شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: بە ئەمری سوبحان ڕۆژێ لە ڕۆژان بە ئەمری سوبحان ڕۆژێ لە ڕۆژان دەروێشێکم دی ملهوڕ و گوێپان قەوی و تەندروست ئەعزای بێ نوقسان ئەگەڕا بۆ سواڵ دووکان بە دووکان *** مێزەری چڵکن سەر و مل ڕشکن پرچی بە دوولا پەخشان بوو وەک ژن ئەسپێ وەک مێگەل پەنا مل کوڵکن خەرمانی سوور بوو لە جۆ و لە هەزرن *** توورەکەی ملی وەک هی بارگیر بوو تەسبیحی دەسی داری هەنجیر بوو لای ڕاستی زەرگ و لای چەپی شیر بوو وا تێگەیشتم ئیجازەی پیر بوو *** هەر کەسێ وەها ناوی بەشەر بێ کە خێری نەبێ و ئالەتی شەڕ بێ کاشکی گایەک بێ کە گێرەکەر بێ یا بەستەزمانێ کە بارەبەر بێ *** خولاسە دڵم پڕ بوو لە جەخار لێی هەستام بە تین دەستم دایە دار وازم نەهێنا بە جار و دوو جار ناچار دەستی کرد بە هاوار هاوار *** وتی برا گیان بۆچ هاتیە جەستەم گوناهم نییە بە قورئان قەستەم خەلیفە دەستی نایە ناو دەستم دەروازەی ئەقڵ و ژیانی بەستم *** تەڵقینی کردم ئا بەم شتانە عەبا و کەشکۆڵ و دەف و هەمانە مار بگرم پرچم بکەم بە شانە ئەمە نیشانەی دەروێشیمانە *** بەوە تەفرەی دام ئەو ئاخرشەڕە لە من خراپتر خۆی ماڵانگەڕە لە وەختی تەقوا و لە زیکری هەڕە فکری هەر لەسەر بەران و مەڕە *** کەسب و سنعەتی هووهووکێشانە زیکر و ئەورادی تەپڵلێدانە ئەم بەزم و ڕەزمە مەعلووم بزانە بۆ خودا نییە بۆ پارووی نانە *** خەلیفەیش کاکە سەرلێشێواوە ئەویش بەو ڕەنگە دەرس دراوە کەوای دووڕەنگی بە بەر بڕاوە پیشەی سواڵکەری وا دانراوە *** عەشرەتەکەمان ئادابی وایە بێ کەسب و کار و بێ جووت و گایە خواردنیان ماڵی عباداللهیە دەروازەی سواڵیان بۆ بەڕەڵایە *** کەریم دەروێش جوابی نەستەق بوو خەتای خۆی نەبوو تۆبەکەی لەق بوو لە پێشدا دڵم دەربارەی ڕەق بوو دوایی تێگەیشتم شەقی ناهەق بوو *** موفتی زبانی تیغی دەبانە ئاسن ئەبڕێ هەر وەک هەمانە واوەیلا ئەمڕۆ بۆ ئەو کەسانە نانی حەرامیان سواڵ و گەڕانە ++++++++++++++++++++++