شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: لە سایەی کەسب و سنعەت من بە نێری هاتمە دنیاوە لە سایەی کەسب و سنعەت من بە نێری هاتمە دنیاوە لەبۆ نانی منەتباری ڕیابازیم فڕێ داوە نە من زگ پڕ دەکەم بۆ کەس نە دێو و جن ئەسووتێنم نە کۆتێ ڕیشی بێ ئیشی و نە مەندیلم لەسەر ناوە نە شێخی عازەبانم دێو و جنیی بێنە ژێر حوکمم بڵێم ئەمیانە قەرقەش ئەوی تر سەڕسەڕی ناوە نە شێخم بەیعی جەننەت کەم نە کەس داخل بە دۆزەخ کەم وەلیعەهدی خوا ناکەم بە ناوی زەهد و تەقواوە لە چڵکی پرچ و پەلکەم چی لە کەشکۆڵ و عەبا چی بکەم کەسێ ناوی بەشەر بێ حوڕ بژی مەردانە تاماوە کە دیم تەزبیحی دەستی سۆفی و بەرماڵی سەرشانی موحەققەق بوو لەلام هەردوو بە دانە و داوی داناوە بە ڕووتی ناگەڕێم و تەرکی دنیا ئەنبیا نەیکرد هەوا و نەفسی بەشەر قەتعەن لەبۆ هیچ کەس نەکوژراوە دیانەت کەی لە جێگەی سنعەت و کەسب و فەلاحەت بوو سلووکی تۆ بە من چی هیچکەسێ بۆ کەس نەخوڵقاوە فەلەک بۆ هەر کەسێ گەردش ئەکا ئیقبالی ڕووناکە کەچی بۆ قەومی ئێمە چەپ ئەچەرخێ عەکسی هێناوە یەکێ ژینی بە هاوارە یەکێ کەشکۆڵ و ڕەشمارە بەسەر هیچ کەس نەیە خالق ئەوی لەم قەومە قەوماوە گڕی سینەم بڵێسەی سەندووە واعیز مەکە مەنعم وەکوو قەقنەس بەجارێ جەرگ و دڵ یەکدەفعە سووتاوە ئەگەر بێت و لە دنیا تێ نەگەی وەحشەت گەلێ خۆشە لەلای نووستوو خەفەت نابێ خەبەر خەمبار و داماوە زمانم کۆڵە ڕێی تەحریر و تەقریرم نەما چی بکەم وەئیللا فیکری من ئەرزی خەیاڵی بیکری کێڵاوە چ لازم ئەی تەبیب نەبزی دەسم ئەگری بە بێهوودە لە گێژاوی مەراقا غەرقە موفتی تازە خنکاوە ++++++++++++++++++++++