانەواون کە وا بوو خوێندن بۆ پیاو و بۆ ژن ئەبێتە سووپەر ڕووبەڕووی دوژمن بێ علیم و زانین ژیانی ئینسان نەختێ باشترە لە ژینی حەیوان ئەم لەسەر خانە و ئەو لەژێر خانە ئەو ژینی بە پووش ئەمیش بە نانە هەر بە خوێندن بوو کە بۆمبای بەرقی بێ خاوەن ڕۆیی لە لەندەن تەقی هەر بە خوێندن بوو قومبەلەی زەڕڕە ژاپۆنی خستە هاوار و نەڕڕە ئێمەش هەر لەسەر فکری جارانین بۆیە لە ڕیزی خزمەتکارانین ++++++++++++++++++++++