شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: ڕۆڵەم وەرە گوێ بگرە قسەم چەندە حەزینە ڕۆڵەم وەرە گوێ بگرە قسەم چەندە حەزینە سەیری دڵی بێچارە کە هەر کاری گرینە بۆ تۆیە لە فکری شەرەف و ڕێگەیی ژینە بابێ کە لە شەرعایە لقی مەزهەب و دینە واعیز لەسەر ئەم فکرە لە من دایمە بەقینە گوێ مەگرە لە واعیز نییەتی عیلمی ژیانت هەوڵێ بدە بۆ سنعەت و بۆ ڕێگەیی نانت سازش کە لەگەڵ ڕۆژ و لەگەڵ چەرخی زەمانت مەردانە بژی چش لە دەس و زەحمەتی شانت بێ فلسی و بێ نانییە هەر مردن و شینە ڕەنجێ بدە تا گەنجی لەبۆ حاڵەتی پیری نانت کە ببێ حوڕ بی لە ژوور خان و ئەمیری گەر پرسی لە من بۆچی وەها زار و زویری نایزانی چ دەردێکە کوڕم دەردی فەقیری بێ سەیری دەروونم کە هەموو زام و برینە وەختی قووەتم سەرسەریی و جاهل و بێکار سووڕامەوە وەک وەحشیی و دێوانەیی ناودار نەمزانی بەرەنگارم ئەبێ ئاخری ئازار ئەمڕۆکە لە خەو دوورم و هوشیار و خەبەردار ڕیشم سپی و لاشەکەشم تازە بێ تینە تێفکرە لە دنیا پڕی ئاشووب و بەڵایە پاک هەوڵ و تەقەللایەتی هەر قەومێ لەلایە بەعزێ بە هەوای میللیی و بەعزێ بە غەزایە بۆ گرتنی خاکی ئەم و ئەو بەزم و هەرایە ئەم جەنگە لەسەر تۆیە لەبۆ خاک و زەمینە دواکەوتە و ژێرکەوتە بەبێ سنعەت و حیکمەت کەوتوونەتە ژێر باری کەشاکەش بە مەشەققەت تاپۆیە لە سەریانە بەشی گرتن و زیللەت بیناسە چ قەومێکە یەخەی گرتووە وەحشەت قەومێکە خەواڵوو سەری هەر چەسپی سەرینە موفتی لە عیراقا کە وەها ناوی بڵاوە بێ سەروەت و بێ موڵکە نە نانێکە نە ئاوە بێغایەپەرستی لە غەما پشتی شکاوە ناوبانگی لە پێنجوێن و هەتا بەسرە و فاوە مەمنوونی گەلاوێژە کەمەربەستەیی ژینە ++++++++++++++++++++++